سه‌ره‌ڕاى كازمى چه‌ند ناوێكى تر بۆ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌تى داهاتوو پێشنیار ده‌كرێن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت ئه‌مڕۆ له‌ راپۆرتێكدا ئه‌و ناوانه‌ ئاشكرا ده‌كات كه‌ گوایه‌ له‌ لایه‌ن حزبه‌كانى شیعه‌وه‌ قسه‌یان له‌سه‌ر ده‌كرێن، بۆئه‌وه‌ى یه‌كێكیان سه‌رۆكى حكومه‌تى داهاتوو بێت، ناوه‌كانیش ئه‌مانان: مسته‌فا كازمى، قاسم ئه‌عره‌جى، محه‌مه‌د شه‌یاع سوودانى، عه‌دنان زورفى، نوورى مالیكى.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ چوارى ئه‌یلوول، رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت راپۆرتێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، باس له‌ ئاسته‌نگ و ئاڵۆزییانه‌ ده‌كات كه‌ له‌دواى هه‌ڵبژاردن بۆ پێكهێنانى سه‌رۆكى حكومه‌ت و  دانانى سه‌رۆكى كۆمار و سه‌رۆك په‌رله‌مان دروست ده‌بن.

رۆژنامه‌كه‌ پێیوایه‌ پرۆسه‌ى یه‌كلایى پۆسته‌كانى سه‌رۆكایه‌تى له‌ عێراق زیاتر له‌ پێشبڕكێیه‌كانى مۆندیال ده‌چێت نه‌وه‌ك به‌ پێوه‌رى كورسییه‌كانى په‌رله‌مان بێت. به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كانیشى ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، كه‌ هیچ یه‌كێك له‌ پێكهاته‌كانى كورد و سوننه‌ و شیعه‌ بۆ سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ رێكنه‌كه‌وتوون.

سه‌باره‌ت به‌ شیعه‌ كه‌ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت وه‌رده‌گرن رۆژنامه‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات لیژنه‌یه‌كى حه‌وت لایه‌نى پێكهاتووه‌، له‌ ئێستاوه‌ تاوتوێى خه‌سڵه‌ته‌كانى سه‌رۆكى داهاتووى حكومه‌ت ده‌كه‌ن. ئه‌و لیژنه‌یه‌یش له‌ نوێنه‌رى حه‌وت لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ى شیعه‌ پێكهاتووه‌.

رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت دێته‌ سه‌ر ناوه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كات مسته‌فا كازمى یه‌كێكه‌ له‌ كاندیده‌كان، ده‌شڵێ دواى راگه‌یاندنى كشانه‌وه‌ى سه‌در ئه‌گه‌رى كاندیدبوونه‌وه‌ى كازمى دوورخرایه‌وه‌، به‌ڵام كه‌ سه‌در جارێكى تر گه‌ڕایه‌وه‌ ناو پرۆسه‌كه‌، كازمیش دووباره‌ بژارده‌یه‌كى تر ده‌بێت، به‌ تایبه‌تى كه‌ ده‌زانرێ له‌لایه‌ن سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى  وموقته‌دا سه‌در پاڵپشتى لێده‌كرێت.
جگه‌ له‌ كازمى رۆژنامه‌كه‌ باسى عه‌دنان زورفى و محه‌مه‌د سوودانى ده‌كات كه‌ ئه‌وان به‌ر له‌ كازمیش كاندیدى سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت بوون، به‌ڵام له‌ وه‌رگرتنى متمانه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون. قاسم ئه‌عره‌جى راوێژكارى ئاسایشى نشتیمانى یه‌كێكى تره‌ له‌ كاندیده‌كان. جیا له‌وانه‌یش نوورى مالیكى جارێكى تر به‌ نیازه‌ خۆى كاندید بكاته‌وه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت. شه‌رق ئه‌وسه‌ت ده‌ڵێ له‌سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ كوردستان ناوى مالیكى پێشنیار كراوه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین