ئه‌ردۆغان له‌ عێراق هه‌لێكى له‌ ده‌ست دا عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى ئه‌حوالى توركى له‌ راپۆرتێكدا باس له‌ ئاماده‌نه‌بوونى ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكى توركیا ده‌كات له‌ كۆنگره‌ى به‌غدا و پێیوایه‌ به‌م كاره‌ى هه‌لێكى له‌ ده‌ست داوه‌. جیا له‌وه‌یش رۆژنامه‌كه‌ ئاماده‌نه‌بوونى ئه‌ردۆغان به‌ هاتنى شاندى جه‌هه‌په‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌به‌ستێته‌وه‌.

دوێنێ چوارشه‌ممه‌ هه‌شتى ئه‌یلوول رۆژنامه‌ى ئه‌حوالى توركى بابه‌تێكى له‌سه‌ر هاتنى شاندى جه‌هه‌په‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و باس له‌وه‌ ده‌كات ئه‌و سه‌ردانه‌ى شانده‌كه‌ چه‌ند رۆژێك دواى به‌ستنى كۆنگره‌ى به‌غدا بوو كه‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكى توركیا تێیدا ئاماده‌ نه‌بوو.
رۆژنامه‌كه‌ پێیوایه‌ ئه‌ردۆغان به‌ ئاماده‌نه‌بوونى لە لووتكه‌ى به‌غدا كه‌ كۆتایى مانگى رابردوو له‌ به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو، هه‌لى ئه‌وه‌ى له‌ ده‌ست داوه‌، بتوانێت بۆچوونى له‌ عێراق هه‌بێت، زولفیقار دۆغان كه‌ نووسه‌رى بابه‌ته‌كه‌یە ده‌ڵێ، "ئاماده‌نه‌بوونى ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌ رووداوه‌كه‌ ماناى ئه‌وه‌یه‌ توركیا هه‌لى ئه‌وه‌ى له‌ده‌ست داوه‌ بۆچوونى سه‌ركردانه‌ى هه‌بێت له‌ دووباره‌ پێشخستنه‌وه‌ى وڵاتێك- عێراق- كه‌ ململانێیه‌كان هه‌ڵیته‌كاندووه‌. هه‌ر ئه‌و وڵاته‌یش به‌ 400 كلیۆمه‌تر له‌گه‌ڵ توركیا هاوسنووره‌".
جیا له‌مه‌یش ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت بوونى سیاسى توركیا له‌ عێراق لاواز بووه‌ و زیاتر ئێستا توركیا به‌ره‌و دۆسیه‌ى ئه‌فغانستان ده‌چێت. له‌و كاته‌دا به‌گوێره‌ى لێكدانه‌وه‌ى بابه‌ته‌كه‌ى ئه‌حوال، پارتى گه‌لى كۆمارى توركیا هه‌وڵ ده‌دات له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌یش ئاماده‌بێت. 
لێره‌وه‌ باسى ئامانجى شانده‌كه‌ ده‌كات بۆ هه‌رێمى كوردستان و پێیوایه‌ ئه‌و حزبه‌ له‌ كاتى نزیكبوونه‌وه‌ى ل یادى 100 ساڵه‌ى دامه‌زراندنى له‌ ساڵى 2023 هه‌وڵ ده‌دات دروشمى "ئاشتى له‌ ناوخۆ، ئاشتى له‌ جیهان" په‌یڕه‌و بكات. جگه‌ له‌مه‌یش ده‌یه‌وێ هاوسۆزى كورد بۆ خۆى رابكێشێ، له‌و روانگه‌یه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌دات په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان به‌هێز بكات.
پێشتر"نوچه‌نێـت" له‌سه‌ر هاتنى شاندى جه‌هه‌په‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان راپۆرتێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ن تێیدا هاتووه‌ وه‌ك ركابه‌رییه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان و راكێشانى هاوسۆزى كورد له‌ باكوورى كوردستان، به‌هێزبوونى پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان، جه‌هه‌په‌ ده‌یه‌وێ په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان به‌هێز بكات.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین