چین چۆن توانیویەتی لە ئەفریقا گرەو لە ئەمریکا بباتەوە؟ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە – تەرەتەی عەرەبی

چین لە ستراتیجیەت و پەیوەندییەکانیدا لە ئەفریقا پشت بە چەند پایەیەک دەبەستێت، لەوانە خۆ دورگرتن لە سیاسەتی ئەمریکا دەرهەق بە کیشوەری ڕەش، هەروەها چین لە پەیوەندییەکانیدا زیاتر لایەنی کرداری و ئابووری دەردەخات، هەرچی ئەمریکایە بەوە ڕەخنەی لێدەگیرێ کە بەڵێنی بێ بەرهەم بە دەوڵەتانی ئەفریقا دەدات.

سیاسەتوانانی چین ئەم هەفتەیە لەگەڵ دەستەبژێری سیاسەتوانانی ئەفریقا لە داکاری پایتەختی سەنیگال کۆدەبنەوە، بۆ ئامادە بوون لە کۆبوونەوەی هەشتەمی کۆڕبەندی هاریکاری چینی ئەفریقی.

کۆڕبەندەکە لە ساڵی 2000 دامەزراوە و پێکهاتووە لە چین و 53 دەوڵەتی ئەفریقی و کۆمیسیاری ئەفریقا، ئامانجی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و پەرەپێدانی هاریکارییە لە لایەنەکانی: تەندروستی، ئاساییش، نوێکردنەوەی کەرتی کشتوکاڵ، ڕاهێنانی پیشەیی و هونەری، بەهێزکردنی ژێرخانی وڵاتان و گەشەپێدانی پیشەسازی لە ئەفریقا.

چین لە ستراتیجیەت و پەیوەندییەکانیدا لە ئەفریقا پشت بە چەند پایەیەک دەبەستێت، لەوانە خۆ دورگرتن لە سیاسەتی ئەمریکا دەرهەق بە کیشوەری ڕەش، هەروەها چین لە پەیوەندییەکانیدا زیاتر لایەنی کرداری زەقدەکاتەوە و تیشکدەخاتە سەر ئەو سوودە ئابوورییانەی وڵاتانی ئەفریقا بەدەستی دەهێنن لە ئەنجامی هاریکاری و هاوبەشییان لەگەڵ چین.

 

"ئێمە ئەمریکا نین"

 

چەندین دەیە بوو ئەمریکا بۆ نزیکبوونەوەی لە ئەفریقا دروشمێکی دەچرپاند بە گوێیاندا و دەیوت "ئێمە ئەوروپا نین" ئەوەش بۆ جۆ بێبەریکردن لەو مێژووە ئیستیعماری و قۆرخکارییەی ئەوروپییەکان لە ئەفریقا هەیانە.

هەر لەسەر ئەم ڕەوتە، چین لە ئەفریقا و بە تایبەت لە سەرەتاکانی ئەم سەدەیەوە دروشمی "ئێمە ئەمریکا نین" بە گوێی ئەفریقییەکاندا دەچرپێنێ. ئەوەش بە مانای ئەوەی چین لە وڵاتانی ئەفریقا کار لەسەر هاریکاری و وەبەرهێنان دەکات، بێ دەستوەردانە کاروباری ناوخۆیی ئەو وڵاتانە.

دیپلۆماسیەتی چین بەرامبەر ئەفریقا سەرنج دەخاتە سەر بنیاتنانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەفریقییەکان و ڕووماڵی فراوانی میدیایی بۆ هەموو جۆرەکانی هاریکاری، لەگەڵ کەمترین پشتبەستن بە گەمارۆ و بەشداریی ئەمنی، ئەوەش ئەو سیاسەتەیە کە دوو پسپۆڕی دیپلۆماسیەتی چینی لە ئەفریقا دایانڕشتووە و نادونراوە بە سیاسەتی "قسەکردن بە دەنگێکی زوڵاڵ و بەرز و هەڵگرتنی دارێکی بچکۆلە".

ئەمریکا ناتوانێت ئەو سیاسەتە پراگماتییەی چین پیادە بکات، بەو پێیەی ڕاهاتووە ڕۆڵی "پۆلیسی جیهان" ببینێ و هەوڵی سەپاندنی بەهاکانی خۆی بدات و بابەتی مافی مرۆڤ بەکاردێنێ لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ڕوو لە گەشە.

 

ڕێڕەوی پەڕگیرانەی ئەمریکا

 

لەگەڵ ئەوەی چین لەسەر شێوازە ئەمریکییەکە ناڕوات لە بەرامبەر وڵاتانی ئەفریقا (بە مەرجێک پەیوەندییان لەگەڵ تایوان نەبێت)، هەمانکات بەردەوام  کۆبوونەوە و کۆڕبەند و لوتکەی هاریکاری دەبەستێت کە خودی سەرۆکی چین بەشدارییان تێدا دەکات و لەگەڵ ڕێبەرانی ئەفریقی کۆدەبێتەوە، کەچی سەرۆکەکانی ئەمریکا ئەو ئاستەی دۆستایەتی پیشان نادەن و تەنانەت کاتێک سەرۆکێکی ئەفریقی دەچێتە واشنتن، ئەوە سەرۆک لەگەڵی دانانیشێت و تەنها جێگری سەرۆک یان جێگرێک دەیبینێت.

چو ویدونگ، توێژەری پایەبڵند لە ئەنستیتۆی توێژینەوەکانی ڕۆژئاوای ئاسیا و ئەفریقا سەر بە ئاکادێمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی چین، دەڵێت سیاسەتی ئێستای بایدن لە بەرامبەر ئەفریقا  بریتییە لە "پتەوکردنی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و بەهاکان لەسەر شێوازی ئەمریکی"، کە واشتنتن لە کێبڕکێ لەگەڵ چیندا بەکاریان دەهێنێت بۆ ڕاکێشانی وڵاتانی ئەفریقا بەلای خۆیدا.

چو دەڵێت جگە لە دروستکردنی پەشێوی، ململانێ و بەڵێنی بێ بەرهەم، هیچی پێشکەشی دەوڵەتانی ئەفریقا نەکردووە و وڵاتانی ئەو کیشوەرەش باش ئەوە دەزانن.

 

ڕوانگەی 2035ی پەیوەندییەکانی چین و ئەفریقا

 

چین لە پەیوەندیەکانیدا لەگەڵ ئەفریقییەکان، جگە لە بنەماکانی هاوبەشێتی و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتان، پلانی هاریکاریی ستراتیجیی درێژخایەنیشیان پیشان دەدات بۆ داهاتوو.

ئەوە بوو لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆبوونەوەی هەشتەمی کۆڕبەندی هاریکاریی چینی ئەفریقی سەرۆکی چین شی جین پینگ جەختی کردەوە لەسەر پتەوکردن و بەهێزکردنی هاریکارییەکانی نێوان وڵاتەکەی و وڵاتانی ئەفریقا، جگە لەوە ئاماژەی کرد بە فراوانکردنی پلانە درێژخایەنەکان و زیادکردنی بوارەکانی هاریکاری، وەکو توێژینەوەی زانستی، پەرەپێدانی سەوزایی، بوژاندنەوەی ئابووری، ئابووریی دیجیتاڵی، گۆڕانی کەشوهەوا، لەناوبردنی کۆرۆنا، هەروەک ئاشکراشی کرد کە وڵاتەکەی ملیارێک ژەمی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا دابین دەکات بۆ وڵاتانی ئەفریقا.

بەر لە کۆڕبەندەکە، رەشنووسی بەڵگەنامەیەک ئامادەکراوە بەناوی "روانگەی 2035 بۆ پەیوەندیی نێوان چین و ئەفریقا"، بەگوێرەی ئەو ڕوانگەیە، لە قۆناغی سەرەتادا کە سێ ساڵە، لەو ماوەیدا چین لەگەڵ وڵاتانی ئەفریقا کاردەکات لە نۆ بواردا، کە بریتین لە: تەندروستی، کەمکردنەوەی ڕادەی هەژاری، بەهێزکردنی بازرگانی، دەستپێکردنی هەڵمەتەکانی وەبەرهێنان، داهێنانی ئەلیکترۆنی، گەشەپێدانی سەوزایی، بونیاتنانی توانای وڵاتان، ئاشتی و ئاساییش.

تاوەکو ئێستا چین لە ئەفریقا ئەم پرۆژانەی داناوە: هەشتا پرۆژەی ژێرخانی کارەبا، 130دامەزراوەی پزیشکی، 45 یاریگا، 170 قوتابخانە، هاوکاریکردن لە مەشق و ڕاهێنانی زیاتر لە 160هەزار کەس.

سیاسەتی چین لە بەرامبەر ئەفریقا ڕووبەڕووی تۆمەتبارکردنیش بووەتەوە بە قۆرخکردن، دانانی ئەفریقا لەناو بازنەی هەوڵەکانی چین بۆ سەرکەوتن لە ململانێی هەژموونی ئابووریی جیهانی، ئەویش لە ڕێگای نقومکردنی وڵاتانی ئەفریقا لەژێر قەرزی زۆر وەکو هۆکارێک بۆ سەپاندنی کۆنترۆلی چین بەسەر فڕۆکەخانە و بەندەر و کانە بەرد و تەنگە و پردە گرنگەکانی ئەو وڵاتە ئەفریقییانە، هەرکاتێک نەیانتوانی ئەو قەرزە زەبەلاحانە بدەنەوە کە چین پێی داون، سەرەڕای ئەوەی دەزانێت ئەوان ناتوانن ئەو قەرزە زۆرە بدەنەوە.

 

سەرچاوە: تەرەتەی عەرەبی

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین