ماڵپه‌ڕێكى ئه‌مریكى: رۆڵى نێچیرڤان بارزانى له‌سه‌ر ئاستى ناوچه‌كه‌ ده‌رده‌كه‌وێت کوردستانی

نوچه‌نێت

ماڵپه‌ڕى ئه‌لمۆنتیۆر كه‌ له‌ ئه‌مریكایه‌ له‌ راپۆرتێكدا ئاشكراى ده‌كات، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان هاوكار بووه‌ له‌و ئاشتكردنه‌وه‌یه‌ى كه‌ له‌نێوان ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانى سه‌رۆكى توركیا و محه‌مه‌د بن زاید ئال نهیان جێنیشینى ئه‌بوزه‌بى له‌ ئارادیه‌.

ئێواره‌ى دووشه‌ممه‌ى رابردوو 30ى ئاب، په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنى له‌نێوان ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانى سه‌رۆكى توركیا و محه‌مه‌د بن زاید جێنشینى ئه‌بوزه‌بى ئه‌نجام درا، ئه‌مه‌یش سه‌ره‌تایه‌كى نوێ بوو له‌ په‌یوه‌ندى نێوان توركیا و ئیمارات كه‌ ماوه‌یه‌كى زۆره‌ گرژیى تێكه‌وتووه‌.

ماڵپه‌ڕى ئه‌لمۆنیتۆر شه‌وى رابردوو 31ى ئاب، راپۆرتێكى له‌سه‌ر ئه‌م رووداوه‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و ئاشكراى كردووه‌، كه‌ نێچیرڤان بارزانى له‌ نزیككردنه‌وه‌ى ئه‌م دوو وڵاته‌ رۆڵى هه‌بووه‌.

ناونیشانى راپۆرته‌كه‌ به‌مشێوه‌یه‌یه‌ "سه‌ركرده‌ى كوردى عێراق هاوكار ده‌بێت له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى گرژییه‌كانى نێوان توركیا و ئیمارات". له‌ راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌ كه‌ نێچیرڤان بارزانى سه‌ركرده‌یه‌كى ژیره‌ و په‌یوه‌ندى دۆستانه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌ر دوو رێبه‌رى ئیمارات و توركیا هه‌یه‌، به‌ تایبه‌تى له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان.

سه‌رچاوه‌ دیپلۆماسییه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن ماوه‌یه‌ك بووه‌ نێچیرڤان بارزانى كارى بۆ ئه‌م ئاشتبوونه‌وه‌یه‌ كردووه‌ و كاره‌كه‌ی ئه‌ویش له‌ به‌رژوه‌ندى سه‌قامگیرى ناوچه‌كه‌ دایه‌. له‌ راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌یش كراوه‌ كه‌ كۆششه‌كانى نێچیرڤان بارزانى و ده‌ركه‌وتنى رۆڵه‌كه‌ى له‌سه‌ر ئاستى ناوچه‌كه‌ وا ده‌كات كوردیش له‌ سه‌ر ئاستى یاریكه‌ره‌كانى هه‌رێمه‌كه‌ پێگه‌ى هه‌بێت.

جیا له‌وه‌ ئاماژه‌ بۆ تویتێكى ئه‌نوه‌ر قه‌رقاش دیپلۆماتكارى به‌ ناوبانگى ئیمارات كراوه‌ كه‌ ئێستا راوێژكارى سه‌رۆكایه‌تى ئیماراته‌، له‌ تویته‌كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كه‌ى ئه‌ردۆغان و بن زایدى به‌ سه‌ركه‌وتوو و ئه‌رێنى وه‌سف كردووه‌.

له‌ مانگى حوزه‌یرانى رابردوو سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى ئیماراتى كرد و ئه‌مه‌یش له‌سه‌ر بانگهێشتێكى فه‌رمى محه‌مه‌د بن زایدى جێنیشینى ئه‌بوزه‌بى بوو.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین