سەرۆکى هەرێمى کوردستان وتارێک بۆ ڕۆژنامەى تایمز دەنووسێ میدیا

نوچەنێت:

نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، وتارێک بۆ ڕۆژنامەى تایمز دەنووسێ و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، کە هەموو دەستوەردانەکانى وڵاتانى زلهێز هەڵە نین، هەروەک نموونە دەستوەردانەکەى بەریتانیا و فەرەنسا و ئەمەریکا دەهێنێتەوە لە دەرکردنى بڕیارى (688) بۆ کورستانى عێراق، کە بە سەتان هەزار هاونیشتمانیانی منی لە کوشتن لە سەر دەستی سەدام حسێن ڕزگار کرد.

 

دەقى وتارەکەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان:

کوردستان سەلماندی کە دەستوەردانی لیبراڵ دەکرێت بە سەرکەوتن کۆتایی بێت

نووسینی: نێچیرڤان بارزانی 

کشانەوەی خێرای وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ئەفغانستان سەرلە نوێ مشتومڕی لە بارەی دەستوەردانی لیبراڵییەوە گەرم کردەوە. ڕاستییەک هەیە کە زۆر جار ئەم گفتوگۆیە فەرامۆشی دەکات، ئەویش ئەوەیە کە هەموو دەستوەردانەکان هەڵە نین.

ئەو ڕێکارەی کە بەریتانیا و ئەمریکا و فەرەنسا و وڵاتانی دیکە لە ساڵی ١٩٩١دا لە کوردستانی عێراقدا گرتیانە بەر بە سەتان هەزار هاونیشتمانیانی منی لە کوشتن لە سەر دەستی سەدام حسەین ڕزگار کرد.

پرۆسەی نوای ئارام بیرۆکەی جۆن مەیجەرە، دواتریش ناوچەی دژە فڕین کە بۆ ماوەی ١٢ ساڵ کوردستانی پاراست. ئەوانە پانتایی و ئاسایشێکی ڕێژەییان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دامەزراندنی پارلەمان و دامەزراوە حکوومیەکان و هێزی سەربازیی شەرعی (پێشمەرگە) ڕەخساند. کە لە ساڵی ٢٠٠٣شدا عێراق ئازاد کرا، دەستمان کرد بە سەر لە نوێ ئاوەدانکردنەوەی هەزاران گوندی وێرانکراوی دەستی بەعسیەکان، دامەزراندنی پیشەسازیی نەوت و ئابووریی بازاڕی گەشەسەندوومان خوڵقاند.

بە کورتی، دەستوەردان بەر لە ٣٠ ساڵ زەمینەی بنیاتنانی دەوڵەتەکەمانی ڕەخساند.

ئەمڕۆ گەلی کوردستان و بەریتانیا هاوڕێی بەهێزی یەکدین، هاوبەشی بازرگانی و هاوپەیمانن لە شەڕی دژی تیرۆردا، سەردانم لەم هەفتەیەدا بۆ بەریتانیا بۆ بەرز ڕاگرتنی ئەو هاوبەشیە بەهێزەیە کە لە وەبەرهێنانی بەریتانیا لە کوردستاندا ڕەنگی داوەتەوە لەگەڵ پەرۆشیی گەنجانمان لە کوڕان و کچان بۆ خوێندن لە زانکۆکانی بەریتانیا و بوونی ڕەوەندێکی پێگەیشتووی کوردی لە سەرانسەری بەریتانیادا.

بەڵام هێشتا شەڕە هاوبەشەکەمان لە دژی تیرۆر بە کۆتا نەهاتووە و پێویستیمان بە دانبەخۆداگرتنی ستراتیژی هەیە.

تا ئێستاش ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە عێراق و سووریا و دەوروبەردا چالاکە. هەروەک چۆن بینیمان تاڵیبان چاوەڕوانی کشانەوەی هێزەکانی دژەکانی لە ئەفگانستان دەکرد، داعشیش هیچ پەلەی لە خۆبەدەستەوەدان یان هەڵهاتن نییە.

پێشمەرگە لەگەڵ هێزەکانی عێراقی و وڵاتانی خۆرئاوا بەردەوامە لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم هەڕەشەیە، چونکە ئاییندەمان و ئاسایشی هاوپەیمانان کە لەنێو ماڵەکەیاندا کردەی تیرۆریستیی جەرگبڕیان چەشتووە، پشت بەو بەرنگاربوونەوەیە دەخوازن.

کوردستان دەکەوێتە سەر نەخشەی ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان ئازادی و خۆسەپاندن، هیوا و تاریکیدا. گرووپە توندڕەو و تیرۆریستیەکان هەڕەشە لە خۆمان و شێوازی ژیانمان دەکەن. بەڵام ئێمە هەر بە نوای ئارام و لوتکەی لێبوردەیی دەمێنینەوە. ئێمە پێشوازیمان لە نزیکەی یەک ملیۆن پەناهێندەی سووریا و ئاوارەی عێراقیی هەڵهاتوو لە دەست داعش کردووە کە ئەگەر دەرگامان بە ڕوویاندا نەکردایەوە چارەنووسیان یان کوشتن بوو یاخود کۆچی بە کۆمەڵی پەنابەران بۆ وڵاتانی ئەوروپا.

ئێمە پێشوازی لە هەموو ئایینەکان دەکەین و قبووڵیان دەکەین: کریستیانەکان، ئێزیدیەکان و موسوڵمانان و هەموو ئایینزاکانی دیکە.

مشتومڕ لە بارەی ئەفغانستانەوە درێژەی دەبێت، بەڵام دەستوەردان لە کوردستاندا سەرکەوتن بوو بۆ بەریتانیا و سەرجەم مرۆڤایەتی. وەک چۆن پێویستە لە هەڵەی کەسێک فێر بین و عیبرەت وەر بگرین، ئاوایش گرنگە سەرکەوتنەکانی کەسێک بەرز بنرخێنین.

ڕۆژنامەی تایمز

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە