د. محەمەد ئیسحان: دیپلۆماسیەتیى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى ڕۆڵەکى گەورەترى لە قەبارەى هەرێمى کوردستان بینیوو میدیا

نوچەنێت:

وەزیرێکى پێشووى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و مامۆستاى زانکۆ لە بەریتانیا، کۆبوونەوە و دیدارەکانى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى لە بەریتانیا بە لووتکە ناودەبات، چونکە پێیوایە بەریتانیا وڵاتێکى زۆر زۆر گرنگە، نەک تەنها لەبەر ئەوەى ئەندامى هەمیشەیى ئەنجوومەنى ئاسایشى نەتەوەییە، بەڵکو زلهێزێکە دیپلۆماسییەتى زۆرى هەیە بەتایبەت لە دواى دەرچوونى لە یەکێتیى ئەوروپا، هەروەها ئەو بارودۆخەى ئێستا لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى هەیە لە دواى ڕووداوەکانى ئەفغانستان.

لەسەر رووداوەکانى دواى رێفراندۆم، کە بەشێک لە چاودێرانى سیاسى پێیانوایە بەریتانیا هەڵوێستێکى لاواز هەبووە و پشتیگیرى کوردى نەکردووە بەتایبەت لە پرسى هێرشەکردنە سەر هەرێمى کوردستان لە (16)ى ئۆکتۆبەر، د. محەمەد ئیحسان، وەزیرى پێشووى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، کە ئێستا مامۆستاى زانکۆیە لە بەریتانیا، لە میانى گفتوگۆیەکى لەگەڵ رووداو لە (18)ى ئەیلوولى (2021)،  ئەم بۆ بۆچوونە ڕەتدەکاتەوە و دەشڵێت، ئەوکات خۆم لەو وڵاتە بووم، من لەلای وەزیرى دەرەوەى بەریتانیا و لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پەرلەمانى بەریتانیا بانگهێشتکرابووم، ئەگەر ئەوکاتیش بەریتانیا پاڵشتى نەبووایە کاردانەوەکانى دژى رێفراندۆم خراپتر دەبوو بەتایبەت لەلاى تورکیا و حکوومەتى عێراقى ئەوکات. 

 

دەقى دیمانەى د. محەمەد ئیسحان، وەزیرى پێشووى حکوومەتى هەرێمى کوردستان: 

ــ چۆن دەڕوانیە سەردانییەکەى نێچیرڤان بارزانى، هەروەها جۆر و ئاستى دیدارەکانى لە لەندەن؟

د. محەممەد ئیحسان: بە بۆچوونى من لووتکەیەکى زۆر گرنگ بوو، ئەمە سەردانى دووەمە سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ بەریتانیا ئەنجامى دەدات، کە بە شێوەیەکى فەرمى و پێشوازیەکى گەرمى لێبکرێ لە لایەن وەزیرانى بەرگرى و دەرەوەى بەریتانیا، هەروەها لەلایەن سەرۆک وەزیرانى بەریتانیا، بەریتانیا وڵاتێکى زۆر زۆر گرنگە، نەک تەنها لەبەر ئەوەى ئەندامى هەمیشەیى ئەنجوومەنى ئاسایشى نەتەوەییە، بەڵکو زلهێزێکە دیپلۆماسییەتى زۆرى هەیە بەتایبەت لە دواى دەرچوونى لە یەکێتیى ئەوروپا، هەروەها ئەو بارودۆخەى ئێستا لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى هەیە لە دواى ڕووداوەکانى ئەفغانستان.

بەریتانیا یەکێکە بووە لەو دەوڵەتانەى گرنگ بوو بۆ کورد، لە (1991) ئەو وڵاتە بوو کە ئەندازیارى بڕیارى (688) و ناوچەى دژە فڕین بوو، ئەگەر سەیرى بڕیارەکانى بەریتانیا بکەین، لە ڕاستیدا خەڵێکى زۆرمان هەیە لە بەریتانیا پاڵپشتى گەلى کوردن، وە کەسانى گەورەمان هەیە بۆ بەرگریکردن لە کورد، لە ئاستى حکوومەت و پەرلەمان، سەرۆک وەزیرانى بەریتانیا کە یەکەم وڵات بوو جەنەڕاڵێکى تەرخانکردووە بۆ ڕێکخستنى هێزەکانى پێشمەرگە لە کوردستان، واتە نوێنەرێکى تایبەتى خۆى هەیە ئەم کارە سەربازی، هەروەها لە شەڕى داعش.

ئەمڕۆ ئەگەر سەیرى بەریتانیا بکەین، بەهێزتر بەرگرى لە کوردستان دەکات، بۆیە بە بۆچوونى ئەمن ئەم سەردانەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ لەندەن زۆر  گرنگە، پێویستە لە هەموو بوارەکان ئێمە سوودى لێ ببینین، بەڵام دیسانەوە پەیوەستە بە ڕێکخستنى ماڵى کورد، ئەگەر یەکڕیز بێ و لەنگى تێدا دروست نەبێت، ئەو کات خەڵک دەتوانن زیاتر ڕێز لە ئێمەى کورد بگرێ بەتایبەت بەریتانیا، کە شارەزاییەکى باش باشیان هەیە. 

خاڵێکى تر زۆر زۆر گرنگە، کە ئێمە جالییەکى زۆر گەورەمان هەیە لە بەریتانیا، کوردەکان لەو وڵاتە لە ڕاستیدا ڕۆڵێکى سەرەکیان هەیە ژەیانى ئەو وڵاتە، وە بەریتانیا ڕیشەیەکى مێژوویی هەیە لەو وڵاتە، ئەگەر ئەوروپییەکان بیانەوێ زانیارییەکى تەواویان هەبێ لەسەر کوردستان یان عێراق، یەکەمجار لە دەرگاى بەریتانیا دەدەن، ئەمەریکا ئەگەر ویستى شتێکى گرنگ و دەقیق بزانێ، بەڕاستى بەریتانیا دەرگاى زانیارى و ڕاستییەکانە بۆ جیهانە لەسەر عێراق و کوردستان. 

ــ ئەو شێوازیەى پێشوازییەى لە سەرۆک نێچیرڤان بارزانى کرا لەماوەى ئەم سێ ڕۆژەدا لە بەریتانیا، بۆ هەرێمێکى وەکو هەرێمى کوردستان ئاساییە یان بایەخ پێدانێکى تایبەتە بە هەرێمى کوردستان لە بەریتانیا؟

د. محەممەد ئیحسان: لە ڕاستیدا زۆر هەرێم هەیە لە جیهاندا، بەڕاستى سەردانەکەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە ئاستى سەرۆکى دەوڵەتێکى سەربەخۆ پێشوازى لێکرا لەلایەن سەرۆک وەزیرانى بەریتانیا، ئێمە پەیوەندییەکى زۆرباشمان هەیە لەگەڵ بەریتانیا، ڕۆڵەکى زۆر باشیان هەیە لەم کێشانەدا، ئەمە سەردانە بە تەواوى تایبەتمەندییەکى جیاوازى هەیە لەگەڵ سەرۆکى هەرێمێکى نۆرماڵ، لە ئاستى سەرۆکێکى وڵاتێک، لە ئاستى سەرۆکى دەوڵەتێک هاتە پێشوازیکردن لەلایەن سەرۆک وەزیران بۆریس جۆنسۆن، هەروەها لەلایەن وەزیرانى بەرگرى و دەرەوە و پەرلەمانى بەریتانیا، هەروەها چەند کەسایەتى و بەرپرسى ترى دیووە لە لەندەن، لە ڕاستیدا ئەمەیش خۆى بایەخدانێکى تایبەتە بە کوردستان، وە سەرفرازییەکى زۆر گەورەیە بۆ کوردەکان لە هەر شوێنێکى ئەو جیهانەدا بێت. 

بەریتانیا لە ئاستى دەوڵەتێکى سەربەخۆ پێشوازى لە سەرۆک نێچیرڤان بارزانى کرد.

ــ گۆڕانکارى ئەرێنى سیاسەتى بەریتانیا بەرامبەر بە هەرێمى کوردستان ڕوویداوە؟

د. محەممەد ئیحسان: ئەگەر سەیرى بکەن لە دواى دەرچوونى بەریتانیا لە یەکێتیى ئەوروپا تایبەتمەندییەکى خۆى هەیە لە سیاسەتیى دەرەوەی ئەمڕۆدا، جێگەى پتر ڕێزە لەلایەن ئەوروپا و ئەمەریکییەکان، چونکە شارەزاییەکى باشیان هەیە لەناوچەکە، وە پەیوەندییەکى تایبەتیان هەیە لەگەڵ هەرێمى کوردستان و ئێستا بۆچوونێکى جیاوازیان هەیە لەگەڵ ڕابردوو، ئەگەر بێت سەیرى ڕۆشنبیرانى کلاسیکى کورد بکەین، دەیانگوت بەریتانیا وایکرد کوردستان نەبێتە دەوڵەت، حەقیقەتە وا نەبوو ئێمە خۆمان ئامادە نەبووین بۆ دەوڵەت؟ 

ــ لەسەر ئەو قسەیەى تۆ، هەندێ لە چاودێرانى سیاسى لەسەر رووداوەکانى کەرکووک و (16)ى ئۆکتۆبەر دەیانگوت بەشێکى پەیوەندى بە بەریتانیاوە بوو، ئەوە وایە؟

د. محەممەد ئیحسان: بڕوابکە وا نەبوو، ئەوکات خۆم لە بەریتانیا بووم، من لەلای وەزیرى دەرەوەى بەریتانیا و لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پەرلەمانى بەریتانیا بانگهێشتکرابووم، ئەگەر ئەوکاتیش بەریتانیا پاڵشتى نەبووایە کاردانەوەکانى دژى رێفراندۆم خراپتر دەبوو بەتایبەت لەلاى تورکیا و حکوومەتى عێراقى ئەوکات، نەخێر وانییە، ئێمە زۆر بۆچوونى جیاوازمان هەیە لەبوارى ئەکادیمیشەوە، چونکە ئێمە فێربووینە هەموو جارێ گلەیى و گازاندەى لە خەڵکى تر دەکەین پێش ئەوەى لە خۆمانى بکەین، من دەڵێم سیاسەتەکەیان گۆڕاوە لەگەڵ عێراق، عێراق وڵاتێکى زۆر گرنگە بۆ بەریتانیا، وە دەشزانن بەبێ کورد هیچ سەقامگیر و ئاسایشێک لەم ناوچەیە دروست نابێت، بۆیە دەیانەوێ کوردستانێکى بەهێز و عێراقێکى سەقامگیریان هەبێ لەم ناوچەیە، بۆ ئەوەى خۆیان سوودى لێ ببینین، وە هەرێمى کوردستانیش قازانجى لێ بکات. 

ئەوەى من ئاگادارم بم دواى سەردانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، بانکێکى زۆرى سۆکەڵەرشیپى بەریتانى بۆ کوردستان دێتە دامەزراندن، بۆ ئەوەى قوتابى کورد بە ئاستێکى بەرزتر لە بەریتانیا بخوێنن، ئەو ئاراستەیەى لەسە بەغدا بوو پاش ئەوەى لە ڕووى ئەکادیمیەوە شکستیان هێنا، ئاراستەکە دەگۆڕدرێت بۆ هەرێمى کوردستان، سیاستیان گۆڕاوە و دەیانەوێ یارمەتى ئێمە بدە، بەڵام پێویستە ئێمە بەر لەهەر شتێک خۆمان یارمەتى خۆمان بدەین، خۆمان یەکڕێز بین، خۆمان لە هەندێ پۆخڵاواتى سیاسى بەدوور بگرین لە ناوچەکە، تاوەکو بتوانین پاڵپشتییەکى زیاترى نێودەوڵەتى بەدەست بهێنین بەتایبەتى بەریتانیا وڵاتێکى زل دیپلۆماسە لەپێش ئەوەى ببێتە وڵاتێکى زلهێز. 

ــ باسى پەیوەندیى زانستى نێوان هەرێمى کوردستان و بەریتانیا کرد، بۆریس جۆنسۆن و نێچیرڤان بارزانى وەکو ئەوەى لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکە، سەرۆکى هەرێمى کوردستان گوتى، باسیان لە پرسە سیاسییەکان کراوە، لەگەڵیشدا باسى پەیوەندییەکان ئابوورییەکان کراوە و جەختى لەسەر کراوەتەوە کە دەبێ بەرەوپێش ببردرێن، پێویستە چى بکرێ لە هەرێمى کوردستان بۆ ئەوەى پەیوەندى هەرێمى کوردستان و بەریتانیا فراوان تر بکرێ؟ 

د. محەممەد ئیحسان: پێموایە لەڕووى ئابووریییەوە بەریتانیا بۆچوونێکى ترى هەیە کە دەیانەوێ قازانج لە هەرێمى کوردستان بکەن، بە هەمانشێوە هەرێمى کوردستانیش قازانج لەوان بکات، لەرووى سەربازییەوە هاوکارییەکى تەواو پێشمەرگە و کوردستان بنێرین، بۆ ئەوەى پێشمەرگە بتوانێ زیاتر پێشبکەوێ، لەڕووى ئەمنى و سەقامگیریەوە، کە دەزانن هەرێمى کوردستان بەشێکى گرنگە لە هاوکێشەى سەقامگیرى ناوچەکە، خاڵێکى تر کە پێش ئەوەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان سەردانى لەندەن بکات، کاریان لەسەر دەکرد لەسەر ئاستى زانکۆکان، بۆ ئەوەى بتوانن لەڕووى ئاکادیمى پاڵپشتییەکى زیاترى هەرێمى کوردستان بکەن، لە ناردنى قوتابى بۆ بەریتانیا و پەیوەندیى باشتر لە نێوان زانکۆکانى بەریتانیا و هەرێمى کوردستان دروست بکرێ، ئەمەیش خاڵێکى زۆر گرنگ بوو، کە کارى لەسەر کراوە، لەسەر ئاستى زۆربەى زانکۆکان کە چۆن دەتوانن یارمەتى کوردستان بدەن لە ڕووى سکۆڵەشیپە، پەیوەندییەکان و بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکان، ئەمەیش کاردانەوەیەک بوو دواى شکست هێنانیان لە عێراق لەڕووى ئەکادیمیەوە، جاران وانەبوو، هەموو شتیک بۆ بەغدا بوو، بەشێک بۆ هەرێمى کوردستان بوو.

ئەگەر ئەمڕۆ سەیر بکەین، بەریتانیا بۆچوونێکى ترى هەیە، زۆربەى ئەو قوتابیانەى لە باشوورى عێراق یان لە بەغدا دەهاتن بۆ بەریتانیا شکستیان دەهێنان لە پرۆسەى ئەکادیمی خۆیان، بۆیە بەریتانیا دەیەوێ لەوڕووەوە یارمەتى هەرێمى کوردستان بدات، ئەمە جگە لە هاوکارى ئابوورى و وەبەرهێنان و هێنانى کۆمپانیاى زیاترى بەریتانى بۆ هەرێمى کوردستان.  

ــ چیتر وایکرد کە بەریتانیا پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانى بکات لەگەڵ هەرێمى کوردستان، تەنها شکست و لاوازى بەغدایە وەک ئێوە دەیڵێین یان هۆکارى دیکەش هەیە؟

د. محەممەد ئیحسان: من دەڵێم سەرکەوتنى هەرێمى کوردستان لەزۆر بوارەوە بەبەراورد لەگەڵ بەغدا، خاڵى دووەمیش، بەڕاستى پەیوەندییەکى ڕاستگۆیانە هەیە لە نێوان سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان و سەرکردایەتیى کوردیى و کۆمەڵێک کەسایەتیى بەریتانیا نەک تەنها ئەوانەى لە ناو حکوومەتن، نیزامى سیاسى لەو وڵاتە تەنها سەرۆک وەزیران کاریگەرى نییە، بڕوابکە هەندێجار ئەوانەى وەک میدیا یان وەک کەسایەتیى و دیپلۆماتکار لە کوردستان کاریانکردووە یان ئەو کەسایەتییانەى پێشتر پاڵپشتى ئۆپۆزیسیۆنى عێراقییان دەکرد، ئەنجامى سەرکەوتنى خۆیان دەبینین کە لە کوردستان سەرکەوتوو بوونە، بەڵام لە شوێنەکانى تر سەرکەوتوو نەبوونە، ئەو ئەمن و سەقامگیرییەى لە هەرێمى کوردستان هەیە، جێگەى ڕێزە لەلاى حکوومەتى بەریتانیا و بەتایبەت لەلاى پەرلەمان و حکوومەتەوە، لە ئاستێکى زۆر بەرزدا.

ئەمە هەمى پێکەوە گرنگە بۆ هەرێمى کوردستان و خەڵکى کوردستان، تا بتوانن زیاتر لەو خاڵەى کە هەیە. بەریتانیا وڵاتێکى نۆرماڵ نییە، نەک دەوڵەتێکى ئاسایی نییە، لەگەڵ هەموو ڕێزم بۆ دەوڵەتەکانى ترى ئەوروپى، بەڵام موختار و مەنبەعى زانیارییەکانە لەسەر ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بە گەشتى و عێراق و هەرێمى کوردستان بە تایبەتى. 

ــ وەک ئێوە باستانکرد، ئەو پەیوەندییانەى کە جەنابى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى بە شەخسى لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى بەریتانیا و سەرۆک وەزیران بۆریس جۆنسۆن هەیەتى، چۆن دەتواندرێت لەسەر سەقامیگرى عێراق؟

د. محەممەد ئیحسان: بەریتانیا بە شێوەیەکى تر سەیرى سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەکات، نێچیرڤان بارزانى ڕۆڵەکى دیپلۆماسى گەورەترى لە قەبارەى هەرێمى کوردستان بینیوویەتى ئەمڕۆ، نێچیرڤان بارزانى ڕۆڵێک گەورەتر لە ڕۆڵى لە هەرێمێکیان بینیووە لەسەر کێشەکانى ناوچەکە، لە نێوان تورکیا و فەرەنسا، تەنانەت هەتا لەگەڵ ئێرانیش لە هاوکێشەى سەقامیگرى عێراق، ئەمە هەمووى پێکەوە جێگەى بایەخ و ڕێزە لەلاى بەریتانیا. 

خاڵێکى تر دەمەوێ باسى بکەم، ئەوکاتەى لە (1990) تاوەکو (1993) ئەوکاتەى ئێمە گەنج بووین لە بەریتانیا، سەرۆک وەزیرانى بەریتانیا لە هەموو کۆنفرانس و شایى و نەورۆز و بۆنەکان بەشدار دەبوو، ئەوکات وەک بەرخودانێک ئەم کارەمان دەکرد، مەبەستەکەى من ئەوەیە، ئەمڕۆ کورد لۆبییەکى گەورەى هەیە لە بەریتانیا، پێوستە ئێمە سوودى لێ ببینین و چۆن بتوانین لۆبییە زیاتر پاڵپشتى هەرێمى کوردستان بکات.

ــ بۆچى تاوەکو ئێستا گرنگى نەدراوە بەو لۆبییە؟

د. محەممەد ئیحسان: لە ڕاستیدا من پێموایە لۆبى کوردى لە بەریتانیا بەرەو جۆرێک لە لاوازى چووە، جاران زۆر زۆر ئەکتیڤ بوو، ئەمڕۆ وانییە، بۆ؟ چونکە تا حەددێک هەڵەى حکوومەتى هەرێمى کوردستانى تێدایە کە گرنگى بە لۆبییەکانى کوردیى نەداوە لە دەرەوە، خاڵى دووەم، ئەوکاتەى ئێمە بەشێک بووین لە کێشەکانى عێراق زیاتر ئەکتیڤ بووین و دەنگمان زۆر بەرزتر بوو، زیاتر جێگەى ڕێز بووین، پێویستە ئەمڕۆ بگەڕێنەوە بۆ ئەو لۆبیە، چونکە تۆ پێویستت بە لۆبى هەیە لەسەر ئاستى دیپلۆماسى لەم وڵاتە و دەبێ کارى لەسەر بکرێ، من لەبیرمە پێشتر (20) هەزار قوتابى و مامۆستاى زۆر پرۆفشناڵ لە بەریتانیا هەبوو، نەخۆشخانەیەک نییە دکتۆرێکى گەورەى کوردى تێدا نەبێت، زانکۆیەک نییە چوار پێنج مامۆستاى کوردى تێدا نەبێ، هەموو ئەوانە پێویستە گرنگى پێبدرێت، چونکە ئەوانە دەنگیان بەرزە و ڕێزى خۆیان هەیە لەو کۆمەڵگایە، ڕۆڵى باشیان بینیووە، ئەکاتە ڕۆڵەکى زۆر گرنگیان هەبوو، بەڵأم بەداخەوە ئەمڕۆ کەمتر بووە لەبەر خەڵکێکى تر کە پەیدابووە لەو وڵاتە دوور لە سیاسەت لە کوردستان کە ئەمە جێگەى داخە.

بەڵام ئەمڕۆ ئەگەر سەیر بکەى لە بەریتانیا، زۆربەى کەسایەتییە بەرزەکانیان، سەرۆک وەزیران، وەزیرەکان کۆنەکانى ئەوانەى کە هاتوونەتە کودستان لۆبستێکى گەورە بۆ کورد دەکەن لەسەر ئاستى ڕایگشتى و حکوومیش.    

س: رووداو

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە