سه‌ردانی سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی بۆ به‌ریتانیا؛ پێشبینی و چاوه‌ڕوانی
تایبه‌ت به نوچه‌نێت
ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له ئه‌جێندای به‌ریتانیادا
ناوچەی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست هەر لە سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەوە، پایەیەکی گرنگی هەبووە لە سیاسەتی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیادا، بەو پێیەی ئەم ناوچەیە، بەردەوام دەروازەیەکی جوگرافیی گرنگ بووە و گەرەنتیی ڕێگای بەریتانیا بووە، بەرەو هیندستان و دۆخە ستراتیجییەکەی.
هەروەها یەکێک لەو گرەوە ستراتیجییانەی، كه بەهۆیەوە ئیمپراتۆریەتی بەریتانی توانیویەتی هەژموونی ستراتیجیی خۆی لە جیهاندا پێ بسەلمێنێت، ڕۆڵه مێژووییه‌كه‌ی بووە، لە دیاریکردنی چارەنووسی ناوچەی ڕۆژهه‌ڵڵاتی ناوه‌ڕاست و داڕشتنی نەخشەی نوێی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵڵاتی ناوه‌ڕاست، لە سەرو بەندی شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانیی و لە چوارچێوەی پلانی سایکس-پیکۆ، بۆیه ئێستایش به‌ریتانیا به گرنگییه‌وه له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ڕوانێت و وه‌ك به‌شێك له ئه‌جێندای خۆی سه‌یری ده‌كات، بۆ نموونه:
یه‌كه‌م: له ڕاپۆرتی ساڵانه‌ی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا، كه بۆ ساڵانی (2016-2017) ئاماده كراوه و له ماڵپه‌ڕی فه‌رمی په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته بڵاوكراوه‌ته‌وه، مه‌ترسییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵڵاتی ناوه‌ڕاست به هۆكارێك داده‌نێت، كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاسایشی به‌ریتانیا داده‌نێن و ئه‌مه‌یش واده‌كات، به‌ریتانیا ئاماده‌ییه‌كی هه‌میشه‌یی له‌و ناوچه‌یه‌دا هه‌بێت، وه‌ك له ڕاپۆرته‌كه‌دا هاتووه: ئەو مەترسییانەی لە ڕۆژهه‌ڵڵاتی ناوەڕاستەوە، بۆ سەر بەرژەوەندییە بازرگانییەکان و ئاساییشی بەریتانیا سه‌رچاوه ده‌گرن، ئەوەمان لەسەر پیویست دەکه‌ن کە بەردەوام بەریتانیا لەو ناوچەیەدا تێوە بگلێت، چونکە بەریتانیا ناتوانێت وەکو ئەمریکا بە ئاسودەیی بڕیار بدات، بەرکەوت و تێوەگلانی لەگەڵ ناوچەی ڕۆژهه‌ڵڵاتی ناوەڕاستی دراوسێی کەم بکاتەوە.
پەرلەمانی بەریتانیا لە ماڵپەڕە فەرمییەکەیدا، دەشڵێت: شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا، دەبێت سوور بێت لەسەر پابەندبوونی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤه مەسیحییەکان و کەمینەکانی دیکەی ناوچەکە.
دووه‌م: د. فەواز جەرجیس، پڕۆفیسۆری پەیوەندییە نیودەوڵەتییەکانی کۆلێجی ئابووری لەندەن، دوای جەختکردنەوە لەوەی کە ئەوە ماکینەی ئابوورییە، عەرەبانەی دیپلۆماسی رادەکێشێت، دەڵێت: بۆ بەریتانیا دوو ناوچە ڕۆڵی هەرە لەپێشینەیان هەیە لە ڕۆژهه‌ڵڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ئەوانیش تورکیا و وڵاتانی کەنداون، چونکە وەک ئەو دەڵێت:"لە ڕوی مێژووییەوە کەنداو ناوچەی هەرە گرنگ بووە بۆ بەریتانیا و ئیستاش وڵاتانی کەنداو وەبەرهێنانی زەبەلاحیان هەیە لەناو بەریتانیادا، هەرچی تورکیاشە ئەوە بۆ بەریتانیا گرنگە، بە سەرنجدان لە هەڵکەوته جوگرافییە ستراتیجییەکەی و قەبارەی کاریگەری تورکیا لە ڕۆژهه‌ڵڵاتی ناوه‌ڕاستدا".
ئه‌گه‌ر سه‌یری ئه‌م دوو خاڵه‌ی سه‌ره‌وه بكه‌ین، ده‌بینین كورد پێگه‌یه‌كی دیاری له هه‌ردوو سه‌رنجه‌كه‌دا هه‌یه، ئه‌ویش به چه‌ند فاكته‌رێك:
یه‌كه‌م: كورد له ڕۆژهه‌ڵڵاتی ناوه‌ڕاستدا، خاوه‌نی پرسێكی مێژووییه و ئه‌گه‌ر ئه‌و پرسه چاره‌سه‌رێكی گونجاوی بۆ نه‌دۆزرێته‌وه، ئه‌وا به‌شێك له مه‌ترسییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵڵاتی ناوه‌ڕاست كۆتاییان نایه‌ن و به‌مه‌یش ئه‌و مه‌ترسییه‌ی كه په‌رله‌مانی به‌ریتانیا به مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاسایشی وڵاته‌كه‌یان ناوی ده‌به‌ن، به‌رده‌وام ده‌بێت.
دووه‌م: په‌رله‌مانی به‌ریتانیا جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، كه پێویسته حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ی، سوربێت له‌سه‌ر پابه‌ندكردنی ده‌وڵه‌ته‌كانی ڕۆژهه‌ڵڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌فریقا، تا مافەکانی مرۆڤی مەسیحی و کەمینەکانی دیکەی ناوچەکە بپارێزن، بەم پێیە کوردیش وەکو کەمینەیەکی مافخوراو لەنێوان گەلانی ڕۆژهه‌ڵڵاتی ناوه‌ڕاست و کوردستانیش وەکو لانەی ئارامی مەسیحییەکان لەم ناوچه‌یەدا، دەبێت جێگەی گرنگیپێدانی بەریتانیا بێت.
سێیه‌م: له ڕووی هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافییه‌وه، هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێته سنووری توركیا و له باكووری عێراقدایه، به‌مه‌یش ده‌كه‌وێته نێوان دوو ناوچه‌ی گرنگ و جێی بایه‌خی به‌ریتانیا، بۆیه به‌ریتانیا به چاوی بایه‌خه‌وه له پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڕوانێت و دركی به‌وه‌یش كردووه، كه چیتر هه‌رێمی كوردستان یه‌كێكه له كاراكته‌ره سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه.
ئه‌م سێ فاكته‌ره ده‌بنه بنه‌مایه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی به‌ریتانیا بایه‌خ و گرنگی هه‌رێمی كوردستان بزانێت و زیاتر كار له‌سه‌ر نزیكبوونه‌وه له كورد بكات، هەر سێ فاکتەرەکەیش پەیوەستە بە ئاستی دیپلۆماسیەتی کورد لە دروستکردنی متمانە بۆ بەریتانییەکان، هه‌روه‌ها ئەزمونی کاری رابردووشی سەلماندویەتی کە سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی لە دروستکردنی دۆستایەتی و متمانەی هاوبەش، سیاسیەکی کارزان و سەرراست و لێهاتووە، بۆیە پەیوەندی لەگەڵ ئەودا جێی بایەخ و تموحی بەریتانییەکانیشە.
له لایه‌كی تره‌وه، به‌رزكردنه‌وه و فراوانكردنی ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا، بۆ كوردیش گرنگی خۆی هه‌یه، چونكه بەریتانیا یەکێکە لە ئەندامە دامەزرێنەرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە لەو ڕێکخراوەدا، ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکانە و لەم ئەنجوومەنەدا کاریگەرییەکی به‌هێزی هەیە، بەو پێیەی لایەنی قەڵەم بەدەستە لە تاووتوێکردنی زۆرێک لە قەیرانە جیهانییە دیارەکاندا، ئه‌مه‌یش به‌و مانایه دێت، لە نووسینەوەی هەڵوێست و چالاکیی ئەنجوومەنی ئاساییش، تایبەت بە قەیرانە جیهانیەکان و هەڵویست لە بەرامبەریان، ڕۆڵی ڕێبه‌ری هه‌یه، هەروەها وەک یەکێک لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان، مافی ڤیتۆی هەیە.
پەیوەندییەکانی کورد و بەریتانیا
تۆم توگیندات بەرپرسی لیژنەی کاروباری دەرەوە لە پەرلەمانی بەریتانیا دەڵێت: پەیوەندییەکانی بەریتانیا لەگەڵ کورد پڕ هەڵبەز و دابەز (شەترەنج ئاسا) بووە، وەک ئەو دەڵێت:"وەزیری ئەوکاتی کاروباری کۆڵۆنیالی بەریتانیا ویسنتن چەرچڵ یەکەم کەس بووە، چەکی کیمیایی دژی کورد بەکارهێناوە".
ئه‌گه‌رچی به‌ریتانیا، له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراق، له به‌رانبه‌ر كورددا په‌نای بۆ به‌كارهێنانی توندوتیژی ده‌برد، كه‌چی لە (نیسان/1991)، هاوشان لەگەڵ ئەمریکا و فەرەنسا (ئۆپەراسیۆنی فەراهەمکردنی ئارامییOperation Provide Comfort) ییان، بۆ هه‌رێمی كوردستان دامەزراند و سەپاندنی ناوچەی دژەفڕین لە باکووری عێراق (کوردستان) ده‌ست پێكرد، بەوەش خەڵکی ناوچەکەیان لەدەست هێزەکانی سەددام پاراست.
دوای ئەو بڕیارە جارەنوسسازەی سه‌پاندنی دژه فڕین به‌سه‌ر عێراقدا، فڕۆکە بەریتانییەکان لە سووڕانەوە بەسەر ناوچەی دژەفڕیندا به‌شدار بوون، ئەوەش بۆ درووستبوونی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان كه‌شێكی له باری سازان.
له (ئایار/2014) سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی كه ئه‌وكات سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بوو، سه‌ردانی به‌ریتانیای كرد و په‌یوه‌ندیی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی به‌ریتانیای گه‌یانده ئاستێكی به‌رز، كه ئه‌مه‌یش كاریگه‌ری له‌سه‌ر بڕیاری به‌ریتانیا، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش هه‌بوو، چونكه به ماوه‌یه‌كی كه‌م دوای ئه‌و سه‌ردانه، داعش هێرشی كرده سه‌ر موسڵ و شه‌نگال و ناوچه‌كانی تری عێراق و هه‌رێمی كوردستان، ئالیشا كێرنس په‌رله‌مانتاری به‌ریتانیا، له‌و باره‌وه ده‌ڵێت:"سەردانەکەی ئه‌وكاتی سەرۆکوەزیران نێچیرڤان بارزانی، دەبوو ببێتە دەستپێکی دروستکردنی پایەکانی ئەو نیشتمانە، ئەویش لە ناوچەیەکی هەستیار، بەڵام رووداوەکان بەوشێوەیە نەچوونە پێشەوە. تەنیا چەند هەفتەیەک لە دوای ئەو سەردانەی سەرۆکوەزیران، داعش دەستی بەسەر موسڵ دا گرت، پاش ئەوەش بەشێوەیەکی سەرنەکەوتوو هێرشیانکردە سەر هەولێر و بووە سەرەتای جینۆسایدی داعش لە دژی ئێزدییەکان لە شنگال. هەرچەندە رووداوەکان دەکرێت هەر بەڕاستی قورس بووبن، بەڵام دەبێت ببنە مایەی هیوا و ئومێد، کاتێک شایەتی بوێری و شارستانیی خەڵکی کورد بووین، لە ماوەی ئەو قۆناغە سەختەدا. ئازایەتی خەڵکی کورد ئیلهامە بۆ هەموو کۆمەڵگە ئازادەکان لە هەموو شوێنێک".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی به‌ریتانیا ده‌یشڵێت:"بە شانازییەوە دەتوانم بڵێم، بەریتانیا پشکی خۆی لەو شەڕە جێبەجێکرد، بە دەستەبەرکردنی ئامێر و پێداویستی سەربازی و ناردنی هێزی ئاسمانی شاهانە، بۆ هێرشکردنە سەر داعش. ئێستاش کە چنگی داعش لە عێراق و سووریا شکێنراوە، دەبێ هەوڵەکانمان زیاتر بکەین بۆ دروستکردنی پەیوەندی دوولایەنه لەنێوان کوردستان و بەریتانیا. دروستکردنی ئەو پەیوەندییەش بەهۆی گشتپرسی ساڵی(2017) زیاتر لە هەر کاتێک بووەتە پێویستی، ئەو گشتپرسییەی کە خەڵک بە ئاشکرا گوزارشتییان لە رای خۆیان کرد".
دوای ئه‌و سه‌ردانه‌ی ئه‌وكاتی سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی بۆ به‌ریتانیا، شه‌ڕی داعش سه‌ری هه‌ڵدا، دەیڤد کامیرۆن سەرۆکوەزیرانی ئه‌وكاتی بەریتانیا، بۆ ناردنی ڕاسته‌خۆی چەک بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ده‌ستی به ئاماده‌یی كرد، فلیپ هامۆند وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی بەریتانیا، بڕیاری دا، بە هاوتاکانی لە یەکێتیی ئەوروپا بڵێت: وڵاته‌كه‌ی هاوشێوه‌ی فه‌ڕه‌نسا، ئامادەیە بچێتە ڕیزەوە، بۆ پێدانی چەک بە کورد بێ تێپەڕین بە فلتەری بەغداد، هەروەها تیمی تایبەتمەندی بەریتانی، بۆ مەشقکردن بە هیزی پێشمەرگە لەسەر ئەو چەکانەی بەریتانیا پێی دابوون، گه‌یشتنه هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان.
ڕاستە بەریتانیا له ساڵی (2017) پشتیوانیی له ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی نەکرد، بەڵام تەواو پشتیشی له کورد نه‌كرد، بگرە دوای ئەوەش لە پشتیوانیی کوردستان بەردەوام بوو، ئەوە بوو وەڵامی ڕاپۆرتێکی مانگی (نیسان/2018)ی لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی بەریتانیا، لەژێر ناونیشانی "خەونەکانی کورد و بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا"، حکومەتی بەریتانیا ڕایگەیاند، "حکومەتی بەریتانیا، لە چوارچیوەی عێراقێکی به‌هێز و یەکگرتوودا، پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەهێز دەکات، ئێمە هەمیشە دوپاتی دەکەینەوە بۆ حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە گرنگیی پابەندبوون بە مافەکانی دانیشتووانی کورد لە عێراقدا، وەکو ئەوەی لە دەستووری ساڵی (2005)ی عێراقدا دیاریکراوە".
لیژنه‌كه پێشنیازی بۆ حكومه‌تی به‌ریتانیا كردبوو، كه بۆ به‌هێزكردنی دامه‌زراوه‌كانی، هانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بدات و بۆ سازكردنی ئه‌و زه‌مینه‌یه‌یش هاوكاری بكات، حكومه‌تی به‌ریتانیایش وه‌ڵامێكی پۆزه‌تیڤی به‌و پێشنیازه دا، هه‌ر له‌و وه‌ڵامه‌دا جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه، ئه‌وان سه‌رنجییان خستووه‌ته سه‌ر هێزی پێشمه‌رگه و له ڕووی رێكخستنه‌وه و ڕاهێنانه‌وه كارییان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، هه‌ر له وه‌ڵامه‌كه‌ی حكومه‌تی به‌ریتانیادا هاتووه:"ئێمە لەگەڵ پێویستیی پشتیوانیکردنمان لە چاکسازی و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوڕاین، هه‌روه‌ها هەلومەرجی پشتیوانی بەریتانیا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته و له‌سه‌ر بنه‌مای: ڕادەی پێویستی پشتیوانییه‌كان، ئارەزووی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی چاکسازی، هه‌روه‌ها بەریتانیا تا چەند بۆی شیاوە ئەو پشتیوانییەیان له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكات. ده‌خه‌مڵێنین، ئەگەر لایەنی دیکە هەبن و باشتر له ئێمه ئەو پشتیوانییە ئەنجام بدەن، ئەوە هانیان دەدەین. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ڕاوێژی تەکنیکیی ئێستامان بۆ وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، نموونەیەکە لە شارەزایی بەریتانیا، لە ئاسانکاریکردن بۆ ئەنجامدانی چاکسازی. ئێمه بۆ چاکسازیی پێشمەرگە پێشه‌نگی هه‌وڵێكی جیهانین، بە جۆرێک کە بە تواناتر بێت، گونجاوتر بێت و زیاتری پابه‌ندی به دامەزراوە دیموکراسییەکانەوە هه‌بێت".
به‌ریتانییه‌كان چاوه‌ڕوانی بینینی سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانیین
ڕۆژی (7/حوزه‌یران/2021) دۆمینیك ڕاب وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كرد، له‌و سه‌ردانه‌دا بانگهێشتنامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی كرد، تا سه‌ردانی به‌ریتانیا بكات، ئه‌و بانگهێشتنامه‌یشی له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانییدا كه له‌گه‌ڵ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانییدا سازیكردبوو، ئاشكرا كرد و گوتی:"سه‌رۆك له له‌نده‌ن چاوه‌ڕوانی بینینی تۆین".
سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی، كاریزمایه‌كی سیاسییه، به دونیابینییه‌كی كراوه‌وه، بایه‌خ به پلۆرالیزمی سیاسیی و نه‌ته‌وه‌یی و ئاینیی ده‌دات، ئه‌م ڕاستییه له ئه‌زموونه سیاسیی و دیپلۆماسییه‌كانیدا، چ له ناوخۆ و چ له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانیشدا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه، بۆ نموونه:
یه‌كه‌م: له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، خاڵی به‌یه‌كگه‌یشتنی جیاوازی و ناكۆكییه‌كانه، له‌وێشدا هه‌وڵده‌دات له‌سه‌ر بنه‌مای پلۆرالیزمی سیاسیی، هاڕمۆنییه‌تێك بسازێنێت، كه هه‌موو ده‌نگه جیاوازه‌كان تێیدا به‌شدار بن و كاریگه‌ری خۆیشییان له ده‌ست نه‌ده‌ن، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئێستا سه‌نته‌ری پێكگه‌یشتن و كۆبوونه‌وه‌ی ته‌واوی نه‌ته‌وه و ئاین و لایه‌نه سیاسییه جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه.
دووه‌م: له‌سه‌ر ئاستی عێراقیی، جێی په‌سنی نه‌ته‌وه و پێكهاته ئاینی و مه‌زهه‌بییه جیاوازه‌كانی عێراقه، هه‌روه‌ها جێی متمانه‌ی عێراقییه‌كان و سه‌ركرده سیاسییه‌كانییه‌تی، ڕۆژنامەنووسی نێودەوڵەتی عەمبەرین زەمان، ئاماژه به‌وه ده‌دات، كه سه‌رۆك نچیرڤان بارزانی، هه‌ڵگری پەیامی ئاشتبوونەوەی مستەفا کازمی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و ڕەجەب تەییب ئەردۆغانی سه‌رۆك كۆماری توركیایه.
سێیه‌م: له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمایه‌تییش هه‌وڵه‌كانی به ئاراسته‌ی ئاشتی و ته‌بایی جێی خۆی گرتووه، به گوێره‌ی زانیاری ماڵپەڕی نێودەوڵەتیی ئەلمۆنیتەر، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی بوو بەهۆی ئاشتبوونەوەی محەممەد بن زایدی وه‌لی عه‌هدی ئه‌بوزه‌بی له ئیمارات و ڕەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا، كه ئه‌و دوو وڵاته، له‌سه‌ر پرسگه‌لێكی ئاڵۆز، په‌یوه‌ندییه‌كانییان باش نه‌بوو، ئەلمۆنیتەر لەکاتی سەرکەوتنی هەوڵە دیپلۆماسییەکەی سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی. له نزیكردنه‌وه‌ی بن زاید و ئەردۆغان، نووسیبووی:"لە هەموو بارێک‌دا، هەوڵی ناوبژیوانییەکە لەسەر شانۆی دیپلۆماسیی ناوچەییدا، بە ڕوونی ڕۆڵی بارزانی بەهێز دەکات، یارمەتی کوردانی عێراق دەدات، كه لەگەڵ دوو ڕۆڵگێڕی گرنگی ناوچەکە، خاڵه‌كانییان بنه‌خشێنن".
چواره‌م: له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی، توانیویه‌تی هاوسه‌نگی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، له نێوان زلهێزه‌كانی جیهاندا بپارێزێت، به‌مه‌یش تا ڕاده‌یه‌كی زۆر، گه‌ره‌نتی مانه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانی كرد، به تایبه‌ت دوای ڕیفراندۆم و ڕووداوه‌كانی (16/ئۆكتۆبه‌ر/2017) و شكاندنی ئه‌و ئابڵۆقه سیاسیی و سه‌ربازی و ئابووری و دیپلۆماسییه‌ی، كه خرابووه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
ئێستا سه‌رۆك له به‌ریتانییایه، سەردانەکە و پێشوازییە فەرمییەکە گرنگیەکی تایبەتی هەیە، بەو پێیەی بەریتانیا جگە لە تێوە گلانی بەردەوامی لە ڕۆژهه‌ڵڵاتی ناوەڕاست، ئەکتەرێکی گەورە و دیاری جیهانیشه، بۆیه ناکرێت سەردانەکەی سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی بۆ بەریتانیا، چاوەڕوانیی بەرهەم و دەستکەوتی لێنەکرێت، بەو پێیەی ئەزموونەکان پیشانییان داوین، ئەو هەمیشە باوهڕ‌ی بە سۆفتپاوەر و هێزی دیپلۆماسی هەبووە و بەرهەمه‌كه‌یشی، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی به‌سه‌ر پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه هه‌بووه.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment