لایه‌نه‌ شیعه‌كان تووشى گرێى عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

دواى ته‌واوبوونى هه‌ڵبژاردنى تایبه‌ت هه‌ر سێ لایه‌نى سه‌ره‌كى شیعه‌ "فه‌تح و سه‌در و ده‌وڵه‌تى یاسا" بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن براوه‌ى یه‌كه‌من، ته‌نیا هاوپه‌یمانییه‌كه‌ى عه‌ممار حه‌كیم نه‌بێت كه‌ نه‌چووه‌ته‌ ناو ئه‌م كێبڕكییه‌وه‌ و ده‌ڵێ، "سه‌رۆك وه‌زیرانى بێ ده‌سه‌ڵاتمان ناوێ".

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ نۆى تشرینى یه‌كه‌م "ئۆكتۆبه‌ر" رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وست له‌ راپۆرتێكدا باس له‌ به‌ڕێوه‌چوونى ده‌نگدانى تایبه‌ت ده‌كات و پێیوایه‌ ئه‌م ده‌نگدانه‌ گرێى "براوه‌ى یه‌كه‌م"ى له‌ لایه‌ن هاوپه‌یمانییه‌ شیعه‌كان زه‌قتركردووه‌ته‌وه‌، چونكه‌ دواى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ هه‌ر یه‌كه‌ له‌ هاوپه‌یمانى فه‌تح و ره‌وتى سه‌در و ده‌وڵه‌تى یاسا پڕوپاگه‌نده‌ى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن براوه‌ى یه‌كه‌من، به‌مه‌یش ده‌یانه‌وێ په‌یامێك به‌ ده‌نگده‌رانى گشتى بده‌ن و بڵێن ئێمه‌ ده‌توانین حكومه‌ت پێكبهێنین.

ره‌وتى سه‌در كه‌ موفته‌دا سه‌در سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات ده‌ڵێ "له‌سه‌رووى 85 كورسى ده‌هێنین" نوورى مالیكى كه‌ سه‌رۆكایه‌تى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا ده‌كات له‌ دیمانه‌یه‌كى ته‌له‌ڤزیۆنى ده‌ڵێ، "ئێمه‌ یه‌كه‌مین" هاوپه‌یمانى فه‌تح كه‌ هادى عامرى سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات، پێشبینى ده‌كه‌ن له‌سه‌رووى 60 كورسى بهێنن. هه‌ر دوو هاوپه‌یمانى "فه‌تح و ده‌وڵه‌تى یاسا" پێشبینى ناكه‌ن ره‌وتى سه‌در له‌ 40 كورسى زیاتر بهێنێت. 

رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت باس له‌وه‌ ده‌كات به‌گوێره‌ى هه‌موو  ئه‌و راپرسیانه‌ى كراون، له‌ناو شیعه‌كان سه‌در زۆرترین كورسى ده‌هێنێ، به‌ڵام هه‌موو راپرسییه‌كانیش باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن هیچ هاوپه‌یمانییه‌كى شيعه‌ 40 كورسى زیاتر ناهێنێ.

ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بێت هاوپه‌یمانى قیواى ده‌وڵه‌ته‌ "لایه‌نه‌كانى ده‌وڵه‌ت" كه‌ عه‌ممار حه‌كیم سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات، نه‌چووه‌ته‌ ناو ئه‌و ركابه‌رییه‌وه‌ و بانگه‌شه‌ى براوه‌ى یه‌كه‌م ناكات. رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت ده‌ڵێ، "چه‌ندان ساڵه‌ حه‌كیم دیمانه‌ى ته‌له‌ڤزیۆنى نه‌كردووه‌، كه‌چى له‌م دوو رۆژه‌دا دوو دیمانه‌ى له‌گه‌ڵ دوو كه‌ناڵى به‌ناوبانگ كردووه‌ و باسى له‌وه‌ كردووه‌، ئه‌نجامى پێشبینى نه‌كراویان ده‌بێت". جگه‌ له‌مه‌ عه‌ممار حه‌كیم باس له‌وه‌ ده‌كات، گوایه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانێكیان ناوێ كه‌ ده‌سه‌ڵاتى نه‌بێت.

سبه‌ى یه‌كشه‌ممه‌ 10ى تشرینى یه‌كه‌م، هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مانى عێراق به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین