سەرۆک نێچیرڤان بارزانى: هێرشەکانى داعش  مەترسییەکى ڕاستەقینەن کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە پەیامێکدا سەرەخۆشى لە خانەوادەى ئەو پێشمەرگانە دەکات، کە شەوى ڕابردوو لە ئەنجامى هێرشێکى تیرۆریستانى داعش لە کوڵەجۆ بۆ سەر هێزەکانى پێشمەرگە شەهید بوون.

ئەمڕۆ یەکشەممە (28)ى تشرینى دووەم (2021)، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە پەیامێکدا دەڵێت، "فراوانبوون و بەردەوامیی پەلامار و هێرەشەكانی داعش، پەیامی جددیی ترسناكن و هەڕەشە و مەترسییەكی ڕاستەقینە لە ناوچەكە دەهێنێتەوە ئاراوە."

 

دەقى ناوەڕۆکى پەیامى سەرۆکى هەرێمى کوردستان:

سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵم پێشكەش بە خانەوادەی ئەو شەهیدە قارەمانانەی شەوی ڕابردوو دەكەم كە لە كاتی بەهانەوەچوونی هاوسەنگەرانی پێشمەرگەیاندا لە سنووری كوڵەجۆ، شەهید بوون و گیانیان بەخشی.

لە خوای مەزن داواكارم گیانیان بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی شاد بكات و سەبووری و ئارامی بە خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزیان ببەخشێت. هیوای زووچاكبوونەوە بۆ پێشمەرگە بریندارەكان دەخوازم.

فراوانبوون و بەردەوامیی پەلامار و هێرەشەكانی داعش، پەیامی جددیی ترسناكن و هەڕەشە و مەترسییەكی ڕاستەقینە لە ناوچەكە دەهێنێتەوە ئاراوە. بۆیە هاریكاری و هەماهەنگیی زیاتری نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق بە پشتیوانیی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، پێویستییەكی بەپەلەی هەنووكەیی و لەپێشینەیە.

داوا دەكەین میكانیزمی ئەو هەماهەنگییە لەنێوان لایەنە پەیوەندارەكانی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالی عیراقدا بە هاوبەشی و پشتیوانیی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كاراتر و فراونتر بكرێت و پێكەوە بە هەموو هێز و توانایەكەوە بەرەنگاری تیرۆرستانی داعش و هەڕەشە و مەترسییەكانی ببینەوە.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

2021/11/28

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین