خانزاد سەعدى: سەرۆک نێچیرڤان بارزانى لەکابینەکانى ڕابردووش پاڵپشتیکارێکی سەرسەختی مافەکانى ئافرەت بووە دیمانە و راپۆرت

چنار خۆشناو ـ تایبەت بە نوچەنێت:

خانزاد سەعدى، چالاکوانى بوارى مافەکانى ژنان لە بارەى هەڵمەتى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى دژ بە ژنان ڕایدەگەیێنێت، "بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ئەو پرسە، (16) ڕۆژ بەس نییە، بەڵکو دەبێت هەموو ڕۆژێک کارى لەسەرى بکەین."

ئەمڕۆ دووشەممە (28/تشرينى دووەم/2022) خانزاد سەعدى، چالاکوانى بوارى مافەکانى ژنان تايبەت بە نوچەنێت، لەسەر هەڵمەتى (16) ڕۆژەى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى بەرامبەر ژنان ڕاگەیاند، "ئێمە هەموو رۆژێک دەبێت بەرەنگاربوونەوەی توندو تیژی ببین، لەسەر هەموو ئاست و کایەکاندا، ئەوە تەنها ئیشی ئافرەتانیش نییە، بۆ نموونە ئێستا باس لە هەموارکردنەوەی یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بة خێزان دەکرێت، پێویستە بە زوترین کات ئەو هەموارکردنەوە یاساییە دەنگی لەسەر بدرێت، هەروەها حکومەت کۆمەڵێک بڕیار دەدات وەکو لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەت، ئاماژەی پێدرایە، کە جەنابی سەرۆکی حکومەت تەرکیز لەسەر ئەوە دەکات، کە دەرفەتی یەکسان بدرێتە رەگەزی مێ  و هیچ جیاکاریەکی رەگەزی نەکرێت."

سەبارەت بە چەمکى جێندەر و جیکارییەکانى ڕەگەزى، ئەو چالاکوانە دەڵێت، "وشەى جێندەر لە دووهەزارەکان لەسەر ئاستی جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاشانیش لە کوردستان بڵاوبوویەوە، بەڵام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پرسی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئافرەتان زیاتر زەقە، ئێمەش بەشێکین لە عێراق کە پێشێلکاری بەرامبەر مافەکانى ئافرەت، مافی مرۆڤ، منداڵ، کەمئەندامان دەکرێ، پێویستە لە ئەرک و مافەکانیان یەکسانبن، جێندەر هەر ئەوە نییە کە هەندێک لایەن شیکردنەوەی هەڵەی بۆ دەکەن، جێندەر واتە (جۆری کۆمەڵایەتی) جۆری کۆمەڵایەتی ئەوەیە کە تۆ نێرومێت هەیە، بێگومان نێرومێ لە رووی، جەستەییەوە جیاوازیان هەیە، خوای گەورە وا دروستی کردووە، مێ تایبەتمەندی خۆی هەیە نێریش تایبەتمەندی خۆی هەیە."

خانزاد سەعدى لەسەر چەمکى جێندەر و مافەکانى ئافرەتان ڕوونکردنەوەى زیاتر دەدات و دەڵێت، "نێر و مێ لەلایەنێک جیاوازییان هەبێت، بەڵام لەرووی کۆمەڵایەتییەوە تۆ مرۆڤەکی هاوبەش و بەشداری لەو کۆمەڵگایە، دەبێت ئەوەی لەسەرتە وەکو ئەرک دەبێت مافیشت هەبێت بەهەمان شێوە، واتە هیچ رەوا نییە کە ئێمە لە کۆمەڵگایەکی پیاوسالارین، پیاو باڵادەستە پیاو بڕیاردەرە پیاو، هەرچی لەبەرژەوەندی خۆی بێت دەیکات، بۆخۆی هەموو شتەکان بە ڕەوا دەبینێت، بەڵام بۆ ئافرەت زۆربەی شتەکان قەدەغەیە، ئەمەش ناکرێت، ئێمە لەو روانگەیەیەوە سەیرى ئەو پرسە دەکەین، ئافرەت چەند ئەرکى هەبێت دەبێ ئەوەندە مافەشى  هەبێت، مافیش بێگومان لە کۆمەڵگایەکی پیاوسالار مافت پێنادرێت، دەسەندرێت."

لەسەر هەوڵەکانى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، چ وەک سەرۆکى هەرێمى کوردستان، هەروەها کاتێ سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستانیش بوو، بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانى ئافرەت، بە بۆچوونى خانزاد سەعدى، جەنابیان هەمیشە پاڵپشیتکارى ئافرەتان بووە و دەشڵێت، "سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەکابینەکانی رابردوو هەمیشە دەست پێشخەربووە، پاڵپشتیکارێکی سەرسەختی مافی ئافرەت بوو، لە کاتی خۆی لە داڕشتنی یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی، پاشانیش لە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی، کە ئەوکاتە سەرۆکی حکومەت بوو دەستێکی باڵای هەبوو، هەمیشە بەدوای ئالیەتی جێبەجێکردنی ئەو کارنامەیە بووە، کە هەیبووە، ئەو مەبەست و ئامانجانەی هەبووە کە لە کابینەکانی ڕابردوو، باسی لێوەکرایە لەناو کابینەی حکومەتدا. دێتە یادم کاتی خۆی لە کابینەی پێنجەم نوسینگەی وەزیری هەرێم بۆکاروباری  ئافرەتان هەبوو، پاشانیش بەڕیوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی لە وەزارەتی ناوخۆى دامەزراند، ئەمانە هەمووی بەرهەمی ئەوکاتەی بەڕێز سەرۆک نێچیرڤان بارزانى بوو."

 هەر لەبارەى کارەکانى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى لە کابینەکانى پێشووتر ئاماژە بەوەشدەکات، لەسەر ئەو بنەمایانە " لەکابینەی شەشەم ئەنجوومەنێک دامەزرا بەناوى ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان، بەڵام هەر لە کابینەی (حەوتەمەوە) بە بڕیاری سەرۆکی حکومەت بوو ئەوکات کاک نێچیرڤان بارزانی، دواتر بۆردی چاودێری مافەکانی ژنانى دامەزرا، کە ئەوکات ئێمە لەسەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بووین، بەڵێ ئەوکات حکومەت کارو چالاکی و پڕۆژەو ستراتیژیەتی هەبوو، بەڵام ئێمە پێمان باش بوو وەک بۆردی چاودێری پەیوەندییەکی پتەو دروست بکەین لەنێوان حکومەت و لە نێوان پەرلەمان و لە نێوان رێکخراوەکانی ناوخۆ و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ئاژانسەکان، بەڵام بەداخەوە لەگەڵ دەستپێکردنى شەری داعش و ئەو قەیرانانەی هەرێمى کوردستانى گرتەوە، کارەکانمان نەتوانرا سەداسەد جێبەجێ بکرێت."

ئەو بۆ نوچەنێت گووتیشى، "خۆشبەختانە لە کابینەی (نۆیەم) کە درێژەپێدەری هەمان مەبەست و ئامانجە بەهەمان شێوازیش کاردەکات، کاک مەسروربارزانی، لە كارنامەکەى باس لەوە دەکات، کە دەبێت دەرفەتی یەکسان بدرێت بە هەردوو رەگەز، هیچ جیاکارییەک نەکرێت، جەنابییان چەندین بڕیاری لەبەرژەوەندی دەستەبەرکردنی مافەکانی ئافرەت و لە چەسپاندنی یەکسانی جێندەری لە ناو دەرکردووە، کاری جدی لەسەر دەکرێت، جا ئەگەر سەرۆکایەتی هەرێمە، سەرۆکایەتی حکومەتە، سەرۆکایەتی پەرلەمانە، یاخود رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنییە، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ئەمانە هەرهەمووی بەیەکەوە، دەتوانن کاربکەن بۆ ئەوەی کۆمەڵگایەکی تەندروست بەرهەم بهێنن."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین