کاردانەوەی سیاسی و لایەنەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق بەرامبەر هێرشەكەی سەر ماڵی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی
نوچە نێت
ئامادەکردنی: سنوور یاسین
بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە (2026/3/28) بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر ماڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک. هەر زوو ڕووداوەکە بووە باسی گەرمی میدیاکان و کاردانەوەی ناوخۆی، نێودەوڵەتی و جیهانیشی لێکەوتەوە.
سەبارەت بە هێرشەکە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "سوپاسی هەموو لایەک دەکات، ئەم پشتیوانییە هێزێکی گەورەیە، ئەوەی دەبیندرێت پشتیوانی هەموو گەلی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی لە هەولێر، دهۆک، سلێمانی، گەرمیان و زاخۆ، ئەمە جێگەی رێز و پێزانینە و سوپاس و خۆشەویستی هەیە بۆ هەموو لایەک". هاوکات ڕاشیگەیاند، "بابەتەکە بابەتێکی کەسی نییە، هەنگاوەکە پێشهاتێکی زۆر ترسناکە بۆ عێراق بە گشتی. بە دەرفەتیشی دەزانێت سەرەخۆشی لە کەسوکاری هەموو شەهیدەکان بکات کە لەم ماوەیە شەهید بوون و هیوای چاکبوونەوەی بۆ هەموو بریندارەکان خواست".
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، زانیاری زیاتری ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، سوپاس بۆ خودا هیچ کەسێک لەوێ نەبووە، تەنیا ئەوانەی بەرپرس بوون لە خاوێنکردنەوەی ماڵەکە لەوێ بوون و هەموو لایەک سەلامەتن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، دەبێت سنوورێک بۆ گرووپە لە یاسا دەرچووەکان دابندرێت بەهۆی ئەوەی ئەوان ئەم مافە بە خۆیان دەدەن هەموو شوێنێک بکەنە ئامانج، ئەم هەنگاوانە دووپاتی دەکەنەوە کە بەڕاستی پێویستە حکومەتی فیدراڵیی عێراق بیرێکی زۆر جیدی لەم بابەتە بکاتەوە.
ئێوارەی هەمان ڕۆژ، سەرۆک بارزانی لە ڕاگەیێندراوێکدا بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانی کرد و جەختیش لە ئیرادەی پۆڵایینی گەلی کوردستان کردەوە و ڕایگەیاند، هیچ هەڕەشەیەک ناتوانێت ئەو ئیرادەیە بشكێنێت.
سەرۆک مەسعود بارزانی ڕاشیگەیاند، "هەرێمی كوردستان هیچ كات بەشێك نەبووە لەو كێشە و گرژی و شەڕانەی لە ناوچەكەدا هەیە بەڵام بەداخەوە كۆمەڵێك خەڵك هەن بە بێ ئەوەی كەس ڕێگرییان لێ بكات، تەركیزی سەرەكییان ئەوەیە چۆن و بە چ ڕێگەیەك دژایەتیی هەرێمی كوردستان بكەن و هەمیشە بەناهەقی پەلاماری هەرێم و پێشمەرگە دەدەن و دەبنە هەڕەشە لەسەر ژیان و سەقامگیریی خەڵكی كوردستان، بابەتەكە ماڵ یان بارەگای كەس نییە، هەموو شوێنێكی كوردستان و هەموو ماڵی كوردستانیان لای ئێمە بەهای هەیە".
لە لایەکی ترەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە پەیامێکدا سەرکۆنەی بە ئامانج گرتنی ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی، "جارێکی دیکە داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین لە ئاستی بەرپرسیارییەتیدا بن و ئەم تاوانبارە لە یاسا دەرچووانە، ڕووبەڕووی یاسا بکەنەوە، هێرشی ترسنۆکانەی درۆنی بۆ سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری دهوک، بە توندترین شێوە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەین".
سەرۆکی حکومەت دەشڵێت، "هەموو مافێکیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تیرۆریستانە هەیە و هەر هەنگاوێک پێویست بێت بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان دەگرنە بەر".
هاوکات بافڵ، تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستانە لەبارەی هێرشەكەوە، سەرۆکی پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "بە تووندی ئیدانەی هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی دەکەن لە دهۆک. کردەوەی لەم شێوەیە قبوڵکراو نییە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان".
بافڵ تاڵەبانی ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، "پشتیوانی لە سەروەری یاسا دەکەن و داوای لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەش دەکەن بۆ دەستنیشانکردنی بکەرانی ئەم کردەوەیە و دڵنیابوونەوە لە لێپرسینەوەیان. ئێمە ئامادەین بە هەر شێوەیەکی پێویست پشتیوانی لەم پرۆسەیە بکەین".
سەبارەت بە هێرشە ترسنۆکانەکەی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە پەیامێکدا بەتوندی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و ڕایگەیاند، "پەلاماردانی ماڵی سەرۆکی هەرێم هەوڵی تێوەگلانی گەلی کوردستانە لە شەڕێکی نەخوازراوی بێ مانا، پەلاماردانی ماڵی سەرۆکی هەرێم لە شاری دهۆک، بەتوندی سەرکۆنە دەکات".
عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی لە پەیامێکدا وێڕای نیگەرانی دەربڕین لە هێرشی درۆنی بۆ سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەڵێت، "ئەو هێرشە لێدانە لە ئاسایش و سەروەری هەرێمی کوردستان و نیگەرانی خۆی و حیزبەکەی گەیاندە سەرۆکی هەرێمی کوردستان"، هەروەها گووتیشی، "ئەو هێرش و پەلامارانە زەرەر و زیان و هۆکاری نائارامین و لێدانە لە ئاسایش و سەروەریی هەرێمی کوردستان".
هاوكات لە دوای هێرشەكە کاردانەوەکان لەلایەن لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر دەبوو، لایەنەکان داوای لێکۆڵینەوەی و لێپێچینەوەی بەپەلەی هێرشە تیرۆرستییەکەیان دەکرد، بۆ نموونە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشکردنە سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "زۆر بە توندی سەرکۆنەی دەکەن و ئەمە پەرەسەندنێکی مەترسیدارە و بیری حکوومەتی فیدراڵی دەخەنەوە گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان بوونەتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆسەر سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق".
گرنگە باس لەوەش بکرێت بەبێ جیاوازی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر ماڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان کرد و پەیام و دڵگرانی خۆیان بە پێشهاتە مەترسیدارەکە ڕاگەیاند، هەندێک لە نموونەکان بریتین لە، مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان کە لە ڕاگەیێندراوێکدا دڵتەنگی حزبەکەیان ڕاگەیاند، هاوکات عبداللە حاجی مەحمود، ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستانی عێراق لە پەیامێکدا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد.
لە بەردەوامی کاردانەوەکانی هێرشەکەدا مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد لە دهۆک و ڕایدەگەیێنێت، "بە ئامانجگرتنی ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ئامانجگرتنی هەرێمی کوردستان و هەوڵ و هەنگاوەکانی بەڕێزیانە بۆ ئاشتی و پێکەوەیی لە پێناو دەربازکردنی هەریمی کوردستان و عێڕاق لەو گرژی و ئاڵۆزیانەی ناوچەکە".
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە، "هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری ئاشتی و سەقامگیریی سیاسی بووە و پێویستە هەموو لایەک ڕێز لەو بێلایەنییە بگرن و داوا لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن، بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبگرن و کارى جدى بکەن بۆ ڕێگریکردن لەم هێرشە بێ پاساوانەی دەکرێنە سەر پێگە فەرمی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، چونکە بە ئامانجگرتنی سەرکردایەتیی سیاسی و ئاسایشی هاووڵاتییانی کوردستان هێڵی سوورە".
ڕۆژی یەكشەممە (29-3-2026) د. عەلی قەرەداخی، سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان پەیامێكی ئاراستەی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی كرد و ڕایگەیاند، "ئەم پەلامارە و ئەوانەی دیکەش کە بۆ سەر شارەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێن، بەزاندنی ئاشکرای سەروەریی قەوارەی هەرێمی کوردستانە". د. عەلی قەرەداخی هێرشە درۆنییەكەی سەر ماڵی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی بە پێشێلكاری ناودبرد و داوای کرد، "لایەنە پەیوەندیدارەکان بەپەلە رێگری بکەن لەم پەرەسەندنە و سنوورێک بۆ ئەم جۆرە پێشێلکارییانە دابنێن".
کاردانەوەکانی هێرشکردنە سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بێ جیاوازی ڕەنگ، ئایین، لایەنی سیاسی بوو، سەبارەت بەم بابەتە شێخ عەلی شێخ ئەلیاس، بابە شێخی ئێزیدییان لە ڕاگەیێندراوێکدا رایگەیاند، هێرشکردنە سەر ماڵی سەرۆک سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک، "دەستدرێژییە بۆ سەر ئاسایش و سەلامەتیی هەموو تاکێکی گەلی کوردستان." هاوکات گوتیشی، "ئەم جۆرە کارە هەوڵێکی بێ ئومێدانەیە بۆ چاندنی فیتنە و گەرمکردنی ململانێکان و تێکدانی ئەو سەقامگیرییەی کە هەرێمی کوردستان تێیدا دەژی."
عەلی حەمە ساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست لە پەیامێکدا سەبارەت بە هێرشکردنە سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "دیاریکردنی ماڵی نێچیرڤان بارزانی بەمەبەست بووە، پێموانییە هەڕەشەکە بۆ خودی نێچیرڤان بارزانی بێت، کە رەنگە لە وانی دیکە زیاتر لەگەڵ ئێرانیش نێوانی باش بووبێت زیاتر بۆ ئەو پۆزشنەیە کە تێیدایە، هەڕەشەکە لەو دۆخەیە هەرێمی تێدایەو لە بەرداشی دوو زلهێزداین"، هاوکات جەخت لەوەش دەکاتەوە، "بەرگریکردن لە هەرێمی کورستان وەک قەوارەیەکی دەستووری، بەرگری لە گەل و خاکی هەرێمی کوردستان هەرگیز بەرگری نییە لە ناشرینییەکانی حوکمڕانی پارتی و یەکێتی، سەرکۆنەکردنی هێرشەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەرکە".
رۆمیۆ هەکاری، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی بێت نەهرێن بە تووندترین شێوە هێرشە تاکڕەواکەی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک سەرکۆنە و شەرمەزار دەکات، ڕایدەگەیێنێت، "هێرشەکە گوزارشت کردنە لە بەئامانجگرتنی هەرێمی کوردستان، دامودەزگا فەرمییەکان و سەرجەم خەڵکی کوردستان بە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانیەوە پێشهاتێکی مەترسیدارە و دەبێت حکومەتی عێراق بەرپرسیارانە و بە تووندترین شێوە مامەڵەی لەگەڵدا بکات".
هەروەها کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا داوایان كرد، "پێویستە لێکۆڵینەوە بکرێ و تاوانباران سزای یاسایی بدرێن". هەروەها دووپاتی دەکەنەوە، "نیگەرانن لەو هەموو هێرشی درۆن و مووشەکییەی بۆ سەر باشووری کوردستان دەکرێن و بە تووندی سەرکۆنەیان دەکەن"، دەشێلێن، "بە خێرایی لە بەرامبەر ئەم هێرشانە بە گشتی و بەئامانجگرتنی شوێنێکی نیشتەجێبوونی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەتایبەت لێکۆڵینەوە بکەن و دادپەروەرانە تاوانبار و بکەرانی بە سزای یاسایی بگەیێنن".
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران هێرشکردنە سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرکۆنە دەکات و دەڵێت، "ئەم هێرشانە هەڕەشەیەکی ئەمنییەتیی گەورەیە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، پێویستە حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەپەلە سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییانەی تاران دابنێت و رێگە نەدەن کۆماری ئیسلامی هیندەی دیکەش هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دروست بکات".
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ پاراستنی سەروەریی سیاسیی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
لە لایەکی ترەوە کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان ڕایگەیاند، ئەم هەنگاوە پێشێلکردنێکی ئاشکرا و گەورەی سەروەری هەرێمی کوردستان و کۆماری عێراقە کە بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت بەهۆی ئەوەی کاریگەری خراپی لەسەر ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە دەبێت.
محەممەد سەمعان ئاغا، سەرۆکی بەرەی تورکمانی ڕاگەیێندراوێکی لە پەیامێكدا، سەرکۆنەی ئەو پێشهاتە مەترسیدارە كرد. سەرۆکی بەرەی تورکمانی دووپاتی دەکاتەوە، "ئەم جۆرە کارانە بە هەموو شێوەیەک ڕەتکراوەن و زیانێکی زۆر بە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دەگەیێنن، ئەرکی هەموو لایەکە کار بۆ پاراستنی ئارامیی وڵات بکەن.
هەر لە کاردانەوەکانی هێرشکردنە سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی شەممە (28/3/2026) مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، "هێرشی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکەن، وەک هێزەکانی هەسەدە لە بەرامبەر ئەم هێرش و هەڕەشانە، هەمیشە لەگەڵ گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەوەستن، چونکە ئارامیی باشووری کوردستان، ئارامیی تەواوی گەلی کورد و ناوچەکەیە".
هێرشەکان تەنیا کاردانەوەی ناوخۆییان لینەکەوتەوە، بەڵکو بەرپرسانی باڵای عێراقیش ڕای خۆیان ڕاگەیاند لەسەر هێرشەکە، لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق لە پەیامێکدا سەرکۆنەی بە ئامانج گرتنی ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد، ڕایگەیاند، "هێرشەکە سەرپێچییەکی جددیە کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری وڵات دەکات".
سەرۆک کۆماری عێراق ڕاشیگەیاند، "سەرکۆنەی ئەو پەلامارە دەکەن کە ماڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج لە پارێزگای دهۆک و هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی ئاشتی ناوخۆیی تێکدەدات".
ڕۆژی شەممە (28-3-2026) سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە پێگەیشت. "لە پەیوەندییەکەدا، سوودانی بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییەی کرد کە کرایە سەر ماڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک، هەروەها ستایشی هەڵوێستە نیشتمانییەکانی و پەرۆشیی سهرۆك نێچیرڤان بارزانی بۆ بەهێزکردنی تەبایی لەنێوان هەموو عێراقییەکاندا کرد.
بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە، "فەرمانی کردووە بە پێکهێنانی تیمێکی هاوبەشی ئەمنی و تەکنیکی لە نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمى كوردستاندا بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە و دەستنیشانکردنی ئەنجامدەرانی".
هەمان ڕۆژی ڕوودانی هێرشە تیرۆریستییەکە قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ڕایگەیاند، "بە توندی ئیدانەی هێرشە درۆنییەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک دەکەن و هێرشەکە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر سەقامگیریی وڵات دەبینن".
سات دوای سات پرسەکە زیاتر تەشەنەی دەکرد و بەرپرسانی ناوخۆی و نێودەوڵەتی پەیوەندی، ڕاگەیێندراو، پەیامی و نامەی فەرمیییان بۆ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەنارد. نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) رایگەیاند، "سەرکۆنەی هێرشەکان دەکات و ئەم کارانە تەنیا کەسانی دیاریکراو ناکەنە ئامانج، بەڵکو دەست بۆ ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بە گشتی دەبەن و بەشدارن لە لاوازکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی".
حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر و سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق، لە پەیامێكدا بۆ سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، هێرشەكە تەنیا وەک دەستدرێژییەکی مەترسیدار ناودەبات بۆ ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دەبات و هەڕەشە لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی و دەڵێت، "ئێمە ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر پێویستمان بە تەبایی و سەرخستنی زمانی گفتوگۆ و کاری هاوبەش"، هەروەها داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان كرد "لێکۆڵینەوەیەکی خێرا بکەن بۆ ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی ئەم رووداوە و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی بەپێی یاسا".
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment