عومەر سدیق: لەپێناو دروستکردنى یەکڕێزى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى تائێستا (30) کۆبوونەوەى لەگەڵ لایەنەکان ئەنجام داوە میدیا

نوچەنێت:

بەرپرسى بەشى هەماهەنگى و بەدواداچوون لە نووسینگەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لە دیمانەیەکدا لە (22-5-2022) لەگەڵ رووداو، سەبارەت بە هەوڵەکانى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ دروستکردنى یەکڕێزى و یەکخستنى هێزە سیاسییەکان و خستنەڕووى دواین دەستپێشخەرى جەنابیان، لە چوارچێوەى سەردانییەکەى بۆ سلێمانى ڕایدەگەیێنێت، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، هەر دەستپێشخەرێکى هەبوو بێت، ئەوان بە ئەرێنى وەڵامیان هەبووە بۆ دەستپێشخەرییەکانى جەنابیان، ئێمە وەک سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان چاوەڕوانیمان هەیە بۆ ئەو دەستپێشخەرییەى جەنابیان، کە بۆ لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستانى کردووە، بۆ تێپەڕبوون لەو بەستەڵەک و گرژییەى کە هەیە، بۆ ئەوەى دەرچەیەک بدۆزینەوە و هەموولایەک پێى ڕازى بین، وە لە خزمەت هەرێمى کوردستان و خەڵکەکەى بێت.

عومەر سدیق، بەرپرسى بەشى هەماهەنگى و بەدواداچوون لە نووسینگەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە بەشێکى ترى دیمانەى دەڵێت، هەر چالاکی و جووڵەیەک، کە بزانرێت لە خزمەتى دووبارە پێکهێنانەوە و لێکنزیکردنەوەى لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستانە، بە دڵنیاییەوە جەنابى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، وەک سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان ئەو هەنگاوە دەنێت.

 

دەقى دیمانەى عومەر سدیق، بەرپرسى بەشى هەماهەنگى و بەدواداچوون لە نووسینگەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان  لەسێ ساڵدا (30) کۆبوونەوەى لەگەڵ لایەنەکان ئەنجامداوە بۆ دروستکردنى یەکڕێزى

ــ دواى سەردانییەکەى نێچیرڤان بارزانى بۆ سلێمانى و بەستەڵەکى سیاسى لە نێوان لایەنە سیاسییەکان و ساردوسڕییەک هەبوو، لە بەیانییەوە قۆناغێکى تازە دەستپێدەکات، چاوەڕێ دەکرێ گەرموگوڕییەک و هاتووچۆیەک لە نێوان لایەنە سیاییەکاندا دروست بێتەوە؟

عومەر سدیق: بەپێى ئەوەى کە لە ڕابردوودا هەبووە، بە سوپاسەوە لایەنە سیاسییەکانى کوردستان دەتوانین بڵێین بە جیاوازى، ئەگەر جەنابى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، هەر دەستپێشخەرێکى هەبوو بێت، ئەوان بە ئەرێنى وەڵامیان هەبووە بۆ دەستپێشخەرییەکانى جەنابیان، ئێمە وەک سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان چاوەڕوانیمان هەیە بۆ ئەو دەستپێشخەرییەى جەنابیان، کە بۆ لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستانى کردووە، بۆ تێپەڕبوون لەو بەستەڵەک و گرژییەى یان با بڵێین ململانێیەى کە هەیە، بۆ ئەوەى دەرچەیەک بدۆزینەوە و هەموولایەک پێى ڕازى بین، وە لە خزمەت هەرێمى کوردستان و خەڵکەکەى بێت.

ــ دەرچەکە چییە، پلانى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان چییە بۆ ئەوەى دەرچەیەکى سیاسی بدۆزرێتەو؟

عومەر سدیق: دەرچەکە ڕێککەوتنێکى گشتییە کە ڕەزامەندى هەموو لایەنە سیاسییەکانى لەسەر بێت، هەم ئەوانەى لەناو دەسەڵاتن هەم ئەوانەى ئۆپۆزیسیۆنن، چوارچێوە گشتییەکەى دەستوورى عێراقە، پڕۆژەى ڕەشنووسى دەستووریى هەرێمى کوردستانە، ئەو یاساییە بەرکارانەى لە هەرێمى کورستان دا هەن، بۆ پاراستنى هێزە سیاسییەکان و بەرقراربوونى ئاسایش و سەقامگیرى، وە هەروەها بۆ خزمەتکردنى زیاترى هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان.

ــ بەپێى زانیارییەکان، کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ لایەنەکان بەتایبەتى ئەو کۆبوونەوانەى ئێستاش کراوە، بە جۆرێک لە جۆرەکان پێشنیازى کۆبوونەوەیەکى فراوانکراوە لە سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان، بە ئامادەبوونى هەموو لایەنە سیاییەکان، لایەنەکان بە ناڕاستەوخۆ بانگهێشتکراون بۆ کۆبوونەوەیەک، هیچ ئامادەکارییەک کراوە بۆ ئەوەى کۆبوونەوەیەک لە سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان بکرێت؟

عومەر سدیق: هەر چالاکییەک، جووڵەیەک، کە بزانرێت لە خزمەتى دووبارە پێکهێنانەوە و لێکنزیکردنەوەى لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستانە، بە دڵنیاییەوە جەنابى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، وە سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان ئەو هەنگاوە دەنێت.

بۆ بەبیرهێنانەوە لە ماوەى سێ ساڵى ڕابردوو، جەنابى سەرۆکى هەرێمى کوردستان نزیکەى (30) جار زیاتر دانیشتن و کۆبوونەوەى جیاواز، وە هەروەها کۆبوونەوەى گشتیشى لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان هەبووە، تەنها لە پێناو بەرەوپێشبردن و گەشەپێدانى ئەو پێکەوەژیان و ئارامیەى لە هەرێمى کوردستاندا هەیە لە نێوان لایەنە سیاسییەکان، بە دڵنیاییەوە بۆ داهاتووش هەمان هەنگاو دەنێت.

ــ یانى لە سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان هیچ ئامادەکارییەک کراوە، بۆ ئامادەکردنى ئەجندایەک بۆ کۆبوونەوەیەکى فراوانى لایەنە سیاسییەکان؟

عومەر سدیق: بێگومان وەک گوتم، هەر هەنگاوێک ئەگەر کۆبوونەوەکە دوو بە دوو دەست پێبکات تا دەگاتە ئەوەى ک کۆبوونەوەیەکى بەرفراوان بکرێت بۆ ئەوەى بتوانرێت ڕەزامەندى  گشتى و ڕێککەوتنى هەمە لایەنەى لێبکەوێتەوە، بە دڵنیاییەوە ئەو هەنگاوانە هەمووى پێشبینکراوە، بۆیە بە دیاریکراوى ناتوانرێ بگوترێ لە ماوەى هەفتەیەک یان دووانى تر ئەم کۆبوونەوە گشتییە ئەنجام دەدرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە یەکێکە لە بژاردەکان، پاش ئەوە ڕەنگە کۆبوونەوەى زیاترى بەدواوە بێت لە نێوان لایەنە سیاسییەکان، وە لە کۆتایی دا بە تاکید لە سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان، دواى ڕەزامەندى و بە بەدەمەوە هاتنى داواکەى جەنابى سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئەم کۆبوونەوەیە چاوەڕوانکراوە.

ــ ئەوەى لە ماوەى ڕابردوو زیاتر زەق بوو ناکۆکى نێوان پارتى و یەکێتى بوو لە هەرێمى کوردستان، ئەم سەردانە ئەو ساردییە کەم دەکاتەوە یان وا دەکات کۆبوونەوەى مەکتەبى سیاسى هەردوولاى بەدواوە بێت؟

عومەر سدیق: ئەوەى کە لە لێدوانى هەردوولا، پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان، وە هەروەها حیزبەکانى تریش، لەماوەى چەند ڕۆژى ڕابردوو پاش ئەوەى هەوڵەکان چڕبوونەتەوە تا گەیشت بە ئەمڕۆکە، ڕاستەوخۆ و ڕووبەڕوو، وە بە کردارى سەردانەکان دەستى پێکرد، هەموویان پێشوازى لەم جۆرە دەستپێشخەرییە دەکەن، وە بە دڵنیاییشەوە پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان ئەو ساردیەى هەیە تێیدەپەڕێنین بە تجروبەى ڕابردوو.

ــ ئەم هەوڵانەى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، جەنابت پۆستێکى فەرمیت هەیە لە سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان، بەڵام کادیرى پێشکەوتووى پارتى و پەرلەمانتارى پێشووى پارتیشى، لە چوارچێوە گشتییەکەى هەوڵەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ کرانەوە بەڕووى لایەنەکانى دیکە، ئەم هەوڵانەى ئێستاى نێچیرڤان بارزانى، لە کوێى هەوڵە گشتیگیرییەکەى پارتى دیموکراتى کوردستان جێگەى دەبێتەوە؟ 

عومەر سدیق: جەنابى کاک نێچیرڤان بارزانى، جێگرى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستانە، ئەو جووڵە و چالاکییانەى کە هەیەتى، لە بوارى سیاسییە چ وەکو پێگە حیزبییەکەى چ وەکو پێگەى ڕەسمى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، ڕەنگدانەوەى بەشێکە لە سیاسەتى گشتى پارتى دیموکراتى کوردستان، بۆیە ئەم دەستپێشخەرییە بەشێکە لەو گەنگەشە و گفتووگۆیەى لەنێو خودى پارتى خۆیدا هەبووە، پاشان بەشێوەیەکى فەرمى پراکیزە دەکرێ.

ــ ئەمە هەنگاوى دیکەى بە دوا دادێت، مەبەستم کۆبوونەوەى پارتى و یەکێتییە؟

عومەر سدیق: بە دڵنیاییەوە، کۆبوونەوەى دوو قۆڵى و سێى قۆڵى بە دوایدا دێت، تا دەگاتە ئەوەى کە کۆبوونەوەیەکى هاوبەشى گشتگیر، هەموو حیزبە سیاسییەکانى تێدا بێت.

ــ ئەو کۆبوونەوانە لە سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان ئەنجام دەدرێت؟

عومەر سدیق: هەموو شتێک چاوەڕوانکراوە، بەڵام با پێش ڕووداوەکان نەکەوین.

ــ ئامادەکارى کراوە؟

عومەر سدیق: بێگومان ئامادەکارى کراوە.

ــ کۆبوونەوەى ئەمڕۆ بەشێکە لەو ئامادەکارییە؟

عومەر سدیق: بەڵێ.

ــ ئەو خاڵانەى کە بڕیاروایە لە کۆبوونەوەى فراوان گفتووگۆى لەسەر بکرێ چییە، خەڵک پێیوایە لەسەر سەرۆکایەتیى کۆمار بۆ نموونە جارێکى دیکە کێشە لە نێوان پارتى و یەکێتى دروست بێتەوە، گفتوگۆى لەسەر دەکرێتەوە ئەو بابەتە، بەتایبەت پۆستى سەرۆک کۆمار، کە ئیتر ئەوە پارتى و یەکێتى بە تەواوى لە یەکتر دوورخستەوە؟

عومەر سدیق: ئێمە چوارچێوەیەکى گشتیمان هەیە، کە جووڵەى ئێمە وەکو ئەحزابى سیاسى هەرێمى کوردستان، لە چوارچێوەى عێراق دا چۆن دەبێت، دەستوورێکمان هەیە، کە نیزامێکى فیدراڵى بۆ عێراق دەستنیشانکردووە، وە هەرێمى کوردستان وەکو قەوارەیەکى سیاسى و ئیدارى، هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەیە کە ئەم چوارچێوەیە وەکو ئەوەى هەیە بمێنێتەوە، بە پێچەوانەوە بە هێزتریشى بکەین، بۆیە ئەو ڕێککەوتنانەى لەوانەیە لەسەر پۆستى سەرۆک کۆمارە، چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کاروبارەکانى هەرێمى کوردستانە، لەڕووى دارایى و کارگێڕییەوە، بابەتى دادوەرییە، چۆنیەتى مامەڵەکردنە لەگەڵ ئەحزابى ئۆپۆزیسیۆن کە ئێستا بەشدارن نین لەناو کابینەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، وە هەر چالاکییەکى تر، لەوانەیە لەناو ئەو کۆبوونەوانە بخرێتەڕوو، بەڵام چوارچێوە گشتییەکە ئەوەیە، وە ئەوەشى کە خاڵى ئەولویەت و لە پێشینیە، ئەو بابەتانەن کە بابەتى ڕۆژن، کە ئێستا باس دەکرێن، پۆستى سەرۆکى سەرۆک کۆمارە، وە چۆنیەتى بەشداریکردنى کوردە لە حکوومەتى داهاتووى عێراق، ئەگەر پێکبهێندرێ لە ماوەى چەند مانگى داهاتوو، وە چۆنیەتى بەشدارکردن و مەرجەکانى کورد، ئەوانە گرنگترین ئەو خاڵانەن بە بۆچوونى ئێمە کە لە کۆبوونەوەکانى داهاتوودا قسە و باسیان لە بارەوە بکرێ. 

ــ دواى کۆبوونەوەى لەگەڵ بزووتنەوەى گۆڕان، بڕیار وایە سەرۆکى هەرێمى کوردستان سەردانى کۆمەڵى دادگەریى کوردستان بکات، لەوێ پڕۆژەیەکیان ئامادەکردووە بۆ چارەسەرى ئەو قەیرانانەى کە هەیە، کەواتە قەیران هەیە بۆیە پڕۆژەش هەیە بۆ چارەسەر، پێتوایە خەڵک دواى ئەم سەردانیانە ئومێدێک دەبینێت بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشانەى کە لە هەرێمى کوردستان دا هەیە، پێتوایە ئەو پڕۆژانەى کە هەن چارەسەرێکى با بڵێن ئەگەر خێراش بێت بۆ دۆخەکە بێنێتە ئاراوە؟

عومەر سدیق: جەنابى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بە بیروباوەڕێکى قووڵ و پتەوەوە، باوەڕى بەوە هەیە حیزبە سیاسییەکانى کوردستان، بەشدار ببن لە ڕەسمى سیاسەتى گشتیى هەرێمى کوردستان ئەگەر بەشێکن لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان، ئەگەر بەشێکیشن لە ئۆپۆزیسیۆن، چونکە ئەوان لە کۆتایی دا بەشێکن لە پێکهاتەى هەرێمى کوردستان، بە بەڵێ بە دڵنیاییەوە هەر پڕۆژەیەک هەبێت، ئیمکانیەتى جێبەجێکردنى هەبێت، سوودى لێدەبیندرێ، بەڵام لە سەدا چەندى لێوەردەگیرێ ئەوە بابەتێکى ترە. 

ــ لەماوەى ڕابردوو بابەتى هەڵبژاردن و پرسى دەستوور لە هەرێمى کوردستان، دوو بابەت بوون کە هەم لە ناو پەرلەمان هەم لەناو لایەنە سیاسییەکان و ناو سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان و خودى سەرۆکى هەرێمى کوردستانیش جۆرێک لە دابەشکردنى ئەدوارکرابوو بۆ ئەوەى لایەنەکان لەسەر ئەم بابەتە ڕێکبکەون، لە سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان هیچ ئامادەکارییەک کراوە بۆ ئەوەى لەسەر پرسى هەڵبژاردن و دەستوورى هەرێمى کوردستان، لایەنى کەم لەم خولەى پەرلەمانى کوردستان هەرێمى کوردستان ببێتە خاوەنى دەستوور، هیچ ئامادەکارییەک کراوە بۆ ئەمە؟ 

عومەر سدیق: بەڕێزتان ئاگادارن لە ماوەى ڕابردوو جەنابى سەرۆکى هەرێمى کوردستان هەم بە نووسراوى هەم بە چوارچێوەى ئەو کاروبارانەى کە لە سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان بە هەندێ بەڕێز ڕاسپێردراون، یەکێک لەوانە پرسى پڕۆژەى دەستوورى هەرێمى کوردستان بووە، وە دواتریش بە هەمانشێوە بۆ هەڵبژاردنەکانیش، یانى هەواڵى جددى هەبوون لەگەڵ سەرۆکایەتیى پەرلەمانى کوردستان و فراکسیۆنەکان، بۆ ئەوەى ڕێککەوتنێک لەم بارەیەوە بێتەئاراوە. 

هەموو ئەم هەوڵانە لەدەرەوەى ڕاگەیاند بوون، بۆ ئەوەى ئەو خاڵانەى کە جیاوازى لەسەرە، فۆکەسیان زۆر لەسەر نەکرێ، بە هۆى دروستبوونى ئەو دۆخە سیاسەى کە لە عێراق و هەرێمى کوردستان هەیە، وەکو پێشووتر نەچووە پێشەوە.

ــ  بەو پێیەى سەرۆکى هەرێمى کوردستن فەرماندەى هێزە چەکدارەکانە، لەماوەى ڕابردوو چەند جارێک بوونەوە کرا لەگەڵ وەزارەتى پێشمەرگە و فەرماندەکانى پێشمەرگە بۆ یەکخستنى هێزى پێشمەرگەى کوردستان، ئێستا ئەم دۆسیەى لە سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان گەیشۆتە کوێ، وە هاوپەیمانان کە ئەمڕۆ سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە وتارەکە زۆر بەڕوونى باسکرد، گوشارى تازەیان هەیە یەکخستنى هێزى پێشمەرگەى کوردستان؟

عومەر سدیق: ئێمە ناڵێین گوشتار، هاوکارى بەردەوامى ئێمەن هەم لە سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان هەم حکوومەت و لە ئاستى وەزارەتى پێشمەرگە و هێزى سەربازیى، چونکە لە ماوەى ڕابردوو هێزى هاوپەیمانان لە بابەتى مەشق پێکردن، چۆنیەتى یەکگرتنەوە  و بابەتى دارایى هاوکارییەکى زۆرى هەرێمى کوردستان بوون، وە پاڵنەرێکى زۆرى هێزەکانن بۆ ئەوەى یەکبگرنەوە، لەسەر ئەساسى ڕێچکەیەکى ڕوونى سەربازى، وە بەڕاستى وەکو جەنابى سەرۆکى هەرێمى کوردستان کاک نێچیرڤان بارزانى ئاماژەى پێدا، یەکەم خاڵ کە پێویستمانە متمانە و باوڕە بۆ دروستبوونى ئەم بابەتە.

 ئەگەر بابەتیانە خوێندنەوەى بۆ بکەین، بە بارودۆخێکى سەختدا هەڵبەز و دابەز تێپەڕیوون لە ماوەى بیست ساڵى ڕابردوو، نەمانتوانیوە ئەو بەربەستە دەروونییە دەربکەین لەلاى خۆمان، بۆیە تا ئێستا نەتوانراوە لەسەدا سەد ئەم بابەت یەکلا ببێتەوە و بەرەوچارەسەر بڕوات، بەڵام ئێستا ژمارەیەکى زۆر لە لیوا و یەکەى سەربازیى ئامادەن بۆ ئەوەى بە تەواوى یەکبگرنەوە، هەروەها لە لایەنى ئیدارى و سەربازیشەوە ڕێنماییەکان تەقریبەن یەکخراونەتەوە، ئەمە جێگەى دڵخۆشییە بۆ هەرێمى کوردستان.

ــ سەبارەت بە تۆخبوونەوى زۆنى زەرد و سەوز، ئێستا ئەم بابەتە لەسەر ئەنجوومەنى ئاسایش قسەى لەسەر دەکرێ، زۆربەى نێردەى تایبەتى نەتەوەیەکگرتووەکان باسى ئەم مەترسییە دەکات لە هەرێمى کوردستان، دەڵێت: تۆخبۆتەوە، چى دەکەن لە سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان بۆ ئەوەى ئەم دەستەواژانە زۆنى زەرد و سەوز ئیدى لە هەرێمى کوردستان بەکارنەهێت دواى ئەو هەموو ساڵە؟

عومەر سدیق: هەر هەوڵێک هەبێت، بۆ ئەوەى دۆخەى بەداخەوە هەیە بسڕێتەوە، لە سەرۆکایەتیى هەرێم پێشوازى لێدەکرێت، بە هەمانشێوە جەنابى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و دیوانى سەرۆکایەتیى هەرێم هەموو ئەوانەى کە لە سەرۆکایەتیى هەرێم کاردەکەن بەو ئاراستەیە کاردەکەن، کە ئەمجۆرە لێدوانانە نەبن، یان ئەگەر هەشبن لەلاى ئێمە زۆر کارى لەسەر ناکرێت، چونکە ئەو هەرێمەى کە هەیە هەموومان تێیدا دەژین، وە هەر هاووڵاتییەک لە هەر یەکێک لە شارەکان ئەگەر بچووک بێت یان گەورە، ئەگەر هاووڵاتى ئەو هەرێمەیە، بۆیە پێویست ناکات بەو زمانەى کە هەیە بەداخەوە قسە بکەین، وە ئەوە کاریگەریى نەرێنى لەسەر بارى دەروونى هاووڵاتییان بەگەشتى هەیە، کاریگەرى لە سەر دۆخى، ئابوورى، کارگێڕى و متمانەى هاووڵاتیان هەیە، بۆ ئەوەى کە لێرە ژیان بکەن یان بمێننەوە یان نەمێننەوە.

ئێمە لە چوارچێوەى وڵاتێکى لەرزۆک و ناجێگیردا، لە ناوچەیەکى ناسەقامگیردا دەژین، بۆیە پێویستمان بەو جۆرە لە قسە و لێدوان نییە، سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستانیش لە سێ ساڵى ڕابردوودا لەسەر ئەو ئاراستەیە کارى نەکردووە، بگرە بە پێچەوانەوە بەردەوام لەسەر یەکبوون و یەکخستنى هێزەکانى  پێشمەرگە و هێزە سیاسییەکان و جەماوەرى خەڵکى کوردستان کارى کردووە.

س: رووداو

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە