ئەنجوومەنى وەزیران گرانبوونى نرخى سووتەمەنى و ئامارەکانى پەتاى کۆرۆنا تاوتوێ دەکات کوردستانی

نوچەنێت:

ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان، ئەمڕۆ کۆدەبێتەوە و تاوتوێى پڕۆژەى ڕێکخستنەوەى کارەباى نیشتیمانى و ئامارەکانى پەتاى کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتى (27/تشرینى یەکەم/2021) بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەسەر سێ تەوەر دەکەن.

بەپێى ڕاگەیێندراوى فەرمانگەى میدیا و زانیارى حکوومەتى هەرێم، لە کۆبوونەوەکەدا، "ڕاپۆرتی وەزارەتی کارەبا سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی کەرتی کارەبای نیشتیمانی لە هەرێمی کوردستان"، گفتوگۆى لەسەر دەکرێت،

دەشڵێت پرسى، "خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستی سەبارەت بە دوا ئامارەکانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و گرانبوونی نرخی سووتەمەنییەکان لە هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی وەزارەتی سامانە سروسشتییەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە"، تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکە دەبێت.

 

دەقى ئەم تەوەرانەى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان گفتوگۆى لەسەر دەکات:

یەکەم: خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزارەتی کارەبا سەبارەت بە هەنگاو و پڕۆژەکانی وەزارەت لە بواری ڕێکخستنەوەی کەرتی کارەبای نیشتیمانی لە هەرێمی کوردستان (بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەکان)، و پڕۆژەی تایبەت بە هاوبەشیپێکردنی کەرتی تایبەت لە قۆناغەکانی دابەشکردن و گواستنەوەی کارەبا و کۆکردنەوەی داهاتی کارەبا. 

دووەم: خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستی سەبارەت بە دوا ئامارەکانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێم و ڕێژەی کوتانی هاووڵاتیان بە ڤاکسین بە تایبەتیش فەرمانبەران و مامۆستایان، لەگەڵ خستنەڕووی بڕیارەکانی دوا کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا.

سێیەم: خستنەڕووی بابەتی گرانبوونی نرخی سووتەمەنییەکان لە هەرێمی کوردستان و دوا هەوڵەکانی وەزارەتی سامانە سروسشتییەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ لەم بوارە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین