حزبى شیوعى خۆپیشاندان ده‌كات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

حزبى شیوعى عێراق بڕیارى داوه‌ له‌ سه‌ره‌تاى مانگى داهاتوو ده‌ست به‌ خۆپیشاندان بكات و هاوكات هه‌ڵمه‌تێكیشى بۆ بایكۆتكردنى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراق راگه‌یاندووه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 29 ى ئه‌یلوول، حوسێن نه‌جار سه‌ركرده‌ له‌ حزبى شیوعى عێراقى له‌ لێدوانێكى بۆ ماڵپه‌ڕى شه‌فه‌ق نیوز ده‌ڵێ، "له‌ سه‌ره‌تاى مانگى داهاتوو ده‌ست ده‌كه‌ین به‌ خۆپیشاندانێك به‌ ناوى (نیشتیمانمان ده‌وێ، گۆڕانكارییمان ده‌وێ)".

ئه‌م سه‌ركرده‌یه‌ى حزبى شیوعى روونى ده‌كاته‌وه‌ ئامانجى خۆپیشاندانه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ داواكارییه‌كانى "راپه‌ڕینى تشرین" به‌ بیر لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و حكومه‌ت بهێننه‌وه‌ كه‌ "هیچیان جێبه‌جێ نه‌كراون".

هاوكات له‌ چه‌ند شارێكى عێراق رێكخراوه‌كانى سه‌ربه‌ حزبى شیوعى ده‌ستیان به‌ هه‌ڵمه‌تێك كردووه‌ بۆ بایكۆتكردنى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق. عزه‌ت ئه‌بوتمن ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى حزبى شیوعى عێراق له‌ لێدوانێكى بۆ رۆژنامه‌ى "ته‌ریق شه‌عب" كه‌ زمانحاڵى حزبه‌كه‌یه‌، روونكردنه‌وه‌ى ئه‌وه‌ى داوه‌ كه‌ ئه‌وان هانى خه‌ڵك ناده‌ن بایكۆتى هه‌ڵبژاردن بكه‌ن، به‌ڵكو ته‌نیا ئامانجى بایكۆتكردنیان بۆ روون ده‌كه‌نه‌وه‌.

حزبى شیوعى عێراقى كه‌ به‌ كۆنترین حزبى عێراقى داده‌نرێت له‌ ناوه‌ڕاستى ته‌مووزى رابردوو بایكۆتى هه‌ڵبژاردنى كرد، چونكه‌ به‌ بڕواى ئه‌و، هه‌ڵبژاردن له‌ژێر سایه‌ى ساخته‌كاریى و چه‌ك و سامانى گه‌نده‌ڵى ئه‌نجامێكى دروستى نابێت.

له‌ تشرینى یه‌كه‌مى ساڵى 2019 خۆپیشاندانێكى گه‌وره‌ و سه‌رتاسه‌رى له‌ عێراق به‌ڕێوه‌چوو، له‌ ئه‌نجامدا حكومه‌تى عادل عه‌بدولمه‌هدى ناچاركرا ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین