نەوجەوانانی خانەی بێسەرپەرشتان دوای  18ساڵی دەردەکرێن راپۆرت و شیکاری

لاڤین عومەر: نوچەنێت

عیماد ڕەفعەت، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، لە گفتوگۆیەکی نوچەنێت باس لەو کەسانە دەکات کە لە خانەکانی بێسەرپەرشتیار و نەوجەوانان بەخێودەکرێن، دوای 18ساڵ دەردەکرێن و دەڵێت: دەبێ حکومەت بە زووترین کات بڕیارێک لەسەر دۆخی ئەم کەسانە بدات.

عیماد ڕەفعەت ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، سەبارەت بە رەوشی ئەو کەسانەی کە لە خانەکانی نەوجەوانان دەگەنە تەمەنی 18ساڵ، بە گەورەترین کێشە وەسف دەکات" خانەی بێ سەرپەرشتان( نەوجەوانان) گەورەترین کێشەیان ئەوەیە: کە ئەو بێ سەرپەرشتانەی کە دەبن بە 18ساڵ دەبێت لەو خانەیە دەربکرێن. وەکو ئەنجومەنی پاریزگا داوامان لە پەرلەمان کردووە کە ئەو یاساییە هەڵبوەشێتەوە،چونکە 18ساڵیش هەر بچوکەو دەبێت بەلای کەمەوە ئەوانە دابمەزرێن، ئایا کچێک یا کوڕێکی 18ساڵ دەربکرێت لەو خانەیە و خۆی چارەنووسی خۆی دیاری بکات".

کێشەیەکی تری ئەم خانەیە بەرای عیماد رەفعەت، ئەوەیە کە ئەو یاسایەی بۆ خانەی نەوجەوانان دانراوە، هی ساڵی حەفتاکانە " ئەم یاسایەی کە ئەم خانەیەی پێ بەڕێوەدەبرێت، زۆرکۆنە. هەروەها ئەو بڕەپارەیەی بۆ خەرجی دابینکراوە پارەیەکی ڕەمزی زۆرکەمە، بۆیە هەرچی زووە پەرلەمان دەبیت دابنیشێت وگرنگە یاسای کۆمەڵایەتی نەوجەوانان هەموار بکرێتەوە. منداڵانی بێ دایک و باوک کە خۆی لە باری کۆمەڵایەتیدا دەبینێتەوە لەو مەسەلەیە، ئێمە وەکو لیژنە کەسەردانمان کردن کاک زەیتۆ بەرپرسی خانەی نەوجەوانان ئاگاداری کردینەوە لەو کێشە، ئێمەش وەکو ئەنجومەن لیژنەیەکمان پێکهێناوە داواشمان لە پەرلەمانی کوردستان کردووە هەرچی زووە ئەو یاسایە هەموار بکاتەوە، دیارە لەسەر ئەو بابەتە کێشە دروست بووە بۆیە ئێمە ویستمان چارەسەرێکی زووی بۆ بدۆزرێتەوە".

لەبارەی ئەو پرسیارەی ئایا کاتێک ئەم کەسانەی لەم خانەیە دەگەنە تەمەنی هەژدەساڵ، بەبێی یاسا لەوێ دەردەکرێن هیچ شوێنێکیان هەیە بۆی بچن؟ عیماد ڕەفعەت گوتی"ئەوانە چەند گەورە دەبن زیاتر دوور دەکەونەوە چونکە کەسوکاریان نییە، بۆ هەر کوێ بڕۆن ئیشیان دەستناکەوێ بۆیە پێویستە بۆ هەندێ حاڵەت هەڵاواردن بکرێت، بۆ نمونە ساڵانە شەش حەوت منداڵ کە تەمەنیان دەبێت بە 18ساڵ دەردەکرێن، پێویستە حکومەتی هەرێم خەمێکیان لێ بخوا، چونکە بەراستی کارەساتە، چونکە هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ ژیانیان، کەسیش ئامادەنییە ئیشیان بداتێ، نەکەسیش دەناسن".

ئایا ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، جگە لە بەرزکردنەوەی داواکاری چی کارێکیان بۆ راگرتن یان چارەسەری ئەم کێشەیە کردووەتەوە؟ ئەو ئەندامەی ئەنجوومەن دەڵێت" دوای بەدواداچون ولێکۆڵینەوە پەرلەمانی کوردستانمان لێ ئاگادار کردووەتەوە، چونکە ئێمە ناتوانین هیچ فشارێک یاخود فەرمانێک جێبەجێبکەین لەسەر پەرلەمانی کوردسان چونکە دەسەڵاتیان لە ئێمە زیاترە بەڵام داوامان کردووە هەرچی زووە چارەسەرێکی ئەم گرفتە بکەن و ئەو یاسایەش هەموار بکەنەوە".

دلێر ساڵەیی توێژەری کۆمەڵایەتی، سەبارەت بە رەوشی ئەو گەنجانەی کە لە خانەکانی نەوجەوانان دەگەنە تەمەنی سەرەتای گەنجی و دەردەکرێن گوتی"ئەوانەی کە تەمەنیان دەگاتە 18ساڵ دەردەکرێن، خۆیان بێ دایک و باوک و بێ سەرپەرشتن ئەگەر بێت و سەیری ئەو کەسانەی کە دایک و باوکیان هەیە سەرپەشت و بەخێوکاریان هەیە، بایەخیان پێ نادرێ دەست بەسەریاندا ناهێندرێ و ئیشیان بۆ نادۆزرێتەوە لەسەر کار داناندرێن یاخود خوێندنیان پێ تەواو ناکرێت. بۆ ئەوان ژیان زەحمەتە، ئەی ئەو کەسانەی کەوا بێ کەسن بێ سەرپەرشتن ئەمە چەندبارە زەرەری هەیە، حاڵەتی ئەوانە حاڵەتێکی زۆر جیاوازە لەگەڵ منداڵانی ترو جیاوازییان زۆرە ، جگە لەوەی ئێستا کێشە زۆر هەیە بۆئەو گەنجانەش کە لە ناو خێزاندا دەژین، نەک ئەوانەی کە خێزانیشیان نییە".

فەرهاد عوسمان، توێژەری کۆمەڵایەتی لە خانەی نەوجەوانان سەبارەت بە کێشەی دەرکردنی ئەو گەنجانە رونیدەکاتەوە"ئەرکی ئەو خانەیە ئەوەیە چاودێری ئەو منداڵانە بکات و بیان گەیەنێتە قۆناغی 18ساڵ ئەگەر تەمەنی لە 18بەسەرەوە بێت خوێندنی تەواونەکردبێت یاخود لە قۆناغەکانی خوێندن بێت بەردەوام دەبن لەگەڵ ئێمە، بەڵام لە کۆتاییدا دەبێت هەر هەموویان ڕۆژێک بێت بڕۆن و دەربچن لەم خانەیە".

لەبارەی چارەنوسی ئەوانەی دەردەکرێن فەرهاد عوسمان باس لەوەدەکات، هەموو ئەو گەنجانەی دەگەنە تەمەنی ١٨ساڵ کێشەیان بەمجۆرە بۆ دروست نابێت، چونکە بەشێکیان خێزانیان هەیە بەڵام کاتێک کە منداڵ بووە نەیتوانیوە بەخێوی بکات و خزمەتی بکات، ئێستا دەبێت ئەم خێزانە وەریبگرێتەوە خۆی ئیتر ئەگەر داپیرەیە، مامە یا خاڵە هەیە ئەو منداڵانە دەگرێتەوە خۆی و کێشەی نییە، هێشتا نە هۆکارەکە تەڵاقە یاخود مردنی دایکە یاخود باوکە هاوسەرگیری دەکات منداڵەکە وەردەگرێتەوە، هەیە کە هاوسەرگیریشی کرد منداڵەکە وەرناگرێتەوە.

بەرای ئەو توێژەرە کە خۆی لە خانەی نەوجەوانان کاردەکات، پێویستە ئەو کەسانەی کە تەمەنیان دەگاتە ١٨ساڵ ببنە خاوەن ماڵ و حاڵی خۆیان و داهاتوویان دیاریبکرێت بەڵام" ئەوە ئەرکی بەڕێوەبەرایەتی خانەی نەواجەوانان نییە، بەپێی ئەو سیستەمەی کەدانراوە، کاتێک منداڵێک دەگاتە تەمەنی 20ساڵی کە تۆ بەخێوت کردووە ناکرێت هەروا فڕێیبدەیتە سەرشەقام بڵێ بڕۆ چی دەکەی بیکە، هەندێجار لەڕێی خێرخوازانەوە یان بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتییە، یاهاوڕێیانی چاودێری کۆمەڵایەتی کارێکیان بۆ دەدۆزنەوە تا بتوانێت خۆی بەرێوەببات، جاری واش هەبووە لەرێی خێرخوازانەوە پێیان خانویان بۆ بەکرێ گیراوە، یان خزم و کەس کەسوکاریان پارەیەکی کەمیان بۆ کۆکردووەتەوە تا شوێنک بگرێ یاخود بکردرێ کورت هێنانەکەی ئێمە بۆمان تەواوکردووە، بەڵام ئەوانە هیچیان بە سیستەم نەڕۆشتووە ئەوانە هەمووی لەڕێی کەسانی خێرخوازەوە کراوە".

عیماد رەفعەت، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، دەڵێت: ئەو بڕەپارەیەی کە بۆ خەرجی نەوجەوانانی ئەم خانەیە دەدرێت زۆر کەمە.

فەرهاد عوسمان، سەبارەت بەو بڕەپارەیە رونیدەکاتەوە" ئەو منداڵانە هیچ پارەیەکی تریان نییە جگە لە 30هەزاری مانگانە کە ئەوە ڕۆژانەی منداڵێکی ئاساییە، کێک و شەربەتی پێدەکرێ لە رۆژێکدا، پارەیەکی وایان نادرێتی کە بڵێین ئەو پارەیە لە بانک هەڵبگیرێت، تەنیا لەمانگی ڕەمەزان ئەگەر کەسێکی خێرخواز بێت کەمێک پارەیان پێدەدات و ئەو پارە لەلای ئێمە بۆیان هەڵدەگیرێت ئەوەیان ئەگەر بمێنێتەوە، وداواشمان لە حکومەت کردووە کە هاوکاری ئەو منداڵانە بە سیستەم بکرێت، بەڵام تا ئێستا خەمیان لێنەخواردووە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین