ئیدریس بارزانی یادێک لە دڵی شۆڕشگێڕانی بزووتنەوەی کوردایەتی راپۆرت و شیکاری

بەهرە حەمەڕەش

کاتێک باسی خواستی ئاشتی و ئاشتەوایی و بەرەی کوردستانی دەکرێت، ناوی ئیدریس بارزانی لە گەڵ دەهێنرێت. هاوخەباتەکانی دەڵێن، ناکرێت رۆڵی ئەو لە شۆڕشی رزگاریخوازی نەتەوەی کورددا فەرامۆش بکرێت.

ئیدریس بارزانی،  کوڕی گەورەی مەلا مستەفا بارزانی-یە،  لە ساڵی 1944 لە گوندی بارزان لە دایکبووە. لە نێو بار و دۆخی شۆرشی سێھەمی بارزان (1943 – 1945) ھاتۆتە دنیا.

ساڵی 1947 مەلا مستەفای باوکی لەگەڵ 500کەس لە هەڤاڵانی روویانکردە یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو ، دوای رووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، ئیدریس بارزانی تاکو گەڕانەوەی بارزانی باوکی بۆ عێراق و کوردستان لە ساڵی 1985دا لە بەغدا درێژە بە خوێندن دەدات. قۆناخی ناوەندی لە بەغدا تەواوکردووە. جگە لە زمانی دایک هەردوو زمانی عەرەبی و فارسی بە باشی زانیوە. 

سەرۆک مەسعودبارزانی لە وەسفی ئیدریس بارزانیدا دەڵێت"کاک ئیدریس بارزانی بڕوایەکی تەواوی بە پاراستنی ناسنامە و شوناسێکی یەکگرتوی ناو بزاڤی رزگاریخوازی کورد هەبوو، هەروەها بایەخ و گرنگی زۆری بە فرەلایەنی دەدا، ئەم دوو فاکتەرە هۆکاری سەرەکی بوون لە رەخساندنی دەرفەتی ئاشتبوونەوەی گشتی لە ساڵی 1986، بەو هۆیەشەوە بوو نازناوی ئەندازیاری ئاشتبوونەوەی گشتی پێ بەخشرا".

لە ساڵی 1961کە شۆڕشی ئەیلول بەرپا دەبێت، بە سەرکردایەتی مەلا مستەفا بارزانی و لە ناو پارتی دیموکراتی کوردستان، ئیدریس بارزانی وەکو پێشمەرگەیەکی ئەو شۆڕشە، دەست بە خەباتکردن دەکات. 

بە ھۆی لێھاتوویی و ئەو توانایەی ھەیبووە ھەر زوو لە نێو شۆرش و پارتی دیموکراتی کوردستاندا ئەرکێکی زۆری بۆ دێننە ئارا و ئەویش بۆیرانە دەچێتە پێش. مەلا مستەفا تێکەڵی کاروبارەکانی دەکات و زۆر ئەرکی قورسی پێدەسپێری کە سەرکەوتویی لە جێبەجێ کردنیاندا بەدیار دەکەوێت ئیتر دەبێتە جێی متمانەی زیاتری مەلا مستەفا بارزانی و یەکێک لەو کەسانەی کە پڕ بە دڵی دەبن.

سەرۆک مەسعود بارزانی، لە یادی شەهید ئیدریس بارزانیدا دەڵێت"دەتوانم بڵێم کاک ئیدریس وێنەیەکی پاک و بێگەردی بارزانی، بوو". 

رۆڵی ئیدریس بارزانی، لە رێککەوتنامەی 11ی ئادار و گفتوگۆکانی ساڵی 1974 لەگەڵ حکومەتی عێراق و لە دوای ساڵی 1975 لە بەردەوامیدان بە شۆڕش و پێکهێنانی (بەرەی جودا) و دواتر بەرەی کوردستانی چەند بەرھەمێکن کە رۆڵی گرنگی تیایاندا ھەبووە.

 سەبارەت بە ھێڵی جەماوەری پارتی و توانای دیپلۆماسییانەی دوای ساڵی 1975 بە شێوەیەکی سەرەکی بناغە دروستکەری بووە، چونکە شارەزا و کارزان و جددی و بە پەرۆش بووە لە دروست کردنی پردی پەیوەندی لەگەل ئەوانی تر. تێکۆشان و ھەوڵە دیپلۆماسییەکانی بە تایبەتی لە دوای ساڵی 1975 لە ئاستێکدا بووە، کە بناغەیەکی پتەوی دروست کردووە و لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول و لە ساڵانی سەرەتای شۆڕشی گوڵاندا داینە مۆی رێکخستنەوە و ھەڵیگرساندنەوەی شۆڕش بووە. 

ئیدریس بارزانی، ھەوڵ و ململانێ لەگەڵ ئەو ھەلو مەرجەکەدا و مێرخاسانە شان دەداتە بەر ئەرکی رێکخستنەوە و شۆرش و زیندە بە چاڵکردنی پیلان و گرفتەکان بکات. ھەر دوای ھەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵانی نیشتمانی و پێشکەوتنخوازدا کە لە ساڵی 1978 بەرپا بووە و دەبێتە سەرپەرشتیاری ئاوارەکانی دوای نسکۆی 1975 لە ئێران.

ئیدریس بارزانی قەت خۆی لە پێشمەرگەکان جیا نەکردووتەوە بە سادەیی ژیاوە و ھەر شەوە لە بن ئەشکەوت و بن بەردێک بەبێ جیاوازی ھەڵیکردووە. لەگەڵ خوێندنەوە و نوسیندا ھاورێ بووە و لە داڕشتن دا توانای زۆری ھەبوە بە ھەرسێ زمانی کوردی و عەرەبی و فارسی خوێندوویەتییەوە و نوسیویەتی. بایەخی بە بوارەکانی نەتەوایەتی و ئایین و ئەدەب و مێژوو داوە زۆربەی شیعرەکانی ئەحمەدی خانی و مەلای جزیری و وەفایی لە بەربووە.

فەلەکەدین کاکەیی، هاوخەباتی ئیدریس بارزانی نوسیویەتی: ئیدریس بارزانی مرۆڤێکی خوێندەوار و تێگەیشتوو بوو و باکگراوندێکی باشی هەبوو، زۆریش بایەخی بە فەلسەفە و شیعری دونیا و جوڵانەوەی سیاسی لە دونیادا دەدا. مرۆڤێکی لەخۆ بردوو بوو، ئەوەندی تێبینیم دەکرد، نەمبینی هیچ شتێکی بۆخۆی بووێت، هەمیشە یەک شتی دەگوتەوە، کە شۆڕش دوای 1975 ئەمانەتێکە لەسەر ئێمە ئەو خەڵکە ببەینە جێگەی خۆی، واتە خەڵکی کوردستان بگەڕێتەوە جێگەی خۆی، ئەوەی لە باشورە بگەڕێتەوە کوردستان، ئەوەی لە دەرەوەیە بگەڕێتەوە کوردستان، ئەو شوێنانە ئاوەدان بکرێنەوە، وەکو بڵێی ئەو ئاواتانەی لە دوای راپەڕین هاتنەدی، ئەوە ئاواتی ئەو بوو، دەیگوت ئەوە ئاواتی ئێمەیە.

لە کاتژمێر 6ی سەر لە بەیانی رۆژی 31ی مانگی 1ی 1987 لە ناحیەی (سلیڤانا)ی سەر بە شاری ورمێی ڕۆژھەڵاتی کوردستان ماڵئاوایی دەکات و لە گۆڕستانی شاری شنۆ لە تەنیشتی باوکی دەنێژرێت.

 پاش نزیکەی 10 ساڵ و دوای ڕاپەڕینی بەھاری ساڵی 1991سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری گواستنەوەی تەرمی ھەردوو نەمر مەلا مستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانی دەدات. لە ساڵی 1993 لە مەراسیمێکی تایبەت دەگوازرێنەوە خاکی ئازادی کوردستان و لە گوندی بارزان دەنێژرێن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین