جگه‌ له‌ سه‌در نه‌یارێكى ترى مالیكى ده‌رده‌كه‌وێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى "عاله‌م جه‌دید"ئاشكراى ده‌كات ئه‌و تۆماره‌ ده‌نگییه‌ى به‌ ناوى نوورى مالیكى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تی یاسا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، تێیدا سووكایه‌تى به‌ موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در ده‌كات، راسته‌قینه‌یه‌ و دروستكراو نییه‌، ئه‌و كه‌سه‌ى بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ نه‌یارێكى ترى مالیكیه‌، بۆ پۆستى سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت كاندید كراوه‌ به‌ڵام مالیكى ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌.

رۆژنامه‌ى عاله‌م جه‌دید ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 14/ته‌مووزى 2022 له‌ راپۆرتێكدا ئاشكراى ده‌كات، شاره‌زایانى ئه‌ندازه‌ى ده‌نگ دووپاتیان كردووه‌ته‌وه‌، پشكنین بۆ ئه‌و ده‌نگه‌ كراوه‌ كه‌ به‌ ناوى مالیكى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و سووكایه‌تى به‌ موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در ده‌كات، ده‌ركه‌وتووه‌ ده‌نگه‌كه‌ راسته‌قینه‌یه‌ و هى خودى مالیكییه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌ى عاله‌م جه‌دید هاتووه‌، ئه‌و كه‌سه‌ى تۆماره‌كه‌ى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ له‌ لایه‌ن چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى كاندید كراوه‌ بۆ پۆستى سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت به‌ڵام مالیكى به‌ تووندى دژایه‌تى كردووه‌، بۆیه‌ ئه‌و ده‌نگه‌ى مالیكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا ناوى ئه‌و كه‌سه‌ نه‌هاتووه‌، ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت گوتراوه‌ یه‌كێكه‌ له‌ جه‌مسه‌ره‌ دیاره‌كانى ده‌زگا ئه‌منییه‌كانى عێراق، به‌گوێره‌ى ئه‌و ئاماژه‌یه‌ بێت كۆمه‌ڵێك كه‌س هه‌ن له‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى كه‌ له‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌ گرنگه‌كانن، ئه‌وانیش فالح فه‌یازه‌ سه‌رۆكى حه‌شدى شه‌عبى و قاسم ئه‌عره‌جییه‌ كه‌ ئه‌وه‌یش راوێژكارى ئاسایشى نیشتیمانى عێراقه‌.

له‌ 13ى ئه‌م مانگه‌ تۆمارێكى ده‌نگى نوورى مالیكى بڵاوكرایه‌وه‌، كه‌ دوو خوله‌ك و 25 چركه‌یه‌، تێیدا هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر موقته‌دا سه‌در و ره‌وته‌كه‌ى به‌ نه‌فام و ترسنۆك وه‌سفیان ده‌كات. نوورى مالیكى و نووسینگه‌كه‌ى ته‌واوى تۆماره‌ ده‌نگییه‌كه‌یان ره‌تكرده‌وه‌ و به‌ ساخته‌ى وه‌سف ده‌كه‌ن. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین