پڕۆژەیاسایەک سەبارەت بە مافی کرێکاران ئامادەکراوە کوردستانی

لاڤین عومەر: نوچەنێت

بەگوێرەی بڕیارێکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، کرێی ھەر کرێکارێک کە ھیچ بڕوانامە و ئەزمونی کاری نەبێت، یان ناکارامە بێت بۆ ھەر مانگێک نابێت کرێکەی لە350 ھەزار دینار کەمتر بێت. هاوکات پڕۆژە یاسایەک نێردراوەتە پەرلەمان کە تێیدا خانەنشینکردنی کرێکارانی کەرتی تایبەتی تێیدا داواکراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە ( 14شوبات/2022) مەم ئەسکەندەر ئەندامی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی لە پەرلەمانی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت گوتی"ئەمڕۆ لە پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەی لیژنەی مافی مرۆڤ و کاروباری کۆمەڵایەتی گفتوگۆمانکرد، نوسراوێک ئاراستەی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی دەکەین، کە دووسێ پڕۆژەیان لەدەستە وەکو(دەستەی کۆمەڵایەتیو یاسای کار) بەشێوەی گفتوگۆ بە ئێمەیان گووتووە کە لە قۆناغی کۆتاییدایە بۆ تەواوبوون، چەند کۆنفڕانسێکیشیان دەربارەی ئەوە ئەنجامداوە".

ئەمڕۆ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، خانەنشینکردنی (670) کرێکاریان راگەیاندووە، خاوەنکارەکانیشیان پابەند کردوون بەپێی کاتژمێرەکانی  کارکردن دەبێت کرێی رۆژانەیان بۆ زیادبکرێت.

مەم ئەسکەندەر ئەوەشی راگەیاند کە ئەوان چاوەڕێی وەڵامی وەزارەتن"ئێمە چاوەڕێی وەڵامی وەزارەتی کارین تاکو ئەو وەڵامە بەشێوەیەکی فەرمی بۆ ئێمە دێت کە پڕۆژەو بەرنامەکە چۆنە لە رووی تەشریعییەوە ئێمە لە پەرلەمان چۆن دەتوانین یارمەتییان بدەین، جارێ وادەمێنێتەوە تاکو وەڵامەکە وەردەگرین، بەڵام هەواڵێكی دڵخۆشکەرە چونکە پشتگیرییەکی باشی کرێکاران دەکرێت، ئێمەش لەپەرلەمانی کوردستان لیژنەی مافی مرۆڤ پشتگیری ئەو هەنگاوەی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و ئەو هەنگاوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین".

سەبارەت بە کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کارکردن مەم ئەسکەندەر دەڵێت "ئەو هەنگاوە یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆ کرێکاران و زیادکردنی کرێی رۆژانەو کەمکردنەوەی کاتژمێری کارکردن کارێکی زۆر باشە، ئێستا بەپێی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان، وەزارەت توندوتۆڵترە لەسەر خاوەنکارەکان کە دەبێت کرێکارەکانی خۆیان دەستەبەر بکەن، بۆ ئەوەی مەرجەکانی خانەنشینبوونی تێدابێت هەتا ئەگەر سبەینێ بگاتە تەمەنێک یاخود تووشی هەر ئەگەرێک بێت لەکاتی ئیشکردندا مافی خۆی و منداڵەکانی نەفەوتێت".

دەربارەی ئەومەرجانە کە دەبێت هەبێت لە خانەنشیندا مەم ئەسکەندەر گوتی "پڕۆژە یاساکە لەدەست وەزارەتی کاردایە لە قۆناغی کۆتاییە ئێمەش لە پەرلەمانی کوردستان چاوەڕێین بێتە ئێرە بۆ ئەوەی بیکەین بەیاسا، هەتا ئەو پڕۆژە یاسایەش نەیەت ئێمە نازانین مەرجەکان چین، چونکە تاکو ئێستا پشت دەبەسرێت بە یاسا کۆنەکان بۆ خانەنشینی".

بەگوێرەی یاسای 39ی ساڵی 1971ی عێراق کە لە ساڵی 2012 هەموار کراوەتەوە، هەر پیاوێک تەمەنی بگاتە 60 ساڵ و 25 ساڵ خزمەتی هەبێت خانەنشین دەکرێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین