پیلانێكى میلیشیاكانى شیعه‌ دژى هه‌رێمى كوردستان وەرگێڕان

نوچه‌نێت

گرووپێكى نوێى میلیشیاى شیعه‌ دروست بووه‌ له‌ میدیاكانى شیعه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات ئه‌مریكا له‌ كوێته‌وه‌ چه‌ك و مووچه‌كى بۆ بنكه‌ى عه‌ین ئه‌سه‌د و هه‌ولێر ناردووه‌، له‌ كاتێكدا كه‌ ساڵیادى كوشتنى قاسم سوله‌یمانى نزیك ده‌بێته‌وه‌، ئه‌و میدیایانه‌ ده‌یانه‌وێ سه‌رنجى میلیشیاكان بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان رابكێشن.

كه‌ناڵى “مه‌یادین” كه‌ تۆرێك كه‌ناڵ و ماڵپه‌ڕى سه‌ربه‌ ئێرانه‌ له‌ لایه‌ن غه‌سان بن جدو بێژه‌رى پێشووى كه‌ناڵى جه‌زیره‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێن. لێدوانێكى ئه‌بو موجته‌به‌ى قوڕه‌یشى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ گوایه‌ گوته‌بێژى گرووپى “قاصم الجبارین”ه‌.

قوڕه‌یشى ده‌ڵێ، هه‌فته‌ى رابردوو فڕۆكه‌یه‌كى جۆرى C130 ئه‌مریكى له‌ كوێته‌وه‌ هاتووه‌ له‌ بنكه‌ى عه‌ین ئه‌سه‌دى ئه‌مریكى له‌ ئه‌نبار دابه‌زیوه‌ و 32 سه‌كۆى مووشه‌كى هه‌ڵگرتووه‌ و له‌گه‌ڵ ته‌قه‌مه‌نییه‌كانى.

ئه‌و به‌رپرسه‌ى شیعه‌ ده‌ڵێ ئامانجى ئه‌مریكا ئه‌وه‌یه‌ به‌و مووشه‌كانه‌ كارى تێكده‌رانه‌ بكات و دواتر گرووپه‌كانى شیعه‌ تۆمه‌تبار بكات.

له‌ هه‌مان لێدوان گوتوویه‌تى، ئه‌مریكا له‌ مانگى ئۆكتۆبه‌رى رابردوو كه‌مێك چه‌ك و ته‌مه‌نى و دووربینى ره‌وانه‌ى هه‌ولێر كردووه‌. به‌ گوته‌ى قوڕه‌یشى ئه‌و فڕۆكه‌یه‌ى چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى بۆ هه‌ولێر هێناوه‌ له‌ بنكه‌ى عه‌لى سالم له‌ كوێت فڕیوه‌ و دواتر له‌ عه‌ین ئه‌سه‌د و ئینجا بۆ هه‌ولێر رۆیشتووه‌.

ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بێت ئه‌و گرووپه‌ نوێیه‌ و كۆمه‌ڵێك گومانى له‌لایه‌ن به‌رپرسانى عێراق دروست كردووه‌، دوو هه‌فته‌ى رابردوو هێزه‌كانى ئه‌مریكا چه‌ند جارێك كرانه‌ ئامانج ئه‌و كاته‌ به‌یاننامه‌یه‌ك به‌ ناوى “قاصم الجابرین” بڵاوكرایه‌وه‌، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌و ئاگربه‌سته‌ى راگه‌یاند كه‌ هێزه‌كانى شیعه‌ به‌رانبه‌ر به‌ ئه‌مریكا رایان گه‌یاندبوو.

سه‌رچاوه‌یه‌كى به‌رپرس له‌ عێراق به‌ رۆژنامه‌ى “عه‌ره‌بى جه‌دید”ى گوتووه‌، ئه‌و ناوه‌ نوێیه‌ و حكوومه‌تى عێراق هیچ شتێكى له‌باره‌وه‌ نازانێ. دوو لێكدانه‌وه‌ بۆ ده‌ركه‌وتنى ئه‌و هێزه‌ ده‌كرێت، یه‌كه‌میان ده‌ڵێ ناوێكى دروست كراوه‌ و بۆ شاردنه‌وه‌ و سه‌رلێشێواندنه‌، چونكه‌ ئه‌و هێرشانه‌ى له‌ ماوه‌ى دوو هه‌فته‌ى رابردوودا كراون، له‌لایه‌ن چه‌ند هێزێكه‌وه‌ ئه‌نجام دراون نه‌وه‌ك یه‌ك هێز.

لێكدانه‌وه‌یه‌كى تر ئه‌وه‌یه‌ گرووپى قاصم الجابرین سه‌ربه‌ قه‌یس خه‌زعه‌لى سه‌رۆكى عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق بێت، چونكه‌ هه‌ندێك له‌ رۆژنامه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن قه‌یس له‌ فه‌رمانه‌كانى ئێران هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و نایه‌وێ پابه‌ندى پرۆژه‌ى ئاگربه‌ست بێت كه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پێشنیار كراوه‌ بۆئه‌وه‌ى دوایین رۆژانى ده‌سه‌ڵاتى تره‌مپ بۆ ئێران و هێزه‌كانى به‌ سه‌لامه‌تى تێپه‌ڕێت.

پیلانى شیعه‌كان له‌ دژى هه‌رێمى كوردستان چییه‌؟

له‌سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌كرێت ئه‌مریكا ئاماده‌كاریى ده‌كات، بۆئه‌وه‌ى به‌رپه‌رچى هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ وهێرشێكى ئێران بداته‌وه‌. له‌ سێى مانگى داهاتوو ساڵیادى كوشتنى قاسم سوله‌یمانییه‌ كه‌ پێشتر فه‌رمانده‌ى سوپاى پاسداران بوو له‌ هێرشێكى ئه‌مریكا كوژرا.

لایه‌نه‌كانى سه‌ربه‌ ئێران و خودى ئێران هه‌ڕه‌شه‌ى تۆڵه‌كردنه‌وه‌ ده‌كه‌ن، به‌ تایبه‌تیش كه‌ ده‌زانرێت ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر موحسین فه‌خریزاده‌ كه‌ زانایه‌كى ئه‌تۆمى ئێران بوو له‌ تاران كوژرا و ئێران هه‌ڕه‌شه‌ى تۆڵه‌كردنه‌وه‌ى ئه‌ویش ده‌كات.

لایه‌نه‌ شیعه‌كان و ئێرانیش له‌ماوه‌ى ئه‌مساڵدا له‌ هه‌ڕه‌شه‌كانیان چاویان له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان بووه‌. له‌ هه‌شتى مانگى كانوونى دووه‌م كاتێك ئێران به‌ ناوى تۆڵه‌كردنه‌وه‌ى قاسم سوله‌یمانى چه‌ند مووشه‌كێكى ئاراسته‌ى بنكه‌كانى ئه‌مریكا له‌ عێراق كرد، به‌شێك له‌ مووشه‌كه‌كان به‌ره‌و هه‌ولێر ئاراسته‌ كران.

جارى دووه‌م له‌ 30ى ئه‌یلوولى رابردوو هێرشێكى مووشه‌كى كرایه‌سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هه‌ولێر، كه‌ دواتر لیواى 30ى حه‌شدى شه‌به‌ك كه‌ به‌شێكه‌ له‌ میلیشیاكانى به‌در، له‌لایه‌ن حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ ئه‌نجامدانى هێرشه‌كه‌ تۆمه‌تبار كرا.

ئێستا جارێكى تر میدیاكانى شیعه‌ و سه‌ربه‌ ئێران به‌ هه‌ڵبه‌ستنى ئه‌و هه‌واڵانه‌ ده‌یانه‌وێ سه‌رنجى میلیشیاكانى شیعه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان رابكێشن و زه‌مینه‌سازییه‌ك له‌رووى راگه‌یاندنه‌وه‌ بكه‌ن، بڵێن هه‌رێم بووه‌ته‌ جبه‌خانه‌ى ئه‌مریكا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین