دواى پێنج مانگ هیچ بڕیارێكى لووتكه‌ى به‌غدا جێبه‌جێ نه‌كراوه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

به‌رپرسانى عێراق ئاشكراى ده‌كه‌ن، وێراى تێپه‌ڕبوونى پێنج مانگ به‌سه‌ر لووتكه‌ى به‌غدا كه‌ به‌ سێ قۆڵى “عێراق و ئوردن و میسر” به‌ڕێوه‌چوو، كه‌چى هیچ یه‌كێك له‌ بڕیاره‌كانى لووتكه‌كه‌ جێبه‌جێ نه‌كراون.

رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ یه‌كى كانوونى یه‌كه‌م له‌ راپۆرتێكدا باس له‌ جێبه‌جێنه‌كردنى بڕیاره‌كانى لووتكه‌ى به‌غدا ده‌كات، كه‌ پێنج مانگ به‌سه‌ر به‌ستنى تێپه‌ڕ ده‌بێت. لووتكه‌كه‌ به‌ ئاماده‌بوونى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق و شا عه‌بدوڵاى دووه‌م شاى ئوردن و عه‌بدولفه‌تاح سیسى سه‌رۆكى میسر له‌ 27ى حوزه‌یران له‌ به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو.

كۆمه‌ڵێك بڕیار بۆ به‌هێزكردنى په‌یوه‌ندى سێ قۆڵى له‌ بوارى ئابوورى و وزه‌، ئه‌منى و سه‌ربازى دران، كه‌چى وه‌ك راپۆرته‌كه‌ باسى ده‌كات زیاتر له‌ 90% بڕیاره‌كانى لووتكه‌كه‌ جێبه‌جێ نه‌كراون و ئه‌وه‌ى كراون زۆر لاوه‌كی و ساده‌ن.

به‌رپرسێكى حكومه‌تى عێراق له‌باره‌ى هۆكاره‌كان لێدوانى بۆ رۆژنامه‌كه‌ داوه‌ و ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كان ئه‌وه‌یه‌ بارودۆخى ناوخۆى عێراق جێگیر نییه‌، هه‌روه‌ها  جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كانیش هه‌موو به‌ ده‌ست مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌ندى به‌ وه‌زاره‌ته‌كان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وانیش به‌پێى بنه‌ماى به‌شبه‌شێنه‌ى سیاسى دابه‌شكراون. جگه‌ له‌مه‌یش لایه‌نه‌كانى شیعه‌ به‌ تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى سه‌ربه‌ ئێرانن به‌ بیانووى گومانى ئاساییكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئه‌وا بڕگه‌كانى لووتكه‌كه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین