ئه‌مریكا و ئه‌وروپا ئه‌سه‌د تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن و ئێران ستایشى ده‌كات ئێران
هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە کە عەلی خامنەیی ڕابەری ئێران لە باڵیۆزی نوێی سووریا لە ئێران ئەحواڵپرسی بەشار ئەسەدی کردووە، ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئەسەدیان وەک بەرپرسیاری ئازار و مەینەتی گەلی سووریا ناساند.

بە پێێ هەواڵی "ئیندیپێندێنت فارسی"، لە دەیه‌مین ساڵوەگەری شەڕی ناوخۆیی سووریادا، وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا و ئیتالیا ڕایانگەیاند سەرۆک کۆماری سووریا و پشتیوانەکانی بەرپرسی چەندین ساڵ شەڕ و قەیرانی مرۆیین لەو وڵاتەدا.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە عەلی ئەکبەر ولایەتی، ڕاوێژکاریی خامنەیی وێرای گەیاندنی پەیامی ڕابەری ئێران بە باڵوێزی سووریا وتی، "سەرۆک کۆماری سووریا ڕابەرێکی بەهێز و بە ورە و خۆڕاگرە و لە بەرانبەر هەموو پیلان و دوژمنکارییەکاندا خۆڕاگری کردووە".

کۆماری ئیسلامیی ئیران یەکێک بووە لە سەرەکیترین پشتیوانانی بەشار ئەسەد لە 10 ساڵى ڕابردوودا و بە بۆچوونی زۆرێک لە شارەزایان بە بێ یارمەتی دارایی، هێزی مرۆیی و یارمەتی سەربازیی ئێران ئه‌گه‌ر مانەوەی ئەسەد نەدەبوو. بەرپرسانی تاران دەڵێن ئەو هێزانەی لە سووریا ئامادەن تەنیا یارمەتی ڕاوێژکاریی ئەنجام دەدەن.

لە پەیامەکەی ڕابەری کۆماری ئیسلامییدا هاتووە کە "ئەسەد کەسایەتییەکی بلیمەت و یەکێکە لە ڕابەرانی گەورە و شیاوی ستایشه‌ لە سووریا و ناوچە و لە بەرەی خۆڕاگریدا".

ولایەتی لە بەشێکی تر لە قسەکانیدا لە کاتی گەیاندنی ئەو پەیامەدا بە ئاماژەکردن بە تووشبوونی بەشار ئەسەد بە ڤایرۆسی کۆرۆنا وتی: "ئێران ئامادەیە تیمی پزیشکی پسپۆڕ بە مەبەستی چارەسەری نەخۆشییەکەی سەرۆک کۆماری سووریا ڕەوانە بکات".

لە بەرانبەردا، لە ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەی ئەمریکا و ئەوروپادا ڕێز لەو ڕێکخراوە و تاکانە گیراوە کە بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی لایەنە جیاوازەکانی کارەساتی ١٠ ساڵی ڕابردوو لە سووریا، له‌ بوارى به‌به‌ڵگه‌كردنى ئەشکەنجەکان، ئازار و کوشتنی بەکۆمەڵ و پێشیلکردنی مافەکانی مرۆڤ هەوڵیان داوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند لە پاڵ گەلی سووریا دەوەستێت و خوازیاری کۆتاییهێنان بە قەیرانی سووریا و وەڵامدانەوەی سەرکوتکارانە.

قەیرانی سووڕیا کە ١٠ ساڵ پێش و دوای خۆپیشاندانە ئاشتیخوازانەکان لە دژی دەسەڵاتی ئەسەد دەستی پێکرد، ئێستا قەیرانێکی هەمەلایەنە و کارەساتێکی مرۆییە کە لانیکەم ٤٠٠ هەزار کوژاو، ٢ ملیۆن بریندار و ١٣ ملیۆن بێ سەرپەنا و ئاوارەی لێکەوتووەتەوە.

ئەمریکا و ئەوروپا جارێکی تر داوا دەکەن ئاگربەست لە سووریادا جێگیر بکرێت و و هاوکاریی و یارمەتییە مرۆدۆستانەکان ڕەوانەی ئەو وڵاتە بکرێن.

وەزیرانی دەرەوەی ئەو چوار وڵاتە ئەوروپییە و ئەمریکا هەروەها لە پلانی دیمەشق بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ڕەخنەیان گرت و جەختیان کردەوە کە ئەو هەڵبژاردنانە نە ئازادانەیە و نە دادپەروەرانە. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین