هەرێم کەمال ئاغا: ئەگەر لایەنەکانى عێراق بەدەم دەستپێشخەرییەکەى نێچیرڤان بارزانى نەچن خوێندەڕژێت کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، دوێنێ لە پەیامێکدا داواى لە لایەنە سیاسییەکانى عێراق کرد، دەست بە گفتوگۆ بکەنەوە بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەیى دەربڕى لە هەولێر پێشوازیان لێ بکات. سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتى لە پەرلەمانى عێراق دەڵێت، ئەگەر لایەنەکان بەدەم دەستپێشخەرییەکەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان نەچن، عێراق بەرەو تونێلێکى تاریک دەڕوات.

ئەمڕۆ دووشەممە (1/ئاب/2022) ھەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فڕاکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان لە پەرلەمانى عێراق، بە ماڵپەڕی (PDK)ـى راگەیاند، ئەو كێشەیەى ئێستا لەناو ماڵی شیعە هەیە، ڕەنگدانەوەی خراپی ھەیە لەسەر کۆی پڕۆسەی سیاسی و سەقامیگرى عێراق لە ناوخۆ و دەرەوە، بۆیە چارەسەرێکی بەپەلەی پێویستە کە نەگاتە ئاستی خوێنڕشتن و یەکتر شکاندن.

سەبارەت بە دەستپێشخەرییەکەى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، کەمال ئاغا جەختى لەوەکردەوە، پەیامی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ کۆبوونەوەی لایەنەکانی عێراقی لە ھەولێر کارێکی زۆر باشە، لایەنی چوارچێوەی ھەماھەنگی بەدەم داواکارییەکەی سەرۆکی ھەرێمەوە ھاتوون، ئەم هەنگاوە لە کاتی خۆیدایە، چونکە کێشەکانی عێراق ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر ھەرێمی کوردستان، بۆیە چارەسەرکردنی چارەسەری کێشەی ھەموو عێراقە بۆیە لە کاتێکی گونجاوه‌ و کارێکی باشە.

سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتى هۆشدارى دەدات، ئەگەر بارودۆخى عێراق بەمشێوەیە بەردەوام بێت، عێراق بەرەو تونێلێکی نادیار دەڕوات و دەشڵێت، ھەردوو لای ناکۆک ھێزی چەکداریان ھەیە بۆیە باشترین چارەسەر گفتوگۆیە و لە رێگەی گفتوگۆوە کێشەکان چارەسەر بکرێت.

هەروەها ڕاشیگەیاند، دوو رێگا لەبەردەم لایەنە عێراقییەکان ھەیە، یەکەم ئەمەی بەڕێز سەرۆکی ھەرێم کردوویەتی داوای گفتووگۆ دەکات بۆ قبوڵکردنی یەکتری، ڕەتکردنەوەی واتە نازاندرێت عێراق بەرەو کوێ دەڕوات ئەوەش باشترین رێگایە بۆ چارەسەرکردن تاوەکو دۆخەکە بەرەو خراپ نەڕوات، ھەروەھا داوای گۆڕانکاری لە دەستوور و سیستەمی سیاسی، ئەمەش لە رێگای دەزگا شەرعییەکانەوە دەکرێت.

بە بۆچوونى هەرێم کەمال ئاغا، دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکی ھەرێم بە سوودی هەموو لایەنە عێراقییەکان تەواو دەبێت. هەروەها جەختیش لەیەکڕێزى نێو ماڵى کوردى دەکات و دەڵێت، تەواوی ئەو دەستکەوتانەی بەدەست ھاتووە بە یەکڕیزی ناوماڵی کوردی بە دەست ھاتووە، ئەوەشی لە دەستمان داوە بەھۆی لێکترازانی ناوماڵی کوردی بووە، کارێکی نیشتیمانی و نەتەوەییە و کارێکە لەپێناو بەرژەوەندی خەڵکە لەم دۆخە بەتایبەتی یەکڕیز بێت و پەیامی ھەبێت و ئاماددەکاری خۆشی ھەبێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین