عیماد رەفعەت: هاوینی ئەمساڵ هەولێر رووبەرووی کەم ئاوی دەبێتەوە کوردستانی

لاڤین عومەر: نوچەنێت

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، هۆشداری لە کەمبونەوەی ئاو دەدات و دەڵیت: لە مانگەکانی (7 و 8) شاری هەولێر رووبەرووی کەم ئاوی دەبێتەوە.

ئەمڕۆ شەممە(9/نیسان/2022) عیماد رەفعەت ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، سەبارە بەو پرسیارەی کە ئایا ئەمساڵیش شاری هەولێر رووبەرووی کەم ئاوی دەبێتەوە؟ لە لێدوانێکی تایبەت بۆ نوچەنێت گوتی: بەڵێ، بۆ ئەمساڵیش رووبەڕووی کارەساتی کەم ئاوی دەبینەوە، بەتایبەتی لە مانگی(7، 8) چونکە پێکهاتەی شاری هەولێر لە رووی سروشتییەوە وایە، هەندێ شوێنی نیشتەجێبون بەرزە ئاویان کەم بۆ دەڕوات، ئەوکاتەی کە بودجە نەبوو نەتوانرا هەندێ پڕۆژە بۆ ئەم مەبەستە جێبەجێبکرێت.

بە پێی زانیارییەکانی نوچەنێت، کۆمەڵێک بیری ئاو کە بۆ دابینکردنی ئاو بۆ گەڕەکەکانی شاری هەولێر تەرخانکراون وشک بوون. هەوڵ دەدرێت بیری دیکە لێبدرێت و جێگەی بیرە وشکبووەکان بگرێتەوە، بەڵام عیماد رەفعەت دەڵێت: ئێمە چەند ساڵە هاواردەکەین، کە هاوڵاتییان زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاودا دەکەن، پێویستە بزانن کە دواتر رووبەرووی کەم ئاوی دەبنەوە. بۆیە جاریوا هەبوو 900 مەتر بیر هەڵکەندراوە بەڵام نەگەیشتووەتە ئاو، دەبێت بزانین کە لە هەموو جیهان کێشەی وشکەساڵی هەیە.

یەکێک لە هۆکارەکانی دیکەی کەم ئاوی بە رای عیماد ئەحمەد ئەوەیە: هەولێر بە بێ پلان گەورەو فراوانکراوە. رێژەی دانیشتوانی زۆربووە، ئەمەش هۆکارێکی ترە کە دووچاری کەم ئاوی دەبینەوە. ماڵ هەیە بە قەد دەماڵ ئاو بەکاردەهێنێت.

بە پێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، تا کۆتایی ساڵی 2021 ، 49 هەزار و 585 هەزار بیر بە مەبەستی ئاوی خواردنەوە، کشتوکاڵ و پیشەسازی لێدراون. ئەوە جگە لەم بیرانەی کە لەلایەن هاوڵاتییانەوە بە نایاسایی و بەبێ مۆڵەت هەڵکەنراون بۆ مەزرەعەو بەکارهێنانی ئاوی رۆژانە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین