بڕيارێكى ئەمەريكا، ئاساييكردنەوەى پەيوەندى نێوان توركيا و ئيسرائيل خێراتر دەكات شیکاری

نوچەنێت:

لەگەڵ هاتنە سەردەسەڵاتى ئيسحاق هێرزۆغ، سەرۆكى ئيسرائيل، پەيوەندييەكانى نێوان توركيا و ئيسرائيل پێى نايە قۆناغێكى نوێ، هەردوولا خواستى ئاساييكردنەوەى پەيوەندييەكانيان هەبوو، ئەمەش وايكرد لە ماوەيەكى كەم سەرۆكى ئەو دوو وڵاتە سێ جار بە تەلەفۆن قسەبكەن، لەكۆتايى ساڵى رابردوو، سەرۆكى توركيا ڕايگەياند، "لەساڵى داهاتوو هەنگاوى هاوشێوەى ئيمارات لەگەڵ ئيسرائيل و ميسر دەنێين."، بەڵام لەگەڵ پاشەكشەى ئەمەريكا لە پاڵپشتى هێڵى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست (بۆ گەياندنى گازى ئيسرائيل) بە ئەوروپا، توركيا بۆ دووبارە گفتوگۆكردنەوە لەسەر ئەو پڕۆژەيە، هەنگاوەكانى خێراتر کرد.

ڕاگرتنى هاوكارييەكانى ئەمەريكا

هەفتەى رابردوو گۆڤارى (ميليتاير)ى يۆنانى بڵاويكردەوە، واشنتن بە ئيسرائيل و توركيا و يۆنانى راگەياندووە، ئەمەريكا لە رووى سياسى و داراييەوە پاڵپشتى پڕۆژەى گازى دەرياى ناوەڕاست ناكات.

بەگوێرەى راپۆرتى ئەو گۆڤارە يۆنانييە، ئەمەريكا كۆتايى بە گۆڕانكارييەكانى دەرياى ناوەڕاست هێناوە، سنوورێكى بۆ پڕۆژەى هێڵى گواستنەوەى گازى ئيسرائيل داناوە، بەوەش لە رووى سياسييەوە توركيا سەركەوتوو بووە، چاوەڕوانى لێكەوتەكانى ئەو بڕيارە دەكات. 

سەردانى سەرۆكى ئيسرائيل بۆ توركيا

بەڕاى چاودێرانى سياسى ئەو بڕيارەى ئەمەريكا هەنگاوەكانى توركياى خێراتر كردووە بۆ ئەوەى پەيوەندييەكانى لەگەڵ ئيسرائيل ئاسايى بكاتەوە، ڕۆژى (18ى كانوونى دووەمى 2022) رەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمارى توركيا لە كۆنگرەيەكى رۆژنامەوانى رايگەياند، "گفتوگۆمان لەگەڵ ئيسحاق هێرزۆغ، سەرۆكى ئيسرائيل كردووە، ئەگەر هەيە لە داهاتوو سەردانى ئەنقەرە بكات."، بەڵام كاتى سەردانەكەى ديارى نەكرد."

لە بەشێكى ترى قسەكانى سەرۆكى توركيا ئاشكراى كرد، "لەماوەى رابردوو لەگەڵ لايەنەكانى ئيسرائيل كۆبووينەوە، جەختمان لەسەر هاوكارى دوولايەنە بۆ گواستنەوەى گاز بۆ ئەوروپا كردەوە، پێمان راگەياندن، ئێمە ئێستاش ئامادەين بۆئەوەى ئەو كارە بەهاوبەشى بكەين."

دەربارەى هاوكارى ئابوورى لەگەڵ ئيسرائيل لە ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، سەرۆكى توركيا گوتى، "ئامانج لەو دانوستاندنانە هەنگاونانە بەرەو لێكنزيبوونەوەى ئەرێنى، ئێمە هەموو هەوڵێكمان دەخەينە گەڕ، بۆ ئەوەى كارەكانمان لەسەر بنەماى قازانجى دوولايەنە بێت."

هەر لەو كۆنگرە رۆژنامەوانييە ئەردۆغان دەربارەى پەيوەندى وڵاتەكەى لەگەڵ ئيسرائيل رايگەياند، "پەيوەندييەكانى نێوان ئيسرائيل و توركيا بەرەو بەهێزبوونەوە دەچێت."

موراد نەير پەيامنێرى دەرەوەى (كەناڵ12(ى ئيسرائيل، گوتى، "پێويستە لە بازنەيەكى فراوانتر سەيرى قسەكانى سەرۆكى توركيا بكەين، ئەويش بازنەى گازى سروشتييە، سەرۆكى توركيا هەوڵەدەن ئەو قەيرانەى نێوان ئەمەريكا و رووسيا و ناتۆ بقۆزێتەوە، بۆ ئەوەى گازى ئيسرائيل لە رێگەى توركياوە بچێت بۆ ئەوروپا، دەربارەى سەردانى سەرۆكى ئيسرائيش ئەردۆغان باسى لەوە كرد سێ جار قسەمان كردووە، بەڵام كاتى سەردانەكەى ديارى نەكرد."

دەربارەى ئەو پێشنيازەش موراد دەڵێت، "پێشتر ئەوە پێشنياز كرابوو پێكەوە كار لەسەر ئەو هێڵە بكەن، بەڵام ئيسرائيل كارى لەگەڵ يۆنان و قوبرس كرد، ئيسرائيلييەكان، جەختيان لەسەر ئەوە كردۆتەوە هيچ شتێك هاندەر نابێت كار بۆ گۆڕينى ئەو دوو هاوبەشە ستراتيژييە بكەين."

هەڵوێستى توركيا بەرانبەر ئەو بڕيارەى ئەمەريكا

توركيا ماوەيەكى زۆر بوو دژى ئەو پڕۆژەيە بوو، بەڵام ئيدارەى پێشووى ئەمەريكا بەسەرۆكايەتى دۆناڵد ترامپ پاڵپشتى پڕۆژەكەى دەكرد، بەڵام ئەنقەرە سوور بوو لەسەر رەتركردنەوەى، هەفتەى رابردوو ئاژانسى رۆيتەرز بڵاويكردەوە، جۆبايدن، سەرۆكى ئەمەريكا بەهۆى ترس لە سوودى ئابوورى كاريگەريگەرى لەسەر ژينگەى جيهانى، تێبنى لەسەر تێچووى ئەو پڕۆژەيە هەبوو، بۆيە رەتيكردەوە پاڵپشتى ئەو پڕۆژە بكات.

سەبارەت بەو بڕيارەى ئەمەريكا، سەرۆكى توركيا لە كۆنگرەى رۆژنامەوانييەكەى تيشكى خستە سەر ئەو پڕۆژە و هەڵوێستەكانى ئەمەريكا رايگەياند "ئەمەريكا پاشەكشەى كرد لە پاڵپشتى راكێشانى ئەو بۆڕييە بەژێر دەريادا، چونكە لە رووى ئابوورييەوە پارەيەكى زۆرى دەويست."

دەربارەى ئەو هەڵوێستەى ئەمەريكا ئەردۆغان رايگەياند، "دواجار ئەمەريكا زۆر بە ڕاشكاوانە هەڵوێستى خۆى لەسەر هەموو بەشەكانى ئەو پڕۆژەيە راگەياند، گەيشتە ئەو بڕوايەى ئەو پڕۆژەيە بەوجۆرە سوودى، هەروەها  تێچووەكانى زۆرى پێويستە، هۆكارەكەشى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەمەريكا هەر هەنگاوێك بهاوێت لەسەر بنەماى سەرمايەدارىيە، مادام تێچووەكانى واقعى نەبێت، لەو پڕۆژەيە دەكشێتەوە، ئەوەش وادەكات پڕۆژەيە بەبێ توركيا سەركەوتوو نابێت."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین