فشاری خامنەیی بۆ سەر لایەنگرانی و بەهێزبوونی دژبەرانی راپۆرت و شیکاری

نوچەنێت

ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، رۆژی دووشەممە ٩ی جانیوەری لە دیدارێکدا لەگەڵ کۆمەڵێک لە خەڵکی شاری قوم لە گوتارێکدا گوتی: پێی وایە ناڕەزایەتی خۆپیشاندەران لە ئێران دژ بە لاوازی بەڕێوەبردن و ئابوورییەکانی حکومەت نییە.

ناوبراو هەروەها خوازیاری زیادکردنی ئاستی بانگەشەی هەڵوێستەکانی حکومەتەکەی بوو بۆ لاوان لە ئێران و گوتی: چی دەتوانێت ئەو راڕاییە لاببات، کە کاریگەری لەسەر لاوان هەیە؟ باتۆم ناتوانێت ئەو راڕاییە لاببات، روونکردنەوە دەتوانێت لایببات.

عەلی خامنەیی هەمیشە داوای روونکردنەوەی زیاتری هەڵوێستەکانی بۆ هاوڵاتیانی ئێرانی کردووە و ئەم روونکردنەوە و پڕوپاگەندەیە بە "تبیین" ناودەبات.

لە گوتارەکەیدا داوای زیادکردنی ئەم بانگەشەیە دەکات "لە زمانە جیاوازەکانەوە، لە گەروە جیاوازەوە، بە لێکدانەوەی جیاواز، بە دەستپێشخەری جیاواز".

رێبەری کۆماری ئیسلامی باس لەوە دەکات کە بە بۆچوونی ئەو، هەڵگەڕانەوەی لاوانی ئێرانی لە حکومەتەکەی "بە باتوم چارەسەر ناکرێت" و لە ماوەی ساڵانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، هێزەکانی ژێر فەرماندەیی ئەو، زۆر بەرفراوان لە باتومەکانیان کەڵکیان وەرگرتووە، ئەشکەنجەدان و کوشتن و لەسێدارەدانی خەڵک و خۆپیشاندەران لە ئێران سەرقاڵ بوون.

عەلی خامنەیی، لە گوتارەکەیدا، دانی بە بێکاریگەریی هێرش و لێدانی سەربازەکانی بۆ سەر هاوڵاتییاند نا، بەڵام لە هەمان کاتدا دەڵێت، کە سووتاندنی زبڵدان و ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقامەکان "بێ گومان خیانەتە، و دامەزراوە بەرپرسەکان بە جددی و دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ خیانەت دەکەن". 

لە درێژەی ئەم گوتارەدا گوتی: لە پڕوپاگەندەکانیاندا هەندێک کەس و بیانی ویستیان وا خۆیان نیشان بدەن کە ئەم ئاژاوەگێڕانە- ئێستا ژمارەیەکیان دێنە سەر شەقامەکان و هاوار و جنێو دەدەن و شوشە دەشکێنن و ئاگر لە زبڵدانێک بەردەدەن، دژی لاوازییەکانی وڵاتن، لاوازی بەڕێوەبردن و لاوازی ئابووری و...نا؛ پێت دەڵێم کە ئەم حاڵەتە ئەوان دەیانویست خاڵە بەهێزەکانمان لەناوببەن”.

ئاماژەی بەوەشکرد "دەستی دوژمنی دەرەکی لەو رووداوانەدا بەتەواوەتی دیاربوو، راست نییە هەندێک کەس نکۆڵی لە تێوەگلانی دوژمنی دەرەکی دەکەن و دەڵێن ئەو رووداوانە خەتای ئێوەیە".

"بەبێ دواکەوتن بچنە ناو گۆڕەپانەکە،
 مەترسییەکان بە گیان بکڕن"

عەلی خامنەیی کە رۆژی دووشەممە ٩ی جانیوەری ١٩٧٨ بە بۆنەی ساڵڕۆژی خۆپیشاندانەکانی قوم دژی حکوومەتی پەهلەوی قسەی کرد، پاشان داوای لە لایەنگرانی کرد کە "بێ دواکەوتن بچنە ناو گۆڕەپانەکە"، "هەست بە ئەرک بکەن" و " مەترسییەکان بە گیان بکڕن".

بە گوتەی ناوبراو، ئەو کەسانەی پەیوەستن بە "راپەڕینی تەوابین" کە لە مێژووی شیعەدا، وەک یەکێک لە راپەڕینەکانی دوای رووداوی کەربەلا ئاماژەی پێکراوە، "درەنگ جووڵەیان کردووە".

خامنەیی رەخنەی لە "تەوابین" گرت و گوتی: درەنگ جوڵەیان کرد. تۆ کە ویستت بە رێگای ئیمام حوسێن خوێنی خۆت بدەیت، بۆ لە یەکەم رۆژی موحەڕەم و دووەم رۆژی موحەڕەمدا نەهاتی، لانیکەم یەک کار بکە؟ تۆ لەوێ راوەستیت و سەیری دەکەیت، ئیمام حوسێن شەهید دەبێت، دواتر دڵت دەسوتێت، دواتریش دێیتە گۆڕەپانەکە. ئەمەش کاتێک روودەدات کە نەیکەیت. کارەکە لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت. نابێت ئەو ئەرکە فەرامۆش بکەین، کە بە عەقڵ و شەریعەت پێمان سپێردراوە. دەبێت بێ دواکەوتن بچینە ناو گۆڕەپانەکە، نابێت دوابکەوین. پاشان بە رێژەی گرنگی ئەو کارە مەترسییەکان بە گیان دەکڕین.

پێشتریش لە بوڵتینی نهێنی فارس، هەواڵنێری سەر بە سوپای پاسداران، کە لە لایەن گروپی هاکەری بلاک ریڤاردەوە بڵاو کراوەتەوە، هەروەها باس لەوە کرابوو کە رێبەری کۆماری ئیسلامی "ناڕازییە" لە "بێدەنگی هەندێک کاسایەتی" لە حکومەتەکەیدا، و بە تایبەتی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی رژێم، و لە دۆسیەی مامەڵەکردن لەگەڵ خۆپیشاندەرانی زاهیدان، هەروەها ناڕازین لە "ناچالاکی شەمعخانی(سەرۆکی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی سیستەم) و رەئیسی (سەرۆککۆمار)".

لە بەشێکی دیکەی ئەم بولیتینانەدا باس لەوە دەکرێت، کە خامنەیی لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ حوسێن ئەشتەری فەرماندەی هێزی پۆلیس پێی گوتووە "نەیدۆڕێنی".

رۆژی دووشەممە رێبەری کۆماری ئیسلامی، لە درێژەدان بە گوتارە نوێیەکەی، پاشان ئاماژەی بەو کەسانە کرد کە لە کاتی شەڕی ئێران و عێراقدا لەگەڵ عێراقدا شەڕیان کردووە و قسەی بۆ لایەنگرانی کرد و گوتی: "کاتێک جوڵە دەکەین، هەست بە ئەرک دەکەین، ئێمە مەترسییەکە قبوڵ دەکەین، دەچینە ناو مەیدانەکەوە، ئەنجامەکە ئەوەیە، ئەمە ئەزموونی ئێمەیە."

قسەکانی عەلی خامنەیی سەبارەت بە سەربازانی شەڕی ئێران و عێراق، لە حاڵێکدایە کە زۆرێک لە بنەماڵەی ئەو کەسانەی لە شەڕی ئێران و عێراق کوژراون، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئێستادا، چەندین پەیامی بێزارییان لە کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتی خامنەیی بڵاو کردەوە.

 خامنەیی لە گوتارەکەی رۆژی دووشەممەدا بەردەوام بوو لە ئامۆژگاری لایەنگرانی و گوتی: جیهادی تبیین (جیهادی روونکردنەوە) بە جددی وەربگرن. زۆر جار گوتوومە، دووبارە دەیڵێمەوە. لوتکەی پلانەکانی دوژمندا پڕوپاگەندەیە، چارەسەری ئەوەش روونکردنەوەی راستییەکانە.

بەگوێرەی لێکدانەوەکان خامنەیی لە داویین گوتاریدا بە ئاشکرا هەست بە مەترسی گەورەتر دەکات و متمانەی بە توانای هێزەکانی دەوڵەتی بۆ کۆنترۆڵکردنی خۆپیشاندەران لاواز بووە و بەرپرسی پۆلیسیشی گۆڕیوە، بە جۆرێک هەوڵ دەدات دەسەڵاتی لەو دۆخە ئاڵۆزە دەرباز بکات، کە ئەمەش لە کاتێکدایە هەم لەناوخۆ و هەم لەدەرەوە تووشی کێشەی جددیی بووەتە بەتایبەت بەهۆی بەشداری کردنی ناڕاستەوخۆ لە شەڕی ئۆکرانیادا. 

دوای دوو هەفتە لە ئاشکرابوونی سەرزەنشتەکەی حوسێن ئەشتاری لەلایەن خامنەییەوە، ئەحمەد رەدان بە فەرمانی رێبەری سیستمەکە بوو بە فەرماندەی هێزی پۆلیس. ئەو کەسەی کە ٨ ساڵ لەمەوبەر لە کارەکەی دوورخرایەوە، چاودێرانی ناوخۆ و دەرەوە پێیانوایە، دوایین گەڵای کۆماری ئیسلامییە بۆ پێشگرتن لە داڕمانی ئامێری سەرکوت و مامەڵەکردن لەگەڵ ناڕازییان.

هەروەها دۆخی ئابووری ئێران و درێژە کێشانی خۆپیشاندان و زۆردابەزینی بەهای تمەن کاریگەری زۆری کردۆتە سەر جووڵەکانی دەوڵەت لە هەموو روویەکەوە و هەروەها پیشەسازی و لە ئەنجامدا هەڵاوسانی لەڕادەبەدەری لێکەوتووەتەوە؛ مەترسی ئاڵۆزی زۆر زیاتر هەیە بەهۆی زۆر دابەزیری بەهای تمەن و بڵاوبوونەوەی رێژەی هەژاری چاوەڕواننەکراو.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین