ئێران هەوڵدەدات لە عێراق پارێزگارى لە هەژموونى خۆى بكات وەرگێڕان

نوچەنێت:

هەرچەندە عێراقييەكان لە رێگەى سندوقى دەنگدانەوە هاوپەيمانەكانى ئێرانيان لە عێراق رەتكردەوە، بەڵام ئێران تا ئێستا هەوڵى پارێزگاريكردن لە هەژموونى خۆى لەو وڵاتە دەدات.

ماڵپەڕى (حوڕە)ى ئەمريكى راپۆرتێكى شيكارى بڵاوكردۆتەوە، باس لەوە دەكات، "لەو هەڵبژاردنە دەنگدەرانى عێراق زیانێکى كوشندەيان لە هاوپەيمانەكانى ئێران دا، بەڵام كەمكردنەوەى هەژموونى ميليشيا شيعەكان لەسەر ئەو وڵاتە دەبێتە ئامانجێكى هەستيارى سياسى، لەگەڵ ئەوەش گرووپە چەكدارە شيعەكان بەردەوام هەڕەشەى ئەنجامدانى توندوتيژى دەكەن." 

موقتەدا سەدڕ سەركردەى ديارى شيعە، هێرشێكى توندى كردە سەر هەژموونى ئێران لە وڵاتەكەى، بەگوێرەى ئەنجامە بەراييەكانى هەڵبژاردنى رۆژى يەكشەممە، سەدر زۆرترين كورسى هێناوە، دواى دەركەوتنى ئەنجامە بەراييەكان، سەدر رايگەياند، "گەل بەسەر ميليشياكان سەركەوت".

تا ئێستاش ئاماژەكان بۆ ئەوەن ئێران هەژموونێكى فراوانى لە عێراق هەيە، نوورى ماليكى سەرۆك وەزيرانى پێشووترى عێراق و دۆستى نزيكى ئێران، لەو هەڵبژاردنە رێژەيەكى زۆرى دەنگ هێناوە لە پلەى سێيەم دايە".

ديپلۆماتكارێكى رۆژئاواييش دەڵێت، "ئيسماعيل ئاقانى بەرپرسى سوپاى پاسدارانى ئێران لە كاتى راگەياندنى ئەنجامە بەراييەكان لە بەغدا بووە، تا ئێستا سەرقاڵى دۆزينەوەى رێگەچارەيەكە بۆ ئەوەى هاوپەيمانەكانى ئێران لە دەسەڵات بمێننەوە".

لە بەشێكى ترى قسەكانى ئاماژەى بەوە كرد، "بەگوێرەى ئەو زانيارييانەى بەدەستمان گەيشتووە، ئاقانى رۆژى دووشەمە لەگەڵ پارتەكانى سەر بە ميليشياكان كۆبووتەوە، هەموو هەوڵێكى خۆيان دەخنە گەڕ بۆ ئەوەى گەورەترين فراكسۆنى پەرلەمانى دروست بكەن، هەرچەندە ئەوەش زۆر قوڕس دەبێت لەگەڵ دەسەڵاتى موقتەدا سەدڕ".

ئەگەرچى بەغدا و تاران رەتى دەكەنەوە ئاقانى لە عێراق بێت، بەڵام بەگوێرەى دووسەرچاوەى ئێران بۆ رۆيتەرز جەختيان لەسەر ئەوە كردۆتەوە، "ئاقانى لە عێراقە".

سەركردەيەكى ميليشيا چەكدارەكانى نزيك لە ئێران رايگەياند، "بۆ مانەوەى هەژموونيان ئەگەر پێويست بكات، گرووپە چەكدارەكانيان پەنا بۆ توندوتيژى دەبەن". چونكە ئەو هەڵبژاردنە بە هەڵبژاردنێكى پڕساختەكارى دەزانن".

لە بەشێكى ترى قسەكانى گوتى، "سەرەتا لەرێگەى ياساوە تانە لەو هەڵبژاردنە دەدەين، ئەگەر لەوە سەركەوتوو نەبووين دەڕژێينە سەر شەقامەكان، هەمان كارى خۆپيشاندانەكان دووبارە دەكەينەوە، بارەگاى پارتە سياسيەكان دەسووتێنين، بەتايبەت سەدرييەكان".

حەمدى ماليك پسپۆڕ لەكاروبارى ميليشيا شيعەكانى عێراق، لە پەيمانگەى واشنتن رايگەياند، "نوورى ماليكى پارەيەكى زۆرى لە هەڵمەتى هەڵبژاردنەكان خەرج كردووە، هەوڵيدا سۆزى ئەندامانى گرووپە چەكدارەكان بۆخۆى راكێشێت، خۆى وەك سەركردەيەكى بەهێز نيشان دا".

بەرپرسێكى حزبى بەدر، يەكێكە لە هێزە شيعەكانى سەر بە ئێران رايگەياند، "پاشەكشەى قەوارەى فەتحى سەر بە ميليشياكان، هۆكارەكەى ئەوەيە دەنگدەرانى دەنگيان بە ماليكى داوە، پێيان وايە ماليكى دژ بە سەدر بەهێزترە، چونكە ماليكى بە ئاشكرا دەتوانێت دژ بە سەدر بووەستێتەوە".

بەگوێرەى شيكارييەكى رۆژنامەى وۆڵ ستريت جۆڕناڵ، سەدر رووبەڕووى ركابەرێكى توند دەبێتەوە، كە يەكێكە لە ركابەرە سياسيە شيعە توندڕەوەكانى سەر بە ئێران، كە دەيانەوێت عێراق راكێشنە بازنەى تاران".

عومەر نەداوى لێكۆڵەرى كاروبارى عێراق و بەڕێوەبەرى پڕۆگرامى (ناوەندى تەمكينى سەلام) لە عێراق، لە لێدوانێكى رايگەياند، "ئێران بۆ قەرەبووكردنەوەى زيانى قەوارەكانى لەو هەڵبژاردنە، بەدواى چەند لايەنێكى نوێ دەگەڕێت، ئەوکاتیش مالیکى دەرفەتى دووبارە كانديدبوونەوەى نەبوو، ئێران بەهانايەوە هات".

بەگوێرەى ئەنجامە بەراييەكانى ئەو هەڵبژاردنە، رەوتى سياسى سەدر زۆر بەهێزتر بوو، لە بەرانبەر ئيتلافى دەوڵەتى ياساى نوورى ماليكى، كە ركابەرێكى سەرەكى سەدرە، لە هەمان كات هاوپەيمانى فەتح بە سەركردايەتى هادى عامرى و هاوپەيمانى (هێزەكانى دەوڵەت)  و هاوپەيمانى نەسڕى حەيدەر عەبادى و رەوتى حيكمەى عەمار حەكيم پاشەكشەيەكى زۆريان كردووە.

سەدرييەكان لەو هەڵبژاردنە (73) كورسيان بەدەست هێناوە، دواى ئەوەى سائيرون سەرۆكايەتى پەرلەمانى دەكرد، كە (54) كورسيان هەبوو، ئەوەش دەرفەتێكى بۆ ئەو رەوتە رەخساندووە، لە پرسى دياريكردنى سەرۆك وەزيران و پێكهێنانى حكومەتى داهاتوو فشار دروست بكات.

دواى ئەو هاوپەيمانى تەقەدوم بەسەرۆكايەتى محەمەد حەلبوسى دێت، لەو هەڵبژاردنە (38) كورسى بەدەستهێناوە، بۆ ئەوەى كۆتايى بە هاوپەيمانى فەتح بهێنێت، كە هێزى دووەم بوو لە پەرلەمان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین