قه‌یس خه‌زعه‌لى: هاوپه‌یمانى فه‌تح بۆ پاراستنى حه‌شد دانراوه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

قه‌یس خه‌زعه‌لى سه‌رۆكى میلیشیاكانى عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق، له‌ دیمانه‌یه‌كى ته‌له‌ڤزیۆنى باس له‌وه‌ ده‌كات، هاوپه‌یمانى فه‌تح تاكه‌ ئامانجى پاراستنى حه‌شدى شه‌عبییه‌ له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌. ده‌شڵێ، "لایه‌نه‌كانى عێراق به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ دابه‌ش ده‌بن".

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ حه‌وتى تشرینى یه‌كه‌م "ئۆكتۆبه‌ر" ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى مه‌یادین كه‌ نزیكه‌ له‌ ئێران، پوخته‌ى دیمانه‌یه‌كى قه‌یس خه‌زعه‌لى بڵاوكردووته‌وه‌، كه‌ تێیدا باس له‌ هه‌وڵه‌كانى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى حه‌شدى شه‌عبى ده‌كات.

قه‌یس خه‌زعه‌لى له‌ دیمانه‌كه‌دا دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، هاوپه‌یمانى فه‌تح ته‌نیا له‌پێناو پاراستنى حه‌شدى شه‌عبى ماوه‌ته‌وه‌. خه‌زعه‌لى ده‌ڵێ، "هاوپه‌یمانى فه‌تح بۆ پاراستنى فه‌تح دانراوه‌ ئه‌بومه‌هدى موهه‌ندیس پێداگر بوو له‌وه‌ى پاڵپشتێكى سیاسى بۆ پاراستنى حه‌شد دابین بكات، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانى فه‌تح نه‌بووایه‌ و به‌هێز نه‌بێت، ئه‌وا پیلانگێڕییه‌كان له‌ دژى حه‌شد سه‌ركه‌وتوو ده‌بوون".

سه‌ركرده‌ى میلیشیاكانى عه‌سائیب له‌ به‌شێكى ترى قسه‌كانى ئه‌و كه‌سانه‌ى داواى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى حه‌شدى شه‌عبى ده‌كه‌ن، به‌ خوازیارى ئاساییكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئیسرائیل تۆمه‌تبار ده‌كات. قه‌یس خه‌زعه‌لى ده‌ڵێ، "له‌ عێراق دوو به‌ره‌ هه‌یه‌، یه‌كیان مانه‌وه‌ى حه‌شد و ده‌رچوونى هێزه‌ بیانییه‌كان به‌ پێویست ده‌زانێت، به‌ڵام به‌ره‌ى دووه‌م ئه‌وانان بڕوایان وایه‌ پێویسته‌ حه‌شد هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ و عێراق به‌ رۆژئاوا ببه‌سترێته‌وه‌، ئه‌مانه‌ له‌ ناخه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئاساییكردنه‌وه‌ن".

هاوپه‌یمانى فه‌تح زۆربه‌ى لایه‌نه‌ خاوه‌ن میلیشیاكانى شیعه‌ له‌خۆ ده‌گرێت و له‌لایه‌ن هادى عامرى سه‌رۆكایه‌تى ده‌كرێت، له‌ هه‌ڵبژاردنى رابردوو 2018 بۆ یه‌كه‌مجار به‌شدارییان له‌ هه‌ڵبژاردن كرد و 47 كورسیان له‌ په‌رله‌مان به‌ده‌ست هێنا.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین