وەرگێڕان

نوچەنێت:

کێبڕکێی بنەڕەتی لە سیستمی جیهانیی ئێستادا لەنێون ئەمریکا و چیندا دەگوزەرێت، کە تێیدا هەردوولا پەنا دەبەن بۆ ئامرازی جۆراوجۆری ئابووری، سیاسی و سەربازی.

لەم کێبڕکێیەدا واشنتن هەوڵدەدات پارێزگاری لە پێگەی خۆی بکات لە سیستمی جیهانیدا، هەرچی چینە ئەوە دەیەوێت ئەو سەنگە ئابوورییەی هەیەتی بیکاتە هۆی بەهێزکردنی هەژموونی سیاسی و ستراتیجی خۆی لەسەر ئاستی هەرێمی و جیهانیدا.

لەم چوارچێوەیەشدا باسی ناوچەی "ئیندۆپاسیفیک" دەکرێت وەکو قووڵایی ئەم کێبڕکێ ستراتیجییە و بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازییەکانی نێوان ئەمریکا و چین وەها پێشبینی دەکرێت لە ساڵانی داهاتوو گرنگیی ئەم ناوچەیە زیاتر بکات، بەو پێیەی ئەو ناوچەیە دەتوانێت لە هەمان کاتدا ببێتە ناوەندی قورسایی گەشەی ئابووری و ناوەندی گرژییە سیاسییەکان.

مەبەست لە ئیندۆپاسیفیک ئەو وڵاتانەن کە دەکەونە سەر کەناراوەکانی هەردوو زەریای هێمن و هیندی، کە پێکەوە یەکەیەکی جیۆ-ئابووری و ستراتیجی یەکتر تەواوکەر پێکدێنن، و لە ٤٢ دەوڵەت پێکهاتوون لە هەموو کیشوەرەکانی جیهانەوە جگە لە ئەوروپا.

زاراوەی "ئیندۆپاسیفیک" لەسەر دەستی ئەکادێمیست و سیاسەتوانانی ئاسیا پەرەی سەندووە، بە تایبەت دوای ئەوەوە زیاتر بڵاوبووەوە کە ساڵی ٢٠٠٧ شینزۆ ئابی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن ناوی هێنا لە باسی "ئاسیای فراوان"دا.

وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکا هیلاری کلینتۆن ئەم زاراوەیەی هێنایە ناو فەرهەنگی سیاسی ئەمریکی، و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکاش لەکاتی هێماکردن بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا هەمان زاراوەی بەکارهێنا.

هەر لە سەرەتاوە مەبەست لەم زاراوەیە گەمارۆدانی چین و سنوربەندکردنی بووە، هەرچەندە ئەوانەی زۆر بەکاری دەهێنن دەڵێن ئیندۆپاسیفیک دژ بە هیچ دەوڵەتێک نییە، بەڵام هەموویان سوور بوون لەسەر ئەوەی چین نەبێتە بەشێک لە ئیندۆپاسیفیک.

ئامانجی ئەمریکا بریتییە لە وەستاندنی پەلهاویشتنی هەژموونی چین، کە بەپێی سەرچاوە ئەمریکییەکان ئەم پەلهاویشتنە شێوازی جیاجیای وەرگرتووە، وەکو بونیاتنانی چەندین دورگەی پیشەسازی لە دەریای چینی باشوور، بونیاتنانی بنکەی سەربازی لەسەر دورگەکان بە ئامانجی فراوانکردنی نەخشەی جیۆپۆلەتیکیی چین و فراوانکردنی ئەو ناوچانەی سەر بە چینن.. هەروەها ناکۆکییەکانی لەگەڵ ڤێتنام و فلیپین و مالیزیا و ئەندۆنیسیا لەبارەی مافی

خاوەندارێتیی هەندێک دورگە لە دەریای چیندا، هەروەها سەپاندنی سزای ئەبووری لەلایەن چینەوە بەسەر ئوسترالیادا.

ئەم گۆڕانکارییانە لەکاتێکدان توانا سەربازییەکانی چین لە هەموو بوارەکاندا لە پێشکەوتندایە بە تایبەت لە بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیای ڕۆبۆتی و زیرەکیی دەستکرد لە بواری سەربازیدا.

لای خۆیەوە چین جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی سیاسەتی دەرەکیی ئەوان ئاشتیانەیە و سوورن لەسەر پەیوەندی دراوسێیەتیی باش لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، دەشڵیت ئەو ناکۆکییانەی سەبارەت بە خاوەندارێتیی دورگەکان هەن ناکۆکیی یاسایی و مێژوویین و لە ناوچەکانی دیکەی جیهانیش هەن.

چین لە ساڵی ٢٠١٣ وە دەستپێشخەریی "پشتێنە و ڕێگا"ی خستووەتەڕوو بۆ فەراهەمکردنی بەرگێکی سیاسی و ئابووری بۆ ئەو چالاکییە نێودەوڵەتییەی دەستی پێکردووە، هەروەها بۆ فەراهەمکردنی ڕێگاکانی گەشەی بازرگانیی خۆی لە ڕێگەی تۆڕێکی فراوان لە بەندەر، فڕۆکەخانە، هێڵی ئاسنین، ڕێگای ئۆتۆمۆبێل، تونێل و ئینتەرنێت، هەروەها چەندین دەستپێشخەریی پێشنیازکردووە بۆ هاریکاریی نێوان دەوڵەتان لە بوارەکانی ئاساییشی دەریایی و خزمەتگوزاریی دەریایی هاوبەش.

لەم میانەیەدا دەریای باشووری چین هێڵی سەرەکیی بەرەنگاربوونەوەی نێوان هەردو وڵاتە، بە جۆرێک واشنتن چین تۆمەتباردەکات کە دەیەوێت دەست بەسەر ئەو دەریایەدا بگرێت و کۆت و بەند دابنێت بۆ جووڵەی دەریاوانی تێیدا، ئەوە بوو ساڵی ٢٠١٧ کە چین ئاماژەی بە بابەتی "ئیندۆپاسیفیک" کرد، وتی کە دەبێت ئەو دەریایە ناوچەیەکی بازرگانی و دەریاوانیی ئازاد و کراوە بێت.

لە سێپتەمبەری ٢٠٢١ ڕێککەوتننامەی ئاسایشیی گرووپی "ئۆکۆس" کە ئەمریکا و بەریتانیا و ئوسترالیا دەگرێتەوە و هەروەها کۆبوونەوەی مانگی دواتری گرووپی "کواد" کە ئەمریکا و ژاپۆن و هیندستان و ئوسترالیا دەگرێتەوە، دەرخەری ئەوەن کە ئەمریکا بەردەوامە لەسەر سیاسەتی سنوربەندکردنی چین و گوستنەوەی مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ چین بۆ ناوچەکانی دراوسێی چین و بەکارهێنانی ستراتیجیەتی بەرپەرچدانەوەی هەمەلایەنە.

هەروەها بەردەوامیی ئەمریکا لەو سیاسەتەدا دەرکەوت لە سەردانی جێگری سەرۆک و وەزیری بەرگری و جێگری وەزیری بەرگریییەکەی بۆ ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە، لەم چوارچێوەیەشدا ئەمریکا بێ دوودڵی (ژێردەریایی کارکردوو بە وزەی ئەتۆمی)ی فرۆشتە ئوسترالیا، هەرچەند ئەم بڕیارە بووەهۆی ناڕەزایی چین و تاوانبارکردنی واشنتن بەوەی جەنگی ساردی لە دژ دەکات.

ئەم جووڵانەی ئەمریکا هاوڕێکە لەگەڵ روانگەی ئیدارەی بایدن کە پێیوایە ئاڵنگاریی چین تایبەتمندیی خۆی هەیە، ئەوەتا لە راپۆرتی فەرمیی "ئاراستەی کاتیی ستراتیجیەت" لە مانگی ئاداری رابردوودا هاتووە "ئەو ئاڵنگارییەی چین دروستی کردووە، جیاوازە، چونکە چین تاکە دەوڵەتە کە هێزێکی ئابووری و دیپلۆماسی و سەربازی و تەکنۆلۆجیی ئەوتۆی هەیە بەشێوەیەکی بەرچاو ببێتە تەحەددا لە بەردەم سیستمی سەقامگیر و کراوەی نێودەوڵەتی " بۆیە ڕاپۆرتەکە چینی وەها پێناسە کردووە کە "ئاڵنگاریی هەرە گەورەیە بۆ سیستمی جیهانی".

واشنتن دەرک بەو سەختییانە دەکات کە دەبنە لەمپەر لە بەردەم جێبەجێبوونی ئامانجەکانی دەرهەق بە چین ئەگەر لە ڕێگەی ڕووبەڕووبوونەوە بیکات، و هەروەها کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتیش نییە لەنێوان هاوپەیمانانی ئەمریکا سەبارەت بە بژاردەی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ چین.. بۆیە چین بژاردەی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران بە دور نازانێت، ئوەش لەو ڕاگەیاندنەدا دەرکەوت کە باسی لە هاودەنگیی چین و ئەمریکا کردبوو سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا لە کۆتایی کۆنگرەی گلاسژۆ.

هەروەها لە دیدارێکی ئۆنلایندا لەنێوان هەردوو سەرۆک لە مانگی ڕابردوودا، بایدن جەختی کردەوە کە نابێ کێبڕکێی نێوان هەردوو وڵات سەر بکێشێ بۆ ململانێ، سەرۆکی چینیش ئاماژەی کرد بە گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندییەکان و هاریکاریی نێوان هەردو وڵات.

ئەوەی لە واقیعەوە نزیکە ئەوەیە کە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و پەکین لە هاتوچۆ کردن لەنێوان ڕووبەڕووبوونەوە و بەرپەرچدانەوە لالەیەک، و پەیوەندی بەیەکەوە گرتن و دیپلۆماسیەت لەلایەکی دی.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین