كۆمیسیۆن وه‌ڵامى هه‌ڕه‌شه‌كان ده‌داته‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

كۆمیسیونى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان وه‌ڵامى هه‌ڕه‌شه‌كانى میلیشیاكانى فەتح ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێ، "هه‌ر لایه‌نێك هه‌ڕه‌شه‌ بكات لێپێچینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كرێت".

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 13ى تشرینى یه‌كه‌م كۆمیسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان وه‌ڵامى هه‌ڕه‌شه‌ى میلیشیاكانى دایه‌وه‌ و دووپاتى كرده‌وه‌ ئه‌وه‌ى له‌ ئه‌نجامه‌كان رازى نییه‌ ده‌توانێ سكاڵا تۆمار بكات و نه‌وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ بكات.

نبراس ئه‌بوسوده‌ یاریده‌ده‌رى گوته‌بێژى  كۆمیسیۆن له‌ لێدوانێكى بۆ ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى عێراقى ده‌ڵێ، "ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئاراسته‌ى كۆمیسیۆن ده‌كرێن، جێگه‌ى قبووڵ نیین و پێچه‌وانه‌ى یاسان، لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ ده‌كه‌ن".

گوته‌بێژى كۆمیسیۆن دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ ئه‌وه‌ى به‌ ئه‌نجامه‌كه‌ رازى نییه‌ ده‌توانێ سكاڵا تۆمار بكات و ناكرێت هه‌ڕه‌شه‌ له‌ دامه‌زراوه‌یه‌كى گرنگى ده‌وڵه‌ت بكات.

تا ئێستا كۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌نجامى به‌رایى 96% ده‌نگى جیاكراوه‌ى هه‌ڵبژاردنى 10ى تشرینى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تا ئێستا هاوپه‌یمانى فه‌تح تاكه‌ لایه‌نه‌ له‌ ئه‌نجامه‌كه‌ رازى نییه‌ چونكه‌ ژماره‌ى كورسییه‌كانى له‌ 47 بۆ 18 دابه‌زیوه‌.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین