ماوەى درێژکردنەوەى مامەڵەى بە ناوکردنى خانووە زێدەڕۆیەکان لە دەسەڵاتى پەرلەمانى کوردستانە راپۆرت و شیکاری

تایبەت بە نوچەنێت

هەفتەى ڕابردوو ماوەى بە ناوکردنى خانووە زێدەڕۆیەکان لە هەولێر کۆتاییهات، بەڵام هێشتا ژمارەیەکى زۆرى هاووڵاتى مامەڵەى بە ناوکردنى خانووەکانیان نەکردووە. برزۆ زیاد بەرێوەبەری خانووبەرەی میری ھەولێر دەڵێت، "درێژکردنەوەى مامەڵەى بە ناوکردنى خانووە زێدەڕۆیەکان تەنیا لەدەستى پەرلەمانى کوردستان دایە."

سیامەند کەریم وتەبێژی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر، تایبەت بە نوچەنێتى ڕاگەیاند، "لە هەر شەش لقەکانى شارەوانی، مامەڵى بەناوکردنى خانووە زێدەڕۆکان ڕاییکراوە، رۆژانە دەرچوون بۆ پشکنین بۆ خانووەکان کراوە، زۆرترین زێدەرۆریش  لە  شارەوانى شەش تۆمارکراوە، ئینجا دواتر لقەکانی شارەوانى پێنج و چوار. هەروەها لە سنووری سەرۆکایەتیی شاری هەولێر، زیاتر لە دوو هەزار هاووڵاتی مامەڵەی بەناوکردنی خانووی زێدەرۆیان دەستپێکردوە."

سەبارەت بە بڕى ئەو پارەى حکومەت بەرامبەر بە بەناوکردنى خانووە زێدەڕۆیەکان وەریدەگرێت، سیامەند کەریم دەڵێت، "ئاسانکارییەکی زۆرباش بۆ هاوڵاتیان کراوە لەرووی تێچووی پارەوە، پارەیەکی کەم دانراوە، ئەگەر دوو ملیۆن دینار بەسەرەوە بێت، ئەوا پارەکە بە چوار قیست لە هاووڵاتی وەردەگیرێت."

لە بەرامبەردا برزۆ زیاد بەرێوەبەری خانووبەرەی میری ھەولێر، لەبارەى درێژکردنەوەى ماوەى بە ناوکردنى خانووە زێدەڕۆکان، بە نوچەنێتى ڕاگەیاند، " ئەم بڕیارە لە دەسەڵاتی پەرلەمانى کوردستانە، چونکە بە یاسا ئەو ماوەیە بڕیاری درێژکرنەوەی لەسەر دەدرێت، لە دەسەڵاتی پارێزگا و حکومەت نییە، تەنیا لە رێگای پێشنیارێک دەکرێت کە لە ئەنجوومەنی وەزیران بەرزبکرێتەوە یان لە لیژنەی شارەوانیەکان لە پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر بکرێت، رەنگە ماوەکە درێژ بکرێتەوە، بەڵام ئەمە لە دەسەڵاتی پەرلەمانە ئێمە ناتوانین بریار بدەین."

برزۆ زیاد گوتیشى، "شارەوانی هەولێر بەسەر چەند لق دابەش دەبێت و هەروەها قەزا و ناحیەکانیش دەگرێتەوە، بێگومان ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان دەستیان بە مامەڵە بەناوکردنی خانووە زێدەڕۆکان کردووە، بەڵام سبەی وا بریارە ژمارەى ئەو خانوانەى مامەڵەى بەناوکردنیان ئەنجامداوە بڵاوبکرێتەوە."

جێگەى ئاماژەپێدانە، بە پێى بڕیارێکى پەرلەمانى کوردستان، هەموو ئەو زەوییانەى بە زێدەڕۆ خانوویان لەسەر دروستکرابوو، ڕێگە بە هاووڵاتیان درا بەناوى خۆیان بکەن، لە پارێزگاى هەولێر بۆ ئەم مەبەستە لیژنەی خانووە زێدەرۆیەکان دروستکرا، کە دوا وادەى یاسایى بۆ بە ناوکردنى خانووە زێدەڕۆکان (9-9-2022) بوو.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین