سەرۆک نێچیرڤان بارزانى لەجەژنى مەسیحییەکان: کوردستان بە لانکەى یه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌یى ده‌مێنێته‌وه کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بە بۆنەى جه‌ژنی له‌دایكبوونى حه‌زره‌تى عیساى مه‌سیح سڵاوى خواى لێبێت، پیرۆزبایى لە مەسیحییەکانى کوردستان و عێراق و جیهان دەکات.

ئێوارەى ئەمڕۆ هەینى (24)ـى کانوونى یەکەمى (2021)، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە پەیامێکدا بە بۆنەى جەژنى کریسمس ڕایگەیاند، "خۆشحاڵین كه‌ هه‌موومان پێكه‌وه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ هاووڵاتیانى مه‌سیحیماندا ئه‌م جه‌ژنه‌ ده‌گێڕین‌."

 

دەقى پەیامى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان:

جه‌ژنی له‌دایكبوونى حه‌زره‌تى عیساى مه‌سیح سڵاوى خواى لێبێت له‌ هه‌موو خوشك و برایانى مه‌سیحى له‌ هه‌رێمى كوردستان، عیراق و ته‌واوى جیهان پیرۆز ده‌كه‌م. هیوادارم ئه‌م جه‌ژنه‌ به‌ خێر و خۆشى بۆ ته‌واوى مرۆڤایه‌تى بگه‌ڕێته‌وه‌ و ئاشتى و ئاسووده‌یى له‌گه‌ڵ خۆیدا بهێنێت.

خۆشحاڵین كه‌ هه‌موومان پێكه‌وه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ هاووڵاتیانى مه‌سیحیماندا ئه‌م جه‌ژنه‌ ده‌گێڕین‌. له‌م یاده‌دا هه‌موو كوردستانییان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌میشه‌ به‌ لا‌نكه و سه‌رزه‌مینى پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌یى ده‌مێنێته‌وه و به‌هاكانى مرۆڤایه‌تى هه‌موومان پێكه‌وه‌ كۆده‌كاته‌وه‌.

كریسمس له‌ هه‌موو لایه‌ك پیرۆز بێت، هیوادارم جه‌ژن و بۆنه‌کانی داهاتوومان له‌ دۆخێکی باشتردا و دوور له‌ په‌تا و ناخۆشی بێنه‌وه‌.

هه‌موو ساڵێك به‌ خۆشى.

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2021/12/24

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین