چین یاخود ئەمریکا: کامیان ئەوی دیکە دەبەزێنێت؟ وەرگێڕان

نوچەنێت:

بەراوردکردنی نێوان چین و ویلایەتە یەکگرتووەکان بووەتە بنەمایەکی بنەڕەتی لە دامەزراوەکانى لێکۆڵینەوە، دوای ئەوەی سەرۆک جۆ بایدن لەسەر هەمان ڕێبازی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێش خۆی بەردەوامبوو بەوەدا کە پەکینی بە دوژمنی ژمارە یەکی واشنتن هەژمار کرد.

ئەگەر و سیناریۆکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گریمانەیی نێوان هەردوو زلهێزەکە ئێستا زیاتر باسیان دەکرێت، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ ئاهەنگەکانی حیزبی کۆمۆنیستی چین لە سەد ساڵەی دامەزراندنیدا، و زیادبوونی گرژییەکان لە لایەنی ئەمریکییەوە دژ بە چین لە چەندین بەرەوە، لە نێوانیاندا بابەتی تایوان و بابەتی مافی مرۆڤ، ئەوە جگە لەو جەنگە بازرگانییە گەرمەی لەنێوانیاندا لە ئارادایە.

هەر لەم چوارچێوەیەدا ماڵپەڕێ ناشناڵ ئینتریست-ی ئەمریکی شیکارییەکی بڵاوکردووەتەوە، بە ناونیشانی "ئایا ئەمریکا بە چینی دەدۆڕێنێت؟" لە ئامادەکردنی کیشوەر میهبابانی، توێژەری پایەبڵند لە ئەنستیتۆی توێژینەوەکانی ئاسیا لە زانکۆ نیشتیمانیی سەنگافورە، کە لە هەمانکات نووسەری کتێبێکە بە ناوی "ئایا چین سەرکەوت؟ ئاڵنگاریی چین لە بەردەم هەژمونی ئامریکادا".

 

چین چۆن هەستایەوە دوای "سەدەی سەرشۆڕی"؟

ئەم دەیەیەی دوایی گۆڕانی جەوهەریی بەخۆوە بینییەوە سەبارەت بە ڕوانگەی وڵاتانی رۆژئاوا بە گشتی و ئەمریکا بە تایبەتی بەرامبەر بە چین، چونکە ئیدی چین ئەو ئەسپە هێمنە نییە هەر خەریکی ڕاکێشانی عەرەبانەی ئابووریی جیهان بێت، بەڵکو بووەتە ڕەقیبی سەرەکیی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی. ئەوە بوو ینس سۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ)، ساڵی رابردوو ئاماژەی بەمە کرد کە وتی "چین لێمان نزیکدەبێتەوە لە فەزای سایبریدا، لە جەمسەری باکوور دەیانبینین، لە ئەفریقا دەیبینین، دەیانبینین وەبەرهێنان دەکەن لە ژێرخانی بنچینەییماندا". ئیدی ئەو سەردەمە بەسەرچووە کە زاراوەی "مەید ئین چاینا" بابەتی نوکتە و پێکەنین بێت.

یەکێک لە ئاماژە دیارەکانی گۆڕانی ڕوانگەی ڕۆژئاوا لە بەرامبەر چین ئەو جووڵە ماندوونەناسانەیە ئەنستیتۆکانی توێژینەوەی ستراتیجی و جیۆپۆلەتیکی دەستیان پێکردووە بۆ لێکۆڵینەوە و تێگەیشتن لەوەی چین چی بە چی کردووە، بە تایبەت ئەو گۆرانە موعجیزەئاسایەی لە بواری ئابووریدا بەدیهێناوە، و زۆرێک لەم توێژینەوانە گەیشتبوونە ئەو دەرەنجامەی دینگ شیاوپینگ، کە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ڕێبەرایەتیی چینی کردووە ، توانی بە تێگەیشتننامە و چارەسەرنامەیەک بگات لەبارەی گرفتەکانی ئابووریی سیاسی ئەویش ئەوەی: چۆن بتوانیت سەرکەوتوو بیت لە پەرەپێدانی ئابووریی خۆت بەبێ دەستبەردان لە سەروەریی وڵاتەکەت؟ هەروەها چۆن چین بە باشی لێکۆڵینەوەی لە مێژووی خۆی کرد، و چۆن سەرچاوەکانی هێزی خۆی خستەکار بۆ مسۆگەرکردنی ئەوەی ئیدی "مێژووی سەرشۆڕی"ی چین دووپات نابێتەوە، کە مەبەست لەو مێژووەیە کە لەژێر چەپۆکی ژاپۆن و وڵاتانی ڕۆژئاوادابوو.

ڕاستە ئێستا شی جین پینگ سەرۆکە، بەڵام ئەو پەیکەرێکی دامەزراوەیی و ئایدیۆلۆجی بە میرات بۆ ماوەتەوە کە دینگ شیاو پینگ بونیاتی نابوو، ئەو پەیکەرانەش بنەمایان دانا بۆ پێگەی بەهێزی ئێستای چین، واتە ئەم پێگەیە بە ڕێکەوت نەهاتووە، ئەوەتا چین توانیویەتی ئابوورییەکی زەبەلاح بنیات بنێت کە بەپێی هەندێک راپۆرت ئابووریی ئەمریکای تێپەڕاندووە، لە کەمترین خەمڵاندنیشدا ئێستا لە هاوشانبووندایە لەگەڵ ئەمریکا.

 

کێ لەڕووی سەربازییەوە بەهێزترە: چین یان ئەمریکا؟

بەمدواییانە لویس ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمریکا وتبووی کە وڵاتەکەی لە دوو دەیەی ڕابردوودا چاوی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە، کەچی چین چاوی لەسەر نوێکردنەوەی هێزی سەربازیی خۆی بووە، و وتووشیەتی "ئێمەش ئیدی پارێزگاری لە باڵادەستیی سەربازیمان دەکەین، لەمەودوا قەبارەی ئەم باڵادەستییەمان زیاتریش دەکەین".

هەر لەسەر ئەم ڕەوتە، ڕۆژێک تێناپەڕێت بێئەوەی بەرپرسێکی باڵا لێدوانێک نەدات، یان ڕاپۆرتێک نەخرێتە بەردەم کۆنگرێس یاخود وەزارەتی دەرەوە، کە هەموویان هۆشداری دەدەن لە مەترسیی بوونە هەڕەشەی چین لەسەر ویلایەتە یەکگرتووەکان و بێ چەند و چوونیی چڕکردنەوەی ئامادەسازیی سەربازی ئەمریکا بۆ ڕێگاگرتن لەم هەڕەشەسازییەی چین.

بەڵام زۆرێک لە شرۆڤەوانان، کە زۆربەیان ئەمریکی و ڕۆژئاوایین، بڕوایان وایە ئەم زیادەڕەویکردنە لە باسکردنی هێزی سەربازیی چین بنەمایەکی پتەوی ڕاستی نییە، یەکێک لەوانەی فەرید زەکەریا بوو کە لە وتارێکدا لە واشنتن پۆست وەڵامی لێدوانەکانی ئۆستنی دایەوە تایبەت بە هێزی سەربازیی چین.

زەکەریا  نووسیویەتی "ئەوەی ئۆستن ناوی دەنێت باڵادەستیی سەربازی بەسەر چیندا، هەر باڵادەستی نییە بەڵکو جیاوازییەکە زۆرە، بۆ نموونە ئەمریکا بیست ئەوەندەی چین کڵاوەی ئەتۆمی هەیە، دوو ئەوەندەی چین کەشتیی سەربازی هەیە، ئەمریکا ١١ بارهەڵگری فڕۆکەی هەیە کە بە وزەی ئەتۆم کاردەکەن کەچی چین تەنیا دوو دانەی هەیە کە زۆر لەدواترن لەرووی پێشکەوتووییەوە".

زەکەریا هەروەها دەڵێت "سوپای ئەمریکا زیاتر لە دوو هەزار فڕۆکەی شەڕکەری پێشکەوتووی هەیە کەچی چین دەوروبەری ٦٠٠ دانەی هەیە. ئەمریکا هێزی سەربازی لە ٨٠٠ بنکەی دەرەوەی وڵاتەکەیدا هەیە، کەچی چین تەنیا سێ بنکەی سەربازی لە دەرەوەی سنوورەکانی هەیە، بودجەی سەربازیی چین دەوروبەری ٢٠٠ ملیارە، کە کەمترە لە سێیەکی بودجەی بەرگریی ئەمریکا".

 

کەواتە ئیدی سەرکەوتنی ئەمریکا بەسەر چیندا یەکلایی بووەتەوە؟

میهبابانی وایدەبینێ باڵادەستیی بێ چەند و چوونی سەربازیی ئەمریکا بەسەر چیندا تاکە هۆکاری ئەوە نییە کە ئەمریکییەکان متمانەیان بە خۆیان بێ کە چین ناتوانێت بیانبەزێنێت، بەڵکو هۆکارێکی دیکە و بگرە گرنگتریش هەیە بۆ ئەوە، ئەویش باڵادەستیی ئەخلاقیی سیستەمی ئەمریکایە کە وادەکات نموونە ئەمریکییەکە توانایەکی زیاتری هەبێت بۆ ڕاکێشانی هاوپەیمان بۆ خۆی لە سەرتاسەری دونیاوە.

لێرەدا باڵادەستیی ئەخلاقی مەبەست لێی مانا حەرفی و زاراوەییەکەی بێت، بەڵکو مەبەست لێی بەها دیموکراسییەکان و مافەکانی مرۆڤە کە بوونەتە دروشمی سیستمی ئەمریکا و وای لە ئەمریکییەکان کردووە بە شێوەیەکی گشتیی بە هۆیەوە هەست بە باڵادەستی بکەن بەسەر ئەمریکاوە لەڕووی سیستمی حوکمڕانییەوە، بە پێچەوانەی چین کە سیستمی تاکحیزبی و فەرمانڕەوایی دیکتاتۆری و پۆلیسی هەیە.

لەم ڕوانگەیەوە ئەمریکییەکان وەها وێنای شەڕەکەیان دەکەن کە ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ حیزبی شیوعیی فەرمانڕەوای ئەو وڵاتە، نەوەک لەگەڵ گەلی چین. وەهاش تەماشای ڕووبەڕووبوونەوەکە دەکەن کە "مەترسییەکی چینییە کە هەڕەشە لە سیستمی ژیانی ئەمریکا بە تایبەتی و ڕۆژئاوا بە گشتی دەکات".

لەم چوارچێوەیەدا میهبابانی پەنجە دەخاتە سەر کۆنترین ڕێسا لە بواری جیۆپۆلەتیکدا کە هەریەکە لە كارل ڤۆن كلاوسويتس و سون تزو کە دەڵێن "دژبەرەکەت بناسە"، کە بۆ ئێستا دەری دەخات ئەمریکییەکان چەندە کەمتەرخەمن لەبارەی ئەم ڕێسا بنەڕەتییەوە لە پەیوەندییەکانیاندا لەگەڵ کێبڕکێکارەکان، دژبەرەکان و تەنانەت دوژمناکەنیشیاندا.

میهبابانی ئامژە دەکات بە وتەیەکی ئاڤریل هاینز، بەڕیوەبەری هەواڵگریی نیشتیمانی لە ئیدارەی بایدن، کە بەم دواییانە وتبووی "چین بووەتە ئاڵنگاری بۆمان لە ڕووەکانی ئاساییش، گەشەسەندن، بەهاکانمان، و لە ژمارەیەکی زۆری پرس و بابەتدا"، میهبابانی دەڵێ دوای ئەم قسانە زۆربەی ئەمریکییەکان کەوتنە چەپڵەلێدان لەکاتی بیستنی ئەم پەیامەدا، پەیامێک کە نزیکەی هەموو ڕۆژێک دووبارە دەکرێتەوە لەلایەن زۆربەی بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکاوە، کە بە قسەی میهبابانی ئەم دەربرێن و بۆچوونانە دوورن لە واقیعەوە.

یەکەم: چین ئاڵنگاری نییە لە بەردەم گەشەکردنی ئابووری ئەمریکادا. چینییەکان لەوە زیرەکترن کاری وا بکەن، چونکە ئەوان وایدەبینن پێشکەوتنی ئەمریکا یارمەتی داون گەشە بە ئابووری خۆیان بدەن. ئابووریی ئەمریکا هاندەری سەرەکی گەشەی ئابووریی چین بوو لە ١٩٨٠ کاندا تا ئاستی گەشەیەکی وا کە لە ٢٠١٤ دا لە توانای کڕین دا بووە گەورەترین ئابووری! لەم ڕووانگەیەوە، میهبابانی پێشنیازدەکات بۆ ڕاوێژکاری ئاساییشی نیشتیمانیی ئەمریکا کە ڕێککەوتننامەیەکی هاوبەش بخەنە بەردەم ئەمریکا کە سوودبەخش بێ هەم بۆ ئەمریکا و هەم بۆ چین، جەختیش دەکاتەوە کە پەکین بەو ڕێککەوتنە قایل دەبێ، چونکە لە بەرژەوەندیی خۆیشیەتی.

دووەم: چین هەڕەشە نییە بۆ سەر ئاساییشی ئەمریکا، ئەمەش ڕوونە لەو بەراوردە سەربازییەی نێوان هەردوولاوە بۆمان دەردەکەوێت، هەروەها چین نایەوێت ئەمریکا داگیربکات، ناشیەوێت زەبرێکی ئەتۆمی لە خاکی ئەمریکا بدات، هەروەها چین هەڕەشە نییە بۆ سەر هەژموونی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکانی وەکو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە کورتی و بەگوێرەی شیکارییەکە ئەمریکا وەکو دوژمن تەماشا ناکرێت لەلایەن چینەوە.

 

خاڵی لاوازی ئەمریکا

بەگوێرەی بۆچوونى میهبابانی، دیارترین خاڵی لاوازی ئەمریکییەکان بریتییە لەو متمانەبەخۆبوونەیان کە پشبەستو نییە بە بەڵگەی واقیعی، کە وای لێکردوون وابزانن هەموو گەلانی جیهان ئیرەییان پێدەبەن لەسەر ئەو سیستەمە دیموکراسییەی هەیانە و گۆرانی بە باڵادا دەڵێن، دەڵێن کە سیستمی حوکمدارییان توانای فەراهەمکردنی پێشکەوتنی هەیە بۆ هەموو گەلان.

نموونەش زۆرن لەسەر هەڵەبوونی ڕوانگەی ئەمریکییەکان، لەوانەیە دیارترینیان بریتی بێ لە ڕوانگەیان بۆ نموونەی چینی، ئەوەتا چین لە سایەی حیزبی شیوعیی ئێستادا توانیویەتی ئابوورییەکەی بگەیەنێتە لووتکە لەسەر ئاستی جیهاندا، و ئاستێکی باڵای ژیانی فەراهەم کردووە بۆ گەلە ١.٤ ملیارییەکەی و زۆرکات ئاستێکی کەمتر نییە لە هی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا.

لەلایەکی دیکەوە، وڵاتانی ڕۆژئاوایی و دیموکراسی لارییان نییە لە هاریکاری ئابووری لەگەڵ چین، سەرەرای ئەو سروشتە "ستەمکاری"یەی هەیەتی، ئەمەش تەواو ڕەنگی داوەتەوە لە پەیوەندییە ئابوورییە روو لە گەشەکانی نێوان پەکین و پایتەختە ڕۆژئاواییەکان و لەنێوانیاندا خودی واشنتن، بەر لەوەی واشنتن بێت و دەستبکات بە جەنگی بازرگانی، دواتریش بایدن لەسەر ئەم ڕێبازەی ترەمپ بەردوام بوو.

ئەم دەرەنجامانە دەری دەخەن پشتبەستنی ئیدارەی بایدن بە کۆکردنەوەی هاوپەیمانێتیی جیهانیی سیستەمە دیموکراسییە ڕۆژئاواییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی چین، لە خەونەوە نزیکترە تاکو واقیع، چونکە ئەوەی بڕیاردەدات لە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتان بریتییە لە بەرژەوەندی، نەوەک ئایدیۆلۆجیا، کە لە سەردەمی جەنگی سارد باوی بوو لە نێوان بەرەی ڕۆژئاوا بە ڕێبەرایەتیی ئەمریکا و ڕۆژهەڵات بە ڕێبەرایەتیی سۆڤیەت.

بە کورتی؛ سووربوونی ئیدارەی ئەمریکا لەسەر ڕێبازی پێکدادان لەگەڵ چین و ئەو یەقینە نیمچە ڕەهایەی بۆیان دروست بووە کە گوایە هەرگیز لە بەرامبەر چین نادۆڕێن، هەڵەیەکی گەورەیە لە حیساباتی هیزدا، نەزانییەکی گەورەشە لەبارەی سروشتی لایەنی دژبەر و ئەو خاڵی هێزانەی هەیەتی.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین