سه‌رۆك و سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سكرتێرى گشتیى UN كۆبوونه‌وه‌ کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان لە  کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ڕۆڵى یۆنامى لە ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ئۆکتۆبەرى ساڵى ڕابردووى عێراق بەرزنرخێندرا.

دوێنى هەینى (18/شوبات/2022) له‌ چوارچێوه‌ى چالاكییه‌كانیاندا له‌ كۆنفرانسى ئاسایشى میونشندا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و مه‌سروور بارزانى، سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس، سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كۆبوونه‌وه‌.

هەروەک لە ڕاگەیێندراوى کۆبوونەوەکەدا هاتووە، "به‌ڕێزان سه‌رۆك و سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، سوپاسى پشتگیریى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیان له‌ عیراق كرد، به‌تایبه‌تى ڕۆڵى (یۆنامى) له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى عیراقدا و هیواى به‌رده‌وامیى یارمه‌تیدان و پشتگیریى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌ عیراق خواست."

سەرۆکایەتیى هەرێم لە بەشێکى ترى ڕاگەیێندراوەکەیدا دەڵێت،  سەبارەت بە "به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كانى داعش، هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ داعش هێشتا مه‌ترسییه‌كى جددى و ڕاسته‌قینه‌یه و له‌ عیراق و سووریا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئارامى و سه‌قامگیرى ده‌كات."

هاوكات لە كۆبوونەوەكەدا هه‌ر باس گرنگیى هه‌ماهه‌نگیى هه‌ولێر و به‌غدا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆر كرا و "جه‌خت له‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ هه‌مووان كار بكه‌ن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئارامى و سه‌قامگیرى بۆ عیراق، چونكه‌ به‌ نائارامى و ناسه‌قامگیرى، پرۆسه‌ى سیاسى بنكۆڵ ده‌كرێت، بۆ ئه‌مه‌ش نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌توانێت یارمه‌تیده‌ر بێت."

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى و مەسرور بارزانى، لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس "خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن له‌ كاتى خۆیدا." هەروەها دوا بڕیارى دادگه‌ى باڵاى فیدرالیى عیراق ده‌رباره‌ى یاساى نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمى كوردستان و ئه‌گه‌رى سه‌ردانى به‌ڕێز سكرتێرى گشتى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق دواى پێكهێنانى حكوومه‌تى تازه‌ى فیدرالى له‌ عیراق، تاوتوێ کرد.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین