تورکیا ئاشکراکردنى باندى سیخوڕى وەک کارتى فشار بەکار دەهێنێت راپۆرت و شیکاری

نوچە نێت: تایبەت

ئا: ئیسماعیل تەها

تورکیا بۆ بەهێزکردنى هەژموونى خۆى و سازش بە بەرانبەر هەموو رێگەیەک بەکاردەهێنێت، چونکە جەنگى ئێستاى نێوان وڵاتانى دۆست لە جیهان، جەنگى بەهێزکردنى هەژموونە، ئەوەش وایکردووە، وڵاتانى جیهان چەند پەیوەندیان بەهێز بێت، بەڵام هەمیشەش هەموو حیسابێک بۆ زاڵنەبوونى بەرژەوەندى لەسەر حیسابى یەکتر دەکەن، دواى نزیکەى (10) ساڵ لە ئاڵۆزیى پەیوەندییەکانى نێوان ئەنقەرە و ئەبوو زەبى، لە (2021) كۆتاییان بەو ئاڵۆزیانە هێنا، محەمەد بن زاید، کە ئەوکات شازادەى جێنشینى ئیمارات بوو، سەردانى تورکیاى کرد و پاشان ئەردۆغان سەردانى ئیماراتى کرد و چەندین رێککەوتنى گەورەى بارزگانیان واژۆکرد، لەو کاتەوە تورکیا و ئیمارات پەیوەندییەکانیان بەهێزبۆتەوە لەسەر بەشێکى زۆر لە پرسە گرنگەکانى ئەو ناوچەیە هاوڕان، لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا ئامادەیى ئەوەى تێدایە دژ بە ئیمارات دۆسیەى هەستیار بکاتەوە، کە یەکێک لەو دۆسیە هەستیارانە بوونى دەستگیرکردنى باندە سیخوڕیەکانە، کە تورکیا مێژووێکى لە بەکارهێنانى دەستگیرکردنەکان هەیە.

ئەو نزیکبوونەوە واتاى ئەوە نییە، ئەو دوو وڵاتە حیساب بۆ هەژموونى یەکتر لەسەر حیسابی خۆیان ناکەن، ئیمارات هەموو حیسابێک دەکات، بۆ ئەوەى هیچ هەژموونێکى تورکیا لەو ناوچەیە لەسەر حیسابى ئەو نەبێت، تورکیاش بەهەمان شێوە هەموو حیسابێک دەکات تاوەکوو هەر هێزبوونێکى هەژموونى ئیمارات لەسەر حیسابى ئەو نەبێت، بەڵام لە هەمان کاتدا هەردوو وڵاتیش لەسەر چەندین دۆسیەى گرنگ پێویستیان بە یەکتر هەیە، هێڵە سوورەکانى نێوانیان نابەزێن، بۆ ئەوەى لە هەر شوێنێک پێویستیان بە یەکتر بوو، هاوکارى یەکتر بن، لە چەند ساڵى رابردوو ئەوە بە کردەیى لەنێوان ئیمارات و تورکیا هەبوو.

سوودان ــ ئیمارات ــ تورکیا

لەدواى هەڵگیرسانى شەڕى ناوخۆى سوودان، ئیمارات تۆمەتبارە بە هاوکارى "پاڵپشتى خێرا" ئەوەش وایکرد، سوودان کاردانەوەى توندى ببێت و لە نەتەوە یەکگرتووکان سکاڵا لەدژى سوودان تۆمار بکات، ئەوەش کاریگەرى لەسەر پەیوەندییە ئابوورییەکانى سوودان و ئیمارات درووست کرد، کاردانەوەکانى سوودان بەرژەوەندییە گەورە ئابوورییەکانى ئیماراتى لەو وڵاتە خستە مەترسیەوە، کە لە ساڵى (2022) چەندین رێککەوتنى ئابووریی بۆ درووستکردنى بەندەر و فڕۆکەخانە و کشتوکاڵ واژۆکردبوو، کە بە هاکەى دەگاتە شەش ملیار دۆلار.

لە (2024/12/13)  رەجەب تەیب ئەردۆغان، بە تەلەفۆن لەگەڵ عەبدولفەتاح بورهان، سەرۆكی ئەنجوومەنی سەرۆكایەتی سوودان گفتوگۆیان کرد و ئامادەیى خۆى نیشاندا، بۆ نێوەندگیری لەنێوان سوودان و ئیمارات، لە (2025/1/4) نێردەی ئەردۆغان گەیشتە سوودان.

لە لایەکى دیکەوە ئەگەر سەیرى پەیوەندییەکانى ئیسرائیل و تورکیا بکەین لەو پەڕى خراپى دایە، بۆ ئەوەش ئیمارات دەتوانێت هاوکارى تورکیا بێت، بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى، بەتایبەت ئیمارات لەو وڵاتانەیە کە پەیوەندى لەگەڵ ئیسرائیل بەهێزە، چاوەڕوان دەکرێت ئیمارات دەسپێشخەرى بۆ دەستپێکردنەوەى پەیوەندییە دیپلۆماسیەکانى نێوان ئەنقەرە و تەلئەبیب بکات. 

بەشداریى تورکیا لە هێزى ئاشتى پارێز و مەترسی و لێکەوتەکان

دواى ئەوەى ترەمپ جەنگى ئیسرائیل ــ حەماسى راگرت، پرسى درووستکردنى هێزێکى ئاشتى پارێز و بەشدارى تورکیا بووە بابەتى سەرەکى رۆژنامە و ناوەندە سیاسییەکان، تورکیا بەهێزى بەهێزى لە ناتۆ و هەوڵەکانى بۆ رازیکردنى حەماس، بووە جێگەى متمانەى دۆناڵد ترەمپ، بەڵام بۆ ئەوەش هەریەک لە ئیمارات و سعوودیە، حیسابى تایبەت بۆ ئەو بەشدارییە دەکەن، چونکە ئەو بەشدارییەى تورکیا بە بەهێزبوونى هەژموونى ئەنقەرە لەسەر حیسابى خۆیان دەزانن.

هەرچەندە تاوەکوو ئێستا ئەو دوو وڵاتە بە ئاشکرا دژایەتی خۆیان رانەگەیاندووە، بەڵام بەگوێرەى راپۆرتى ناوەندەکانى شیکارى هەردوو وڵاتى دژى ئەو بەشدارییەن، لەسەرووى ئەوانەشەوە ئیسرائیلى دژى ئەو بەشدارییە، تورکیا لەبەر هەردوو وڵات کارتى فشارى هەیە.

باندى شیخوڕی یان کارتى فشار

باندى سیخوڕى وڵاتانى جیهان لە هەموو وڵاتێک هەیە، چەندین جار تورکیا پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئێران ئاڵۆزبووبێت دەستگیرکردنى باندێکى ئێرانى راگەیاندووە، کە بەگوتەى راگەیاندنەکان لە هەوڵى بە ئامانجگرتنى کەسانى ئیسرائیلى بووە لە ناو تورکیا، لە (2022) توركيا ژمارەیەک، باندى ئێرانى بە تۆمەتى سیخوڕى لە وڵاتەکەى دەستگیرکرد.

کاتێکیش لە بەهۆى جەنگى غەزە پەیوەندییەکانى تورکیا و ئیسرائیل تێکچوو، تورکیا دەستیکردەوە بە راگەیاندنى دەستگیرکردنى سیخوڕى ئیسرائیلى، لە نیسانى ساڵى رابردوو وەزیرى ناوخۆى تورکیا رایگەیاند،  پۆلیسى تورکیا هەڵمەتێکى دەست پێکردووە بۆ دەستگیرکردنى ئەو کەسانەى کە زانیارییان لەسەر چەندین و کۆمپانیا لە تورکیا بۆ مۆسادى ئیسرائیل کۆدەکردەوە، پاشان بەڵگەنامە و زانیارییەکانیان بۆ مۆساد رەوانە دەکرد.

وەزیرى ناوخۆ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، ئەو هەڵمەتە بە هەماهەنگى لە نێوان داواکارى گشتى ئیستەنبۆڵ و دەزگاى هەواڵگرى گشتى و سەرۆکایەتى بەرەنگاربونەوەى تیرۆ بوو، کە دواى ئەوەى روون بۆوە ئەو گومانلێکراوانە لەگەڵ چەند ئەندامێکى مۆساد کۆبووینەوە و زانیارییان لەسەر کۆمپانیا خەڵکانێک کۆکردۆتەوە، کە لە لایەن مۆسادەوە دیارى کرابوون.

هەنگاوى پێشوەختە دژ بە ئیمارات

لە چەند رۆژى رابردوو داواکارى گشتى ئیستەنبۆڵ رایگەیاند، کە باندێکى سیخوڕیان دەستگیکردووە و کاریان بۆ هەواڵگرى ئیماراتى کردووە، بەڵام دواتر یەڵماز تۆنج، وەزیرى دادى تورکیا رەتیکردەوە، ئەو تۆڕە سیخوڕییە، پەیوەندیان بە ئیماراتەوە هەبێت و سیخوڕیان بەسەر فەرمانبەرانى پیشەسازیى بەرگریى تورکیاوە کردبێت.

تۆنج باسى لەوەش کرد، هیچ یەک لەو گومانلێکراوانە هەڵگریى ڕەگەزنامەى ئیماراتى نینە و پەیوەندیان بەو وڵاتەوە نییە، ئەو زانیاریە بۆ رایگشتى گرنگە، بۆیە لێکۆڵینەوەکان بە وردى دەستیان پێکردووە. 

لەدواى چەند کاتژمێرێک داواکارى گشتى نووسراوەکەى خۆى رەشکردەوە و پاشان راگەیێندراوێکى دیکەى بڵاوکردەوە، هیچ ئاماژەیەکى بۆ ئیمارات تێدا نەبوو.

تورکیا و هێرشەکەى سەر کۆرمۆر

دواى هێرشەکەى سەر داناگاز، لە چەند شوێنێک بڵاوکرایەوە، کە مالپةرێکى ئیسرائیلى بڵاوى کردۆتەوە، تورکیا لە پشت ئەو هێرشانەیە، بەگوێرەى راپۆرتێکى ماڵپەڕى نەهارى لبنانى، ئەو هەواڵە هیچ بنەمایەکى درووستى نییە، پێشتریش باس لەوە کرابوو، کە تورکیا باندێکى سیخوڕى ئیماراتى دەستگیرکردووە، ئەوەندەى دیکە ئەو هەواڵە زیاتر بڵاوبۆوە، تورکیا و ئیمارات وەک دوو وڵات، ململانێى زۆر توندیان هەبووە، ئێستا ململانێکان خاوبۆتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا لە زۆر ناوچە ململانێیان بەردەوامە، لەگەڵ ئەوەشدا لە چەندین ناوچەى دیکە بەرژەوەندیان هاوبەشە.

بابەتى دەستگیرکردنى باندەکە زیاتر دەچێتە چوارچێوەى کارتى فشار، خودى لێدوانەکانى داواکارى گشتى رەشکردنەوەى نووسراوەکە و روونکردنەوەى وەزیرى داد، بەڵگەن لەسەر ئەوەى کە بەڵێ، تورکیا باندێکى دەستگیرکردووە بەناوى سیخوڕى، ئەوەش دەچێتە چواچێوەى فشارەکان بۆ سەر ئیمارات لە پێناو سازشکردنى ئیمارات بۆ بەشدارى تورکیا لە هێزى ئاشتى پارێز لە غەزە. 

ئەنجام: تورکیا و ئیمارات بەرژەوەندى هاوبەشیان لە ناکۆکیان زیاترە، ئێستا لە هەموو کاتیش پەیوەندیان بەهێزترە، دەستگیرکردنى باندێکى سیخوڕى ئیماراتى هەرچەندە رەتکراوەتنەوە، بەڵام ئەگەرێکى بەهیزە ئەو رەتکردنەوە بۆ درووستنەبوونى ناکۆکى بێت. 

ئەو هەواڵەشى کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، دەرکەوت پشتیان بە هەواڵێکى فەیک بەستووە، کە هیچ سەرچاوەیەکى فەرمى نییە، تەنانەت بەگوێرەى راپۆرتێکى رۆژنامەى نەهارى لبنانى، هیچ راگەیاندێکى ئیسرائیلیش هەواڵى لەو جۆرەى بڵاونەکردۆتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین