ئۆستن: توانای بەرگریی تایوان دژ بە چین بەهێز دەکەین عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە – سپووتنیک

لوید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەڵێت چین بە خێرایی توانا ئەتۆمییەکانی بەهێز دەکات، ئەمریکاش ئامادەی کێبڕکێیە و کاریش دەکات بۆ پشتیوانیی توانای تایوان بۆ بەرگریکردن لە خۆی.

وتەکانی ئۆستن لە "کۆڕبەندی بەرگریی نیشتیمانیی ڕیگن" دا بوون و تێیدا وتی کە واشنتن پابەندە بە یەکپارچەیی چین، بەڵام ئامادەی ململانێیە دژ بە هەر هەولێک بۆ بەکارهێنانی هێز دژ بە تایوان.

وەزیری بەرگریی ئەمریکا وتی کە واشنتن بە متمانە و سووربوونەوە ئامادەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڵکشانە سەربازییەی چین دەستی داوەتێ و هەمان کات ئەمریکا کاردەکات لەسەر "پشتیوانیی توانای تایوان بۆ بەرگری لەخۆ کردن".

ئۆستن هەروەها وتیشی کە چین بە خێرایی جبەخانەی ئەتۆمیی خۆی بونیات دەنێ و ئامانجی ئەوەیە تاوەکو ساڵی 2030 ببێتە خاوەنی لانیکەم هەزار کڵاوەی ئەتۆمی.

ئۆستن جەختیشیکردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان هەوڵی دروستکردنی ناتۆیەکی ئاسیایی یان هاوپەیمانێتییەکی دژ بە چین نادات.

ئۆستن وتیشی "هەوڵنادەین بۆ جەنگێکی ساردی نوێ یان جیهانێکی دابەش بوو بەسەر چەند باڵێکی چەقبەستوودا، بەڵکو دەمانەوێ ناوچەی هەردوو زەریای هیندی و هێمن ببنە ناوچەی داماڵراو لە ڕق و دژبەری".

بە وتەی ئۆستن، واشنتن هەندێک ڕێوشوێن وەردەگرێت بۆ کەمکردنەوە  مەترسییەکانی سەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین و گرنگیش دەدەن بە کردنەوەی کەناڵی پەیوەندی لەنێوان سوپا و دیپلۆماتکارانی هەردوولا.

لەم ساڵانەی دواییدا ویلایەتە یەکگرتووەکان هاریکارییەکانی لەگەڵ دوورگەی تایوان زیادکردووە، لە هەمان کاتدا چین فڕۆکەی شەڕکەری زیاتری لە ناوچەی بەرگریی ئاسمانیی تایوان بڵاوکردووەتەوە.

تایوان لە 1949 وە جیا لە چین خۆی بەڕێوە دەبات، چین دەڵێت تایوان ناوچەیەکی سەر بە چینە، کەچی دەسەڵاتدارانی دورگەکە دەڵێن تایوان دەوڵەتێکی خۆڕێبەرە.

دیپلۆماتکارانی ئەمریکی و ئەوروپیش لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا هەینی 3ی کانوونی یەکەم، ڕایانگەیاند کە وشنتن و ناتۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تایوان لەلا گرنگە لەسەر بنەمای سیاسەتی چینی یەکپارچە و پارێزگاری لە دۆخی ئێستای تایوان.

 

سەرچاوە: ماڵپەڕی سپووتنیک

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین