به‌شداربووانى كۆنگره‌ى به‌غدا دووپات له‌سه‌ر پشتگیرى عێراق ده‌كه‌نه‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

به‌شداربووانى كۆنگره‌ى به‌غدا بۆ وڵاتانى دراوسێ كه‌ ئه‌مڕۆ به‌ڕێوه‌چوو، له‌ راگه‌یێندراوى كۆتایى دووپات له‌سه‌ر پشتگیرى عێراق ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌و ئاڵنگارییانه‌ى به‌ره‌و رووى ده‌بێته‌وه‌ و بڕیارى پێكهێنانى لیژنه‌یه‌كیش له‌سه‌ر ئاستى وه‌زیرانى ده‌ره‌وه‌ ده‌ده‌ن.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 28ى ئاب كۆنگره‌ى به‌غدا بۆ وڵاتانى دراوسێ له‌ به‌غدا به‌ به‌شدارى نۆ وڵات به‌ڕێوه‌چوو. هه‌ر یه‌كه‌ له‌ ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ڕه‌نسا و شا عه‌بدوڵاى دووه‌م شاى ئوردن و عه‌بدولفه‌تاح سیسى سه‌رۆكى میسر و میرى قه‌ته‌ر و سه‌رۆك حكومه‌تى ئیمارات و وه‌زیرانى ده‌ره‌وه‌ى كوێت و سعوودیه‌ و ئێران و توركیا به‌ڕێوه‌چوو.

له‌دواى ته‌واوبوونى كۆنگره‌كه‌ له‌ راگه‌یێندراوى كۆتایى ئه‌ندامانى به‌شداربوو دووپاتیان له‌سه‌ر پاڵپشتى عێراق كرده‌وه‌ و كۆششى دیپلۆماسى عێراقیان به‌رز نرخاند. له‌ ده‌قى راگه‌یێندراوى كۆتایى هاتووه‌، ئه‌ندامانى به‌شداربوو "گوزارشتیان له‌وه‌ كرد كه‌ له‌ ته‌ك حكومه‌تى عێراق و گه‌له‌كه‌ى بوه‌ستن، دووپاتیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ پێویسته‌ كۆششه‌ هه‌رێمایه‌تى ونێوده‌وڵه‌تییه‌كان یه‌كبخرێن به‌ شێوه‌یه‌ك كاردانه‌وه‌ى ئه‌رێنى هه‌بێت له‌سه‌ر سه‌قامگیرى و ئاسایشى ناوچه‌كه‌".

له‌ به‌شێكى ترى راگه‌یێندراوه‌كه‌ هاتووه‌، "به‌شداربووان پاڵپشتى خۆیان نوێكرده‌وه‌ بۆ حكومه‌تى عێراق له‌ به‌هێزكردنى دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت به‌گوێره‌ى میكانیزمه‌كانى ده‌ستوور و ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى". دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌یش ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ هه‌ندێك ئاڵنگاری ناوچه‌یى هه‌یه‌ پێویستى به‌ كۆششى هاوبه‌ش هه‌یه‌.

له‌كۆتایى راگه‌یێندراوه‌كه‌یش ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌، به‌شداربووان بڕیارى پێكهێنانى لیژنه‌یه‌كى به‌دواداچوونیان داوه‌ له‌ وه‌زیرانى ده‌ره‌وه‌ى وڵاتانى به‌شداربوو بۆئه‌وه‌ى ئاماده‌كاریى بكات كۆبوونه‌وه‌ى وه‌رزى بكات و تاوتوێى پرۆژه‌ ستراتیژییه‌ ئابوورى و وه‌به‌رهێنانه‌كان بكات، كه‌ عێراق پێشنیارى كردوون.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین