سەرۆک نێچیرڤان بارزانى: دەستوەردانی حیزبی رێگرە لەبەردەم پێشکەوتنی هێزەکانى پێشمەرگە کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە ڕایگەیاند،"وەکو پێویستییەکی نیشتمانی، داوا لە پارتى و یەکێتى دەکەم دەستوەردان لە کاروباری پێشمەرگەدا رابگرن."

ئەمڕۆ پێنجشەممە (26/ئایار/2022) بە ئامادەبوونى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان  لە رێوڕەسمى دەرچوونى خولى (27)ـى کۆلێژى سەربازیى دووەمى زاخۆ و بەڕێوەچوو و و تێیدا وتارێکى پێشکەشکرد.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، لە وتارەکەیدا سەرەتا لە وتارەکەیدا پیرۆزبایى لە (499) دەرچووەی خولی (27)ی بنەڕەتیی کۆلێژی سەربایی دووەمى زاخۆ کرد و گووتیشى، "من دەمەوێت پیرۆزباییەکی تایبەت لە ئەفسەر ئیلدات ئەبریم یەلدەخانی بکەم کە تاکە قوتابی و دەرچووی مەسیحییە لەو خولەدا. هیوادارم لە خولەکانی داهاتوودا ژمارەیەکی زۆر مەسیحی و تورکمان و ژمارەیەکی زۆر لە خوشک و برا ئێزدییەکانیش بەشداربن."

 فەرماندەى گشتیى هێزەى پێشمەرگەى کوردستان، لە بەشێکى ترى وتارەکەیدا سوپاى سەرۆک مەسعود بارزانى کرد و ئاماژەى بەوەشکرد، "لەو دەرفەتەدا (60) ساڵ بوون بە پێشمەرگایەتیی سەرۆک بارزانی و خزمەتی جەنابیان لەپێناو دۆزی رەوای کوردستان پیرۆز و بەرز دەنرخێنین."

سەبارەت بە جموجۆڵى تیرۆریستانى داعش، سەرۆکى هەرێمى کوردستان هۆشدارى دال ە زیادبوونى چالاکییەکانى داعش لە هەندێک ناوچە، بەتایبەتی لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان.

هەروەها جەختى لەوەکردەوە، "پێشمەرگە پێویستی بە هەموو پێداویستییەکی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتووی سەربازییە، پێشمەرگە تاوەکو ئێستا بە چەکی زۆر سادە بەڵام بە فیداکارییەکی زۆر و خوێنی خۆی زۆر قارەمانیی پیشانداوە و زۆر داستانی گەورەی لە بەرخوداندا تۆمارکردووە. ئێستا پشتیوانیکردنی پێشمەرگە لەلایەن حکومەتی فیدراڵیی عێراق و هاوپەیمانانەوە زۆر پێویستە، ئێستا زۆر پێویستترە لە جاران."

سەبارەت بەدەستوەردانى حیزبى لە ناو هێزەکانى پێشمەرگە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى ڕاگەیاند، "جارێکی دیکە لێرەوە وەکو داخوازییەکی خەڵکی کوردستان، وەکو پێویستییەکی نیشتمانی، وەکو ئەرکی یاسایی خۆم داوا لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەم دەستوەردان لە کاروباری پێشمەرگەدا رابگرن."

ئەوەش لە وتارەکەیدا هاتبوو، "دەستوەردانی حیزبی لە کاروباری پێشمەرگەدا رێگرە لە پێشکەوتنی پێشمەرگە و وادەکات بەردەوام مەترسیی ئەوە هەبێت پێشمەرگە بکەنە بەشێک لە ناکۆکیی حیزبی، ئەوەش مەترسییەکی جیدییە لەسەر پرۆسەی دیموکراسی و یەکڕیزی و یەکێتیی هەرێمی کوردستان."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین