سالار ئەزید:کورد رێز لە هونەر ناگرێت کولتوور

لاڤین عومەر: نوچەنێت

هونەرمەند سالار ئەزید خاوەن بڕوانامەی ئۆکسترایە لە وڵاتی هۆڵەندا، ماوەیەک لە گەڵ گروپی ئۆکێسترای کوردستان کاری دەکرد، لە دیمانەیەکی تایبەت بە نوچەنێت دەڵێت"کورد رێز لە هونەر ناگرێت".

نوچەنێت: ماوەیەکی زۆر لەگەڵ گروپی ئۆرکێسترای کوردستان  کاری هاوبەشتان دەکرد، وەک سەرپەرشتیاری گروپ بوون یاخود چی؟

سالار ئەزید: ماوەیەکی زۆر وەکو کۆندێکتەر من لەگەڵ ئۆرکێسترای کوردستان کارم کرد ئەوەش لەبەر ئەوەی من لە وڵاتی هۆڵەندا بروانامەی ئۆرکێسترام هەیە و دەرچووی زانکۆی(fontys univwersity) لەوێ خوێندومە بۆ ئامێری کەمانچە، هەروەها دووساڵیش بۆ سەرپەرشتیاری  ئۆرکێسترا،  بەڵام دیاربوو کە پێویستیان بە کەسێک بوو سەرپەرشتیاری ئەو ئۆرکێسترایە بکات، بانگهێشتی منیان کرد سەرپەرشتیاری ئۆرکێسترا بکەم دوو کۆنسێرتمان کرد کۆنسێرتێک لە هەولێر کۆنسێرتێکیش لە وڵاتی رۆمانیا، خۆشحاڵبووم من سەر پەرشتیارییەکەم کرد.

ماوەیەکی زۆر لە کوردستان بووم. ئۆرکێسترای کوردستان دیار بوو ئەو گرنگییەیان نەدا کە کەسێک لە ئەوروپا گەڕاوەتەوەو پڕۆفیشناڵە لەکاری ئۆکێسترایی بیکەن بە ئەندام، بۆیە ئەندامیش نەبووم لەو ئۆرکێسترایە.

لەساڵی (2007) لە کوردستان دەژیام، دەبوو پێشنیازی ئەوە بکەن ببمە ئەندام ئۆرکێسترایە، چەند کەسێک هەبوون نەیاندەویست من بچمە ناو ئۆركێسترا، بەڵام (سالار ئەزید) ناوەستێت ئەگەر هەر کەسێکیش بیەوێت رایگرێت، من ئەتوانم بە هەر شێوازێک بێت کاری خۆم بکەم. ماوەی نۆ ساڵ لە هونەرە جوانەکانی کوردستان توانیم چەندەها قوتابی بەتوانا پێبگەیەنم، کە ئێستا جێگای دەستیان دیارە لە هونەری کوردی و پەیمانگاشدا کە بوونەتە مامۆستای چاک لە کۆلێژی هونەرە جوانەکان لە(هەولێر، دهۆک، سلێمانی، کەرکوک).  هەموو قوتابیەکانی خۆم قوتابی زیرەکن، ئەوانیش قوتابی چاک پەروەردە دەکەن، بۆ من شانازییەکە  کە ئێستا ئەو قوتابیانە یەکێکن لە باشترین ژەنیارەکانی کوردستان.

 پێشتریش لە بەغدا پەیمانگای هونەرەجوانەکانم تەواو کردووە ماستەریشم تەواو کرد لە کوردستان، ئێستاش خەریکی خوێندنی دکتۆرام لە وانەیە چوار مانگی تر دکتۆراکەش تەواوبکەم لە زانکۆی ئەمەریکی عەرەبی، ئێستا لە کوردستان نەماوم وەک کارکردن چونکە کوردستان ئەو رێزەی لە من نەگرت، ئەوەم نەبینی لە کوردستان کە کەسێک شتێکی پێبێت بیدات بە رۆڵەکان و گەنجەکان، رۆڵی هونەر بەدەست هەندێک کەسەوەن پڕۆفیشناڵ نین دەرگا ناکەنەوە بۆ هیچ کەس، دەرگاکانیان داخستووە بەداخەوە بەم دواییانە چەند کارێکم کرد لە تیپی ئۆرکێسترای کوردستان، کارەکان دیارن ئەندامانی ئۆرکیستراش شاهیدن لەسەر ئەوەی باشترین کاری هونەری لە ئۆرکێسترای کوردستان کرا، ئەو دوو کۆنسێرتە بوو لە کوردستان و رۆمانیا کرا.

لە کوردستان نەیانهێشت ببمە ئەندامی ئۆکێسترا

نوچەنێت: زۆربەی کارو چالاکییەکانی بەڕێزتان بەم دواییانە لەگەڵ هونەرمەندە عەرەبەکان دەبینرێن، باس لەو پەیوەندییە بکە چۆن دروست بووە؟

سالار ئەزید: من وەکو باسم کرد کورد رێز لە هونەر ناگرێت، ئێمە وەکو هونەرمەند کاری ئێمە میوزیک و هونەرە ناتوانین کارێکی تر بکەین.

 لە کوردستان باشترین گۆرانی بێژ بە کیبۆردێک یاخود کەمانچەیەک دەچێتە سەر شانۆ، کەم دەبینین یەک هونەرمەند ئۆرکێسترایەکی بردبێتە سەر شانۆ، بەڕاستی ئەمە جێگای رێز نییە ئەوە هونەر نییە ئەوە شێوازێکە لە تێکدان کە گۆڕانی بێژێکی بەناوبانگ، یەک کیبۆر یاخود یەک کەمانچە دەیباتە سەر شانۆ، ئەویش لەوانە حەقی خۆی بێت کە ئۆرگەنایزی هونەر دەکات لە کارەکە نازانێت، و پارەیەکی زۆری پێنادرێت میوزیک ژەنی زۆر بێنێتە سەر شانۆ، دەبێت کارەکان راگرن تا دەگەنە رێچکەیەکی باش نابێت وا لە هونەر بکەن، ئەگەر ببینن هونەرمەندانی عەرەب ئۆرکێسترایەکی گەورە دەبەنە سەر شانۆ هونەرێکی جوان پیشکەشی خەڵکی دەکەن، هەر هونەرمەندێکی عەرەبی بەلای کەم 12)یا (18کەمانچە دانراوە ئەندامی ئۆرکێستراکەی زیاتر لە (40)کەسە، ئەوە هەلە کە هونەرێکی جوان پێشکەش بە گەلەکەت بکەی.

پەیوەندیم لە گەڵ ئەوان، لەوانەیە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە من دەرچووی پەیمانگای هونەرەجوانەکانم لە بەغدا پەیوەندییەکی باشم هەبوو لەگەڵ هونەرمەندە عەرەبەکان، لە کۆتای (1980)و سەرەتای(1990)من هەر لەگەڵ هونەرمەند کازم ساهر وهونەرمەندەکای تر کارم دەکرد و هەروەها لەگەڵ ئەو گۆرانی بێژانەی کە لە (میسر، مەغریب، لوبنان) من حەز دەکەم لەگەڵ هونەرمەندێکی گەورەو ئۆرکێسترایەکی گەورە کار بکەم، نەک خۆم و کیبۆردێک بچمە سەر شانۆ لای من ئەوە جوان نییە.

رێزگرتن لای عەرەبەکان زیاترە ، ئەوە ئیشە بەڕاستی کاری خۆتە کە کۆنسێرتێک دەکەی لەبەرامبەر ئەوە مافی ماندووبوونت بدات هەست بەخۆت دەکەی بەڕاستی هونەرمەندی، نەک تۆ بڕۆی کۆنسێرتێک بکەی بۆ کوردێک خاوەن ئاهەنگەکە یا خۆی شاردۆتەوە یاخود رێککەوتنت کردووە بەڵام نیوەی پارەکەت پێدەدات، بەداخەوە ئاوایە کۆتایی ئاهەنگەکە دەبێت دوو رۆژ بەدوای خاوەن ئاهەنگ بگەڕێیت هەتا دەیدۆزیتەوە کە دۆزیشتەوە نیوەی پارەکەت پێدەدات زۆرجار وامان بەسەر هاتووە .

بەڵام لەگەڵ هونەرمەندێکی عەرەبی گەورە کار دەکەی، ئەوشتانە نییە هەمووی رێککەوتنە پارەی تەیارە، هۆتێل و نان خوارد و چەند وەردەگری هەمووی بە رێککەوتنە بەرێکوپێکی دێتە گیرفانت بەبێ ئەوەی سەر ئێشەت هەبێ یاخود گفتوگۆیەک لەگەڵ ئەو هونەرمەندە بکەی.

نوچەنێت: وەکو ژەنیارێکی کورد ئەندامیت لەگەڵ هونەرمەند کازم ساهر؟ چۆن توانیت ئەو متمانە دروست بکەن؟ چونکە زۆربەی پڕۆژەو چالاکییەکانت لەگەڵ هونەرمەند کازم ساهر دەردەکەوێت، ئەوە چۆن بوو؟

سالار ئەزید: من ماوەیەکی زۆر لە بەغدا دەژیام لەگەڵ هونەرمەند کازم ساهر کارم کردووە، بەڵام سەفەرم بۆ ئەوروپا کرد لە ساڵی (1993)لەوێش کارم لەگەڵ هونەرمەندە عەرەبەکاندەکرد کازم ساهر یەکێک بووە لەو هونەرمەندانە، دوای ئەوەی من لە وڵاتی هۆڵەندا جێگیر بووم لە زانکۆی فۆنتیاس دەستم کرد بە خوێندن و سەرقاڵی ژیانێکی نوێبووم، ئەوە بوو من دوور کەوتمەوە لە هونەرمەندە عەرەبەکان .

لە ئۆرکێسترادا کارم دەرکرد وانەم دەگووتەوە بۆ ماوەی (15)ساڵە دوور کەوتمەوە لەو هونەرمەندانە زیاتر لەگەڵ هونەرمەندە هۆڵەندییەکان سەرقاڵ بووم دوای ئەوە لەساڵی (2012)گرووپی کازم ساهر لەبەر ئەوەی زۆرییان هاوڕێمن هەمان ئەو هاوڕێیانەن، کە کاتی خۆی لە بەغدا خوێندوومە، پەیوەندییان پێوەکردم ویستیان جارێکی تر بەشداربم لە گرووپەکەی لە کۆتایی (2012) من گەڕامەوە، لەو کاتەوە لە کۆنسێرتەکان بەشدارم و هەندێکجار بێگومان هەندێک کۆنسێرت و کارم هەیە و نیشتەجێم لە لەندەن، لەکوردستانیش لەبەر ئەوەی لە زانکۆ دەوامم هەبوو بەشداریم نەدەکرد، بەڵام لە زۆربەی ئۆرکێستراکان بەشداریم کردووە و ئێستا ئەندامێکی ئەو ئۆرکێسترایەم، خۆشحاڵم کە تەنیا من کوردم لەو گرووپە لەوانییە من نوێنەرایەتی هەموو هونەرمەندی کورد بکەم لە ناو ئەو گروپە پڕۆفیشناڵە ئاسان نییە لەو گروپە کار بکەی، چونکە هەرکەسێک لەو گروپە کار بکات دەبێت زۆر پڕۆفیشناڵ بێت و کارەکانی زۆر بەجوانی بکات ژەنینی زۆر باش بێت، سوپاس بۆ خوا توانیومە جێگای خۆم بکەمەوە بە شانازییەوە هەموویان خۆشحاڵن کە کار دەکەم لەو گروپە وەکو سالار ئەزید.

لە گەڵ کازم ساهر سەرقاڵی پڕۆژەیەکم

نوچەنێت: وەکو ژەنیارێکی کورد بە ئامێری کەمانچە لە باگراوندی فلیمی ETERNALS)) بەشداریت کردووە کە هونەرمەندی ناسراو ئەنجلینا جولی رۆڵی سەرەکی دەبینێت بیرۆکەو پێشنیاری کێ بوو؟ لەلایەن کێ بانگهێشتکرایت؟

سالار ئەزید: لە راستیدا کاری یەکەمم نییە، لە فلیمی جیهانی کار دەکەم کاتی خۆی کە لە یەکەمین فلیم کارم کرد لە ئەستەنبوڵ لەگەڵ هونەرمەند (میشێل بەنەبیلا)وە کارێکی زۆرم کرد لەگەڵی لەبەر ئەوەی کاری میوزیکی باگراوندی تەلەفزیۆنی سینەمایی دەکات لە هۆڵەندا دادەنیشێت کارێکی زۆرم لەگەڵی کردووە، دوای ئەو (sun of babilon) دەرهێنەرەکەی (محەمەد دەراجی) بوو ئەو فلیمەش بەشداریم کردووە وەکو کەمانچە ژەن، فلیمێکە منداڵێک لەگەڵ داپیر دەڕوات بەدوای باوکیدا دەگەڕێت کە لە شەڕی کوێت ون ببوو  باسی ئەوکارەساتە دەکات.

 دواتر فلیمێکی خوشکە (ڤیان مائی)کورتە فلیمێکی کردووە بە ناوی (کاڤوکێ سپی) ئەویش هەموو میوزیکی ئەو فلیمە ژەنینی خۆمە و خەڵاتی وەرگرت لە دووبەی و لە کوردستانیش بە یەکێک لە فلیمە جوانەکان دەرچوو، ئێستا من لە لەندەن لە گروپێک کاردەکەم بە ناوی (ئۆکسفۆر مەقام)ە ئەم گرووپە ناودارە لە لەندەن پێکهاتووە لە( نۆ) میوزیک ژەن هەر میوزیک ژەنێک لە وڵاتێک هاتووە لە )میسر، بەریتانیا، ڤییەننا، یۆنان) منیش وەک کوردێک بەشدارم تێیدا ئۆکسفۆر مەقام بەشدار بوو لە فلیمێک بە ناوی(عەلا ئەدیین) کە گەورە هونەرمەند (وێڵ سمیث) بەشدار بوو ئێمە وەکو ژەنیار باگراوندی زۆربەی فلیمەکان  بەشدار بووین وەکو ئەکتەریش لەناو فلیمەکە ئێمە لەناو ماڵی پاشاین.

 فلیمی( ئەتێر نۆڵس) بێگومان کە دەچیتە ناو ژیانی هۆلیۆد فلیمی (عەلائەدین) هۆلیۆد دەرهێنەری بۆ کردبوو زیاتر دەچێتە ناو میوزیکە پڕۆفیشناڵەکانی کە کاریان کردووە  وەکو کار و وەکو سینەما ئەوان پڕۆدێکشن کە سەیری ناوەکان دەکەن ئیتر بەدوایدا دەگەڕێن، لە فلیمی (ETERNALS) دیار بوو بەدوای ناوی مندا گەڕابوون  چەند جارێک پەیوەندیان پێوەکردم نەک وەک گروپی ئۆکسفۆر مەقام وەکو ژەنیارێک پەیوەندیان کرد، بەراستی کە بەشداربووم لەو فلیمە بە کەمانچەی کوردییەوە بە خۆشحاڵی و سەربەرزییەوە بەشداریم کرد کە زۆربەی باگراوندی میوزیکەکە کوردییە.

 بەڵام دەمەێت لێرەدا شتێک بڵێم زۆر بەداخەوە بۆ زۆربەی میدیای کوردستان خەریکی میدیا کاری پڕۆفیشناڵ نین، لەو فلیمە گەورەیەدا بەشداریم کرد بەجلی کوردی بە کەمانچەی کوردی کە بڵاوم کردەوە و گەڕاشمەوە کوردستان پێشیانم گوت من لە کوردستانم، بەشداریم لەو فلیمەدا کردووە یەک تەلەفزیۆن چاو پێکەوتنی لەگەڵ من نەکرد نایەنەوێ کەسی پڕۆفیشناڵ هەبێت لە کوردستان، ئەو هونەرە گەورەی من کردم لەگەڵmarvell) company) کە گەورەترین کۆمپانیایە لە هۆلیۆد، ئەگەر من خەڵکی شاری هەولێر نەبم خەڵکی شارێکی تر بوومایە و کوردیش نەبوومایە، خەڵکی هەر وڵاتێکی تر بوومایە دەنگی دەدایەوە، بەڵام خەڵکی ئێمە نازانێت رێز لە هونەری خۆمان بگرێت یەک میدیا کار نەهات چاو پێکەوتنێک بکات بڵێت ئەو کوردە بەشداری لە هونەری هۆلیۆد کردووە، هەندێک کەس هەیە هونەرمەند نییە بەڵام هەموو رۆژێک لە تەلەفزیۆنەکان دەردەکەون وەک بەرپرس لە تەلەفزیۆنەکان ئەوان قسە لەسەر هونەر دەکەن هیچیان پێنییە ئەوانە بڕیار لەسەر هونەری کوردی دەدەن بوون بە قسەکەری کەناڵەکان.

نوچەنێت: بەم دواییانە خەڵات کران ئەو خەڵاتە لەلایەن کێوەبوو؟

سالار ئەزید: من زۆر خەڵات کراوم لە دامەزراوەکانی بەریتانیا لە عەرەبەکان بەڵام بەداخەوە تا ئێستا کوردستان خەڵاتی نەکردووم، لە راستیدا پێویستیشم بەخەڵاتی کورد نییە، چونکە من نامەوێ کاغەزێک وەرگرم کابرایەک لەسەر کورسییەک دانیشتووە تەنیا کاغەزێک وەکو خەڵاتی رێزلێنان دەداتە هونەرمەند کەسیش نازانێت ناوی چییە، من حەز لەو شتانە ناکەم من دەمەوێت خەڵات بکرێم لە کەسێکی پڕۆ فیشناڵ لەبەر ئەو کارە گرنگەی کردوومە.

 لە کوردستان لەگەڵ ئۆرکێسترای کۆلیژی هونەرەجوانەکان وهونەرمەند شڤان پەروەر کارێکمان کرد بەناوی (دوور دوور)، لەگەڵ هونەرمەندەکانی کورد کاتی خۆی کارمان دەکرد، بەڵام وەکو باسم کرد کاری سەر شانۆ بووە، زیاتر لە (60)سیدی کارم بۆ هونەرمەندەکانی کورد کردووە، زۆربەی کارەکانی هونەرمەندان لە ستۆدیۆ تۆمارم کردووە، هەندێک کەس هەیە خەڵات دەکرێن نازانم ئەو خەڵاتانە هی چییە، وەک خاڵاتی باشترین گۆرانیبێژ یان خەڵاتی باشترین ئافرەت یاخود باشترین مۆسیقا ژەن لە (2021)کێ بڕیار لەسەر ئەوە دەدات ئەو لیژنە کێیە؟

نوچەنێت: دواین پڕۆژەت چییە؟

سالار ئەزید: لەگەڵ کازم ساهر بەردەوامم ( 2022-1-14 )لە دووبەی بووین ئێستاش لەوانەیە مانگی دوو لە سعودییە ئاهەنگ بکەین، هەروەها پڕۆژەیەکی نوێی فلیمێکی ئەمەریکیە کە دەبێت لەمانگی پینج تۆماری بکەین، لەگەڵ گروپی ئۆکسفۆرد مەقام کارمان هەر بەردەوامە، لەگەڵ هونەرمەندە عەرەبەکان زۆربەیان وەکو ئەحلام و شیرین زۆربەیان کارم لەگەڵ کردوون کە دێنە لەندەن یاخود دەڕۆم بۆ دوبەی، ئیتر لەگەڵیان کار دەکەم گرنگترین پڕۆژەی من دەبێت چوار مانگی تر دکتۆراکەم تەواوکەم مانگی پێنجیش میوزیکی ئەو فلیمە ئەمەریکییە بکەین و دوو ئەکتەری زۆر بەناوبانگ کاری تێدا دەکەن، بەڵام ئێستا ناتوانم ناوەکانیان بڵێم هەتا پڕۆژەکە دەبێت چونکە جارێ قسەیە من کارەکان دەکەم ئینجا بڵاوی دەکەمەوە، چونکە هەموو ئاستەنگێک دەبێت کە ئەنجامتدا ئینجا بڵاوی بکەیتەوە.

من خۆم کەسێکی پراکتیکم لە کارەکاندا حەزم لێنییە، بە قسە من دەمەوێت بە کردار کار بکرێت نەک وەک ئەوانەی لە کوردستان کە هەن، ئێستاش مامۆستای کەمانچەم لە لەندەن چەندەها قوتابی باشم هەیە ئیتر ئەوە هەموو شتێکە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین