سيستەمى بەرگرى رووسى ناكۆكى دەخاتەوە نێوان توركيا و ئەمەريكا شیکاری
دواى ئەوەى رووسيا رايگەياند، "بەشى دووەمى گرێبەستى سيستەمى مووشەكى (ئێس 400)مان لەگەڵ توركيا واژۆكردووە." بۆب مينديز، سەرۆكى ليژنەى پەيوەندييەكانى دەرەوە لە ئەنجوومەنى پيرانى ئەمەريكا هۆشدارى دايە توركيا كە خۆى لە كڕينى بەشى دووەمى سيستەمى مووشەكى بەرگرى لە رووسيا بە دوور بگرێت.

ديمترى شۆگاييڤ، بەرێوبەرى دەستەى فيدڕاڵى رووسيا بۆ هاوئاهەنگى تەكنيكى سەربازى سەبارەت بە گرێبەستى نوێى سيستەمى بەرگرى مووشەكى (ئێس 400) رايگەياند، "دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم بەڵگەنامەى گرێبەستى پەيوەست بەو سيستەمە واژۆ كراوە، ئەو گرێبەستە جێگيركردنى پێكهاتە دياريكراوەكانى ئەو سيستەمە لە توركيا لەخۆ دەگرێت."

رووسيا پەيوەندييەكانمان لەگەڵ توركيا بەردەوام دەبێت

سەبارەت بەكاريگەرييەكانى دۆخى سياسى لەسەر پەيوەندى وڵاتەكەيان لەگەڵ وڵاتان، ئاماژەى بەوە كرد، "دۆخى سياسى كاريگەرى لەسەر پەيوەندييەكانى نێوان رووسيا هاوبەشەكانى هەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هاوئاهەنگى تەكنيكى سەربازى لەگەڵ توركيا بەگوێرەى رێككەوتنى سەرۆكى نێوان سەرۆكى هەردوو وڵات بەرەوپێش چووە، ئێمە لەسەر بنەمايەكى شەفاف و بەرژەوەندى دوو لايەنە بەردەوام دەبين لە پلان دانان لەگەڵ توركيا."

ئەو لێدوانەى رووسيا كاردانەوەى توندى ئەمەريكاى لێكەوتەوە، لەم بارەيەوە بۆب مينديز، سەرۆكى ليژنەى پەيوەندييەكانى دەرەوە لە ئەنجوومەنى پيرانى ئەمەريكا نيگەرانى خۆى بەرانبەر ئەو راپۆرتانە دەربڕى، كە باس لەوە دەكەن توركيا هەوڵدەدات بەشى دووەمى سيستەمى مووشەكى بەرگرى (ئێس400)ى رووسى بكڕێت.

مينديز لە راگەێندراوێكدا ئاشكراى كرد، "ئەگەر ئەو هەنگاوە راست بێت، ئەوە پێشێلكاريەكى روونە بەرانبەر ئەو سزايانەى ئەمەريكا بەسەر رووسياى سەپاندووە، چونكە لەكاتێدايە مۆسكۆ لە هێرشى دڕاندنە و ناياسايى خۆى بۆ سەر ئۆكراينا بەردەوامە، توركيا دەبێت بەرپرسيارێتى هەڵگرێت بەرانبەر هاوپەيمانى ناتۆ و ئاسايشى ناوچەكە، هەموو هاوئاهەنگيەكى سەربازى لەگەڵ ڤلاديمێر پۆتين، سەرۆكى رووسيا بەتەواوى رەت بكاتەوە."

ئەمەريكا: كڕينى بەشى دووەمى سيستەمى بەرگرى رووسيا مەترسى بۆ سەر ناتۆ دەبێت

سەبارەت يۆنانيش بۆب هيواى خواست، توركيا ئاڕاستە و سياسەتى بەرانبەر پێشێلكردنى بەردەوامى ئاسمانى يۆنان و دواخستنى پڕۆسەى وەرگرتنى سويد و فينلەندا لە ناتۆ بگۆڕێت، بە بۆچوونى ئەو دەبێت توركيا پابەند بێت بە بەڵێنەكانى بەرانبەر هاوپەيمانى ناتۆ، هەموو لايەنەكان دەخوزان لەو ناوچەيە وەك هاوبەشێك بێت.

سەرۆكى ليژنەى پەيوەندييەكان لە ئەنجوومەنى پيران راشيگەياند، "سياسەتى ئەمەريكا روونە، هەر فراوانكردنێكى پەيوەندى توركيا لەگەڵ رووسيا لە بوارى سەربازى هەڵەيەكى گەورەيە، بۆى هەيە ئاسايشى هاوپەيمانەكانمان لە ناتۆ و هەموو ئەورووپا رووبەڕووى مەترسى بكاتەوە.

توركيا: هيچ رێككەوتنێك نييە بۆ كرينى بەشى دووەمى سيستەمى رووسى

سەبارەت بەو هەواڵەى رووسيا، دەستەى پيشەسازى بەرگرى سەربە سەرۆكايەتى توركيا جەختى لەسەر بەردەوامى رێككەوتنە سەرەكييەكە كردەوە، بەڵام رەتى كردەوە هيچ بەرەو پێشچوونێكى نوێ بۆ هێنانى بەشێكى تر لە سيستەمى مووشەكى بەرگرى (ئێس 400) رووسى هەبێت.

لە ساڵى (2017) توركيا و رووسيا يەكەم گرێبەستى كڕينى ئەو سيستەمەيان بە بڕى دوو مليار و (500) مليۆن دۆلار واژۆ كرد، لەگەڵ ئەگەرى كڕينى بەشى تريش، لە هاوين و پايزى ساڵى (2019) بەشى يەكەميان وەرگرت.

ئەو هەنگاوەى توركيا كاردانەوەى ئەمەريكاى بەرانبەر ئەنقەرە لێككەوتەوە، لەهەمان ساڵ توركياى لە پڕۆگرامى فڕۆكەى (ئێف 35) دوورخستەوە، كە توركيا بەشدار بوو لەو پڕۆگرامە و خواستى ئەوەى هەبوو فڕۆكەكانى بگات بە (100) فڕۆكە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین