سەندیکای کرێکاران: پێویستە کرێکار و خاوەن کار گرێبەستیان هەبێت ناوخۆیی

لاڤین عومەر: نوچەنێت

هاوڕێ حاجی جەمال لە بەشی راگەیاندنی سەندیکای کرێکاران دەڵێت، هەرکرێکارێک پێویستە گرێبەستی لە گەڵ خاوەن کار هەبێت، بە پێچەوانەوە خاوەن کار و کۆمپانیاکان ئەم هەلە دەقۆزنەوەو کێشە لە پێدانی مافی کرێکارەکان دروست دەکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە(28/ شوبات/ 2022) هاوڕێ حاجی جەمال، لەبەشی راگەیاندنی سەندیکای کرێکاران دەڵێت: هەر کرێکارێک بیانی بێت یان ناوخۆ کاتێک گرفت و کێشەی هەبوو دەبێ خۆی بێت داوای یاسایی تۆماربکات و ئێمەش پشتگیری لێدەکەین.

 بەشێک لەو  کرێکارە بیانییانەی کە دێنە ناوخاکی هەرێمی کوردستان بۆ کارکردن، لەلایەن هەندێ کۆمپانیای بیناسازی دووچاری گرفت دەبنەوەو موچەیان پێنادەن بەهۆی چەند بیانوویەکەوە کە خاوەن کۆمپانیا دروستی دەکات.

هاوڕێ حاجی جەمال سەبارەت بەو کێشەیە گوتی" ئە کرێکارە بیانییانە کە دێنە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، بەهیچ شێوەیەک ئەندامی سەندیکای ئێمە نین و ناشکرێن بە ئەندام، بەڵام بۆ هەر کێشەو گرفتێک کە هەیان بێت ئێمە لە هەر پارێزگایەک لقی سەندیکای کرێکارانمان هەیە، هەر کرێکارێک کێشەو گیروگرفتی هەبوو دەبێت خۆی بێت داوای یاسای خۆی تۆمار بکات لەو خاوەن کۆمپانیا لە یەکێک لەو سەندیکایانەی کوردستان، هەر کەسەو بە پیشەی خۆی، بەڵام هەر کرێکارێک خۆی نەیەتە سەندیکا ئێمە ناتوانین هاوکاری بکەین، لەهەر شوێنێک کرێکارێک لەدەرگای سەندیکای دابێت ئێمە بە سنگێکی فراوان بەدواداچوونمان بۆ کێشەکانیان کردووە".

حەیدەر حوسینی، کرێکارێکی عەرەبی خەڵکی دیوانییەیە، لە شاری هەولێر کاردەکات باس لە گرفتەکەی خۆی دەکات"خاوەن کۆمپانیاکان لەدوای تەواو بوونی کارەکانمان بیانوی ئەوەمان پێدەگرن، کە کارەکانمان بە جوانی نەکردووە وێڕای ئەوەی کە ئێمە ئەرکی خۆمان تەواو دەکەین پێش ئەو کاتەی کە ئەوان دەیانەوێت، جگە لەوەش هەڕەشەی ئەوەمان لێدەکەن کە داوای یاساییمان لەسەر تۆمار دەکەن کە جارێکی کە نەتوانین بێینە هەرێمی کوردستان بۆ کارکردن، ئەگەر سکاڵا تۆماربکەین، ناتوانین بەم شێوە پارە بۆ کەسوکارمان دابین بکەین لە باشوری عێراق کاری وانییە بیکەن بۆ بژێوی مندالەکانمان لە هەرێمی کوردستانیش بەمجۆرە مامەڵەمان لەگەڵ دەکرێت".

هاوڕێ حاجی جەمال، جەخت لە هەبوونی گرێبەست لە نێوان کرێکار و خاوەن کاردەکاتەوە "هەر کرێکارێک پێش دەستبەکار بوونی دەبێت گرێ بەست لەگەڵ ئەو خاوەن کارەبکات، ئەو رێککەوتنەی کەوا لەسەر خاوەنکارە دەنوسرێت، و ئەو رێککەوتنەی کرێکار دەبێت پابەند بێت دەنوسرێت لەو گرێبەستەدا، بەڵام بەداخەوە کرێکارەکانی خۆمان کرێکارە بیانییەکانیش هیچ گرێبەستێکی کارکردنیان نییە، بۆیە خاوەنکارەکان ئەم هەلە دەقۆزنەوەو دژی کرێکارەکە بەکاری دەهێنن، گرێبەستیش هاتبێت دەبێت بە زمانی دایک ببەسترێت، ئەگەر کوردبێت دەبێت بە کوردی بێت، ئەگەر عەرەبیش بێت دەبێت گرێبەستەکە بە زمانی عەرەبی ببەسترێت، بۆ ئەوەی هەر کێشەو گرفتێک هەبێت من تێبگەم لە گرفتەکە، بۆ ئەوەی خاوەن کۆمپانیاکە نەتوانێت هیچ شتێکی نایاسای بکات بەرامبەر ئەو کرێکارە، و هەندێک جاریش کرێکارەکە خۆی پشتگوێی دەخات".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین