ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی چین بنکەی سەربازی لە ئوسترالیا دەکاتەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت:

بەرپرسێکی باڵای پەنتاگۆن بە سی ئێن ئێنی ڕایگەیاندووە، کە ئەمریکا بنکەی سەربازیی نوێ لە ئوسترالیا و دورگەی گوام دەکاتەوە، وەکو ئامادەباشی بۆ بەرپەرچدانەوە و بەرەنگاربوونەوەی چین.

بنکە نوێیەکان لەسەر راسپاردەی راپۆرتی (چاوخشاندنەوە بە دۆخی جیهان)ی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئامادە دەکرێن، ئەو ڕاپۆرتەی بایدن مانگی شوبات و ماوەیەکی کورت دوای دەستبەکاربوونی فەرمانی بە لیۆد ئۆستن وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی کرد ئامادەی بکات و ئۆستن لە مانگی ئادار دەستی بە ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکە کرد.

ڕاپۆرتەکە نهێنییە، بەڵام بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا هەندێک زانیاری لەبارەیەوە درکاندووە بۆ سی ئێن ئێن.

د. مارا کارلین، کاربەڕێکەری جێگری وەزیری بەرگری، لە وتەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئاشکرای کرد کە دوای خوێندنەوەی ڕاپۆرتەکە، بایدن دەرەنجام و ڕاسپاردەکانی راپۆرتەکەی پەسەند کردووە.

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری وتوویەتی سەرنجی سەرەکیی ڕاپۆرتەکە لەسەر ناوچەی ئیندۆپاسیفیک بووە، چونکە وەزیری بەرگری وایدەبینێ چین ئاڵنگارییەکی خێراترە لە بەردەم ئەمریکا و یەکێک لە ڕاسپاردەکانیش دروستکردنی بنکەی نوێی سەربازی بووە لە ئوسترالیا و دورگەی گوام.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین