ڕەنگدانەوەی سەفەرەکەی پاپا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە میدیای فارسی راپۆرت و شیکاری

ئاماده‌كردنى، نوچه‌نێت

سه‌ردانى پاپا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ڕووداوێکی گرنگ و مێژوویی هەم لە ئاستی ناوخۆ و هەم لە دەرەوە بوو و زۆربەی میدیاکانی ناوچە و جیهان گرنگییان بەو سەفەرە دا و جارێکی تر عێراق و هەرێمی کوردستان بوونە مانێشت و سەردێڕی ماڵپەڕ و ڕۆژنامەکانی جیهان. تەنیا جیاوازیی ئەوەیە کە ئەمجارە باسی ئاشتی و پێکەوەژیان و پێکەوەهەڵکردنە نەک باسی مووشەک و تەقینەوە و خۆکوژیی.

لەو نێوەدا میدیاکانی ئێران و بە گشتیی میدیا فارس زمانەکان لە ڕوانگەی جۆراوجۆرەوە باسی ئەو سەفەرەی پاپایان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کرد. لە درێژەدا هەوڵ دەدەین ئاماژە بە هەندێ لەو هەواڵ و شیکاریانە بکەین کە لە ماڵپەڕە فارس زمانەکان سەبارەت بەو سەفەرە بڵاو کراونەتەوە:

زۆربەی ماڵپەڕەکانی ناوخۆی ئێران هەوڵیان داوە دیداری پاپا و ئایەتۆڵا سیستانی بەرجەستە بکەنەوە. ماڵپەڕی هەواڵنێری "جمهوری اسلامی" وێرای ئاماژە بە وتارێک کە لە ڕۆژنامەی ئێران (ڕۆژنامەی فەرمی کۆماری ئیسلامی) بڵاو بووەتەوە و لە لایەن ئەبولحەسەن نەواب سەرۆکی "زانکۆی ئایین و مەزهەبەکان" لە تاران نووسراوە، دیداری پاپا و ئایەتۆڵا سیستانی بە سەرکەوتنی مەسیحییەت و شیعە ناو دەبات. نەواب لەو بابەتەدا دەنووسێت ئامانجی سەرەکی سەفەری پاپ بۆ عێراق لە پلەی یەکەمدا بۆ دڵنەوایی لە کریستیانەکان ئەنجام درا کە لەو چەند ساڵەی دواییدا و بە تایبەت بە هۆی پەلامارەکانی داعش زیان و خەسارێکی زۆریان بەر کەوتووە. ئامانجێکی تری ئەو سەفەرە بریتی بوو لە دیدار لەگەڵ عه‌لى سیستانی بە مەبەستی نزیککردنەوەی ئایینەکان و بە تایبەت کریستیانی و شیعەکان لە یەکتری. بە وتەی نووسەر ڕوانگەی ئەرێنی پاپا سەبارەت بە مەزهەبی شیعە دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامیی بە مەبەستی پەرەپێدان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ڤاتیکان لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوو و دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی لە ئێران لە ساڵی ١٩٧٩دا. هەڵبەت لە کۆتاییدا نووسەری ئەو وتارە ئاماژەی بەوە کردووە کە نابێ چاوەڕوانی ئەوە بین کە دوای ئەو دیدارە ئاشتی بگەڕێتەوە بۆ عێراق، چونکە تا کاتێ وڵاتانی زلهێز دەستێوەردانی ئەو وڵاتە بکەن، ناکرێ چاوەڕوانی گەڕانەوەی ئاشتیی و هێمنی بۆ ئەو وڵاتە بین.

ماڵپەڕی "جمهوری اسلامی" لە ڕاپۆرتێکی تردا بە ناوی "ناردنی پەیامی ئاشتیی لە گەڕەکێکی تەسکی نەجەفەوە بۆ جیهان"، وێرای ئاماژە بە دیداری پاپا و  سیستانی دەنووسێت: پاپا پێش ئەوەی بۆ عێراق سەفەر بکات، ئاماژەی بەوە کردبوو کە دیدار لەگەڵ سیستانی یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی سەفەرەکەی. ئەو دیدارە گرنگییەکی تایبەتی بۆ میدیاکانی جیهان هەبوو و بە شێوەیەکی تایبەت بڵاویان کردەوە. بە پێی ئەو ڕاپۆرتە زیاتر لە ٣٣٠ هەواڵنێری و کەناڵی تەلەڤزیۆنی بە زمانی جیاواز لە جیهان هەواڵەکانی تایبەت بە دیداری ئەو دوو ڕابەرە ئایینییەیان بڵاوکردەوە. لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و داڕووخانی ڕژێمی سەدام تا ئێستا هیچ کات هەواڵەکانی تایبەت بەو وڵاتە ئەوەندە لە ئاستی جیهانیدا گرنگیان پێ نەدرابوو.

330 كه‌ناڵى جیهانى سه‌ردانه‌كه‌ى پاپایان گواستووه‌ته‌وه‌

ماڵپەڕی "بی بی سی فارسی"، لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی ٧ی ئازار، بە قەڵەمی مێهرداد فەرەهمەند ئامادە کراوە باسی کەسانی ڕازیی  و ناڕازیی لە ئێران و عێراق لە دیداری پاپا و سیستانی دەکات و لەو بارەوە دەنووسێت: پاپا بۆ دیدار لەگەڵ سیستانی نەچوو بۆ عێراق بەڵکو ئەو دیدارە لە چوارچێوەی ڕێوڕەسمی ئاسایی و هەمیشەیی سەفەرەکانی پاپدا ئەنجام درا. پێشتریش لە هەموو وڵاتاندا لەگەڵ ڕابەرانی ئایینی دیداری کردووە. پاپا لە عێراقیشدا پێش ئایەتۆڵا سیستانی لەگەڵ ڕاهیبانی کەنیسە و زانایانی ئایینی باڵای سوننە دیداری کرد. بەڵام ڕەنگدانەوەی دیداری پاپا و سیستانی لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق ئەوەندە بەرفراوان بوو کە گوایە سەفەرەکەی پاپا بۆ دیدار له‌گه‌ڵ سیستانی بە مەبەستی هەندێ داواکاریی سیاسیی ئەنجام درابێت. بە پێێ ئەو ڕاپۆرتە ئەو سەفەرە بە کردەوە لە قازانجی  سیستانی و فکرەکەی تەواو بوو. لە ناوخۆی عێراقدا، لە ناو سیکۆلارەکان و ئەهلی سوننەدا ناڕەزایەتییەکی ئاشکرا لەو دیدارە هەبوو. هۆکاریی ناڕەزایەتییەکان ئەوەبوو کە بەهێزکردنی پێگەی ئایەتۆڵا سیستانی، سەرەڕای ئەوەی تا ڕادەیەک لەگەڵ ئێران و ئیسلامگەرا شیعەکان جیاوازی هەیە دەبێتە هۆی باڵادەستی زیاتری شیعە لە بەرانبەر ئەهلی سونە و سیکۆلارەکاندا. چونکە بە هێزگرتنی شیعە، پێگەی ئێران و ئیسلامگەراکان پتەوتر و قایمتر دەبێتەوە.

هاوکات هەر لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئێران و هاوپەیمانەکانی لە عێراق هەرچەندە هەوڵیان دا بە شێوەی پڕۆپاگەندە لە دیداری پاپا و سیستانی لە قازانجی خۆیان کەڵک وەربگرن، بەڵام ئەوانیش ناڕەزایەتی خۆیان نەشاردەوە، چونکە بەو هۆیەوە پێگەی عه‌لى سیستانی لە بەرانبەر عه‌لى خامنەییدا وەک "ڕابەری شیعە" بەرجەستەتر بووەتەوە. میدیا و بەرپرسان و لایەنگرانی ئێران هەوڵیان دا زیاتر باسی ئەوە بکەن کە پێویستە پاپا ڕێز لە قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس بگرێت چونکە کریستیانەکانیان لە چنگی داعش ڕزگار کرد.

لە کۆتایی ئەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە دەرئەنجامی دیدارەکەی پاپ و ئایەتۆڵا سیستانی ئەوە بوو کە سیستانی وەک "ڕابەری شیعەکان" نیشان دا کە گوایە بە تەواوەتی لە ئایەتۆڵا خامنەیی جیاوازە. ژیانی سادەی سیستانی و جیاوازی بیروبۆچوونەکانی لەگەڵ خامنەیی و هەروەها ئەوەی کە سیستانی ڕێگای بە هیچ بەرپرسێکی حکومیی عێراق نەدا لەگەڵ پاپا بچێتە ماڵەکەیەوە، دەنگدانەوەیەکی بەرچاوی لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراقدا هەبوو. ئەوە وەک بەڵگەیەک بوو بۆ سەربەخۆیی مەرجەعی شیعە و ئەوانەی کە پێیان وابوو مەرجەع ناوەندێکی سەربەخۆیە زیاتر هیوادار بوون بەوەی کە سیستانی لە داهاتوودا بتوانێ عێراق لەو دۆخە نالەبارەی ئێستا ڕزگار بکات.

ماڵپەڕی "بی بی سی" لە بابەتێکی تردا کە ٦ی ئازار لە ژێر ناوی "دیداری پاپا لەگەڵ ئایەتۆڵا سیستانی و بێدەنگی مەرجەعەکان لە قوم" بڵاوی کردووەتەوە دەنووسێت: سەرەڕای ئەوەی سەفەری پاپا و دیدار لەگەڵ ئایەتۆڵا سیستانی لە میدیاکانی جیهاندا باسی لێ دەکرێ، بەڵام میدیاکانی ئێران وەک هەواڵێکی ئاسایی بڵاویان کردووەتەوە و زۆربەشیان پشتگوێیان خستووە. بۆ میدیاکانی نزیک لە دەسەڵاتی ئێران ئەو تەسبێحەی پاپ بە دیاری پێشکەشی ئایەتۆڵا سیستانی کرد، سەرنجڕاکێشتر لە بابەتە سەرەکییەکە بوو. هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە تەنانەت ماڵپەڕی هەواڵنێری فارس کە نزیک لە سوپای پاسدارانە بە گومانەوە سەیری ئەو دیدارەی کرد و داوای لە مەرجەعەکان کرد ئەوانیش لەو جۆرە دیدارانەیان هەبێت.

میدیاكانى ئێران زیاتر بایه‌خیان 
به‌ دیداره‌كه‌ى نێوان پاپا و سیستانى داوه‌

بە پێی ئەو ڕاپۆرتە سەرەڕای ئەوەی کە دەبێ ئەو دیدارە بۆ هەموو مەرجەعەکان و زانایانی شیعە گرنگ بێت و ڕۆیشتنی ڕابەری کاسۆلیکەکانی جیهان بۆ ماڵی مەرجەعێکی شیعە جێگای شادی و شانازیی هەموویان بێت بەڵام تا ئێستا مەرجەعەکانی قوم خۆشحاڵی خۆیان لەو دیدارە نیشان نەداوە. بە گشتیی پێدەچێت لە پێشبڕکێی ئاشکرا و شاراوەی نێوان قوتابخانەی نەجەف و قوتابخانەی قوم، لە ئێستادا بە هۆی دیداری پاپا فرانسیس و ئایەتۆڵا سیستانی، قوتابخانەی نەجەف براوەترە و ئەوەش دەتوانێت یارمەتی بە سیاسەتی ئاشتیخوازانەتر و دووریگرتنی کەسایەتییە ئایینییەکان لە دەستێوەردان لە کاروباری سیاسیی بدات.
 

هەر سەبارەت بە دیداری پاپا و ئایەتۆڵا سیستانی ماڵپەڕی "العربیە فارسی" لە ڕاپۆرتێکدا دەنووسێت کە براوەکانی دیداری ئایەتۆڵا سیستانی و پاپ بریتی بوون لە گەلی عێراق، حکومەتی عێراق و ماڵی سیستانی و حەوزەی نەجەف. لە بەرانبەردا کۆماری ئیسلامی ئێران لایەنی دۆڕاو بوو.

 

بەرجەستە کردنەوەی ناوی قاسم سلێمانی بابەتێکی ترە کە لە هەندێ میدیاکانی ئێراندا بەرچاو دەکەوێ. لەو بارەوە ماڵپەڕی فارسیی "Independent" لە ڕاپۆرتێکدا وێرای ئاماژە بە تویتێکی جێگری پەرلەمانی ئێران کە لە تویتەر بڵاوی کردووەتەوە، دەنووسێت: بە بێ گیانفیدایی قاسم سولەیمانی بۆ دابینکردنی ئاسایشی عێراق سەفەری پاپا بۆ ئەو وڵاتە ممکین نەدەبوو. 
هەواڵنێریی "مهر"یش لەو بارەوە دەنووسێت: حسێن ئەمیر عەبدوڵاییان جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە کاروباری نێودەوڵەتی لە ئەکاونتی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی: پاپا فرانسیس گەیشتە بەغدا. بە بێ گیانفیدایی ئەبوموهەندیس، فەرماندە قاسم سلێمانێ و ئەو کەسانەی لە شەڕ لەگەڵ داعش شەهید بوون، ئێستا پاپی مەزنی ڤاتیکان نەیدەتوانی بە ئاسوودەیی بێتە ناو عێراقەوە. 

مەسجد جامعی باڵوێزی پێشووی ئێران لە ڤاتیکان لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "دنیای اقتصاد" لە  وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە بۆچی سەفەری پاپا بۆ عێراق گرنگە دەڵێت: گرنگیی ئەو سەفەرە لەوەدایە کە نیشان دەدات عێراق خاوەن سیستەم و حکومەتێکی مەدەنی و سەقامگیرە کە مافی پێکهاتەکان دەپارێزێ. ئەو سەفەرە بۆ هەرێمی کوردستان، شیعە و سونە، کریستیانی، ئیزدیی و سابئین و مەندانی گرنگە. هەروەها بینیمان کە هەموو گرووپ و کەسایەتییەکانی شیعە پێشوازییان لەو سەفەرە کرد. لە ڕووی ناوچەییەوە ئەو سەفەرە بۆ وڵاتانی ناوچە و هەروەها بیروڕای گشتیی زۆر بەنرخە. ئەم ناوچەیە لە دوو ساڵی ڕابردوودا لە قۆناغی تێپەڕیندایە و یەکێک لە تایبەتەمەندییەکانی ئەو قۆناغە بە تایبەت لە بەشی عەرەبی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەوەیە کە پێویستە پێکهاتەکان ڕۆڵێکی گرنگتر بگێڕن و ئاسایشی زیاتریان هەبێت. لە ڕووی بیروڕای گشتیی جیهانییشەوە ئەو سەفەرە ئێجگار گرنگە. ئەمە جگە لەوەی لەو سەفەرەدا پاپا لەگەڵ مەرجعی شیعە ئایەتوڵا سیستانی دیدار و گفتوگۆ دەکات. لە بەرەی ڕۆژاواشدا ئەو سەفەرە بۆ ئەمریکا گرنگیی تایبەتی هەیە. ئەگەری زۆرە ببێتە هۆی باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان حیزبوڵا و مارونییەکانی لوبنایش کە گرژیی و ناکۆکی لە نێوانیاندا هاتووەتە ئاراوە. هەروەها بە وتەی مەسجد جامعی ئەو سەفەرە بۆ خۆدی ڤاتیکانیش گرنگە. لە ڕوانگەی ئەوانەوە ئەوە تەنیا سەفەرێکی ئاسایی نییە بەڵکو دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پێگەی کریستیانەکان لە عێراق و ناوچەکەدا.

هەروەها ئەحمەد دەستمالچیان باڵوێزی پێشووی ئێران لە لوبنان لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "خبرگزاری دانشجو" لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە هۆکاری سەفەری پاپا فڕانسیس بۆ عێراق چی بووە دەڵێت: سەفەری پاپا بۆ عێراق و دیدار لەگەڵ ئایەتۆڵا سیستانی ڕووداوێکی گرنگ بوو کە پەیامی ئاشتیی و دۆستایەتی و میهرەبانی ئایینەکانی خستە ڕوو و ڕابەرانی ئایینی کریستیانی و ئیسلام جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە ئاشتی و دادپەروەریی و سەقامگیریی جێگای شەڕ و ناسەقامگیری و توندوتیژی بگرێتەوە. دەستمالچیان ئاماژەی بەوە کردووە کە پێدەچێت جیهانی کریستیانی لەگەڵ ئەو ڕاستییە ڕا هاتبێت کە ئیسلام ئایینێکی کۆنی ناوچەکەیە و دیداری ئەو دوو ڕابەرە ئایینییە دەتوانێ لە داهاتوودا ببێتە هۆی جێگیربوونی ئاشتیی و سەقامگیریی لە ناوچەکە.
 

بە پێچەوانەی ئەو ڕوانگەیە ماڵپەڕی زانکۆی ئازادی ئیسلامی ئێران ، لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە ئامانجەکانی سەفەری پاپا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەنووسێت: سەفەری پاپا بۆ عێراق چەندین ئامانجی شاراوەی هەیە و لە ئاراستەی بەرژوەندییەکانی وڵاتانی زلهێزدایە. هەندێ لەو ئامانجانە بریتین لە بەرزکردنەوەی پرستیژ و پێگەی کازمی لە ناوچە و لە ئاستیدا جیهانیدا چونکە زیاتر سەر بە ئەمریکایە، هەوڵەکانی پاپا بۆ ڕێگریکردن لە لاوازتربوونی پێگەی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە عێراقدا و پاراستنی ئەو پێگەیە، پەرەپێدان بە دیسکۆرسی درۆیینەی ئاشتیخوازیی بە مەبەستی بەهێزکردنی پێگەی ئیسرائیل، پڕۆپاگەندە بە مەبەستی پەرەسەندنی ئایینی کریستیانی لە عێراق و هەوڵدان بۆ درووستکردنی ناکۆکی لە نێوان دوو حەوزەی قۆم- نەجەف.

سەبارەت بە سەفەری پاپا بۆهەرێمی کوردستان زۆربەی ماڵپەڕە فارسەکان هەوڵیان داوە بە شێوەی وێنە و ڕاپۆرتی سەردانەکانی بۆ شوێنە ئایینییەکان ئەو هەواڵە بگوازنەوە. بەڵام لەو نێوەدا بە تایبەت ئەو وتەیەی پاپا کە " هەرێمی کوردستان ماڵی کریستیانە ئاوارەکانە" سەرنجی ڕاکێشاون. لەو بارەوە ماڵپەڕی "یورۆنیۆز" وێرای بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک سەبارەت بەو شوێنانەی پاپا سەردانی کردن دەنووسێت: پاپا لە سەفەرى بۆ هەولێر و مووسڵ ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان ماڵی کریستیانە ئاوارەکانە. 
 

"هەواڵنێری خوێندکارانی ئێران : ایسنا" لەو بارەوە دەنووسێت: پاپا فرانسیس لە هەرێمی کوردستان و لە میانەی دیدار لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم ڕایگەیاند کە "کوردستان ماڵی ئاوارە کریستیانەکانە" و هەر بۆیە پاپ " سوپاسی خەڵک و بەرپرسانی هەرێمی کرد بۆ ئەوەی لە کاتی پەلامارەکانی داعش لە عێراق لە ساڵی ٢٠١٤دا میواندارییان لە کریستیانەکان کرد و پشتیوانییان لێ کردن".

ماڵپەڕی "مشرق"، وێرای ئاماژە بەو خاڵە کە سەفەری پاپا بۆ هەرێمی کوردستان سەفەرێکی بێ وێنە بووە ئاماژە بەوە دەکات کە پاپا لە هەولێر ڕایگەیاند: کوردستانم لەبیر نەکردووە و لەسەر داوای ئێوە و سەرۆک وەزیران سەردانی ئێرەم کردووە. ئێوە نەک هەر لە من بەڵکو پێشوازیتان لە هەموو کریستیانەکان کردووە. ئێوە لە کاتی هێرشی داعشدا کریستیانەکانی عێراقتان پاراست و وەک برایانی خۆتان پێشوازیتان لێ کردن". ئاماژەی بەوەش کردووە کە سەرۆک بارزانی هیوای خواستووە کە سەفەرەکەی پاپ بۆ عێراق و هەرێم ببێتە هەوێنی برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتیخوازانە لە نێوان پێکهاتەکان و گرووپە ئایینییە جیاوازەکانی عێراقدا".

 

"نسیم " دەنووسێت سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای دیدار لەگەڵ پاپا لە تویتێکدا نووسیویەتی: له‌ سه‌ره‌تاى سه‌ردانیدا‌ بۆ كوردستان، شه‌ره‌فمه‌ندم له‌ هه‌ولێر پێشوازى له‌ پاپا بكه‌م. پابه‌ندیى هه‌میشه‌ییمان به‌ ئاشتى و ئازادیى ئایینى و برایه‌تى دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌. سەری ڕێز بۆ پێشمه‌رگه‌ قارەمانەکان و ئەوانە دادەنوێنین كه‌ بۆ ئاشتى و ئازادیى ته‌واوى عێراق گیانیان به‌خشى". لە درێژەدا دەنووسێت کە پاپا فرانسیس لە دیدار لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر جەختی کردەوە کە ئەو هەرێمە بووەتە ماڵی کریستیانەکان.

ماڵپەڕی "تسنیم" سەر بە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی سەبارەت بە سەفەری پاپا بۆ هەرێمی کوردستان دەنووسێت: نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی هەولێر پێشوازی پاپ فرانسیس کرد. هەروەها مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ پاپا گفتوگۆی کرد و پاشان بە بڵاوکردنەوەی تویتێک وەک ڕووداوێکی مێژوویی باسی سەفەرەکی پاپاى کرد و هەڵگری پەیامێکی گرنگە بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیخوازانە. هەواڵگری "تسنیم" دەنووسێت کە پاپا لە لێدوانێکدا لە کلێسەی «حوش البیعه‌» نیگەرانی خۆی سەبارەت بە کەمبوونەوەی ژمارەی کریستیانەکان لە عێراقدا دەربڕی و وتی: کەمبوونەوەی ژمارەی کریستیانەکان لە عێراق و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەسارێکی گەورەیە. پاپ هەروەها سەردانی ئەو شوێنانەی مووسڵی کرد کە داعش کاوڵی کردبوون.

ماڵپەڕی "عصر ایران" جگە لەوەی باسی سەردانی پاپا لە هەرێم و پێشوازی بەرپرسان و خەڵکی هەرێمی کردووە، ئەو هەواڵەیشی گواستووەتەوە کە بە بۆنەی سەفەری پاپا بۆ ئەو هەرێمە وێنەی پاپا لەسەر پوڵی پۆستە چاپ کراوە و لەو بارەوە دەنووسێت: وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند بە بۆنەی سەفەری مێژوویی پاپا فرانسیس بۆ ئەو هەرێمە شەش پووڵی پۆستەی چاپ و بڵاو کردووەتەوە.

به‌بۆنه‌ى سه‌ردانى پاپا هه‌ندێك له‌ میدیاكانى ئێران
قاسم سلێمانیان وه‌ك پاڵه‌وانى رزگاركردنى مه‌سیحییه‌كان نیشان داوه‌

هەواڵنێریی "اقتصادی ایران" بە هەڵبژاردنی سەردێڕی "پاپا بە بەشداری ١٠ هەزار کەس لە هەولێر، مەراسیمی قۆداسی بەڕێوە برد" دەنووسێت: پاپا لە هەولێردا پێشوازییەکی گەورەی لێکرا و بەرپرسانی هەرێم لە فڕۆکەخانە و خەڵک لە شەقامەکاندا پێشوازییان لێ کرد. هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە پاپا فرانسیس لە یاریگەی فرانسوا حەریری هەولێر مەراسیمی قوداسی ئەنجام دا کە بەشێکە لە چالاکیی ئایینیی کریستیانیی. پاپا لەو مەراسیمەدا ئاماژەی بەوە کرد کە لێرەدا زۆرێک لە برایانی ئێوە برینی توندوتیژی بەسەر جەستەیانەوە ماوەتەوە و پێویستە دڵمان پاک بێ. هەروەها وتی پشوودرێژی و میهرەبانی ئێوە وای کرد بۆ عێراق سەفەر بکەم و بۆیە سپاستان دەکەم. 
سەفەری چوار ڕۆژەی پاپا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی جمعە ٥ی ئازار دەستی پێکرد و پاش دیدار لەگەڵ بەرپرسانی سیاسیی و کەسایەتییە ئایینییەکانی لە عێراق و سەردان بۆ شاری مێژوویی ئور و ئەنجامدانی مەراسیمی ئایینی لەوێ و لە بەغدا، لە کۆتا ڕۆژدا بە سەفەر بۆ هەرێمی کوردستان و سەردانی مووسڵ و قەرەقووش و هەولێر و بەڕێوەبردنی مەرسایمی قوداس کۆتایی پێهات و ئەمڕۆ دووشەمە بەغدای بەرەو ئیتالیا بەجێهێشت.

دەرفەتی زێڕین بۆ دیدارێکی جیاواز

ماڵپەڕی "دیپلۆماسی ئێرانی" لە وتارێکدا بە ناوی "دەرفەتی زێڕین بۆ دیدارێکی جیاواز" کە لە لایەن سەید عەلی موسەوی خەلخالی نووسراوە باس لەوە دەکات کە پێویستە سەفەرەکەی پاپا فرانسیس بۆ عێراق و دیداری لەگەڵ مەرجەعی باڵای جیهانی شیعە وەک ڕووداوێکی گرنگ و دەرفەتێکی جیاواز چاوی لێ بکرێ کە دەتوانێ زۆرێک لە هاوکێشە و هاوسەنگییەکان بگۆڕێت.

دەرفەتێکی زێڕین کە دەتوانێ دەستکەوتی زۆری بە دواوە بێت. نووسەر لە سەرەتای وتارەکەیدا باس لەوە دەکات کە بە گشتیی سەفەرەکانی پاپا زیاتر لەوەی لایەنی سیاسییان هەبێت لایەنی ئایینی و کەلتوورییان هەیە، بەڵام لەوانەیە سەفەرەکەی ئەمجارەی پاپا بۆ عێراق ڕەنگ و بۆنی سیاسیی و دیپلۆماتیکیشی هەبووبێت. ئەوەی سەفەرەکه‌ی پاپای لە سەفەرەکانی پێشوو جیا دەکردەوە، دیدارەکەی لەگەڵ عه‌لى سیستانی بوو کە لە ماڵەکەی خۆیدا لە نەجەف ئەنجام درا. لە هەموو مێژووی جیهانی شیعەدا وێنەی نەبووە کە ڕابەری کاسۆلیکەکانی جیهان کە لە ئاستی جیهانیدا جێی متمانەی کریستیانەکانە لەگەڵ مەرجەعێکی شیعە دیداری کردبێت. بۆیە ئەو دیدارە لایەنێکی جیاواز و مێژوویی لە خۆی گرت. لە لایەکی ترەوە دەکرێ بەو جۆرە تێبگەین کە ئەو دیدارە پێگەی سیستانی وەک مەرجەعێکی باڵای شیعە تا ئاستی نێودەوڵەتی بەرز کردەوە. بە واتایەکی تر ئەو دیدارە بووە هۆی ئەوەی مەرجەعی شیعە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پێگەیەک بە دەست بهێنێت کە پێشتر نەیبووە.

خاڵێکی تر کات و شوێنی دیدارەکەیە. پێشتر كه‌ناڵى په‌یوه‌ندى نێوان جیهانی ئیسلام و ڤاتیکان ئەزهەر و بە گشتی لایەنی سوننە بوو. ئەوە لە حاڵێکدا بوو کە شیعەکان بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە جیهانی ئیسلامدا کەمینەن، هیچ کات پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ڤاتیکان نەبووە. ڕابەری ڤاتیکان لە حاڵێکدا سەردانی مەرجەعی شیعی دەکات کە پێدەچێت جیهانی سوننە وەک زۆرینەی پێکهێنەری ئیسلام پێگەی پێشووی خۆی لە دەست داوە. ئەگەر ناوەندێتی جیهانی سوننە وەک سێ وڵاتی سعوودیه‌، میسر و عێراق ببینین بە ڕوونی دەرک بەوە دەکەین کە ئەو ناوەندە لە ئێستادا لە لاوازترین پێگەی مێژوویی خۆیدایە. لە سعوودیه‌ محەمەد بن سەلمان گوشاری خستووەتە سەر زانایانی سوننە، دەوترێ ژمارەی زانایانی زیندانیکراوی ئەو وڵاتە گەیشتووەتە ٣٥٠ کەس و ئەوەش وایکردووە دۆخی زانایانی ئایینی لەو وڵاتەدا خراپتر لە هەموو کات بێت.

لە وڵاتی میسردا دوای سەرکوتکردنی بەربڵاوی ئیخوان، هەم ئەو گرووپە و هەم ئەزهەر تا ڕادەیەکی زۆر پەراوێز خران. بە سەرهەڵدانی داعش لە عێراق و سووریاش و ئەو کردەوە دڕندانە و بێبەزەییانە کە لە خۆی نواند بووە هۆی ئەوەی ئەو ڕێبازە مەزهەبییە توندڕه‌وه‌یە کە پەیڕەوی لێدەکرد لە هەموو جیهانی ئیسلامدا بکەوێتە پەراوێزەوە.

بەتایبەت کە شیعە لە شەڕی دژە داعیشدا ڕۆڵی سەرەکی گێڕا و ئەوەش وایکرد ئه‌ستێره‌ى بەختی بەرەو هەڵکشان بڕوات. بە تایبەت کە لایەنگری هەندێ لە ڕەوتە مەزهەبییە سوننەکان لە داعش بووە هۆی ئەوەی شکستی داعش، شکستی ئەو ڕەوتانەیش بە ئەژمار بێت. هەموو ئەوانە وا دەکەن بڵێین پێگەی ئەهلی سوننە لاواز بووە و ئێستا ناکرێ مەرجەعێکی بۆ وێنا بکرێ.

بۆیە دیداری پاپا فرانسیس لەگەڵ ئایەتۆڵا سیستانی نیشاندەری ئەو حەقیقەتەیە کە جیهانی کریستیانی پێگەی مەرجەعی شیعەی وەک نوێنەری جیهانی ئیسلام بە فەرمی ناسیوە. بەو جۆرەی کە لە میدیاکانی جیهاندا بینیمان ئەو دیدارەیان وەک دیداری دوو ڕابەر و نوێنەری باڵای دوو ئایینی ئیسلام و کریستیانی وەسف کرد.

که‌نیسه‌ کریستیانی بەردەوام هەوڵی داوە ئەوە نیشان بدات کە خوازیاری میانەڕەویی و کراوەیی و پەرەسەندنی گفتوگۆی نێوان ئایین و مەزهەبەکان و ئاشتیخوازە. بۆیە کاتێ پاپا خۆی سەردانی شاری نەجەف دەکات و لەگەڵ مەرجەعی باڵای شیعە دیدار دەکات نیشاندەری ئەوەیە کە که‌نیسه‌ى باڵای کریستیانی بە فەرمی دانی بە مەرجەعی شیعەدا ناوە وەک نوێنەری میانەڕەویی و کراوەیی جیهانی ئیسلام. بۆیە پێویستە سەفەرەکەی پاپا بۆ عێراق و دیدارەکەی لەگەڵ ئایەتۆڵا سیستانی وەک دەرفەتێک چاوی لێ بکرێ کە دەتوانێ هاوکێشە و هاوسەنگییەکان بگۆڕێت.

 



دیدارى پاپا و سیستانى هاوسه‌نگى نێوان مه‌زهه‌به‌كانه‌

جەلالی جەلالیزادە لە دیمانەیەک لەگەڵ ماڵپەڕی "دیپلۆماسی ئێرانی"دا لە ڕوانگەیەکی ئایینیی- سیاسییەوە لێکدانەوە بۆ سەفەرەکی پاپا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات. جەلالی زادە لەو دیمانەیەدا باس لەوە دەکات کە دیداری پاپا وعه‌لى سیستانی بە واتای هاوسەنگیی نێوان هەموو مەزهەبەکانە. جەلالی زادە دەڵێت لەوانەیە سەفەرەکی پاپا دوای چوار ڕۆژ کۆتایی پێ بێت بەڵام لێکەوتەکانی لە ماوەیەکی دوورمەودادا خۆیان نیشان دەدەن. چونکە ئەو سەفەرە دەتوانێ دەستپێکی نزیکبوونەوە و لێکتێگەیشتنی ئایین و مەزهەبەکان بێت، ئەویش لە وڵاتێکدا کە مەخابن بە هۆی ناکۆکی ئایینی و مەزهەبی بەرەو ڕووی ناسەقامگیری و تەنانەت شەڕ بووەتەوە. بۆیە سەفەری پاپا بۆ عێراق و ئەو دیدارانەی کە ئەنجامی داون لە ڕووی سیاسیی، مێژوویی، مەزهەبیی و دیپلۆماتیکەوە زۆر بە نرخن. بە وتەی جەلالی زادە سەفەری پاپا بۆ عێراق و دیداری لەگەڵ ئایەتۆڵا سیستانی هەڵگری ئەو ئاماژە گرنگەیە کە ڕابەرانی ئایینی ئێستا پێویستە وەک پێغەمبەران پەیامی ئاشتی و دۆستی و سەقامگیری و ئاسوودەیی و ئازادیان بۆ مرۆڤایەتی پێبێت. جەلالی زادە لە درێژەدا باس لەوە دەکات کە سەفەری پاپا فرانسیس بۆ عێراق و دیداری لەگەڵ سیستانی بێ گومان لێکەوتەی سیاسی، دیپلۆماتیک و تەنانەت ئەمنی زیاتری دەبێت لە بەراورد لەگەڵ سەفەرە پێشووەکانی. وێرای ئەوەی کە سەفەرەکەی پاپا بووەتە هۆی ئەوەی عێراق ببێتە سەردێڕی هەواڵەکانی جیهان. پاپا لە کاتێکدا ئەو سەفەرەی ئەنجام داوە کە عێراق تووشی قەیرانی بەرفراوان بووەتەوە. بێگومان ئەو سەفه‌رە بۆ ڤاتیکانیش گرنگیی تایبەتی هەیە، چونکە لە ڕوانگەی پاپاوە سەفەرەکەی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پێگەی کریستیانەکان لە عێراق و ناوچەدا. جگە لەوانە حکومەتی عێراق بەو سەفەرە هەوڵ دەدات ئەوە بسەلمێنێت کە سیستەم و حکومەتێکی مەدەنی و سەقامگرتووی هەیە کە مافی پێکهاتەکان دەپارێزێ. 

عەبدولڕەحیم گەواهی سەرۆکی "دەزگای توێژینەوەی ئایینەکان و جیهان" و ئەندامی ئەنجوومەنی داڕیژەرانی سیاسەتی کولتووری و پەیوەندییەکان، لە دیمانەیه‌ك لەگەڵ ماڵپەڕی "دیپلۆماسی ئێرانی" باسی ئەوە دەکات کە هەوڵەکانی پاپا دەتوانێ ڕادیکالیزم و توندڕۆیی کریستیانی و جوو بخاتە پەراوێزەوە و ببێتە هۆی نزیکبوونەوەی ئایینی ئیسلام و کریستیانی بە ناوەندێتی شیعە، چونکە پاپا هەوڵی گفتوگۆ لەگەڵ ڕەوتی میانڕۆ دەدات. بە وتەی عەبدولرەحیم گەواهی دیداری پاپا فرانسیس و سیستانی، دەستپێکی وەرزێکی نوێی گفتوگۆی نێوان ئایینەکان بوو. 

ڕووداوێکی جیاواز لە مێژووی هەزار ساڵەی حەوزەی نەجەف

سەلاحەدین خەدیو لە دیمانەى لەگەڵ ماڵپەڕی "دیپلۆماسی ئێرانی" سەبارەت بە سەفەری پاپا بۆ عێراق باس لەوە دەکات کە ڕابەری کاتۆلیکەکانی جیهان کە زیاتر لە یەک میلیارد پێڕەوی هەیە و مەرجەعێکی جیهانی بە ئەژمار دێت لەگەڵ مەرجەعی شیعەکان کە زیاتر لە دووسەد ملیۆن پێڕەوی هەیە دیداری کرد. ئەو دیدارە دەتوانێ هەنگاوێکی گەورە بێت لە ئاراستەی گفتوگۆی نێوان ئایینەکان و بە جۆرێک بەرجەستەبوونی جیهانی شیعی لە ڕەوتێکدا کە پێشتر تایبەتەمەندیی سوننە-کریستیانی بەرجەستەتر بوو. خەدیو ئەو دیدارە بە ڕووداوێکی جیاواز لە مێژووی هەزار ساڵەی حەوزەی نەجەف دەزانێت. هەروەها خەدیو باس لەوە دەکات کە لە ڕووی پلەبەندی و پێکهاتەی دەزگای ئایینییەوە، لێکچوونی نێوان جیهانی شیعە و جیهانی کاسۆلیک زیاترە لە لێکچوونی نێوان ئیسلامی سوننە و که‌نیسەی کاسۆلیک. پۆستی پاپا وەک باڵاترین پۆستی مەزهەبی کاسۆلیکەکان، بە پێی ئامۆژگارییە کریستیانییەکان جۆرێکە لە نوێنەرایەتی ئیمام و نوێنەرایەتی خودا، هەر بەو جۆرەی کە لە جیهانی شیعەدا مەرجەعەکان نوێنەری ئیمام بە ئەژمار دێن. 

ماڵپەڕی هەواڵنێری "موج" لە ڕاپۆرتێکدا باس لەوە دەکات کە ئایەتۆڵا سیستانی لە دیدار لەگەڵ پاپا کۆتایی بە باسەکان سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل هێنا. بە پێێ ڕاپۆرتی ئەو ماڵپەڕە "شێخ عەلی نەجەفی" نوێنەر و کوڕی ئایۆتەڵا سیستانی سەبارەت بە ناوەڕۆکی قسەکانی نێوان پاپا و ئایەتۆڵا سیستانی وتوویەتی پلانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئیسرائیل بە هیچ جۆرێ لە نەجەف پەسەند ناکرێت. مەرجەعی شیعەکانی عێراق بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە نەتەوەی فەلەستین لەژێر گوشار و چەوسانەوەدان و هیچ جۆرە ئازادیییەکیان نییە و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت و لەژێر گوشاری گەمارۆی ئابووری و شەڕدان. پێویستە ڕابەڕانی ئایینی و مەعنەوی بە مەبەستی کەمکردنەوەی دەرد و ڕەنجەکان ڕۆڵی خۆیان بگێڕن و لایەنەکان بە شێوەیەکی لۆژیکیانە و حەکیمانە بجووڵێنەوە. 

پێی ڕاپۆرتێک کە ماڵپەڕی "جیهان نیوز" بڵاو کراوەتەوە، باسی ئەوە دەکات کە ئایەتۆڵا خامنەیی ڕابەری کۆماری ئیسلامی لەو ساڵانەی دواییدا هەوڵی داوە لە نێو بەرەی کریستیانی هەندێ هاوپەیمان پەیدا بکات کە وەک نموونەی سەرەکی ئامادە بە پۆتین دەکات. بە پێێ ئەو ڕاپۆرتە سەرەڕای ئەوەی پۆتین سیاسییەکی ڕۆژهەڵاتییە بەڵام کریستیانییەکی دوگمە و تەنانەت ڕووسیای سەردەمی پۆتین هەوڵ دەدات شارستانییەتێکی نوێ لە ڕێگای خوێندنەوەیەکی نوێ لە ئایینی کریستیانی دامەزرێنێت. بەرهەمی هاوکاریی نێوان کۆماری ئیسلامی و ڕووسیا لە سووریا ئەوە نیشان دەدات کە ئێران توانیویەتی ڕووسیا بەرەو بەرەی خۆی ڕاکێشێت و لە دژی داڕێژەرانی مەسیحی ڕۆژاوا و چەکدارە داعشییەکانیان بەکاری بهێنێت و دۆخێکی نوێ لە جیهانی ئیسلام و کریستیانیدا بێنێتە ئاراوە. لە دەرئەنجامەکانی ئەو هاوکارییە دەکرێ ئاماژە بە لەناوبردنی داعش لە سوریا، پاراستنی شارە مەزهەبییەکانی شیعە و لەوانە نەجەف، کەربەلا، کازمین و سامرا و گەڕاندنەوەی هێمنی و سەقامگیری بۆ عێراق بکرێت. بە وتەی ئەو ماڵپەڕە ڕابەری کۆماری ئیسلامی لەو دواییانەدا نامەیەکی بۆ پۆتین ناردووە کە پۆتین بە خێرایی وەڵامی ئەرێنی دایەوە و ئەوەش بووە سەرەتای وەرزێکی نوێ لە هاوکێشە سیاسیی و ئابوورییەکانی نێوان بەشێکی بەرچاو لە جیهانی کریستیانی کە لە ئاستی جیهانیدا خاوەن هێزە لەگەڵ جیهانی شیعە. بۆیە لەو ڕوانگەوە سەفەرەکەئ پاپا بۆ بەغدا و دیدار لەگەڵ ئایەتۆڵا سیستانی هەر درێژەی ئەو سیاسەتانەی پێشووە. بێ گومان ئەگەر داعش توانای ئەوەی هەبوایەت کە شیعە لە عێراق لاواز بکات پاپا لەگەڵ مەرجەعی شیعەکان دیداری نەدەکرد بەڵکو کریستیانە ڕادیکاڵەکان ناچاریان دەکرد دان بە داعشدا بنێت. هەر بەو جۆرەی کە ساڵانێکی زۆرە پاپاکان دان بە دەسەڵاتدارانی وەهابی سعودیادا دەنێن و مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن. 

ماڵپەڕی "الف" لە کورتە وتارێکدا لەژێر ناوی "دیداری پاپا و ئایەتۆڵا سیستانی لە قازانج یان لە دژی ئێران؟" سەرەتا باس لەوە دەکات کە دوای ئەو دیدارە میدیاکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدەن دوو جەمسەرییەک لەنێوان حەوزەی قوم و حەوزەی نەجەف و هەروەها دوو جەمسەرییەک لەنێوان ڕابەری ئێران و عةلى سیستانی دروست بکەن و ناوەڕۆک و ناسنامەیان بەلاڕێدا ببەن. بەڵام ئەوە ڕاست نییە و بە حەقیقەت حەوزەی قوم و نەجەف و سیستانی و ڕابەری ئێران یەکتری کامڵ دەکەن و تەواوکەری یەکترین.

نووسەری ئەو کورتە وتارە باس لەوە دەکات کە بەرجەستەکردنەوەی جیاوازی نێوان نەجەف و قوم هەر دوا بە دوای ڕووخانی سەدام بە شێوەیەکی توکمە دەستی پێکرد. تەنانەت هەندێ کەس لە ناوخۆی ئێرانیش کەوتنە ئەو داوە و هەوڵ دەدەن ئایەتۆڵا سیستانی و ڕابەڕی ئێران لە بەرانبەر یەکتری دابنيَن و بۆ سەلماندنی ئەو بیرۆکەیە ئاماژە بە هەندێ پرس و لەوانە هەڵوێستی ئەو دوو ڕابەرە سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ئێران و عێراق، کراوەیی مەزهەبیی و ئێستاش دیداری پاپا لەگەڵ سیستانی دەکەن.

لە درێژەی ئەو بابەتەدا ئاماژە بەوە دەکرێ کە تەنانەت ئەگەر ئەوە قەبووڵ بکەین کە قوتابخانەی نەجەف بە شێوەی نەریتی بڕوای بە ئیسلامی سیاسیی و ویلاتی فەقيه سیاسیی نەبووە و ئێستاش نیەتی بەڵام هەرگیز نەبووەتە هۆی دووبەرەکی و سەرهەڵدانی فیتنە و ئاژاوە لە ناو ماڵی شیعە و سەرکەوتنی کوفر و وڵاتانی ستەمکار.

سیستانی دوای داڕووخانی سەدام لە سیاسەتدا چالاک بووە. هاوکات پشتیوانی لە ڕابەری ئێران و بڕیارەکانی کردووە و ڕوانگەی خۆی سەبارەت بە پرسەکانی ڕۆژ دەربڕیوە. هەروەها چەندین جار میدیاکان باسیان لەوە کردووە کە ستایشی ڕابەری ئێرانی کردووە. لە بەرانبەردا، ڕابەری ئێرانیش بە گەلی عێراقی ڕاگەیاندووە "گوێ لە ئایەتۆڵا سیستانی بگرن. بە پێی ئامۆژگارییەکانی هەڵسوکەوت بکەن و زیاتر لێی نزیک ببنەوە".

دیداری پاپا و سیستانی بۆ نزیکبوونەوەی ئایینەکان لە یەکتری ئەنجام دراوە و ئەوەش یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی و بۆ ئەو مەبەستە چەندین ناوەند و ڕێکخراوەیشی دامەزراندووە و ئەو دیدارە بە تەواوەتی لەو ئاراستەیەدایە.

ئەو وتارە لە کۆتاییدا باس لەوە دەکات کە دوژمنان هیچ ڕێزێک لە مەرجەع ناگرن و تاقە هۆکاری ئەوەی کە هەوڵ دەدەن زیاتر باسی سیستانی بکەن ئەوەیە کە دووبەرەکی لە نێوان مەرجەعەکاندا دروست بکەن. لە ستایشی دیداری سیستانی لەگەڵ پاپایشدا تووشی سەرگەردانی بوون و قسەی لێکدژ دەکەن. ئەوان بە ڕظواڵەت ڕێز لە سیستانی دەگرن بەڵام ئامانجی سەرەکییان سڕینەوەی ئایینە لە سیاسەت و لە بنەڕەتدا دژی ئایین و مەرجەعەکانن و ئەو دووڕووییە تەنیا بۆ لاوازکردنی پێگەی کۆماری ئیسلامی و بیرۆکەی ویلایەتی فەقیە.

دوای ئەوەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند بە بۆنەی سەفەری مێژوویی پاپا فرانسیس بۆ ئەو هەرێم شەش پولی پۆستەی چاپ و بڵاو کردووەتەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە ١٠ی ئازار هەندێ لە ماڵپەڕەکانی ئێران باس لەوە دەکەن کە چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەو پولە هەڵوێستێکی دوژمنکارانە لە دژی ئێرانە و پێویستە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە ناڕەزایەتی خۆی لەو بارەوە نیشان بدات. ئەوەش بە هۆی چاپکردنی نەخشەی کوردستانی گەورە لەسەر ئەو پولە. ماڵپەڕەکانی "الف" و "همشهری ئانلاین" بە ئاشکرا بڵاوبوونەوەی ئەو پولەیان بە هەڵوێستێکی دوژمنکارانە ناو بردووە. 
 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین