نێچیرڤان بارزانى:  یاساى رزگاربووانی ژنانى کوردى ئێزدی، جێبەجێکردنى پێویستى بەکارى زۆرترە تا پەسندکردنى کوردستانی

نوچەنێت:

نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان ڕایگەند، لە ساڵی 2014 نووسینگەی رزگارکردنی ژنانی کوردانی ئێزدیی کردەوە. کارەکانی ئەم نووسینگەیە تاوەکو رزگارکردنی دوایین رفێندراوی ژێر دەستی داعش بەردەوام دەبێت.

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە دیمانەیەکى تایبەت لەگەڵ ڕۆژنامەى شەرقولئەوسەت، باسى لەوە کرد، پشتیوانیکردنی ژنان و زامنکردنی مافەکانیان، بنەمای ستراتیژی کارەکانمانە لە ھەرێمی کوردستان. لەسەر بنەمای ئەم ستراتیژییەتە چەند ھەنگاوێکمان ناوە بۆ پاراستنی ژنان لەپێناو ئەوەی مومارەسەی تەواوی مافەکانیان بکەن لەنێو کۆمەڵگەدا. ھەروەھا ھەل و دەرفەتی یەکسانمان بۆ ھەردوو رەگەز دەستەبەر کردووە و شانازی بەم ھەنگاوانەش دەکەین. بەردەوام دەبین لە کارکردن لەسەر ئەم ستراتیژییەتە بۆئەوەی ژنان توانای ئەوەیان ھەبێت بەشداربن لە ھەموو بوارەکانی ژیان بەتایبەتی لە پرۆسەی سیاسی و ئابووریدا.

 هەروەها نێچیرڤان بارزانى بۆ پرسى ئافرەتە ئێزدییە ڕفێندراوەکان و کارى نووسینگەی رزگارکردنی ژنانی کوردانی ئێزدیی ئاماژەى بەوەش کردووە، نووسینگەکە رۆڵێکی مەزنی ھەبووە لە گەیاندنی خزمەت بۆ رفێندراوەکانی ژێر دەستی داعش ھەر لە رزگارکردنیان تاوەکو بەشداریپێکردنیان لە بەرنامەکانی دووبارە گونجاندنیان و چارەسەرکردنیان بۆ دەربازبوون لەو شۆکەی بەھۆی رفاندنیانەوە رووبەڕووی ببوونەوە وهەروەها گەڕاندنەوەیان بۆ نێو کۆمەڵگە,

سەرۆکى هەرێم دەشڵێت، ئەوەی کردوومانە و دەیکەین، بەراورد بەو ھەڵمەتی جینۆساید و کۆمەڵکوژییە دڕندانەی کە کوردانی ئێزیدی رووبەڕووی بوونەوە، زۆر کەمە. بۆیە داوای کارکردنی ھاوبەش و ھاوئاھەنگیکردن دەکەین لەگەڵ بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ھاوکاریکردن و پشتیوانیکردنی ژنانی کوردانی ئێزدیی رزگاربوو و ساڕێژکردنەوەی برینەکانیان و برینی کەسوکارەکانیان، لەڕێگەی زامنکردنی دووبارەنەکردنەوەی ئەم جۆرە تاوانانە لە داھاتوودا. ھەروەھا فەراھەمکردنی ژیانێکی ئاسوودە بۆ رزگاربووان و ئاوارەکانیش، لەڕێگەی کارئاسانیکردن بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ زێدی باب و باپیرانیان دوای ئاوەدانکردنەوە و پێدانی خزمەتگوزاریی پێویست کە بۆ ژیانێکی ئاسوودە بگونجێ.

 دەربارەى مەسەلەى پەسندکردنی یاسای رزگاربووانی کوردانی ئێزدی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە دەسکەوتێکى گرنگ وەسفى کردووە، وەک خۆیشى دەڵێت، ئەمە ھەنگاوی یەکەمە بۆ نەھێشتنەوەی ستەم و نەھامەتییەکانی سەر قوربانیانی تاوانەکانی داعش لەسەر ژنانی کوردانی ئێزدی، بەڵام ئەم ھەنگاوە لە ھەمان کاتدا پێویست بە کارێکی زۆرتر دەکات بۆ ئەوەی بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە لەڕێگەی رەخساندنی پشتیوانیی دارایی و مەعنەوی و کارئاسانیکردن بۆ دووبارە گونجاندنەوەیان لەنێو کۆمەڵگەدا، ئەویش لەڕێگەی بەرنامەی تایبەتمەند کە ھاوکاربێت بۆ بونیاتنانەوەی تواناکانیان و بەشداریپێکردنیان لە سەرجەم کایەکانی ژیان.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین