له‌ به‌غدا رێكاریى ئه‌منى توند په‌یڕه‌و ده‌كرێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ لایه‌نه‌ دۆڕاوه‌كانى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراق له‌ به‌غدا خۆپیشاندان دەكه‌ن، بۆیه‌ حكومه‌تى عێراق له‌ پایته‌خت رێكاریى ئه‌منى توند په‌یڕه‌و ده‌كات و ده‌روازه‌كانى ناوچه‌ى سه‌وزیش داده‌خات.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 18ى تشرینى یه‌كه‌م "ئۆكتۆبه‌ر" ماڵپه‌ڕه‌ عێراقییه‌كان بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌، رێكارییه‌كى توند له‌ به‌غدا په‌یڕه‌و ده‌كرێت، به‌ هۆى ئه‌و خۆپیشاندانه‌ى كه‌ میلیشیا دۆڕاوه‌كانى شیعه‌ له‌ به‌غدا ئه‌نجامى دەده‌ن. 

ماڵپه‌رى به‌غداد توده‌ى عێراقى باسى له‌وه‌ كردووه‌، خۆپیشاندان له‌به‌رده‌م ناوچه‌ى سه‌وزى به‌غدا ده‌ستپێكردووه‌ و ته‌نانه‌ت میلیشیاكان مانگرتنیان راگه‌یاندووه‌. محه‌مه‌د ته‌میمى گوته‌بێژى لیواى "وه‌عد" به‌ ماڵپه‌ڕه‌كه‌ى راگه‌یاندووه‌، دوو داواكارییان هه‌یه‌ یه‌كێك له‌وانه‌ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ى ته‌واوى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌ و له‌گه‌ڵ دوورخستنه‌وه‌ى كازمى له‌ پۆسته‌كه‌ى.

هه‌مان ماڵپه‌ڕ له‌ دوو هه‌واڵى ترى جیاواز باس له‌وه‌ ده‌كات له‌ به‌عقوبه‌ خۆپیشاندان به‌ڕێوه‌ده‌چێت و خۆپیشانده‌ران چه‌ند رێگه‌یه‌كى سه‌ره‌كى شاره‌كه‌یان داخستووه‌. سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌یش له‌ سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ئاشكراى ده‌كات كه‌ ته‌واوى ده‌روازه‌كانى ناوچه‌ى سه‌وز داخراون.

ماڵپه‌ڕى شه‌فه‌ق نیوز لێدوانى گوته‌بێژى میلیشیاى سه‌ید شوهه‌داى بڵاوكردووته‌وه‌ و كه‌ ده‌ڵێ، "هاوكات له‌گه‌ڵ رێگه‌ یاساییه‌كان به‌ خۆپیشاندان گوشارى جه‌ماوه‌رى دورست ده‌كەین بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ى ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن".

10ى ئه‌م مانگه‌ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مانى عێراق به‌ڕێوه‌چوو، هاوپه‌یمانى فه‌تح كه‌ زۆربه‌ى میلیشیاكان له‌خۆده‌گرێت له‌ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن رازی نیین، چونكه‌ ژماره‌ى كورسیه‌كانیان به‌ به‌راورد به‌ هه‌ڵبژاردنى 2018 زیاتر له‌ نیوه‌ كه‌مى كردووه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین