د.ئەمين ئيسماعيل: پێويستە توركيا لە سوودان لە پڕۆژەى ئايدۆلۆژى دووركەوێتەوە دیمانە

ئیسماعیل تەها: تایبەت بە نوچەنێت:

د.ئەمين ئيسماعيل مەجزوب، دەرچووى زانكۆى زەعيم ئەزهەرى سوودانى، پسپۆڕى ستراتيژى لەو ديمانەى نوچەنێت تيشك دەخاتە سەر پەيوەندييەكان نێوانى توركيا و سوودان، سەبارەت بە رێككەوتنى دوورگەى سەواكين كە يەكێك بوو لە رێككەوتنە پڕبايەخەكان بۆ توركيا لەگەڵ دەسەڵاتى پێشووى سوودان، دەڵێت، " رێككەوتنى بەندەر و دوورگەى سەواكين، پڕۆژەيەكى مێژوويى كلتوورييە، نەك پڕۆژەيەكى سياسى ئابوورى." بەڵام پێشى وايە، "ئەو رێككەوتنە دەكەوێتە بوارى جێبەجێكردن."

نوچەنێت: دواى لادانى عومەر حەسەن بەشير لەسەر دەسەڵات، هەندێك لە چاودێران پێيانوابوو مامەڵەى توركيا لەگەڵ دەسەڵاتى نوێى سوودان، وەك مامەڵەى ساڵى (2013) دەبێت لەگەڵ عەبدولفەتاح سيسى، بەڵام ئەردۆغان هەر زوو رايگەياند، "ئێمە رێز لە بڕيارى گەلى سوودان دەگرين." ئەو هۆكارانە چى بوون توركيا مامەڵەى لەگەڵ حكومەتى نوێى سوودان جياواز بوو ؟

د.ئەمين ئيسماعيل مەجزوب: توركيا وەبەرهێنانى زۆر و دراوسێيەكى دەرياييە لەگەڵ ميسر، بەرژەوەندى ئابوورى گەورەيان لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا هەيە، بۆيە ميسر بە وڵاتێكى كاريگەرى ناوچەكە دەزانێت هەر ئەوەش وايكردبوو پەيوەندى بازرگانيان نەوەستێت، سەبارەت سوودانيش لەدواى شۆڕشى مانگى تشرينى دووەمى ساڵى (2018) وەبەرهێنانى توركيا لە سوودان وەستا، توركيا هاوپەيمانێكى زۆر گرنگى ئيسلامى لەدەست دا، بۆيە لەدواى رووخاندنى رژێمى عومەر حەسەن بەشير توركيا بە وردى چاودێرى دۆخەكەى كرد، هەرچەندە پەيوەندييەكى بەهێز و قووڵى مێژوويى لەنێوان ئەم دوو وڵاتە هەيە، بەڵام تا ئێستا توركيا چاوەڕوانە دەسەڵاتى نوێ لە خەڕتووم دەست بەكار بێت.

دەبێت توركيا دڵنيايى زياتر بداتە حكومەتى نوێى سوودان

نوچەنێت: توركيا ماوەيەكى زۆر بێ دەنگ بوو بەرانبەر حكومەتى نوێى سوودان، هەست بەوە دەكرا حكومەتى نوێى سوودان بەرانبەر توركيا بە گومانە؟

د.ئەمين ئيسماعيل مەجزوب: بە بۆچوونى من دەسەڵاتى فەرمانڕەواى ئێستا لە سوودان ئاڕاستەيەكى دژ بە ئيسلامييەكانى بەگشتى هەيە، بەهەمان شێوە دژى ئەو وڵاتانەشە كە هاوپەيمانەكانى ئيسلامييەكانن، بۆيە دەكرێت دژى وڵاتێكى وەك توركياش بێت، چونكە توركيا پێشوازى لە بەرپرسە باڵاكانى پێشووى حكومەتى سوودان و كەس و كار و وەبەرهێنانە داراييەكانى كرد، لێرەوە بۆشايى و دووركەوتنەوە لەنێوان هەردوو وڵات دروستبوو.

نوچەنێت: توركيا چۆن كارى لەسەر رەواندنەوەى گومانەكانى حكومەتى نوێى سوودان كرد؟

د.ئەمين ئيسماعيل مەجزوب: پێويستە حكومەتى توركيا بۆ دڵنياييدان بە بەپرسانى باڵاى سوودان هەوڵى زياتر بخاتە گەڕ، گرنگترينيان چارەسەكردنى گرێكوێرەى بوونى بەرپرسانى پێشووى حكومەتى سوودانە لە خاكى توركيا و هەبوونى كەناڵى راگەياندنى سوودانييە لە ئيستەنبۆڵ، كە لە دژى شۆڕشى سوودانى كاردەكەن، بەهەمان شێوە پێويستە حكومەتى توركيا بەستنەوەى وەبەرهێنانەكانى لە سوودان لە بە هەر بەرەيەك و ئايدۆلۆژيايەك دووربخاتەوە، بۆيە تا ئێستا نەبوونى متمانە لەنێوان هەردوو وڵات بۆتە بەربەستێك لەبەردەم بەهێزكردنى پەيوەندييەكانى نێوانيان.

نوچەنێت: لەدواى لادانى عومەر بەشير چاودێرانى سياسى پێيانوابوو سوودان دەچێتە بەرەى ئيمارات و سعووديە و ميسر، لە بەرانبەردا بەرەى قەتەرى توركى هەبوو، بەڵام سوودان تا ئاستێكى زۆرباش توانى هاوسەنگى خۆى بپارێزيت، ئەو ئەو فاكتەرانە چى بوون حكومەتى نوێى سوودان نەچووە بەرەى ئيمارات؟

حكومەتى نوێى سوودان دژ بە وڵاتانى هاوپەيمانى گرووپە ئيسلامييەكانە

د.ئەمين ئيسماعيل مەجزوب: دواى شۆڕشى سوودان ئيمارات و سعووديە و ئەمەريكا پاڵپشتى ئەو شۆڕشەيان كرد، دەسەڵاتى كاتى خۆى لە بەرەى رۆژئاوا و كەنداو جگە لە وڵاتى قەتەر بينييەوە، بەڵام ئێستا لەدواى بڕيارەكانى (25)ى تشرينى يەكەمى ساڵى (2020) دەبينم هاوسەنگى و كرانەوە بەرانبەر هەموو لايەنەكان هەيە، سەرەڕاى ئەوەى تا ئێستا دەسەڵاتى نوێ لە قۆناغى بويادنان دايە.

نوچەنێت: دوورگەى سەواكين يەكێك لەو رێككەوتنانەيە لەگەڵ توركيا، كە مێژووەكەى بۆ سەردەمى عومەر بەشير دەگەڕێتەوە، بۆچى لە نوێكردنەوەى رێككەوتنەكانى توركيا و حكوومەتى نوێى سوودان باسى سەواكين نەكرا.؟

د.ئەمين ئيسماعيل مەجزوب: رێككەوتنى بەندەر و دوورگەى سەواكين، پڕۆژەيەكى مێژوويى كلتوورييە، نەك پڕۆژەيەكى سياسى و ئابوورى، وڵاتانى سەر دەرياى سوور زۆر هەستيارن بەرانبەر ئەو دوورگەيە، بەتايبەت سعووديە زۆر هەستيارە لەبەرانبەر هەر جووڵەيەك كەناراوەكانى بەرانبەر بكرێت، بۆيە ئەوە وايكردووە هەبوونى توركيا بەلاى سعوودييەوە مايەى قبووڵكردن نەبێت، هەروەك هەوڵەكانى رووسيا بۆ دروستكردنى بنكەيەكى دەريايى لە سوودان مايەى قبووڵكردن نەبوو.

نوچەنێت: ئايا چارەنووسى دوورگەى سەواكين  چى بەسەردێت؟

د.ئەمين ئيسماعيل مەجزوب: بە بۆچوونى من كارى نوێژەنكردنەوەى باڵەخانە مێژووييەكان بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەوەى پەيوەست بێت بە بەكارهێنانى بۆ  بوارە جۆراوجۆرەكانى بنكەى سەربازى، بۆيە ئەو رێككەوتنەى بۆ بەكارهێنانى بنكەى سەربازى هەڵدەوەشێتەوە. 

نوچەنێت: توركيا لە مامەڵەى لەگەڵ وڵاتان هێزى نەرم بەكار دەهێنێت، ئەو هێزە نەرمانە چين توركيا لە سوودان كارى لەسەر دەكات.؟

د.ئەمين ئيسماعيل مەجزوب: پێويستە توركيا بايەخ بە وەبەرهێنان و پڕۆژە ئابوورييەكانى بدات، بەبێ ئەوەى ئاڕاستەيەكى سياسى يا ئيدۆلۆژى بسەپێنێت و وابكات لە سياسەتى لايەنەكانى سوودان دوورى بخاتەوە.

نوچەنێت: توركيا مێژووێكى هەيە لە كودەتاى سەربازى، وەك پسپۆڕێكى بوارى سەربازى سوودان چۆن دەتوانێت سوود لە ئەزموونى توركيا وەربگرێت؟

سعووديە دژ بە هەبوونى بنكەى سەربازى توركيايە لە دوورگەى سەواكين

د.ئەمين ئيسماعيل مەجزوب: لەو بڕوايە دانيم توركيا هيچ شتێكى پەيوەست بە رووداوەكانى (25)ى تشرينى يەكەمى پێشكەش بە سوپاى سوودانى كردبێت، جگە لە چاوەڕوانى دروستبوونى واقيعێكى نوێ لە سوودان.

نوچەنێت: هەندێك لە چاودێرانى سياسى باس لەوە دەكەن چوونى توركيا بۆ ئەفريقيا بە گشتى لە پێناو گێڕانەوەى سەروەرى دەوڵەتى عوسمانييە، تا چەند توركيا دەتوانێت مۆدێلێكى نوێ لە پەيوەندى نێودەوڵەتى لەسەر بنەماى مێژوو  و كلتوورى هاوبەش دروست بكات؟ 

د.ئەمين ئيسماعيل مەجزوب: ئەفريقيا كيشوەێرێكى نوێيە و خاوەنى چەندين بازاڕە، پێويستە توركيا پەلە لە قۆستنەوەى ئەو دەرفەتە بكات، لەبرى ئەوەى سستى بنوێێت تاوەكو پەنا بۆ هەندێك وڵاتى تر ببەن، وەبەهێنانى نوێ لەو كيشەوەرە دەست پێ بكات، چونكە توركيا لەو وڵاتانەيە بەلاى خەڵكى كيشەوەرى ئەفريقياوە خۆشەويستە و پێشوازى لێ دەكرێت، چونكە لە بازرگانيكردن راستگۆن، بەرهەم و پێشەسازييەكانى توركيا كوالێتيان بەرزە، لە لايەكى تريشەوە توركيا پەيوەندى لەگەڵ ئەمەريكا و ئەوروپا بەهێزە، بۆ ئەوەش دەتوانێت وەك وڵاتێكى ناوچەيى و قبووڵكراو  و متمانەپێكراو نێوەنگيرى وڵاتانى ئەفريقيا لەگەڵ وڵاتە زلهێزەكان بكات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین