ئەحمەد جزيرى: ئێران له‌ ڕێگه‌ی موشەكبارانكردنەوە‌ ده‌یه‌وێت وه‌ك به‌غدا، هەرێمى کوردستان بکاتە پاشكۆی خۆی دیمانە

ئیسماعیل تەها: تایبەت بە نوچەنێت

لەدواى دروستبوونى كۆمارى ئيسلامى ئێران لەسەردەستى پياوانى ئاينى، فراواخوازى و رەوانەكردنى شۆڕشەكەى بۆ وڵاتانى ناوچە دەستپێكرد، بەتايبەت ئەو شوێنانەى شيعەى تێدايە، هەوڵى داوە هەژموونى خۆى بەهێزتر بكات، يەكێك لەو كەسايەتييانەى كاريگەرى زۆرى لەسەر بەهێزكردنى هەژموونى شيعە هەبوو، قاسمى سلێمانى بوو.

ئەحمەد جزيرى كه‌ بڕونامه‌ی ماستەری هه‌یه‌ و نامه‌ی ماسته‌ره‌كه‌یشی تایبه‌تبووه‌ به‌كاروبارى ئێران، لەم ديمانەى نوچەنێت تيشك دەخاتە سەر هەوڵەكانى ئه‌و وڵاته‌ بۆ فراوانخوازیى، پێیوايە ئێران له‌ ڕێگه‌ی موشەكبارانكردنى هەولێره‌وه‌، ده‌یه‌وێت هەرێمى کوردستانیش وه‌ك به‌غدا بكات به‌ پاشكۆی خۆی.

 

دەقى دیمانەکەى ئەحمەد جزیرى لەگەڵ ماڵپەڕى نوچەنێت:

نوچەنێت: ئەگەر بەراوردێک لەنێوان ڕژێمی شای ئێران و کۆماری ئیسلامی بکەین، خاڵی جەوهەری نێوان ئەو دوو ڕژێمە لە شێوازی کارکردنیان بۆ فراوانخوازی چییە؟

ئەحمەد جەزيرى: لە سەردەمی ڕژێمی شادا، ئێران پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسڕائیل هەبوو،  هەروەها پەیوەندییەکی بەهێزیشی لەگەڵ ئەنوەر ساداتی سەرۆکی میسڕیش هەبوو، دوای مردنیشی هیچ وڵاتێک نەیگرتەخۆی میسڕ نەبێت، هەر لەوێشدا نێژرا.

دوای کەوتنی ڕژێمی شا و سەرکەوتنی شۆڕش و هاتنی خومەینی، وەک خۆیان دەیڵێن حکومەتێکی ئیسلامی بە پشتبەستن بە بنەمای ویلایەتی فەقیهیان پێکهێنا. کە دەکرێ بڵێین، سیاسەتی دەرەوەی ئێران دوای شۆڕش لە چوارچێوەی ثیۆکراتی (حکوومەتێکی ئایینی) کە لە ئایینی ئیسلام و مەزهەبی شیعی جەعفەری دوازدە ئیمامی وەرگیراوە.

 بەهۆی پاشخانی مێژوویی و  سروشتى جیۆپۆلیتیکی وڵاتی ئێران و هەستی نەتەوەیی و چەندين فاکتەری تر،  نەتەوەی فارس و بەشێک لە گەلانی ئێران وايە، هەر دەسەڵاتێک لە تاران حوکم بکات، هەر ئایدۆلۆژیایەکی هەبێت خواستی ئەوەی هەیە کە کاریگەری لەسەر وڵاتانی دەوروبەری هەبێت، جا ئەگەر لەسەردەمی شا بە ناونیشانی پۆلیسی کەنداو و لەژێر ناوی هاوپەیمانی لەگەڵ رۆژئاوادا بێت، یاخود وەک ئێستا بە ناونیشانی زلهێزێکی هەرێمی و بەرگریکردنی لە موستەزعەفین و هەناردەکردنی شۆڕش بێت، لەدوای سەرکەوتنی شۆڕش لە ساڵی (1979) زاينى بووە دروشم و بەرنامەی کار لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران، ئەوکاتەی کە شۆڕش سەرکەوتنی بەدەستهێنا، سەردەمی دوو جەمسەری بلۆکی ڕۆژهەڵات و رۆژئاوا بوو، لەو کاتەوە تا ئەمڕۆش سیاسەتێکی تایبەتیان گرتۆتەبەر، ئەویش ڕەتکردنەوەی شیوعییەت و سەرمایەدارییە، واتا نە ڕۆژهەڵاتی و نە رۆژئاوایی، کە مەبەستییان ئەوە بوو ڕێگا بەهیچ هێزێکی دەرەکی نەدەن دەست لە کاروباری ئێران وەربدات، خۆشیان سیاسەتێکی دەرەکی تایبەت و بێ لایەن لەبەرامبەر جیهانی عەرەبی و رۆژئاوا دەگرنەبەر، بەڵام دواتر سیاسەتی دەرەوەی ئێران بەرەو پەڕگیری ڕۆیشت.

ڕای تاکییەی توێژەر و گەورە ڕاوێژکاری کاروباری ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ: کۆماری ئیسلامی لە شێوازی جێبەجێکردنی سیاسەتی دەرەوەی هەمان شێوازی سەردەمی شای گرتۆتەبەر، پارەیەکی زۆری لە سیاسەتی دەرەوەی خەرج کردووە، بێ ئەوەی هیچ ئاوڕێک لەناوخۆ بداتەوە چاکسازی تێدا بکات، لەکاتێکدا گەندەڵی بەشێوەیەکی مەترسیدار بڵاوبۆتەوە.

نوچەنێت: بەماوەیەکی کەم لە دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی ئیمام خومەینی پەیوەندی نێوان ئێران و ئەمریکا تێکچوو، تێکچوونی پەیوەندییەکان پەیوەستبوو بە جیاوازی ئایدۆلۆژی، یاخود هۆکاری سیاسی لەپشت بوو؟

ئەحمەد جەزيرى: دەکرێت بڵێین هەردوو هۆکار ڕۆڵی خۆیان هەبوو، بەڵام هۆکارەکە زیاتر سیاسی بووە، چونكە دوای سەرکەوتنی شۆڕش و هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران لە لایەن قوتابیانی لایەنگری شۆڕش و خومەینی و دەستبەسەرکردنی فەرمانبەرانی ناو باڵیۆزخانە بۆ ماوەی (444) ڕۆژ، دواتر دەرەنجامی مەترسیداری لە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتی لێکەوتەوە.

عيمادەدین باقی، نووسەری ئێرانی لە كتێبى (تاریخ الثورة الاسلامیة) نووسیویەتی، ئایەتوڵا خومەینی لەوکاتیدا لە نیەتیدا نەبوو ڕووبەڕووی ئەمریکا بێتەوە، بەو شێوەیەی کە قوتابیان ئەنجامیاندا و ئەو قەیرانەی لێکەوتەوە بەڵام شتەکە ڕوویدا و لە دەست دەرچوو، چونکە پێش هاتنەوەی خومەینی بۆ ئێران کە لە مەنفا لە فەڕەنسا بوو، ژمارەیەکی زۆری لە بەرپرسانی ئەمریکی بینیبوو، بە پێی زانیاری متمانەپێكراو کە دزەیکردە ناو راگەياندنەكان، لەگەڵ خومەینی چەند ڕێکەوتنێکیان کردبوو، لە بەرامبەردا خومەینی گرێنتی ئەوەیان لێوەردەگرێ پشتیوانی هیچ کودەتایەک بەسەر شۆڕشەکەی نەکەن، یاخود یارمەتی شا بدەن لە کاتی شۆڕش بۆ هەرەسپێهێنانی شۆڕشەکەی. بەڵام دوای سەرکەوتنی شۆڕش و گەیشتنی خومەینی و هاوەڵانی بە دەسەڵات، ژمارەیەک لە چەپەکان و لایەنگرانی لەناو شۆڕش و شۆڕشگێڕاندا هەبوون، هەروەها بەشێک لە پیاوانی ئاینی ناو شۆڕش مەیلییان بەلای چەپ هەبوو و نزیکیش بوون لە خومەینی. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە چەپەکان و مارکسییەکان لەو کاتەدا کاریگەرییان لەسەر سیاسەت و میلەتی ئێران هەبووە، بۆیە بەشێک لە شیکەرەوانی سیاسی ئێرانی بۆچوونيان وايە، هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران و بە بارمتەگرتنی فەرمانبەرەکانی بە فەرمانی خومەینی بووە، تاوەکو بەڕەکە لەژێر پێی چەپەکان بهێنێتە دەرەوە. قەیرانی بارمتە ئەمریکییەکان روێکی تری کۆماری ئیسلامی نیشانی جیهاندا، کە بەهۆیەوە بە وڵاتێکی توندڕەو ناسرا، ئاڕاستەی سیاسەتی دەرەوەی ئێرانی بەرەو ئایدیۆلۆژی و دژایەتیکردنی ئەمریکا و رۆژئاوا برد، دوای ئەمەش لەسەر بنەمای تێڕوانینەکانی خومەینی، سەرکردەکانی شۆڕش بنەمای هەناردەکردنی شۆڕشیان وەک بەشێک لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران خستەڕوو،  هەناردەکردنی شۆڕش و پشتگیری بزوتنەوە شۆڕشگێڕیی و گرووپە ئیسلامی و نائیسلامییەکانی دژی ئەمریکا و ئیسڕائیل، بووە کۆڵەگەیەکی گرنگی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران.

نوچەنيت: ئەو ئامرازانە چین کە ئێران لە فراوانخوازی بەکاریان دەهێنێت؟

ئەحمەد جەزيرى: لەوەی کە باسی ئامرازەکانی فراوانخوازی سیاسەتی دەرەوەی ئێران دەکەین، نابێ کاریگەری  تەشەیوع لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەبەر چاو نەگرین، ململانێی ئێرانی شیعی لەگەڵ جیهانی سوننی حالەتێکی مێژووییە، بۆ سەردەمێکی دووری پێش شۆڕشی (1979) دەگەڕێتەوە. لەسەردەمی سەفەوییەکان ئێران ئیمبڕاتۆڕیەتی عوسمانی سوننی بە هەڕەشە لەسەر خۆی دەزانی، باشترین و گرنگترین هەنگاو بۆ سەفەوییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی عوسمانییەکان بریتی بوو لە هاندان و گرنگیپێدانی تەشەیوع و قووڵکردنەوەی ناکۆکییە ئایدۆلۆژی ئاینیی لەگەڵ عوسمانیدا، لەدەرەنجامدا پاش ئەوەی ئیسماعیل سەفەوی پەنای بردە بەر زانایانی شیعە لە (جبل عامل) لە لوبنان بۆ بڵاوکردنەوەی مەزهەبی شیعە لە وڵاتی ئێران، دواتر ئەم زانایانە و زانایانی ئێرانی دوای ئەوانیش بوونە هێزێکی هەژموونداری سیاسەتی ناوەخۆ و دەرەوەی ئێران، بۆ نموونە: کاتی گەورەترین ڕاپەڕین دژی سیاسەتەکانی ناسرەدينى قاجار کە سەر بە رۆژئاوا ڕوویدا، لەژێر ناوی شۆڕشی تووتن، سەرکردەکانی ئەو ڕاپەڕینە ئاخوند و پیاوانی ئایینی شیعە بوون، ئەو شۆڕشە لەسەر بنەمای فەتواکەی ئایەتوڵا شیرازی بوو کە فەتوای قەدەغەکردنی چاندنی تووتنی دەرکرد. لە ساڵی (1890)، دژی پێدانی ماف و ئیمتیازی فرۆشتنی بە کۆمپانیای تاڵبووتی ئینگلیزی بۆ ماوەی (50) ساڵ، دواتریش پیاوانی ئاینی شیعە لە ئێران هەر هەبووە، بەڵام خاڵی گۆڕانکاری لە هەژموونی شیعی بریتی بوو لە شۆڕشی ئیسلامی ساڵی (1979)، لەوکاتەوە تا ئێستاش کۆماری ئیسلامی هەموو لە هەوڵی ئەوەدایە سەرکردایەتی شیعەی جیهان بکات، لەم هەنگاوەیدا لە هەندێ وڵاتی وەکو لوبنان و عێراقیش سەرکەوتوو بووە، ئەمەش لەڕێگای هاوکاری کردنی مادی و مەعنەوی گرووپە شیعیەکان بووە. بۆ نموونە لەوڵاتێکی وەکو لوبنان کە تیایدا شیعە کەمینەیە یارمەتییەکی زۆری دان و وایکرد ببنە خاوەن هێز و بڕیار و حیسابی سیاسی و عەسکەرییان بۆ بکرێت، بۆ نموونە دامەزراندنی حیزبوڵای لوبنانی لە هەشتایەکانی سەدەی ڕابردوو، کە لە ئێستادا هێزێکی بنەڕەت و کاریگەری ژیانی سیاسی لوبنانن.

لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی عێراق و ئێرانیش لە ساڵی (1980) ئێران بەشێوەیەکی چڕ لە سیاسەتی دەرەوەیدا تەشەیوع بەکاردەهێنێ، ئەمەش بۆ پەیداکردن و دروستکردنی لایەنگرانی لە وڵاتانی ناوچەکە، گرێنتیکردنی قوڵایی ستراتیژی و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیى دەکاتە بەهانە بۆ پشتگیریکردنی گرووپە شیعییەکانی عێراق و لوبنان و سووريا و یەمەن. ئەمەش ڕوونە کە بەکارهێنانی هێزی نەرم لەلایەن ئێرانەوە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ناوچەکە هەبووە و ئێران بەهۆیەوە توانیویەتی لایەنگران و بریکارانی خۆی لە چەند وڵاتێک پەیدا بکات، ئەمەش لە لایەن وڵاتانی کەنداو و رۆژئاوا بە هەڕەشە لێکدرایەوە و گەیشتنە ئەو قەناعەتەی کە ناکرێ هەوڵی فراونخوازی و هەژموونی ئێران بێ دەنگی لێبکرێ.

نوچەنێت: دوای کوژرانی قاسم سلێمانى ، تا چەند ڕۆڵی ئێران لە ناوچەکە و سووريا بە تایبەت لاواز بووە؟

ئەحمەد جەزيرى: دەکرێ بڵێین، سلێمانى دوای خامنەئی کەسی یەکەمی ئێران بووە، ئەو ئەندازیاری فراوانخوازی دەسەڵاتی ئێران و مەزهەبی شیعە و بەڕێوەبەری پڕۆژەی هەناردەکردنی شۆڕش بووە، خوودی خۆی سەرپەرشتی پلانی فراوانخوازی ئێرانی بۆ وڵاتانی دەوروبەر دەکرد. سلێمانى کەسێکی بەهێز بوو هەروەک چۆن لەناو ماڵ و خاکی خۆی هاتوچۆی دەکرد ئەوهاش لەو وڵاتە عەرەبییانە هاتوچۆی دەکرد کە شیعەی تێدان، لە عێراق و سووريا و لوبنان و یەمەن هاتوچۆی هەبوو، ئاگاداری ورد و درشتی ڕووداوەکان بوو، سەرپەرشتى مەشقى ميليشياكان و پێدان و دابەشكردنی چەک و هاوكارى لۆجستى دەكردن، هەر ئەویش بوو ڕژێمی سووريای لە کەوتن پاراست.

کوژرانی قاسم سلێمانى کاریگەری لەسەر تەواوی هێز و میلیشیاکانی ئێران لە عێراق و سووريا و ناوچەکەش بە گشتی دەبێ. بەدرێژایی چەندین ساڵ سووريا یەکێک بوو لە گرینگترین پێگەی ئێران و فراوانکردنی دەسەڵاتی لە جیهانی عەرەبیدا، بەڵام لە ڕووی هێزەوە ئێران لە ساڵی (2012)ەوە بە کردەیی و بەو پەڕی ئامادەییەوە لە سووريا ئامادەبوو، لەو کاتەی کە هەوڵیدا ڕژێمی ئەسەد لە کەوتن بپارێزێ. ئێران دەستی بەسەر چەندین بنکەی سەربازی ستراتیژیدا گرتبوو وەکو فڕۆکەخانەی دیمەشقی نێودەوڵەتی و فڕۆکەخانەی (T4) لە ڕیفی حیمص لە بادیەی سووریا (ناوەڕاستی سووريا).

شيعەكانى عێراق داوايان كرد حەسەن نەسڕوڵا شوێنى قاسم سلێمانى بگرێتەوە.

بەڕاى چاودێرانیش، کوژرانی سلێمانى کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هەژموونی ئێران لە سووريا و ناوچەکە دەبێ، لە كوژرانى سلێمانى ڕێبەری باڵای ئێرانی عەلی خامنەئی دوای چەند کاتژمێرێک زۆربەخێرايى ئيسماعيل قائانى جێگرەوەی بۆ دانا، فيراس فەحام، چاودێرى سیاسی سووری جەخت لەوە دەکاتەوە، کە بە کوژرانی سلێمانى گورزێکی کوشندە بە هەژموونی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکانی دەکەوێت، بە تایبەت فەیلەقی قودس کە بەرپرسیارە لە پڕۆسەی سەربازی دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، هەروەها دەڵێ: لەبەر ئەوەی سلێمانى سەرپەرشتی دەیان میلیشیای تائفی سەر بە ئێرانی وەکو حەشدی شەعبی و میلیشیاکانی سووريای دەکرد، کەناڵی سەرەکی پەیوەندی نێوان ئێران و حیزبوڵای لوبنان بوو و خۆی ڕاستەوخۆ سەردانی مەیدانی شەڕ و ناوچەکەی دەکرد، بۆیە کوژرانی کاریگەرییەکی درێژخایەنی دەبێ.

نوچەنێت: ئایا ئیسماعیل قائانی جێگرەوەی قاسم سلێمانى بۆ پاڵپشتی شیعەکان دەتوانێ وەکو سلێمانى لەنێوان عێراق و سووريا و لوبنان هاتوچۆ بکات؟

ئەحمەد جەزيرى: قائانی ماوەیەکی زۆر هاوڕێی نزیک و جێگری سلێمانى بووە، هەر لەبەر ئەوەشە بە سێبەری سلێمانى  ناویان بردووە، لە شەڕی ئێران و عێراق(شەڕی کەنداوی یەکەم) لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو سەرکردایەتی لیوای (نصر-5) و (ئیمام ڕەزا-21) کردووە. قائانی سەبارەت بە هەناردەکردنی شۆڕش وا ناسراوە، باوەڕی بە مافی موستەزعەفین و فراوانخوازی ئێران هێشتا لە سلێمانى  توندڕەوترە و شەڕی سووريای تەنها بە شەڕێکی هەرێمی نابینێ، بەڵکو بۆ ئێران بە شەڕی (مان و نەمان) دەبینێ. لە کاتی ڕاگەیاندنی دانانەوەی وەک جێگرەوەی سلێمانى ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئێران عەلی خامنەئی ئەوەی دووپات کردەوە کە ئەرکی فەیلەقی قودس بە شەهیدبوونی سلێمانى  گۆڕانکاری بەسەر نایەت، دیارە ئەم هەنگاوەی خامنەئی لە دانانی قائانی وەک جێگرەوەی سلێمانى متمانەی پێیە و قەناعەتی وایە کە بتوانێ جێگای سلێمانى پڕ بکاتەوە، بەڵام ئەگەر سەرنج بدەین، ساڵێک لە دوای کوژرانی سلێمانى و دەستبەکاربوونی قائانی لە جێگای ئەودا دەکرێ بڵێین، کە قائانی تا ئێستا نەیتوانیوە بە هەمانشێوە ڕۆڵی سلێمانى  بگێڕێ، وەک ئەو لەنێوان وڵاتانی عێراق و سووريا و لوبنان هاتوچۆ بکات، ئەمە لەلایەک لە لاکەی ترەوە لەو کاتەی کە سلێمانى کوژراوە میلیشیاکانی سەربەئێران لە ناوچەکە دووچاری گورزی سیاسی گەورە بوونەتەوە، بە تایبەت دوای هاتنی موستەفا کازمی و دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی حکوومەت، بە گرتنەبەری چەند هەنگاوێک توانی تا ڕادەیەک چاڵاکی میلیشیاکان و هەژموونی ئێران بەسەر حکوومەتەکەی جڵەو بکات و کەم بکاتەوە، ئەویش لەڕێگەى کۆکردنەوەی چەک بەدەست هێزەکانی حکوومەت و ڕێگریکردن لە میلیشیاکان و دەست بەسەرداگرتنی سنوورەکانی سووريا- عێراق و کردنەوەی دەروازەی عەڕعەڕ لەگەڵ سعوودیە، هەروەها گورزی سەربازیش بە تایبەت لە سووريا کاتێک ئیسڕائیل چەند هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی میلیشیاکانی سەر بە ئێران. 

قائانى تا ئێستا نەيتوانيوە جێگەى قاسم سلێمانى بگرێتەوە

سەبارەت بە کاریگەری کوژرانی سلێمانى، عەمیدی خانەنشینکراو خاليد حەمادە، شارەزا لە بواری سەربازی دەڵێت، "کوژرانی سلێمانى خاڵی وەرچەرخانی بنەڕەتییە لە ململانێکانی ئێران و ئەمریکا لە ناوچەکە، چونکە بە ئامانج گرتنی کەسایەتییەکی وەکو سلێمانى مانای ئەوەیە کە لەمەودوا هیچ هێڵێکی سوور لەبەردەم ئەمریکا نەماوە، هەروەها کوژرانی سلێمانى کاری کردۆتە سەر حیزبوڵا و ڕۆڵ و کاریگەری کەمکردۆتەوە. چونکە سلێمانى کەسایەتی خۆی بەکاردەهێنا و پەیوەندی پتەوی لەگەڵیان هەبوو، کەسایەتییەکەی کاریگەرییەکی زۆری لەسەریان هەبوو، بۆ نموونە: حەسەن نەسڕوڵای ئەمینداری گشتی حیزبوڵا لە یەکێک لە وتارەکانی دوای کوژرانی سلێمانى گوتى، دوای ئەوەی سلێمانى ئەرکەکانی گرتە ئەستۆ ئێمە پێویستیمان بەوە نەبوو شاند بۆ ئێران بنێرین بۆ ئەوەى داوای یارمەتی بکەین، بارودۆخی خۆمانیان بۆ باس بکەین بەڵکو ئەو هەموودەم بەزووترین کات لە ساتی لێقەومان و ناخۆشیەکاندا لەلای ئێمە ئامادە دەبوو."

هەروەها دوای کوژرانی سلێمانى هەندێ ڕاپۆرت سەبارەت بە کۆبوونەوەی بەیروت کە لە پێناو ئاشتکردنەوەی لایەنە عێراقییەکانی سەر بە ئێران و ڕێکخستنەوەیان و تۆڵە سەندنەوەی سلێمانى بەسترابوو، ئەوەیان خستەڕوو کە هەندێ لە سەرکردەکانی ئەو لایەنانە لەو کۆبوونەوەیەدا داوای ئەوەیان کردبوو، کە حەسەن نەسڕوڵڵا لە جیاتی قائانی ئەرکەکانی سلێمانى بگرێتە ئەستۆ و ڕۆڵی سلێمانى  ببینێت، کە ئەمەش بێ متمانەیی و بێ باوەڕی ئەو لایەنانە دەردەخات لەبەرامبەر قائانی!

بەشار حەلەبی، توێژەری سیاسی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە دەزگای(Clipper Data- NYY)  دەڵێت، "کوژرانی سلێمانى  کاریگەری نەرێنی زۆری لەسەر حیزبوڵا هەبووە، چونکە هەر لەسەرەتای دامەزراندنی حیزبوڵا لە ساڵی (1982) تا شەڕی تەمووزی ساڵی (2006)، سلێمانى ڕاستەوخۆ لەگەڵیان بووە و بەرەكانى جەنگى بەسەرکردۆتەوە، هەروەها گوتیشی، کەسایەتی سلێمانى قەرەبوو ناکرێتەوە، نەک تەنها بۆ حیزبوڵڵا بەڵکو بۆ ئێران و ناوچەکە بە گشتی، چونکە ئەو بە تەنها ڕۆڵێکی گەورەتری بینیوە لە ڕۆڵى هەر دەزگایەکی تری ئێرانی، بۆيە ئەستەمە قائانی بتوانێ ڕۆڵی سلێمانى  ببینێ و بۆشاییەکەى پڕبکاتەوە".

نوچەنێت: ئەگەر ئێران و ئیسڕائیل پەیوەندییان هەیە لە چ ئاستێکە؟

ئەحمەد جەزيرى: بەشێوەیەکی گشتی پەیوەندی نێوان وڵاتان ڕێژەییە و ڕەها نییە، ئەو پەیوەندییە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە و زیاتر نیوڕیالیزمە هەوڵدانە بۆ هاوسەنگکردنی هێز، هەر وڵاتێک دەیەوێت زۆرترین هێز و هەژموونی هەبێت، کاراکتەرەکانیش تەنها وڵاتان نین، بەڵکو گرووپ و کۆمپانیاکانیش ڕۆڵیان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەیە، ڕاستە دوای سەرکەوتنی شۆڕش لە ئێران و هاتنی خومەینی ئێران دژایەتی ئیسڕائیل و ئەمریکای ڕاگەیاند و ڕەتیکردەوە بە هیچ جۆرێک وەک دەوڵەت دان بە ئیسڕائیل دابنێ و بە داگیرکەر ناوی بردن، لەسەردەمی شەڕی عێراق و ئێرانیش هەردوو وڵاتی شەڕکەر دژایەتی ئیسڕائیلیان ڕاگەیاند بوو، عێراق تا ڕادەیەک لە ئێران  جێگیرتربوو، چونكە لە ئێران تازە شۆڕش سەریگرتبوو، کە لەگەڵ عێراق کەوتە ناو ئەو جەنگە هێشتا تەواو خۆی بەهێز نەکردبوو، بۆيە بۆ ئیسڕائیل عێراق زیاتر جێگای مەترسی بوو و بەردەوامی ئەو جەنگە و سەرقاڵی هەردوو وڵاتی دوژمن، وايكردبوو لاوازبوونیان لە بەرژەوەندی ئیسڕائیل بێت، لێرەدا هاوسەنگی هێز بۆ ئیسڕائیل مەبەست بوو، چونكە نەیدەویست ئەو جەنگە لەبەرژەوەندی هیچ وڵاتێكيان یەکلا بێتەوە، جا لەوکاتەی کە عێراق لە شەڕەکە تاڕادەیەک سەرکەوتوو بوو ئیسڕائیل بۆ هاوسەنگ ڕاگرتنی هێز و بەردەومیدان بەشەڕەکە بە بڕی (75) ملیۆن دۆلار چەکی فرۆشتە ئێران، هەرچەندە بەرپرسانی ئێران ئەمەیان ڕەتکردۆتەوە، بەڵام ئەم زانیارییە لەلایەن دەزگای تریتا پارسی ڕاگەیەنرا و پشتڕاست کراوەتەوە، کەواتە دەکرێت بڵێین، سەرەڕای ئاستی ناکۆکییەکان و هەوراز و نشێوی پەیوەندییەکانی نێوانیان، پەیوەندییەکانیان ئەگەر هەشبێ لە سەر بنەمای هاوسەنگی هێزە و لە بوارێکی تایبەت و مەودا کورت بوو.

نوچەنێت: بۆچوونت چییە لەسەر ئەوەی کە ساڵی رابردوو ڕۆژنامەی (الجریدة)ی کوێتی ئاشکرایکرد، ئێران نەوتی بە ئەمریکا و ئیسڕائیل فرۆشتووە، ڕۆژنامەکە ئەوەی چواندووە بە پێدانی سێ هەزار موشەک لەبەرامبەر ئازادکردنی ئەمریکییەکان، كە لە پاریس ئاری منیاش و ئەبوو حەسەن بەنی سەدڕ کۆبوونەوە؟

ئەحمەد جەزيرى: ئەگەر هەڵە نەبم ئەو باسە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ئايارى ساڵی ڕابردوو، بەڵام پرسیاری جددی ئەوەیە، ئایا ڕێی تێدەچێ ئەمریکا راستەوخۆ نەوت لە ئێران بكڕێت، لە کاتێکدا لە هەوڵی ئەوەدایە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بگەیەنێتە ئاستی سفر و ئابڵوقەی زیاتری بەسەر دا بسەپێنێ؟ سەبارەت بە ڕاست و دروستى ئەم باسە بۆ ڕاپۆڕتی ئاژانسی ئەشۆشێتد پرێس دەگەڕێتەوە کە نووسیبووی، ئەمریکا دوای دەست بەسەرداگرتنی كەشتيیەكى نەوتهەڵگر بە ناوی (MT Achilleas) کە لە کەنارەکانی شاری فوجیرەی ئیماڕاتی خەریکی گواستنەوەی نەوتی ئێرانی بووە، نزیکەیی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی ئەو كەشتيیەى فرۆشتووە، بەڵام کارمەندانی كەشتييەكەش ڕەتیانکردۆتەوە کە نەوتەکە ئیرانێ بێت و گوتیتیان نەوتەکە نەوتی خاوی بەسڕەیە، بەڵام ئەمریکا كەشتیيەكەى گواستۆتەوە بۆ هیوستن لە ویلایەتی تەکساس و نەوتەکەی سەری فرۆشتووە بە (110) ملیۆن دۆلار، لەبەرامبەردا سەعید ختیبزادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمەی ڕەتکردۆتەوە، بۆيە بە بۆچوونى من ئەوە ڕاستی بابەتەکەیە، نەوەک کڕین و فرۆشتنێکی ئاسایی بێت.

عێراق لەژێر هەژموونى ئێرانە

نوچە نێت: بۆچی ئێران لە هەموو عێراق تەنها هەولێر موشەک باران دەکات و دەیکاتە ئامانج؟

ئەحمەدى جەزيرى: بەهانەی ئێران بۆ موشەک بارانکردنی هەولێر ئەوەیە کە بنکەی سیخوڕی ئیسڕائیل لە هەولێرە، بەڵام وانازانم ئەوە هۆکارەکە بێت، خۆ قونسڵییەی ئەمریکاش هەر لە هەولێرە و گەورەترین دوژمنی ئێرانیشە، حکوومەتی عێراق تاڕادەیەکی زۆر لەژێر کاریگەری هەژموونی ئێرانە، ئەمەش بەهۆی ئەو گرووپ و میلیشیایانەیە کە لە ناوعێراقدا ڕۆڵیان هەیە و ژێر فرمانی ئێرانن و باڵی چەکدارییان هەیە و لە ناو حکوومەتی عێراقیشدا هەن، بەگوێرەى خوێندنەوەى من بۆ ئەم بابەتە، موشەکبارانکردنی هەولێر لەلایەن ئێرانەوە تەنها فشارە بۆ سەر هەولێر و دەیەوێت حکوومەتی هەرێم و هەولێر بخاتە ژێر هەژموون و ویست و داواکارییە سیاسییەکانی خۆی، هەروەک چۆن هەژموونی بەسەر عێراق جگە لەهەرێمدا هەیە بەسەر هەرێمی کوردستانیش داهەیبێ و بیکاتە پاشکۆی سیاسەتەکانی خۆی، پرسیار ئەوەیە چۆنە ئێران لە ڕێگەی حکوومەتی عێراقەوە هەوڵێ ڕێگريکردن لە کردنەوەی بنکە نهێنی یان ئاشکراکانی ئیسڕائیل لە هەولێر نەکردووە؟ بۆچی لە ڕیگەی لێدانی هەولێر بە موشەکەکانی کە سەروەریەکەی بەشێکە لە سەروەری عێراق پێشێل دەکات؟ بەدڵنیاییەوە مەبەستەکە هەوڵی پاشکۆیەتی کردنی هەرێمە بۆ خۆی.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین