چۆن منداڵەکانمان فێری سیستەمی ئابووری ژیان بکەین؟ شیکاری ئابوری

نوچەنێت

پرۆسەی مرۆڤسازی بە یەکێک لە بنەمایە گرنگەکانی پێگەیاندنی نەوەی تازە دادەنرێت بۆ دروستکردنی کاریگەری تاک بە گشتی و منداڵ بە تایبەتی، ڕۆڵێکی کاریگەریان هەیە لە پێشڤەچوونی ئابووری کۆمەڵگە، بۆ ئەو مەبەستە پێویستە منداڵەکان فێری بەرپرسیارەتی دارایی و ئابووری بکرێن، بۆ ئەوەی رێژەی هەژاری و بێ کاری لە کۆمەلگە کەم ببێتەوە

سەددەی بیست ویەکەم، بە سەددەیەکی پڕ گۆرانکاری و پێشهاتی نوێ لە مێژووی مرۆڤایەتی ئەژمار دەکرێت، بە تایبەت لە ئەو گؤرانکارییە خێرایانەی لە سیسەتمی ئابووری هەر وڵاتێک روودەدەن. ئەنجام لە پێناو دەستەبرکردنی سیستەمێکی پێشکەوتوو پڕ قازانج پەنا دەبردرێتە بەر  پێرەوکردنی هاوکێشەی جودای ئابووری (سیاسی، کۆمەڵایەتی، کلتووری).

لە نێوان ساڵی 2015 بۆ 2020، ئاستی بەکارهێنانی ئامێری زیرەک لەلایان منداڵانەوە بەڕێژەی ٪52 زیادیکردووە

خانەوادە و منداڵ، بە فاکتەری گرنگی هەر کۆمەڵگایەک دادەنرێن، و لە سیستەمی ئابووری وڵاتاندا، ئەم دوو فاکتەرە کاریگەری ڕاستەوخۆیان هەیە لە پێشڤەبردنی کۆمەڵگە و ئابووریەکەی، بەڵام منداڵ و کاریگەریەکانی لەسەر ئابووری لەسەددەی بیست و یەکەم، بە شێوازێکی جوداتر لە هاوکێشە ئابووریەکان شرۆڤەی بۆ دەکرێت، چونکە منداڵی ئەو سەردەمە وابەستەیەکی قووڵی تەکنەلۆژیا و ئامێرە ئەلکترۆنیەکانە، تا ئاستێک بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی ڕۆژانەیان، بە شێوەیکی سەربەخۆ توانای داواکردنی خواست و داواکارییەکانیان هەیە، ئەمە لە وڵاتە پێشکەتووەکان و ئابووریە بەهێزەکان رەنگدانەوەی زیاتری هەیە.

منداڵ و تەکنەلۆژیا

بە گوێرەی دواین توێژینەوەی ناوەندی ئابووری گەشەپیدانی ئابووری وڵاتانی OECD،  ڕێژەی ٪98ـــی منداڵانی هەشت ساڵ و خوار ئەو تەمەنە، خاوەن ئامێری ئەلکترۆنی، ئایپاد و تابلێتی تایبەت بەخۆیانن، ئەو ڕێژەیە بەراورد بە 6 ساڵی ڕابردوو، بە واتای بەرزبوونەوەی ئاستی بەکاربردنی ئامێرە ئەلکترۆنیە زیرەکەکان دێت بە رێژەی ٪52.

سەبارەت بە کاتی بەسەر بردنی منداڵەکان بۆ ئامێرە ئەلکترۆنیەکان، ئەنجامی توێژینەوەکە ئەوەی خستۆتەڕوو، لە ساڵی 2011 رێژەی بەکارهێنانی ئامێری زیرەک لەلایان منداڵانەوە تەنیا 5 خوڵەک بووە، بەڵام ئەو رێژەیە لە ساڵی 2013 بۆ 15 خولەک و لە 2017 بۆ 48 خوڵەک بەرزبۆتەوە. زیادبوونی ئەو رێژەی بەکارهێنان، بۆتە هۆی ئامادەسازی بۆ پرۆژەی گرنگی ئابووری لە لایەن کۆمپانیایە زلهێزەکانی جیهان بۆ بەرهەمهێنانی کاڵای منداڵان و ڕیکلامکردنیان لە پێگە کۆمەڵاتیەکان  و دروستکردنی یاری بۆ راکێشانی سەرنجی زیاتری منداڵان بۆ بەرهەمەکانیان. 

تەنانەت هەندێک وڵات کار بۆ دانانی بەرپرسیارەتی و بنەمایەکانی دارایی و ئابووری لە سیستەمی خوێندن دەکەن، لە پێناو ئامادەسازی منداڵ لە تەمەنی خوار چوار ساڵی،بەڵام ئەم بیرۆکەیە بۆ ولاتە تازە پێگەیشتووەکان و وڵاتە قەیراناویەکان، کاتێکی زوو و هاوکات سەختیشە لە رووی جێبەجێکردن، چونکە ژمارەیەکی زۆری منداڵ لەو وڵاتانە لە ژێر فشاری هەژاریدان، بە نموونە عێراق.

 ژیان وگوزەرانی منداڵ لە عێراق و هەرێمی کوردستان

رەوشی منداڵانی عێراق لە بارودۆخێکی سەخت دایە، بە تایبەت لە ناوچەکانی باشووری عێراق، منداڵانی ئەو ناوچانە جگەی لەوەی لە ژێر رێژەی هەژاری دەژین، بەڵام بێ بەش بوونیان لە خوێندن و نەبوونی کەرەستە پزیشیکیەکان، گوزەرانی منداڵانی عێراقی سەخت تر کردوون. ئەمەیش بۆ داهاتوو ئاستەنگ دەخاتە بەردەم ئابووری عێراق و زیادبوونی رێژەی بێ کاری و هەژاری.

بە گوێرەی دواین توێژینەوە و راپۆرتی ئاژانسی UNICEF، لە عێراق، رێژەی ٪50ــی دانیشتوانی عێراق منداڵ و گەنجە، بەڵام ئەو ڕێژەیە بە تایبەت منداڵ ژیان و گوزرەانیان لەژێر مەترسیدایە، بە جۆرێک ٪11.7 ـــی دانیشتوانی عێراق کە دەکاتە 4.5 ملیۆن منداڵی عێراقی، بەهۆکاری سۆسیۆ ئیکۆنۆمی( ئابووری کۆمەڵایەتی) لەسەردەمی پەتای کۆرۆنا، لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

توێژینەوەکەی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەیش دەدات، ئەم رێژەی هەژاری منداڵانی عێراق، هۆکارە لەبەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری لە عێراق بۆ زیاتر لە ٪31.7 لە 2020،  بەراورد بە ساڵی 2018 کە رێژەکەی تەنیا ٪20 بوو زەنگێکی مەترسیدارە بۆ ئایندەی ئابووری و گوزەرانی منداڵی عێراقی و ژمارەی هەژار لە عێراق کە زیاتر لە 11.5 ملیۆن کەسە.

کۆرۆنا بووە هۆی هەژاربوونی زیاتری منداڵی عێراقی، پێش لێکەوتەکانی پەتی کۆرۆنا بۆسەر گوزەرانی  هاوڵاتی و منداڵی عێراقی، لەهەر 5 مندالێک، تەنیا یەک منداڵ هەژار بوو، بەلام دوای کۆرۆنا، لەهەر 5 مندالێک ئەوا 2 بۆ 3 منداڵی عێراقی هەژارن، واتە ڕێژەیەکە دووهێندە بۆتەوە.

UNICEF : رێژەی  ٪48ــی منداڵی عێراق لە خوێندن و تەندورستی و ئاو و ئاوەڕۆ بێ بەشن

 سەبارەت بە گوزەرانی منداڵانی هەرێمی کوردستان، هەرچەندە توێژینەوە و ئاماری کەم لەبەردەست هەن، بەڵام بە گوێرەی دواین ئاماری ئاژانسی OCHAــی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لەهەرێمی کوردستان ڕێژەی ٪97ـــی منداڵی کوردستان خوێندنی سەرەتایان تەواو کردووە، هاوکات رێژەی ٪67 خوێندنی ناوەندییان تەواوکردووە.

لە توێژینەوەکەی ئاژانسی OCHAــدا هاتووە، هەرێمی کوردستان کار بۆ پێرەوکردنی سیستەمێکی تازە و مودیرن دەکات و هەوڵی پەرەپێدانی زیاتر بە منداڵی کوردستان و دابینکردنی ئایندەیان دەدات، بە تایبەت لە بواری پەروەردە وفێرکردن.

پرۆژەی مرۆڤسازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و داهاتووی منداڵی کوردستان 

هەرێمی کوردستان لە رووی توێژینەوە و ڕاپۆرتی ئەکادیمیەوە هێشتا خاوەن کورتهێنانێکی بەرچاوە لە ڕۆل و کاریگەری سیستەمی پەرەوردە ومنداڵی وکاریگەریان لەسەر ئابووری هەرێمی کوردستان. بەلام دوای وتارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ناوهێنانی پرۆژەی “ مرۆڤسازی”، دەکریت پێشبنی و ئامادەکاری بۆ پەروەردەکردنی نەوەیەکی تازەی کوردستان بکرێت، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ڕۆلی کاریگەری هەبێت لەسەر ئابووری و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان.

لەو بارەی پرۆژەی “ مرۆڤسازی” سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕێکەوتی (19)ى ئەیلوولى (2021)لە کۆنفرانسى پەروەردەیى زانکۆى ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک، ناوەرۆکی پرۆژەکەی خستەروو.

سەرۆک نێچیرڤان بازرانی وتی “ سیستمى په‌روه‌رده‌یى و خوێندن له‌ هه‌رێمى كوردستان، هه‌ر له‌ باخچه‌ى ساوایانه‌وه‌ تا قۆناغه‌كانى خوێندنى بنه‌ڕه‌تى و ئاماده‌یى، زانكۆیى و خوێندنى باڵا، پێویستى به‌ پێداچوونه‌وه‌یه‌كى جددى و ڕیشه‌یییه‌‌. پێویستى به‌ چاككردن و چاكسازییه،‌ به‌ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ پێوه‌ره‌ زانستى و ستاندارده‌ جیهانییه‌كانى ئه‌مڕۆى خوێندن و په‌روه‌رده‌دا بگونجێت‌ و بتوانێت ته‌با و هاوشانى ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ خێرایانه‌ بێت كه‌ ڕۆژانه‌ له‌ هه‌موو بواره‌كانى ژیاندا دێتە پێش”.

هەروەها وتیشی" زانست و ته‌كنه‌لۆژیا هێنده‌ خێرا پێشده‌كه‌ون، ئه‌گه‌ر به‌ خۆمان نه‌كه‌وین و هه‌وڵ نه‌ده‌ین له‌گه‌ڵیاندا بڕۆین، ده‌مێنینه‌وه‌. خراپیش ده‌مێنینه‌وه‌! پێشكه‌وتنى زانستى و ته‌كنه‌لۆژى، چه‌مك و به‌ها و تێگه‌یشتنى نوێش له‌گه‌ڵ خۆیاندا ده‌هێنن و دۆخى ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسیى نوێ دروست ده‌كات.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی" ده‌بێ كۆڵه‌كه‌یه‌كى گرنگى په‌روه‌رده‌ییمان ئه‌وه‌ بێت كه‌ مرۆڤ بنیات بنێین، مرۆڤسازى بكه‌ین"

سەرۆکی کوردستان ئەوەیشی زیاد کرد"  كه‌ باس له‌ پێشخستنى په‌روه‌رده‌ و گه‌یشتن به‌ كاروانى پێشكه‌وتنى گه‌لان ده‌كه‌ین، مه‌به‌ست به‌ ته‌نیا ئه‌وه‌ نییه‌ له‌ بواره‌كانى زانستى و ته‌كنه‌لۆژى و پزیشكى و ئه‌ندازیاریدا پێشكه‌وین! نه‌خێر، له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌دا‌، ده‌بێ كۆڵه‌كه‌یه‌كى گرنگى په‌روه‌رده‌ییمان ئه‌وه‌ بێت كه‌ مرۆڤ بنیات بنێین، مرۆڤسازى بكه‌ین.

دەزگای نووچە بۆ دەرخستنی ڕۆل و کاریگەری مرۆڤسازی لە قۆناغی منداڵی تا تەمەنی پێگەیشتوو و بەشداریکردنی کارایی لە سسیتەمی ئابووری هەرێمی کوردستان، بنەما و ڕێکارەکانی بەرپرسیارەتی دارایی و ئابووری بۆ فێرکردنی منداڵان شرۆڤە دەکات.

لەبارەی چۆنیەتی فێرکردنی بەرپرسیارەتی دارایی و ئابووری بۆ منداڵان، زۆر توێژینەوە و راپۆرتی جیهانی بڵاو کراونەتەوە، بەلام هیچ کامێکیان هێندەی ڕێنمایی و بنەماییەکانی ملیاردێر و نووسەری بەناوبانگی ئابووری ئەمریکا،  وارن باڤێت گرنگ و کاریگەر و پڕ زانیاری نین. دەزگای نوچە پوختەیەک لەو بنەمایانەی وارن باڤێت کە بۆ ناوەندی CNBــئەمریکی ئاشکرای کردووە شرۆڤە دەکات و  کاریگەری ئەو بنەمایانە بۆ منداڵی هەرێمی کوردستان، وەک برگەیەک لە پرۆژەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەخاتەروو.

چۆن بەرپرسیارەتی دارایی و ئابووری فێری مندالان بکەین

وارن باڤێت پێش ئەوەی ببێت بە سەرۆکی کۆمپانیای Berkshire Hathaway، دەستپێكی ژیانی کارکردنی لە تەمەنی 6 ساڵیەوە دەست پێدەکات. باڤێت لە رێگەی باوکیەوە فێری گرنگی دەستەبەرکردنی پارە و میکازنی بەدەستهێنانی  داهات  بە ریگەی تەندورستەوە ببوو. هەربۆیە لە تەمەنی 6 سالی دەستی کرد بە فرۆشتنی ڕۆژنامە و قوتووی کۆکا کۆلا، داهاتی خودی خۆی دەستەبەر دەکرد.

لەوبارەیەوە وارن باڤێت دەڵیت" باوکم باشترین سەرچاوەی هاندان بوو بۆ من، ئەوەی لەوسەردەمە لێی فێربووم، کە دەبێت لە تەمەنی منداڵیەوە خاوەن داهات و میکانزمی تایبەت بە دابینکردنی داهاتی خۆم بم"

هەروەها وتی" چۆنیەتی دابینکردنی داهاتی تایبەت بە خۆم، باشترین وانە بوو لە ژیانم  کە لە باوکمەوە فێری بووم"

وارن باڤێت" گەورەترین هەڵەی دایک و باوکان ئەوەیە، تا تەمەنی هەرزەکاری دەوەستن ئەنجا منداڵەکان فێری سیستەمی ئابووری و بەرپرسیارەتی ئابووری ودارایی دەکەن"

 

ملیاردێری ئەمریکی لەبارەی باشترین تەمەن بۆ فیرکردنی منداڵ و تێگەیشتن لە بنەما ئابووریەکان دەلێت" قۆناغی پێش چوونە قوتابخانە باشترین تەمەنە بۆ فێرکردنی منداڵ و ئاراستەکردنی بەرپرسیارەتی دارایی و ئابووری و پێگەیاندنی مرۆڤێک بۆ ئەوەی لە داهاتوو سوود بە ئابووری کۆمەلگە بگەیەنێت".

بە بۆچوونی وارن باڤێت گرنگترین بنەمایە زێرینەکان بۆ فێرکردنی منداڵ بە سیستەمی ئابووری ئەمانەن"

هێزی نەرم و هزری منداڵ 

هاندانی منداڵان و فێرکردنیان بۆ ئەوەی رووبەرووی مەترسی و ئاڵنگاریەکان ببنەوە، گونجاوترین رێگایە بۆ  بۆ فێرکردنی منداڵ  و دوورخستنەوەی ترس و دڵەراوکێ لێ ی لەیەکەم ڕووبەڕووبوونەوەی لەتەمەنێکی بچووکدا، ئەمە وا دەکات منداڵ بیر لە سندووقی دەرەکی خێزانی  خۆی بکاتەوە و لەهەمانکاتدا بیری بۆ چۆنیەتی دابینکردنی ئەو سندووقە فراوان ببێت لە هیج ڕێگریەک ترسی نەبێت.

وارن باڤێت بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەو بیرۆکەیە، چەندین ڕێگا و میکانزم دەخاتەڕوو دەڵێت" پێکەوە سەردانیکردنی دایک و باوک و منداڵ بۆ مۆزەخانەکان و قسەکردن لەسەر تابلۆیەکان و چۆنیەتی وێنە کێشانیان، رێگا و نموونەیەکی گونجاوە بۆ ئەوەی هانی منداڵەکەت بدەی کە وێنەیەک دروست بکات و گرنگی بە دابینکردنی کەرەستەکانی وێنە کێشان بدات و لە داهاتوو بتوانیت وێنەکان کرین وفرۆشتنی پیوە بکات".

باڤێت باس لە رێگایەکی تریش دەکات، کە دایک و باوکان دەتوانن بە هێزی نەرم هزری مندالەکانیان بۆ فێربوونی بنەمایە ئابووریەکان رابکێشین و دەڵێت" پێویستە لە ماڵەوە مندالەکانمان فێر بکەین، چۆن کەرەستە کۆنەکانی مالەوەیان بەکار بهێننەوە و سوودیان لێ ببین بۆ دروستکردنی سندووقی خواردن، دانانی سەبەتەیکی تایبەت بۆ ڕۆژنامەکان ".

وارن باڤێت دووپاتیدەکاتەوە، ئەو رێگەیە وادەکات مندالەکانمان فێر بکەین کە زیادە خەرجی نەکەن و لەهەمانکاتدا بۆ داهاتوو بیر لە پاراستنی ژینگەی کۆمەلگایەکەی و پێشخستنی ئابووریەکەی بکەنەوە.

چۆنیەتی کۆکردنەوەی پارە وداهات

هاوکاری منداڵەکەت بە بۆ ئەوەی بتوانیت ئیدارەی داهات و پارەکانی بدات، و پێویستە مندالەکان جیاوازی بکەن لە نیوان ئەو شتەی دەیانەوێت و ئەو شتەی پێویستیان پێیەوە و گرنگە بۆیان.

ملیاردێری ئەمریکی لەو بارەیەوە دەڵیت" منداڵەکەت فێر بکە، دوو سندووقی دراوی هەبێت، یەکیکیان تایبەت بێت بە کۆکردنەوەی ئەو پارەی کە لەلایەن دایک و باوکیان دەستیان دەکەوێت، ئەوی تریشان تایبەت بێت بە سندووقی خەرجیەکانی".

هەروەها دەشلێت" داوا لە مندالەکەت بکە، لیستێکی داواکاریەکانی ئامادە بکات، بە جۆرێک لە کاتی ئامادەکردنی لیستەکە، داواکاریەکانی دابەش بکات بەسەر ئەو کەرەستانەی کە زۆر گرنگن، لەگەل ئەو کەرەستانەی خواستی هەیە بیانکرێت، بۆ نموونە کرینی یاریەک خواستی مندالەکەتە، بەڵام کرینی جانتایەک پێویستیە ودەبیت بیکرێت، دوای ئەوە گفتوگۆ لەگەڵ مندالەکەت بکە بڕیار لەسەر کرینی داواکاریەکانی بدە و فێر دەبێت چۆن پارە خەرج بکات".


چۆنیەتی جیاکردنەوەی نرخ و بەها

لەسەردەمی ئێستا و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، کرین و دەستەبەکردنی کاڵایە خاوەن بەها وهێمای جیهانیەکان دەبنە هۆی خەرجکردنی پارەیەکی زیاتر، بەلام تۆ دەتوانی هەمان کالا بە ڕێگای تر بە نرخیکی کەمتر بەدەست بهێنیت و مندالکەت دوور بگری لەو کێبرکییە  بازارگانییە نێوان کۆمپانییەکان.

بۆیە ئەو وانەیەی  کە پێویستە فێری منداڵەکەت بکەی، چۆنیەتی جیاکردنەوەی نرخ و بەهایە، لە کاتی کرینی پێداویستیەکانیان، هەورەها نیشاندانی رێگای جودایە بۆ چۆنیەتی دەستکەوتنی ئەو کاڵایەی دەیەوێت بە نرخێکت گونجاو تێچوویەکی کەمتر بیکرێت و منداڵەکەت فێر بکەی چۆن ئەو کاڵایانە لێک جیابکاتەوە و کام کاڵا پێویستە  وشایەنی پارە پێدانە.

بۆ ئەومەبەستە، باڤێت پێشنیار دەکات،  دایک و باوکان داوا لە مندالەکانیان بکەن، لیستێکی کاڵا وداواکاریەکانیان ئامادە بکەن و دواتر بە هاوکاری دایک و باوکیان، لە ڕێگەی سۆشیال میدیا و پێگە ئەلکترۆنی و ڕۆژنامەکان، بە دوای نرخی گونجاوی ئەو کاڵایە بگەرێن و ئەنجام پارە بۆ ئەو پێداویستیە خەرج بکەن، کە  کەمترین نرخی هەیە و تێچووی بۆسەر مندالەکە کەمترە.

باڤێت دەشلێت" هەمیشە ڕۆژنامە یان گۆڤارێک یان پێگەیەکی ئەلکترۆنی بۆ مندالەکەت دیاری بکە، بۆ ئەوەی بتوانێت هەڵسەنگاندن بۆ نرخی کاڵایەکان بکات و لە داهاتوو بتوانێت ئەو کاڵایە لە رێگەی ئەلکترۆنیەوە بفرۆشێت ، لەو ڕێگیەوە تۆ دەتوانی مندالەکەت فێر بکەی، چۆن بیر بکاتەو و چۆن کرین وفرۆشتن بکات و هەوڵ بۆ دەستکەوتنی کاڵای گونجاو کەمتر خەرجکردنی داهاتەکانی بکاتەوە".

 چۆن بریاری تازە دەدەی

کلیلی دەرکردنی بڕیاری دروست، لە رێگەی بیرکردنەوەیە بۆ چۆنیەتی دروستکردنی کاریگەری لەسەر بژاردەی مندالەکەت بۆ هەڵبژاردنی پێداویستی یان ئەو کاڵایەی کە خواستی کڕینی هەیە لە داهاتوودا.

نوسەر وملیاردێرە ئەمریکیەکە لەو بارەیەوە دەڵیت" پێویستە دایک وباوکان، بیرۆکەو پێشنیازی تازە بۆ مندالەکانیان ئاراستە بکەن، لە پێناو دەرکردنی بڕیاری دروست  وکاریگەر لەلایەن منداڵەکانیانەوە، هەروەها گفتوگۆکردن بۆ چۆنیەتی دەرکردنی بریاری تازە ئەرکی دایک و باوکە، بۆ دروستکردنی کاریگەری لەسەر منداڵ و دابینکردنی داهاتی خودی خۆیان و کەمکردنەوەی خەرجیەکانیان".

بۆ نموونە، دایک و باوکان دەتوانن پریسار لە مندالەکانیان بکەن بۆ کڕینی ئامێری تەلەفزیۆنی ماڵ، بەڵام پێش پرۆسەی کڕین، پێویستە بە هاوبەشی لەگەڵ مندالەکەت، بیر لە چۆنیەتی کۆکردنەوەی پارە بکەیەوە بۆ چاککردنەوەی ئامێری سپلیت یان فێنککەرەوەی ماڵ ، چونکە ئەگەر ئەمە نەکەین ئەوا کەشوهەوای ماڵ گەرم دەبیت و نارەحەت دەبین، بۆ مندالەکەت روون بکەوە، دوای ئەوەی ئامێری فێنککەرەوەمان چاککردەوە، دەتوانی ئامێری  تەلەفزیۆنیش بکرین.

ئەم ریگایە هاوکار دەبێت چۆن وا لە مندالەکەت دەکەی لە کاتی خەرجکردنی داهاتەکانی بریاری دروست بدات و لە داهاتوو کار بۆ کۆکردنەوەی داهاتی خۆی ئیدارەی خەرجیەکانی بدات.



هەرچەندە هەرێمی کوردستان خاوەن توێژینەوەی ئەکادمی نیە، لەبارەی ژمارەی بەکارهێنارانی منداڵ بۆ ئامێرە ئەلکترۆنیەکان و هاوکات ڕۆلی کاریگەری منداڵ بۆ سەر ئابووری کوردستان لە کاتی پێگەیاندنی و هۆشیارکردنەوەی لەرووی سیستەمی دارایی، بەلام ئەگەر تا چەند ساڵی داهاتوو چاودێری لە پرۆژەی مرۆڤسازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکەینەوە، دەتوانین بگەین بە ئەنجامی تازە.

لی ئەگەر حکوومەت بتوانێت بنەمایە ئابووری و داراییەکان بکات بە سیستەمێکی تازە لە سیستەمی خوێندنی قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان، لەوانەیە سالانی داهاتوو بتوانین ئەنجامی باشتر و نەوەیەکی زیرەکتر پەروەردە بکەین و ڕێژەی هەژاری و بێ کاری لە هەرێمی کوردستان کەمتر ببێتەوە ئابووریەکەی بەرەو پێش بروات.

وەک دیسکی ئابووری دەزگای نوچە، ئەم بابەت و پڕۆژەیە جێگەی بایەخی ئێمە دەبێت بۆ دیاریکردنی ڕۆلی مندال و کاریگەریەکانی لەسەر ئابووری کوردستان لە پڕۆژەی مرۆڤسازیدا و بەوهیوایەن توێژەرانی هەرێمی کوردستان کاری باشتر لەو ڕۆلەی مندال بۆ سەر ئابووری کوردستان بکەن.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین