نێچیرڤان بارزانى بۆ ئیمانوێل ماکرۆن: بە بایەخێکی زۆرەوە لەم سەردانیەى ئێوە دەڕوانین کوردستانی

نوچەنێت:

نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆمارى فەرەنسا، دواى تەواو بوونى کۆبوونەوەکەیان، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەیان خەستەڕوو.

ئێوارەى ئەمڕۆى یەکشەممە (29)ى ئابى (2021)،  نێچیرڤان بارزانى، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن ڕاگەیگەاند، "دۆخی سیاسی و ئەمنی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقمان تاوتوێ کرد."

سەرۆکى هەرێمى کوردستان گووتیشى، "چاومان لە بەردەوامیی کاری پێکەوەیی و پشتگیریی فەرەنسایە وەک هێزێکی کاریگەر و ئەندامی هەمیشەیی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، کە پێگە و رۆڵێکی کارای هەیە لەسەر ئاستی جیهان."

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، ئیمانوێل ماکرۆن ڕاگەیاند، "گەلی کورد دۆستایەتییەکی بەهێزی لەگەڵ گەلی فەرەنسا هەیە. ئەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییە خۆی هەبوو، بەتایبەتیش کاتێک سەربازانی ئێمە هاتنە ئێرە و هاوشانی هێزی پێشمەرگە و ئاسایشی عێراق بوون و هاوئاهەنگییان کرد، ئەو پەیوەندییانە بەهێزتر بوون."

 

 دەقی وتارەى نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

 بەناوی گەلی کوردستان بە گەرمی بەخێرهاتنی جەنابتان دەکەین بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، جەنابی سەرۆک زۆر بەخێربێن.

 لە کۆبوونەوەکەماندا، ئەمڕۆ باسمان لە پەیوەندییەکانی هەردوولا کرد، دۆخی سیاسی و ئەمنی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقمان تاوتوێ کرد. دەربارەی دوایین پێشهاتەکانی ناوچە بەگشتی و پێشبینییەکان بۆ داهاتوو، بیروڕامان گۆڕییەوە. جەختمان کردەوە لە برەودان بە پەیوەندییەکانمان و فراوانکردنی هاوبەشی و هاوکاری و بەردەوامیی پشتگیریی فەرەنسا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆردا، لەم دۆخە هەستیارەدا و لە کاتێکدا کە عێراق بەرەو پێنجەمین خولی هەڵبژاردنی نیشتمانی دەڕوات، سەردانی سەرۆک ماکرۆن بۆ بەغدا و هەولێر زۆر مایەی مایەبەخش و پەیامێکی روونی بەردەوامیی پشتگیریی فەرەنسایە بۆ پرۆسەی دیموکراسی لە عێراق و هەرێمی کوردستان. ئێمە بە پێزانین و بایەخێکی زۆرەوە لەم سەردانە دەڕوانین.

جەنابی سەرۆک ئێوە رۆڵی سەرەکی و یەکلاکەرەوەتان هەبوو لە کۆکردنەوەی سەرکردەکان و ئەنجامدان و سەرخستنی کۆنگرەی لووتکەی بەغدا، زۆر سوپاس بۆ ئەم دەستپێشخەرییە گرنگە و بۆ پشتگیریی جەنابتان لە عێراق، هیوادارین ئەنجامەکانی کۆنگرە ببێتە مایەی سەقامگیری و ئارامی بۆ عێراق و بۆ ناوچەکە بەشێوەیەکی گشتی، بە بەردەوامیی هەوڵ و پشتگیریی جەنابتان، ناکۆکی و کێشەکانی ناوچە، هیوادارین چارەسەر ببێت، وەک بیرهاتنەوەیەکی پێویست، زۆر سوپاسی هەڵوێست و رۆڵی سەرۆک ماکرۆن دەکەم لە چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکانی پاییزی 2017 لەگەڵ بەغدا و کردنەوەی دەرگای گفتوگۆی سیاسی و دیپلۆماسی بەڕووی هەرێمی کوردستان، بە هاوکاریی جەنابتان هەولێر و بەغدا گفتوگۆیان دەستپێکردەوە و لێکتێگەیشتن و ئارامی دروستبوو.

ئێمە لە عێراق، پێویستیمان بە یارمەتییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، کە هێشتا لە عێراق و ناوچەکە و جیهانیش مەترسییەکی راستەقینەیە، پێویستیمان بە یارمەتییە بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و بەهێزکردنی دیموکراسی و کارکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت، بۆ چاکسازی و پێشکەوتن، بۆ بەشداری و هاوبەشیی پێکهاتەکان لە دەسەڵات و بەڕێوەبردنی وڵاتدا پێویستیمان بە یارمەتی هەیە. بۆ پتەوکردنی پێکەوەژیان و بۆئەوەی هەموو پێکهاتەکان، بەتایبەتی کریستیانەکان و ئێزدییەکان هەست بە متمانە و دڵنیایی بکەن لەم وڵاتەدا، بۆیە چاومان لە بەردەوامیی کاری پێکەوەیی و پشتگیریی فەرەنسایە وەک هێزێکی کاریگەر و ئەندامی هەمیشەیی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، کە پێگە و رۆڵێکی کارای هەیە لەسەر ئاستی جیهان، لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، لە بوارەکانی ئابووری و وزە و بازرگانی و کولتووری، ئەکادیمی و زانستی و پێویستییەکانی دیکەی وڵات.

عێراق و هەرێمی کوردستان دەتوانن هاوبەشێکی باشی فەرەنسا بن، کۆمپانیا فەرەنسییەکان دەتوانن بەشداریی بەهێز بکەن لە پەرەپێدان و پێشخستنی کار و پرۆژەکاندا لە هەرێمی کوردستان و عێراق. دەتوانن وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری بکەن، لەمبارەشەوە هەموو پشتگیری و ئاسانکارییەک لە هەرێمی کوردستاندا دابین دەکرێت.

 دووبارە جەنابی سەرۆک زۆر بەخێر بێیت بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، مێرسی.

 

دەقى وتارەکەى ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا

سوپاس.. زۆر سوپاس بۆ ئەم گفتوگۆیە، لەگەڵ جەنابتان و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکوەزیران و جێگرانی سەرۆکی هەرێم. زۆر سوپاس بۆ هەموو لایەک. بەڕاستی بەلامەوە گرنگ بوو کە لەگەڵ ئێوەدام و خۆشحاڵیشم لە هەولێرم.

دۆستایەتییەکی تایبەتی لە نێوان فەرەنسا و کوردستان هەیە. گەلی کورد دۆستایەتییەکی بەهێزی لەگەڵ گەلی فەرەنسا هەیە. ئەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییە خۆی هەبوو، بەتایبەتیش کاتێک سەربازانی ئێمە هاتنە ئێرە و هاوشانی هێزی پێشمەرگە و ئاسایشی عێراق بوون و هاوئاهەنگییان کرد، ئەو پەیوەندییانە بەهێزتر بوون.

دەتوانم بڵێم سەربازانمان لەگەڵ هەسەدەش رۆڵێکی باشیان گێڕا. ئەمڕۆ جارێکی دیکە هاوسۆزیی گەلی فەرەنسام بۆ سەرۆک بارزانی دووپاتکردەوە و دڵنیاییم دا لە بەردەوامبوونمان لە هاوکاریکردن لە شەڕی دژی داعش، بۆئەوەی داعش لە سنوورەکانی عێراق و سووریا سەرهەڵنەداتەوە، چونکە ئەم شەڕە پەیوەندیدارە بە ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و ئەوروپاش.

هەرێمی کوردستان جوامێریی پیشاندا بەرامبەر بەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە سووریا و ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە لە ئێزدی و سوورییەکان، روویان لە ناوچەکە کرد. فەرەنساش لەگەڵ ئێوەدا بوو لە یارمەتیدانی ئاوارەکان. فەرەنسا جوامێر بوو لەو هاوکاریکردنە و لە رۆژانی داهاتووشدا هاوکاریی حکومەت دەگەیێنێتە نەخۆشخانەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە. لەمبارەیەوە هاوئاهەنگیمان بەردەوام دەبێت.

دوێنێش بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراقم دووپاتکردەوە کە پێویستە پەیوەندییەکانمان بە ئاراستەی بەرژەوەندیی خەڵک بێت، بەتایبەتیش هەموو هەوڵێک بدەین لەپێناوی ئاوارە و پەنابەرانی ئێرە. لە بابەتی شنگالیشدا هەرێمی کوردستان لەسەر خەت بوو، جا لەگەڵ حکومەتی عێراقیش بە هەموومان لە هەوڵی دروستکردنی زەمینەیەکی وەهاین کە ئەو خەڵکە بگەڕێنینەوە زێدی خۆیان. بۆ کریستیانەکانیش بە هەمان شێوە، ئەوەی لەدەستمان بێت ئەنجامی دەدەین بۆ گەڕانەوەیان. لە بابەتی رۆژئاڤاش بە هەمان شێوە لەگەڵتان دەبین بۆئەوەی ئەو خەڵکە بگەڕێتەوە سەر زێدی خۆی. بەگشتییش گرنگە کەشێکی ئاشتەوایی لە ناوچەکەدا دروستبکەین. ئێمە لەگەڵ سەقامگیریی ناوچەکەداین و لەگەڵ ئەوەداین ئاشتی بەدەستبهێندرێت.

گرنگە ئەکتەرەکانی ئەو ناوچەیە بۆ ئەم مەبەستە بەیەکەوە کار بکەن، ئەوانەی دوێنێ لە کۆنفرانسەکەدا بەشداربوون، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیکەی وڵاتان، بە گرنگییەوە هاوئاهەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بکرێت و رۆڵی کوردیش لەبەرچاو بگیرێت، کە ئێوە رۆڵێکی گرنگتان لەم بوارەدا هەیە. زۆر خۆشحاڵبووین کە ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی کۆبووینەوە.

لە ماوەیەکی نزیکیشدا لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە کۆدەبمەوە، دەمەوێت دڵنیاتان بکەمەوە لە وەفای فەرەنسا بۆ ئێوە و دۆستەکانی، بەگشتی بۆ کوردەکان.

زۆر سوپاس سەرۆکی هەرێم. زۆر سوپاس بۆ ئێوە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین