لاوى ئەتروشى: نێچیرڤان بارزانى لە ماوەى دوو ساڵى سەرۆکایەتیى هەرێمدا دیپلۆماسیەتێکى گەورەى نیشانداوە

لە دیمانەیەکى تەلەفزیۆنى دا لەگەڵ رووداو (17-9-2021)، ئەندامێکى پارتى کرێکارانى بەریتانیا، ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکانى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى بەریتانیا دەخاتەڕوو  و دەڵێت، کۆبوونەوەى لووتکەى لەندەن زۆر پرسى گرنگى تێدا تاوتوێکراوە، لەوانە پرسى ئابوورى و بازرگانى، تەندروستى و چاکسازى، دەبێ سوود لەو کۆبوونەوانە وەربگیرێن، گرنگى بە پەیوەندییەکان و سەردانەکان بدرێت، سەردانەکان بەردەوامیان هەبێت، زۆر گرنگە پەرە بە بوارەکانى دیکەش بدرێت. 

لاوى ئەتروشى، ئەندامى پارتى کرێکارانى بەریتانیا ئاماژە بەوەش دەدات، سەردانیەکە و شێوازى پێشوازییەکردنە زۆر زۆر گرنگ بوو، کە پەیوەندى بەهێزى نێوان هەرێمى کوردستان و بەریتانیا دەردەخات، وە لە هەمان کاتیشدا پێشوازى لە خودى نێچیرڤان بارزانى دەردەخات، ئەمەیش ئاماژەیەکە بۆ ئەوە کە بەریتانیا ئامادە نییە هەرێمى کوردستان بەجێبهێڵێ.

 

دەقى دیمانەى لاوى ئەتروشى، ئەندامى پارتى کرێکارانى بەریتانیا:

ــ پارتى کرێکارانى بەریتانیا، کە پارتێکى ئۆپۆزیسیۆنە، ئۆپۆزیسیۆن بە گشتى چۆن سەیرى ئەو پێشوازیە دەکەین کە لە نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان و شاندى یاوەرى لە بەریتانیا کرا؟

لاوى ئەتروشى: سەردانێکى زۆر گرنگە بۆ بەریتانیا و کوردستان، وە بەرژەوەندییەکى هاوبەش لە نێوان هەردوولادا هەیە، زۆر بابەتى گرنگ هەیە دەکرێ پێکەوە قسەى لەسەر بکەن بەتایبەتى دواى ئەو رووداوانەى لە ئەفغانستان هاتەئاراوە، بۆیە بەریتانیا جارێکى تر پاڵپشتى خۆى هەرێمى کوردستان دووپات دەکاتەوە، هەر لەسەر ئەو بنچینەیەشە کە کاک نێچیرڤان بارزانى پێشوازی لێکراوە و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى بەریتانیا کۆدەبێتەوە. ئێستا بارودۆخى ناوچەکە زۆر زۆر هەستیارە، بۆیە پەرەدان بە پەیوەندییەکان، وەک پەیوەندییەکانى بوارى ئەمنى و بازرگانى لە نێوان هەردوولادا گرنگ و پێویستە.

ــ دوێنێ سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لەلایەن وەزیرى بەرگرى بەریتانیا بە شێوازى پڕۆتۆکۆڵى سەربازیى بەرچاو پێشوازى لێکرا، ئەمڕۆش لەگەڵ وەزیرى دەورەوە گفتوگۆ و کۆبوونەوەى دەبێت، سبەش لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى بەریتانیا کۆدەبێتەوە، ئەم پێشوازیە چەندە لاى ئێوە گرنگە، هەروەها دەمانەوێ بزانین ئەم جۆرە پێشوازیە لە هەموو سەرۆک هەرێمێک لە جیهاندا دەکرێت؟ 

لاوى ئەتروشى: پێموایە سەردانییەکە و پێشوازییەکە زۆر زۆر گرنگە، کە پەیوەندى بەهێزى نێوان هەرێمى کوردستان و بەریتانیا دەردەخات، وە لە هەمان کاتیشدا پێشوازى لە خودى نێچیرڤان بارزانى دەردەخات، ئەمەیش ئاماژەیەکە بۆ ئەوە کە بەریتانیا ئامادە نییە هەرێمى کوردستان بەجێبهێڵێ، بەریتانیا لە هەرێمى کوردستان دەمێنێتەوە، وە بەریتانیا بەوجۆرە سەیرى هەرێمى کوردستان دەکات کە هاوبەشێکى زۆر گرنگییەتى لە بوارى ئابوورى و وەبەرهێنان، بوارى ئەمنى و بوارەکانى تر، ئەم پێشوازیکردنە لە نێچیرڤان بارزانى واتایەکى تایبەتى هەیە، کە بەڕێزیان لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى بەریتانیا کۆبۆتەوە، لەوانە وەزیرى بەرگرى، ئێستاش لەگەڵ وەزیرى دەرەوەى بەریتانیا لە کۆبوونەوەدایە، بێگومان جەنابیان بابەتى زۆر گرنگ تاوتوێ دەکات، ئەمەیش واتاى ئەوەیە کە پەیوەندییەکى بەهێز لە نێوان سەرۆکى هەرێمى کوردستان و بەریتانیادا هەیە، بۆیە زۆر خۆشحاڵم کە دەبینیم ئەو پەیوەندییە ڕۆژ لە دواى ڕۆژ لە بەهێزبووندا.

ــ هەرێمى کوردستان چۆن دەتوانێ یان بە چ ڕێگەیەک پەیوەندییەکان بە بەهێزى بهێڵتەوە و پەیوەندییەکان زیاتر بەرەو پێش ببات؟

لاوى ئەتروشى: دەبێ سوود لەو کۆبوونەوانە وەربگیرێن، گرنگى بە پەیوەندییەکان و سەردانەکان بدرێت، سەردانەکان بەردەوامیان هەبێت، لەگەڵ ئەندامانى پەرلەمان کۆبوونەوەى بەردەوام هەبێت بەتایبەتى بەرپرسانى باڵاى هەرێمى کوردستان، جەنابى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، وە هەروەها سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان، لە هەمان کاتیشدا زۆر گرنگە پەرە بە بوارەکانى دیکەش بدرێت. 

هەرێمى کوردستان لە ماوەى چەند ساڵى ڕابردوودا پەیوەندییەکى باشى هەبووە، سەردانى ئەمڕۆش دیپلۆماسیەتیى گرنگى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پیشان دەدات، بەتایبەتى لە ماوەى ئەم دوو ساڵەى سەرۆکایەتیى هەرێم دا. 

ــ پێتوایە سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، بە بۆچوونى تۆ دواى گەڕانەوەى لەم سەردانیەى بۆ لەندەن چ دەستکەوتێکى دەبێ؟

لاوى ئەتروشى: پێموایە پرسیارەکە ئەوەیە کە چۆن هەردوولا دەتوانن سوود لە یەکترى وەرگرن، خۆشحاڵین کاک نێچیرڤان بارزانى لە لەندەنە، ئەمانە بابەتى زۆر گرنگن، کە تاوتوێ دەکرێن، وە بێگومان ئەو پرسانەى تاوتوێ دەکرێ، بەردەوامن، پێشهاتەکان لەناوچەکەدا لەبەرچاو دەگیرێن، هەروەها قسە لەسەر پەرەپێدانى پەیوەندییەکان دەکرێت لە بوارى چاکسازیى و تەندروستى و ئابوورى و بوارەکانى دیکەشدا، کاک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئێستاش دەریخستووە، هەرێمى کوردستان هاوپەیمانێکى جێگى متمانەیە لە بوارى ئابوورى، هەروەها لە بوارى مافى مرۆڤ و وەبەرهێناندا، وە کۆبوونەوەکانى ئێستاشى لە لەندەن لاپەڕەیەکى دیکە لە پەرەدان بەو پەیوەندییانە. 

س: رووداو

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین