پارته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانى تورکیا، ئەردۆغان بە هۆکارى دابه‌زینی بەهاى لیره‌ دەزانن شیکاری

نوچەنێت:

لیره‌ی توركی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام به‌رانبه‌ر دۆلار و دراوه‌ بیانییه‌كان له‌ پاشه‌كشه‌دایه‌، پارته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانیش سه‌رزه‌نشتی سه‌رۆكی توركیا ده‌كه‌ن و به‌رپرسیارێتی ئه‌و پاشه‌كشه‌یه‌ ده‌خه‌نه‌ ئه‌تۆی ئەردۆغان.

په‌روین بوڵدان هاوسه‌رۆكی پارتی دیموكراتی گه‌لان رایگەیاند، سه‌رۆكی توركیا ده‌ڵێت كتێبێكم ده‌رباره‌ی به‌ ئابووری نووسیووه‌، پەروەرین بوڵدانیش دەڵێت، "مادام ئەو كتێبەت لەسەر ئابوورى نووسیوە فەرموو لەگەڵ وەزیرەكان و دەزگا راگەیاندنەكان وێنەى ئابوورى نقوومى توركیا بگرە و بیكە بە درامایەك".

گرانییه‌كی پڕ ئازار

كه‌مال كیچدار ئۆغلۆ، سه‌رۆكی جه‌هه‌په‌ی ئۆپۆزسیۆن له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانتارانی پارته‌كه‌ی گوتی، "ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی په‌رله‌مان داویه‌تی به‌ بانكی ناوه‌ندی، ئه‌ردۆغان وه‌ریگرته‌وه‌ به‌كه‌سێكی تری به‌خشی، بانكی ناوه‌ندی راسته‌وخۆ سیاسه‌تی دراو و میكانزمی جێبه‌جێكردنی بۆ سه‌قامگیری نرخ دیاری ده‌كات، به‌ڵام ئه‌ردۆغان به‌ فەرمانى ژماره‌ (36) له‌ مانگی ته‌مووزی رابردوو ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی وه‌رگرته‌وه‌".

لە بەشێكى ترى قسەكانى ئۆغلۆ رایگەیاند، "من دەزانم وڵات تووشى گرانى بووە، خەڵك ناتوانن تیكە نانێك بەدەست بهێنن، كەسوكارى شەهیدان ناتوانن بە مووچەى خانەنشى بژین".

ئێمە چیمان كرد تۆ چیت كرد؟

عەلى باباجان سەرۆكى پارتى دیموكراسى و پێشكەوتن گوتی، "دراوى توركى بەرانبەر دۆلار بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە، ئەوەش كاریگەرى لەسەر خەرجى هاونشتیمانیان هەیە، ئێستا وردە وردە گیرفانیان خاڵى دەبێت، ئێستا داهاتی تاكی توركیا یەكسانە بە (283) دۆلار ئەوەش هەمان ئاستى نزیكه‌ لە داهاتی تاكێكی چینی، من رووى قسەم دەكەمە ئەردۆغان، ئێمە كاتێك ئابووریمان رادەستى تۆ كرد، (2.92) لیرە بەرانبەر دۆلارێك بوو، ئێستا (10) لیرە بەرامبەر یەک دۆلارە."

پاشەكشەى بەردەوام

لیرەى توركى لە ئێستادا (10.14) بەرانبەر یەك دۆلارە، چاوەڕوان دەكرێت له‌و نزیكانه‌ زیاتریش دابەزێت.

بەهۆى دەستوەردانى بەردەوامى سەرۆكى توركیا لە سیاسەتى دراو لە ڕێگەى دابەزاندنى سوو و گۆڕینى سەرۆكى بانكى ناوەندى ئەمساڵ لیرەى توركى (27%) بەهاى خۆى لەدەست داوە.

هەرچەندە رێژەى هەڵاوسان گەیشتۆتە (20%)   بەڵام پێشبینى دەكرێت لەو هەفتەیە رێژەى سوو بۆ  (15%) دابەزێنێت، ئەوەش وادەكات جارێكى تر بەهاى لیرەى توركى دابەزێتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین